ئەو زامەی بوو بە مانگ!

لە کتێبی:
چراکانی سەر هەڵەمووت
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 13 خولەک  1587 بینین

بەورێکی تری نێو داستانی گڕە و دارستانی پشکۆمان کۆچی کرد و

مێژوومان بۆ ساتەوەختێ پڕ بە گەرووی

دەربەند و ئەشکەوت و کەوێڵ و

بەرگێلنەکانمان زریکاندی... زریکەی مێژوو

سەرچاوە لە خوێنجمانی

ئازادییەوە ئەگرێ، ئەو دەمەی خاک ژانی بە بوومەلەرزەی

ڕاپەڕین و زاوزێی شەهید و تەقینەوەی شیعر و لرفەکردنی بەلووزەوی

خەمی دایکانەوە ئەگرت!

مانگێکی دیکەی گەرمەسێر کۆچی کرد و ئەستێران دابارین و

پێدەشتیان ئاڵوواڵا کرد و هەزاران پارچە ئاوێنەی شکاوی هەتاو

بە درێژاییی کەنارەکانی سیروان خەونیان پژا و گۆرانییان ڕژا و کردیان

بە شاییی خوێن و ژان.

منداڵانی پێپەتی و دەموچاو خۆڵاویی ئێمەش بۆ یەکەم جار

لە بەردەم دەروازەی مزگێنیدا گوڵەزەردی

زەردەخەنەیان چنیەوە و باوەشیان

بە لاملی بەهارێکی ڕاپەڕیودا کرد. ئەو دەمە لە هەناوی قرچەقرچ

پێکەوتووی بەر کا و گردۆڵکەکانەوە گوڵەگەنمی ڕیشاڵ ڕیشاڵی

سووری بەیانییەکی تازە، کازیوەیەکی دەم و

لێو زیوین، گەردن کافوریی

بەژن زراڤی چاو پڕ لە تریفەی دەستوپل زێڕین لەدایک بوو.

لەو ڕۆژەدا لە پەڵە خوێنێکی سەرسنگە هەڵقرچاوەکەی دووزەوە،

لە زاری لێو بەخەندەی برینێکی ڕەشتاڵەوە سەمەلی ئازادیمان سەری

دەرهێنا و بوو بە شاییی قوربانییەکانمان، بوو بە ڕەشبەڵەکی سێدارە و

سەرچۆپی هەرهەموو برینەکانمان.

دووز، دووز مەچەکی تووکنی حەمرینشوێن

بازووەبەندەکەی عاشقانی بەفر و گڕە

ناو دەمی کوڕێکی دیکەی گەردەلوولی

خۆی ماچ کرد و سەری خستە سەر ڕانی

سۆز و خۆشەویستیی گەرمێن و

دواتر پەنجەی نەرمی شەماڵێک لە دەربەند باسەڕەوە هات و

گەیشتە ناو دیدەمان و ئەوسا پێڵووی ماندوومان ئاڵ هەڵگەڕا و

بوو بە گوڵجاڕ و ڕووی ئەم زامەیشمان بوو بە

مانگ و گیانیشمان بە خەرمانەی

ئەو دەمە، دوور لەو مانگە، من لە ژووری تەنیایی و

نامۆیییەکی شێداری دڵ گوشراودا خەریکی ئەوە بووم

لەو گوڵجاڕی گەرمێنە کراسێ بۆ شیعرێکی نوێم بدرووم.

لەپڕ بازێکی پەڕوباڵ سپی هات و لەسەر سەرم لەنگەری گرت و

بەدەم چریکەی سۆزێکی مەولانەئاساوە

شیعرەکەی پێ بڕیم، وتی: لەنێوان پەڵەخوێنەکەی دووز و

سەرەتای هەڵکردنی ئەو زریانەدا

مێژوویەکی دووکەڵاویی

ئازایەتییەکی چاوسەوز،

سەفەرێکی تەلیسماوی

خەونێکی ئاگراوی... لە هاتوچۆدان!

