تڵەتڵی جەستە و هەڕەشەیەک لە تاریکی!

لە کتێبی:
چراکانی سەر هەڵەمووت
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 7 خولەک  1043 بینین

سووتان و بە سووتماککردن و جەستەی ئێمە و

خاکی ئێمە لەیەک دانەبڕاون.

ئەم چارەنووسە هەڵگیرساوە، ئەم مێژووە سووتەمەڕۆیە،

بەردەوام بەشێک بووە لە لرفەلرفی کڵپەکردن و

لە ئەنجامیشدا دیرۆکی خۆڵەمێشێ کە بێ پسانەوە

کارەسات و کۆستی هەڵقرچاوی گێڕاوەتەوە. بوونی کورد و ئاگر،

لە دوانەیەکی ئەبەدیی ئازار و ڕووناکی ئەچن.

جارێک ئێمە کردوومانە بە سونبولی مانەوە و

زۆر جاری تریش ئەو کردووینی بە قەرەبرووت!

ئەم قەدەری پێکەوە ژیانی ئێمە و ئاگرە، دێرینە دێرین

لە کوورەی بە ناڵەناڵی موغەکانی زەردەشتەوە و

لە نزای سەر بە نووری گاتاکانەوە

لە قوربانییەکانی میدیاوە، لەو مەنجەنیقانەوە

کە بۆ یاخیبوونمان داخراوە، تا ئەم ساتە وەختە

لەو سەردەمانەوە لای ئێمەی بڵێسەپەرست

نیشانەیەک بۆ مزگێنیی سەرکەوتن، مەشخەڵان بووە و

لە بێهودەیی و نائومێدیشدا، ئاگر لە جەستەبەردان.

ئێمە و ئاگر تێک ئاڵاوین

چیرۆکی ئاگر و چیرۆکی سووتان، تێکەڵاوبوونی

ژیان و فەنابوون، بوون

تێکەڵاوبوونی ڕوان و هەڵوەرین. ئاوێتەبوونی لانکە و گۆڕ و

هەرەس و هەستانەوە و

بەیەکداچوونی گومان و یەقین، چیرۆکی ئەو دۆزەخانە بوون

کە هەندێ جار بەهەشتمان تیا ڕسکاندوون و

لە باخی پشکۆدا گوڵمان چنیوەتەوە.

لە دوا ساڵی سەدەی بیستەمیشدا، ئەوەتا هەر ئاگر ئەبێتەوە بەو

ڕەمزەی گیانمانی پێ ئەبەخشین بۆ ئەوەی لەشمان بکاتەوە

کڵۆ خەڵووز و

بەو کڵۆیەش ئازادی لەسەر هاوارەکانمان بنووسینەوە

ئەچینە بڵێسەکانەوە

بۆ ئەوەی لە مردندا مانایەکی نوێ بە ژیان ببەخشین

ئەچینە ناو ڕووناکیی داخراوی مەرگەوە

بۆ ئەوەی لێی نەیەینە دەرەوە

سیروان وای کرد

«سیروان» خۆی داگیرسان

بۆ ئەوەی بێزارییەک بکوژێنێتەوە

یان بۆ چەند چرکەیەک هەڕەشە لە تاریکی بکات

یان بۆ ئەوەی پەیڤێکی نەمر لە شەوێکی چڕی بێدەسەڵاتیدا

بکا بە شیعرێکی گڕدار

دیسان بۆ چەند چرکەیەک و بەس

تووڕەبوونی زامێک لە دنیایەکی کەڕەواڵە

ئەوە تەقینەوەی شاخێکی گۆشەگیر و وەڕس بوو

تەقینەوەی ترس و تەقینەوەی بێدەنگی

هەڵپژانەوەی شەپۆلێکی سەربڕاو

ئەوە ناڕەزایی ڕستەیەکی بێ دەمامک بوو لە دنیای دەمامکدار

ئەوە ساتەوەختی لێکدانی زەوی و ئاسمانی حەقیقەتێ بوو

داڕمانی ئارام و

هەرەسی دڵنیایی و

ڕووتبوونەوەی ڕەشەبایەک بوو لە بەردەمی

زەریا بێباکەکاندا.

