عەشق

لە کتێبی:
چراکانی سەر هەڵەمووت
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  1521 بینین

لەناو سەرما، لە باکووردا، عەشقێک هەیە پڕ لە باران

پڕ لە هەورە برووسکەیە. باران ڕاپەڕینی سەوزمە و

برووسکە باڵی بڕوامە و سەرم فەزا.

لەناو گیانما، لە باکووردا، عەشقێک هەیە پڕ لە باهۆز

باهۆز نیشتمانی چریکەمە و

دەمێک ئەبێ بە پەیامی کێوەکان و

دەمێکی تر بە هەناسەی شارەکان و

باهۆز ئەبێ بە شەقامی خۆرەتاو و

ئەبێ بە مانگی سەر چیا و

باهۆز ئەبێ بە گەریلا.

لەناو سەرما، لە باکووردا، عەشقێک هەیە پڕ لە سروود

سروودی ئاو، سروودی بەرد، سروودی بەفر و ڕەشەبا

سروود ئەبێ بە ڕووبار و ئەڕژێتە شیعرمەوە و ئیتر ئەڕوا

ئەڕژێتە جیهانەوە و سروود ئیتر هاژە ئەکا و

سروود ئەبێ بە دەنگی خوا

سروود ئەبێ بە ئەستێرەی ئەرخەوانی و

سەرم بە چرای گەریلا.

لەناو سەرما، لە باکووردا، عەشقێک هەیە

پڕە لە جریوەی منداڵ، پڕە لە ئاوێنەی گوڵ و

پڕە لە ئەوینی ژن و

پڕە لە گۆمی ڕووناکی و

پڕە لە هەنیسکی گەڵا.

لەم عەشقەدا

ئاوێنە ئەبێ بە ڕێگا

ئەوین ئەبێ بە گۆرانی و

گۆمیش ئەبێ بە چاوان و

هەنیسک ئەبێ بە هەڵەبجەشوێن و

لەدواییشدا هەر هەموویان

ئەبن بە خەونی گەریلا!.

لەناو سەرما، لە باکووردا، لە ئێستەدا

عەشقێک هەیە پڕە لە ملیۆنان دەستی خۆر و

پڕە لە ملیۆنان جۆگەی دەنگ و

پڕە لە هەزاران شەقام و

دەستی خۆر ئەبێ بە دواڕۆژ

جۆگە ئەبێ بە ڕۆژنامە و

کێڵگە ئەبێ بە زاری نان

لەدواییشدا شەقام ئەبێ بە «ئۆجەلانکەس»

لەناو سەرما، لە باکووردا، لە ئێستەدا

عەشقێک هەیە پڕ لە هەور

پڕ لە کانیی ژێرزەمینی و

پڕیش لە هاواری ناکاو

هەور ئەبێ بە دەربەندی هاژە و سێڵاو

کانیش ئەبێ بە بوومەلەرزەی جەستەم و

هاواریشم بە وڵاتێکی هەڵقرچاو

لەناو سەرما، لە باکووردا، لە ئێستەدا

عەشقێک هەیە، عەشقی «وانشوێن»ێکی تینووە

عەشقی گڕێکە زیندانی و عەشقی زمانێکی زامدار

وان هەڵئەسێ و لە ئازادیی ئەخواتەوە

گڕ هەڵئەسێ و نەورۆز ئەباتە سەر لووتکە و

ئەم زمانە زامدارەیشم ڕائەچڵەکێ و

دەرگا لەسەر حەرفەکانی ئەکاتەوە.

لەناو سەرما، لە باکووردا، لە ئێستەدا

عەشقێک هەیە، عەشق بووە بە پەنجەرەی هەموو ماڵێ

عەشق بووە بە سترانی هەموو ماڵێ

عەشق بووە بە باڵندە و بە درەختی هەموو ماڵێ

لەناو سەرما، لە باکووردا، لە ئێستەدا

عەشقێک هەیە، هەموو ڕۆژێ گەورە ئەبێ و گەورە ئەبێ

لە ئێستەدا وڵات جێی تیا نابێتەوە

دارستانێ بڵێسەیە و پەل ئەهاوێ، پەل ئەهاوێ بەرەو ژوورتر

ئەگاتە شەوی ئەنقەرەشوێن و ناڵە ئەکات. پەل ئەهاوێ

ئەگاتە ناو ئەستەموڵشوێن و شەقام شەقام لرفە ئەکات. پەل ئەهاوێ

ئەگاتە ناو پێکەنینی ئەتاتورک و پێکەنینی ئەکا بە خۆڵ

ئەمە کڵپەی عەشقی منە، عەشقێکە و ناوی گەریلا و

عەشقێکە ناوی کوردستان.

ئەمە کڵپەی عەشقی منە، ئازادیی ئەنووسێتەوە

لەسەر جەستەی شەهیدان و لە ئێستەدا

بووە بە نەورۆزی جیهان!