بازەکە سووڕێکی بە چواردەوری تەنیاییمدا خوارد و دیسانەوە وتی:

حەمەڕەش، واتە کێوێکی ڕەش

ئەسپی شەوێکی قەترانی،

زەوییەکی بە خەڵووزکراو،

نانێکی ڕەش داگەڕاوی بن ڕەشماڵی سوتەمەڕۆی ئازار و

یان قەدی دارگوێزێکی ڕەشەبا بەزێن.

یان گەواڵە هەورێکی ڕەشی ئاوس بە کوڕ و کچی باران

یاخود لە شەوەزەنگدا بریسکە بریسکی

دوو چاوی بەورێکی بڕۆنزی!.

سەرەتا هاتنە ناو ئەم دۆزەخی داستان و ئەوینەی پێشمەرگایەتی،

سەرەتا یەکەمین سەفەری ئەم برینە جێ بە خۆنەگرە

بەرەو گەردوگوڵی بەیانی کوردایەتی و خۆبەخاچدا داکوتان

لە ساڵانی زووترەوە

بازرەقەی بەستبوو، ئەمەیش سەربورد و بەیتێکی برایمۆککەسئاسای

عەشق و سووتانی خۆی هەیە

ئەوەتا لاوێکی وەک تاژان باریکەلە و

وەک هەناری گوڵکردوو و خوێنگەرم و

وەک کەڵی سەر ڕەوەز، زیت و چاوبگێڕ،

وەک هاژەهاژی سیروان بێ ئارام،

عەشقی خاک، دار، بەرد، تفەنگ و چارەنووسی خوێنی خۆی

داوەتە دەست کوردستان و بەستەیەک توێشووی نانی ڕەشی

بەستۆتە پشت و هەوراز و نشێو ئەکا و

دەروێشاسا دەرگای یەک بەیەکی

بارەگا و مەقەڕ و مەڵبەندەکانی ئەقڵیشێنێتەوە و

داوا ئەکات و هاوار ئەکات و ئەیەوێ بێ بە «پ. م» و

ئەیەوێ شاڵاو بۆ مەرگ بەرێ و چنگ بنێتە

چنگی دەڵەدێوی بەعسییان و

کلک و گوێی بڕاوی ئەوان بۆ کەلار و

باوەشاسوار و دووز و خانەقین بەرێتەوە،

بەڵام هەموو جار،

دەستی نەء بە ڕووی ئەم سۆراخە شەیداییەوە ئەنرا و

ئەگەڕایەوە دواوە

سەرەتا بوو، ئەم فیشەکە بێ تفەنگ بوو

ئەم پشکۆیە بێ کوانوو بوو

ئەم پرسیارە بێ وەڵام بوو

ئەم جوانووە بێ ڕەوگە بوو

بەڵام ئاخر چۆن

سیامەندکەس لە عەشقی خەجکەس بێزار ئەبێ

قوڵنگ لە کونکردنی بێستوون و

فەرخ لە باڵای پەریخانکەس و

یان گەرمییان لە سوورەهەتاو وەڕس ئەبێ؟

سۆراخی ئەم بەردەوام بوو هەروەکوو لاسکەس سووڕی ئەخوارد

وەک چکەچکی دڵۆپە ئاوی ئەشکەوت و دەراڵەکان

پرسی ئەم وشکی نەئەکرد،

بەرد کونکەر بوو.

هەتاکوو سەنگەر وەریگرت

هەتاکوو چەک شانی ماچ کرد و

تا ڕەوەئەسپ تێکەڵ بە حیلەی خۆیان کرد.

وا ئێستە «حەمەڕەش» و ڕەوەئەسپ بوو بە ڕیزە مەشخەڵانێ و

ئەچنە چاوی دێوودرنجی بەعسییانەوە.