لە هەموو خۆشەویستییەکی گەورەدا

لووتکەیەک هەیە، لووتکەی توانەوەیە لەگەڵ حەقیقەتدا

لووتکەی بڕیار و نەگەڕانەوەی

ئەسپی بە کوڕژن بە چەپۆکانی بەردی ئۆقرە لێ بڕاو.

لەوێدا ژیان داوای مەرگێکی نوێ ئەکات.

لەوێدا ڕواڵەت و جەوهەر لە یەکتر جوێ ئەبنەوە.

لەوێدا خەونێکی هەتاهەتایی ئەبینرێ و

زەمان ئەبێ بە یەک زەمان.

مەزنترین ئەوینداریش هەر ئەوانەن کە بە ڕۆشناییی جەستەی

سووتاوی خۆیان دڕ بە مەترسی و دۆشدامان ئەدەن.

سیروان وای کرد.

ئەو لە جەستەی هەژار و نامۆی خۆی زیاتری شک نەئەبرد و

ئەویشی دا بە زڕەی زەنگێک

بە زایەڵەی ئاوازێک و

بە تاقە هاوارێکی سووتاو

تەنها لە گێژەنە گەورەکان و گەرداوی کارەسات و مەترسیشدا

مرۆڤ و خۆشەویستیی مرۆڤ

ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ئەبنەوە

جیاوازییە هەرە گەورەکانیش

هەر لە ئاستی ئەو جومگانەدا دەرئەکەون

کە مەرگ ئابڵوقەی داون

لە بەرامبەر مەرگدا، بەهای ژیان تاقیی ئەکرێتەوە

ئەو ئێوارەیەی سیروان خۆی کرد بە نەورۆز

نە نەورۆز هەبوو نە ئەو ئاگرەیش کرابۆوە.

ئەو ئێوارەیە بوولێڵ گەڕایەوە بۆ تەندووری خۆرنشین

ئێوارەی مانا بوو، ئێوارەی لەدایکبوونێکی تری مەراق

ئێوارەی بەیانی و

ئێوارەی تەنیاییی هەموومان.

لەو ئێوارەیەدا و لە بەردەم تەلەفزیۆنێکی خوێن لەچاو تێزاودا

لە بەردەم دیمەنێکی زیندووی نوشوستی هیوادا

کە سومبولێکی لە ئاگرا زاوی بووبوو بە داوی گشت جیهانەوە

لەو ئێوارەیەدا

یەکێک فرمێسکێکی ئاگر دا و

ئەوی تر ئاخێکی ڕواند

من شیعرێکم هەڵپچوڕکا و

بەڵام «سیروان» جەستەی خۆی فڕێدایە

نێو تڵەتڵی نێرینەی ئاگرێکەوە و

بەو تڵەتڵ و نێڵەنێڵی جەستەیە، دەموچاوی

گومان و ڕاڕاییی هەموومانی ڕۆشن کردەوە و

پێی وتین: من مەزنترین شیعرم

بە ئازاری لەشم نووسی.

سیروان لە سەرمای هەژارییەوە بوو بە ئاشنای ئاگر و

تەنیایی بردیە ناو هونەرەوە و

شەوانی سەر شۆستەی شەقامەکان هەنگاوی لانەوازی

کولێرە و ئاو، لە زستاندا ئاگری ناو تەنەکەی سیلەی

کۆڵان و لە هاویندا خواردنی شووتی و تاریکی بەیەکەوە،

بە ڕۆژیش خولیا گەڕۆکەکانی بێکاری و تێڕامان لە

گلێنەی حەرف کردیان بە هونەرمەند

هەر هونەرمەندە هەژارە بێدەرەتانەکانیشن

ڕاستگۆیییان لە سادەیییەوە هەڵهێنجن و

هەر ئەوانیشن لە زمانی بێگەردی پەلکە گیا بگەن و

بزانن پیرۆزیی نانێکی گەرم و

قلە هەنجیرێکی گەییو و لە چیدایە!