وا ئێستە حەمەڕەش بووە

بە تەندوورەی گەردەلوولێکی گەرمییان

لە هەر کوێیەک سەربازی مردنی لێ بێ

ئەم لەوێیە.

لە هەر کوێیەک گوڵ بکوژرێ، ئاو بکوژرێ، هەتاو و شەماڵ سەر ببڕێن

ئەم دەستی تۆڵەی لەوێیە.

کوێستان، بەقەد کلووی بەفر ئەم حەمەڕەشەی خۆش ئەوێ.

گەرمەسێریش بەقەد شنەی شەوانی هاوینان و

سۆزەکانی ئەڵڵاوەیسی خۆشی ئەوێ.

ئەزموونی تاڵ فێرگەی ئەون.

بست بە بستی ئازارەکان ئەناسێت و ئاشنایانە

وەکوو خوشک و برا و ئامۆزا و بن ئامۆزای خۆی

هەر لە دوورڕا یەکە یەکەی درەختەکان

ناونووس ئەکا و

دەرگای ماڵ و پەنجەرەی خولیای مەزراکان ئەناسێتەوە.

نەخشەی گەرمییان بەری دەستێتی.

وەک تاڵە مووەکانی ڕیشی قامیشەڵان

مێرگەکان و لاڕێ و بن دەوەن و باخەکان ئەناسێت و

لەگەڵیاندا ئەدوێ و ئەبنە پەناگەی

شەوانی ئەشکەنجە قاڵی کردووە

ئەم دەرچووی قوتابخانەکانی ستەمدیدەییی خەڵکە

هەندێ جار ئەم سەر لە ڕێگە و مانگەشەو تێک ئەدات

هەندێ جار ئەم توونی بابا لەنێو هەناوی خۆیدا ون ئەکات.

بۆ یەکەم جار لەسەر دەستی ئەم بەورە ڕەشەماندا بوو

تەلیسم و ترسی ڕەبایەی بەعس شکا و

خۆی کرد بە ناو تەڵەبەندەکانی مەرگدا و

گەیشتە سەر سەری نەهەنگ.

کارەسات گەورە و گەورەتر بوو، هەڵەبجەشوێن بوو

بە هەموو کوردستان و

هەناسەیشی بە هەناسەی هەموومان

ژیان تاریک و تاریکتر بوو

دۆڵپای ئەنفال هات

ئاخ گەرمەسێرەکەم!

ئەی ئەو ئاسکەسوورەی لە هەموو جارێکی کۆستکەوتندا

بەر لە هەموومان لەشت نێزەڕێژ ئەکرێ و

بەردەوام هەموو جارێکیش لە هەر پشوودانێکدا

دوای هەموومان خوێنت ئەگیرسێتەوە.

ئاخ گەرمەسێرەکەم، ئاخ

تۆ یەکەمین چاوی بە فرمێسکمانی و

دوا زەردەخەنەی دەم و لێومان.

دۆڵپای ئەمەوییەکان هات

دۆڵپای ئەنفال هات.

ئیتر لە گەڵایەکەوە بۆ ساوایەک

لە بنچکێکەوە بۆ چۆلەکەیەک

لە خەڕکەبەردێکەوە بۆ جۆگەلەیەک

لە کارژۆڵەیەکەوە بۆ کانییەک

کەوتنە بەر تاعوونی بەعسییان

دۆڵپای ئەنفال هات

بوو بە تارومار

دژوار بوو، دژوار بوو، دژوار...

کینەی شمشێری تەتەرەکان،

خۆشەویستییان ئەنجنئەنجن ئەکرد و

وا هاتبوون نیشتمان لەبندا ببڕنەوە،

وا هاتبوون مێژوومان

ڕیشەکێش بکەن و

سیمامان بسڕنەوە.

وا هاتبوون دوا ئەستێرەمان کوێر بکەن و

دوا ئەسپیشمان بخەسێنن.

تارومار بوو، تارومار

دووکەڵ بوو، دووکەڵ بوو، دووکەڵ...

چاوی خواوەندیش پڕ بوو لە ئاو

ئاسن قریشکانی و نەرم بۆوە

ئازایەتیی چوڕچوڕەیەکی کەمی لێ مایەوە.

وەک ڕێچکەکانی بەردەم شارەمێروولەیەک

وەک ئەو ڕێچکانە زیل زیل ڕیزبوون و بەرەو قاقڕی مردن

بەرەو گەردەلوولی مردن بردیانین.

چاڵ، چاڵ، چاڵ

لەیەک گۆڕدا و هەزار دایک و باوکم، هەزار عەشقم

لەیەک گۆڕدا و

هەزاران کوڕ و کچم،

هەزاران چرام لەیەک گۆڕدا و

گوندێکم بە ئاسانی جێگەیان ئەبۆوە

تارومار بوو، تارومار

لەو ساتەدا بۆ سەد و هەشتا هەزار ئاوات و

خەونی زەرد و سووری زیندەبەچاڵ کراو،

بۆ سەد و هەشتا هەزار باڵای هەڵوەریو

بۆ سەد و هەشتا هەزار باخی خنکاو

یەهودا گریا

مەرگەوەڕشوێن گریا

هیتلەرکەسیش گریا و

لەو ساتەدا هەر سەدام بوو پێئەکەنی!

ئا لەو دەمە دۆزەخینەدا، حەمەڕەش،

حەمەڕەشی کوڕی زیزانەی کوڕی سەر قەڵای

کوڕی دووزی کوڕی حەمرین

لانەی ئازارەکانی چۆڵ نەکرد.

نەڕۆیشت و خەیاڵی گەرمییانی نەبردە ئێرانشوێن و تووران.

دەستی لە کەمەری کفری بەرنەدا.

وەک سیروان مایەوە، وەک کەرکووکشوێن ئەسووتا

وەک قەڵای شیروانە لەوێ بوو

لەو دەمەدا، ئەو بۆ شیعری دەستوپل گۆنەکردوی ئێمە

گڕەی نیوەڕوانی «هەکز» بوو

بۆ ورەیش

حەمەڕەش

ئەم دەستی زمناکۆ و

ئەو دەستی بەمۆ بوو

* * *

هەتا ئێستەیش لە دوو ئاوەندا کە دوو ماسیی ڕەش

ئەگەنە یەک و ڕۆژگاری ئەنفال باس ئەکەن

دوو ئاخی پڕ بە سینەی شەپۆل

بۆ حەمەڕەش هەڵئەکێشن.

دوو گردی دڵداریش کە سەر ئەنێن بە سەری یەکەوە

باسی هەنگاوەکانی حەمەڕەش بۆ یەک ئەکەن.

دوو درەختیش کە پێکەوە هەڵئەپەڕن

یادێکی دەستەکانی ئەو هەر ئەکەنەوە.

ئێوە گوێتان لێ نەبووە

من شیعرم گوێچکەی زۆر سووکە

هەموو جارێ کە زمناکۆ

سوێند بۆ گەرمەسێرم ئەخوا

ئەڵێ: بە سەری حەمەڕەش!

* * *

ئەی بەوری ڕەش! ئەی هەڵمەتی بەردەوامی گەرمیانم،

لە ترسناکترین ساتەوەختی وجودماندا

تۆ قاچت ڕەگی خاک و

سەرت پژوپۆی بێشەکانمان و

هەردوو چاویشت دوو گۆمەکەی

دەربەندی دوکانمانن.

* * *

لێرە بەدواوە حەمەڕەش وتی شیعرم ئەوێ:

من داوای دوو گوڵم

لە داری ژاڵە کرد

بۆ سنگی حەمەڕەش

کەچی دار لە ڕەگ و ڕیشەوە

خۆی لە عەرد هەڵکێشا و

بە پێی خۆی لەگەڵما هات بۆ لای چاوانی حەمەڕەش.