هەر ئەوانن، بتوانن ئەوەندە لە مردن نزیک بکەونەوە

تا ئەچنە چاوی نەهێنییەکانی ئەو دیو گەردوونەوە.

کامێراکانیان ئەوەندە لە مەترسی بەرنە پێشەوە

کە ئیتر خۆشەویستییان دەرفەتێکی تری بۆ نەمێنێتەوە

جگە لە هەڵگیرسان و هەڵقرچان.

سیروان وای کرد.

ئەو دوا وێنەی لەسەر ئاڤزینی مەرگەوە گرت

ئەو دوا وێنەی ئێوارەیەکی کڵپەداری

لە بەردەم فڕۆکەیەکی

بارهەڵگری نامۆییدا گرت

ئەو دوا سەمای لەناو گەرووی ئاگردا کرد و

تاجی پشکۆی لەسەر کرد و

ئەوسا مرد!

هەموو عاشقێ، ئەبێ دوا گۆرانیی خۆی بڵێ:

لە هەر جێژوانێکدا بێ، دوا دیدار لەگەڵ مردندا ساز بکات

لە ژوورێکدا، لەسەر شاخێ، لە شەقامێکدا، لە دەشتێکدا

لەبەر باڕێزەی زماندا یان باراندا یان لەبەر ئاوێنەی هەتاودا

سیروان جێژوانی خۆی لە بێشەڵانێکی ئاگردا دیاری کرد

کە دامرکایەوە بوو بە درەختێکی سووتاو و

بە کۆتەرەی لەوحەیەکی ڕەش و سپی

ئەم مردنە لەنێو هونەرمەنداندا و لە هەموو جیهاندا

وەک تابلۆ گەورەکان

وەک عەشقە گەورەکان

وەک دۆزەخە گەورەکان

دەگمەنە.

دەگمەنە وەک خاچی عیسا و

شەوی یەڵدا و

تەنیاییی کوردستان.

سیروان بە ناسۆرترین تابلۆی دوا ساڵی

سەدەی بیستەمی ئێمە بوو.

ئاماژەیەکی گڕتێبەربوو، ڕووەو زوڵم.

فڕینێکی گڕتێبەربوو، لە تاریکستاندا.

نیشانەی پرسیارێکی گڕتێبەربوو، لە بەردەم دنیادا.

ئەوە سیروان بوو:

لێرەوە چاوم لێیە بڵێسە باڵیەتی و ئەفڕێ.

لێرەوە ئەیبینم: ئەو قەقنەسە و وێنەی

عەشقێکی ئەبەدی لە ئاسۆی خۆڵەمێشینی

ئەم وڵاتەدا ئەکێشێ.

لێرەوە چاوم لێیە: «سیروان» لەوێ

لە بەرزایییە بڕۆنزیەکانی ڕۆحدا

یەکێک لە کچە سووتاوەکانی نیشتمان، لەو کیژانەی

لە ماڵە زیندانییەکانی ئێمەدا، دەمەو ئێوارەیەک

خۆی و تەنیایییەکەی سووتاون

سیروان لەوێ ئەیناسێت و بە گڕەوە ئەیخوازێت و

ئیتر ئەیکا بە دەزگیران.

من لێرەوە چاوم لێیە، سیروان بووە

بە سوورەئەستێرەی باڵدار

هەموو شەوێ، لەناو بەحری مەڕمەڕەوە

دێتە دەرێ و هەڵئەکشێ و بەرامبەر تاقە پەنجەرەی زیندان

بۆ چەند ساتێ ڕائەوەستێ و شەپقەکەی سەری دائەگرێ و

لەو دیو پەنجەرەی کڵپەوە

سڵاو ئەکا لە «ئۆجەلانکەس»!