بە «با»م وت مەهێڵە

ئەو مانگە بچێتە هەورەوە

من ئەمشەو لە دووزدا

بۆ باڵای حەمەڕەش

تریفەم لێت ئەوێ و خەرمانە

بیکەمە بەر زامی حەمەڕەش

«با» وتی:

تۆیش نەیڵێی

مانگ خۆی دێ و

ئەو زامە ڕەشتاڵە ئەگرێتە باوەشی.

کۆترێکم ناردە لای کوڵەجۆ

خوازبێنی وەنەوشەی کیژێکم بۆ بکا و

بیهێنین بۆ کوڕی زیزانەی، حەمەڕەش

کە لەوسەر هاتەوە پێی وتم:

تەماشا تا چاوی بڕینی ئەو بەورە بڕ ئەکا

بە گوڵجاڕ وەنەوشەی هەر هەموو پێڵوومان

بە گوڵجاڕ هەڵاڵە

بە گوڵجاڕ نازەنین

بە ڕێوەن بۆ ئەوەی ماچی کەن

بۆ ئەوەی بە ئەوین دایپۆشن

گەرمێنی ئەو لەشەی حەمەڕەش.

* * *

هەر گابەردی نێو دەربەندێ

وتی: لێرەم،

خۆ بەردەقارەمان نییە.

هەرچی گوڵێ کە سوور چۆوە،

خۆ گوڵەکەی پەریخانکەس و عوممان نییە.

هەر کەسێ قوڵنگ بەدەس بوو، فەرهادکەس نییە.

خۆ هەرکەسێ باریکەلە و چەک لە شان و یان ڕیشدار بوو،

مامە ڕیشەکەسی داستان نییە.

هەر کەسێکیش ناوی حەمە و حەمەڕەش و گەرمیانی بوو،

حەمەڕەشی پێش ئەنفال و ناو ئەنفال و دوای ئەنفال و

ئەسپەڕەشی سەر حەمرین و

گێژەڵووکەی خوێن هەڵکردووی جەرگەی دووز و

حیکایەتی کێوی ڕەش و

باوبۆرانی زەمان نییە

* * *

ئەو چریکانە زۆر کەمن

دار بە داری دارستانێ داچڵەکێنن و

سەرسامی کەن، وەک حەمەڕەش.

ئەو عاشقانەی زۆر کەمن

چۆک بە بێستوون دابدەن و

هەر بە ئەوین دیواری مردن کون بکەن

وەک حەمەڕەش.

گەرمەسێر، گەرمەسێر

دەفتەری خۆڵینی شیعرمە و

ئەی باڵای زیوینی ڕاپەڕین، تۆیش قەڵەم.

دڵنیام ئەم جارە من شیعرێ ئەنووسم

بە قەدەر حەمەڕەش ئازا بێ و

بە قەدەر سیروانیش کەڵەگەت

* * *

هەموو ساڵێ

بۆ یانزەی سێ

یانزە کەڕەت هەناسەی خۆم

بە ڕێگەوبانی سکڵدا ئەخەمە ڕێ

ئەم هەناسەیە پڕێتی لە تنۆکە شیعری کەسک و

لێوانلێوە لە «با»ی مۆر و لە «با»ی شین و

لێوانلێوە لە عەشقی ئاڵ و

لە چاوی گەشی منداڵ.

ئەم هەناسەیە، سترانە. سترانی دەشت،

سترانی شاخ. ئەم هەناسەیە هەڵئەفڕێ و

لە هیچ شوێنێ لانادات و

تا لەسەر دووز ڕائەوەستێ و

یانزە جارێ ئەگرمێنێ و، ئینجا ئیتر

بە سەر گوڵجاڕە ڕەشەکەی جەستەی ماندووی

حەمەڕەشدا دائەڕژێ.

* * *

هەموو ساڵێ بۆ یانزەی سێ

گۆمی دەربەند یانزە کەڕەت خۆی هەڵئەبڕێ

بۆ لاشانێ ماچی بکات

چونکە بۆنی گوڵی پەنجەی

حەمەی لێ دێ.

هەموو ساڵێ بۆ یانزەی سێ

شاخی بەمۆ یانزە کەڕەت دائەنەوێ

بۆ بنارێ، بۆ بەرکاوێ، ماچی بکات

چونکە بۆنی کاسکێتەکەی دوای ئەنفالی

حەمەی لێ دێ.

هەموو ساڵێ بۆ یانزەی سێ

یانزە کەژمان، لە سەرەوە بۆ خوارەوە

سەفەر ئەکەن

یانزە باخمان،

لە هەڵگوردشوێن و سەفینەوە دێنە خوارێ

هەر بۆ ئەوەی سەرێک بدەن

لە دوا برینی حەمەڕەش.

هەموو ساڵێ بۆ یانزەی سێ، دوای ئێوارە

یانزە منداڵ لە شۆڕیجە و ڕەحیماوای کەرکووکەوە

یانزە چرای بچکۆلانە ئەکەن بە ملی خۆیاندا

ڕائەکەن و دائەگیرسێن.

ئەم پەپوولەی چرایانە یانزە کەڕەت

بە چواردەوری سەری دووزدا سووڕ ئەخۆن و

ئەوسا هەر یانزە چراکە

لە پەڵەخوێنێکی

هێشتا ورشەدار و هێشتا تەڕدا

دائەنێن و ئینجا ئەڕۆن.

هەموو ساڵێ بۆ یانزەی سێ، یانزە کۆتری بێوەژن،

یانزە چۆلەکەی بێ باوک، یانزە هەنیسک، یانزە فرمێسک،

یانزە گوڵەجۆی مەندەلی، یانزە خاڵی کوتراوی سەر گۆنای گەرمێن

هەر هەموویان ڕیز ئەبەستن بۆ زیارەت

زیارەتی قسنی بەژنی عاشقێکی

وەکوو زمناکۆ کەڵەکەت.

هەموو ساڵێ لە یانزەی سێدا من ئەبم

بە شمشاڵێ، جەبەل حەمرین ئەمنێ بە لێوی خۆیەوە و

لێم ئەدات و لە کونەبای جەستەمەوە

یانزە مەقام، یانزە بولبولی برین و

یانزە قاسپە دێنە دەرێ.

هەموو ساڵێ لە یانزەی سێدا من ئەبم

بە دەفتەری ڕەسمی کچە کەلارییەک

یانزە پەڕەم.

کچەکە دێ و بە خەڵووزی شەوی ئەنفال

یانزە کەڕەت

وێنەی سەری یانزە پیاو و

وێنەی هەوری یانزە زامم تیا ئەکێشێ.

هەورەکان هەموو یەک هەورن

پیاوەکان هەموو یەک پیاون و

هەر هەموویان حەمەڕەشن!.

هەموو ساڵێ لە یانزەی سێدا شاعیر نیم بەڵکوو شیعرم، شیعر خۆیم

گەرمیان دێ و ئەو شاعیرە و

بە پەنجەی دووز

بە برووسکەی حەمەڕەش و

بە ڕێژنەی یادەکانی

بە خۆشەویستیی حەمەڕەش

یانزە کەڕەت

لە گڕەدا، من ئەنووسێ و

یانزە کەڕەت لەسەر بەفر تۆ ئەنووسێ و

یانزە کەڕەت لە ڕووباردا ئەو ئەنووسێ و

لەدواییدا منی شیعر، ئاوی عەشقم

زیاد ئەکات و سەر ئەکات و

ئەم وڵاتە بە هاژەهاژی نەمری و

خۆشەویستیی حەمەڕەشم، دائەپۆشێ!.