عەبدوڵڵا جەوهەر قەڵەمێکی ڕەنگین و گۆمێکی مەنگ

لە کتێبی:
چراکانی سەر هەڵەمووت
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 9 خولەک  1200 بینین

کە هاتین بۆ لات دەمەو ئێوارەیەکی درەنگ بوو، تۆش لە ئێوارەی ژیاندا بووی. دوا زەردەپەڕی خۆرنشینێکی کاڵی خەماوی لە شووشەی پەنجەرەکەوە بە کزی خۆی ئەکرد بەم دیودا و بە هێواشی ئەچووە سەر کلووی قژە سپییەکەت. بەفری بەر مانگەشەوی هاوینانی بێ سرپە و چرپەی ملە بەرزەکانی ئەم وڵاتەیان هێنایەوە پێش چاوی خەیاڵم. تەمی سەروخوارگرتووی ئاسۆی پێش ئەنگۆرە، پێش ئاوابوونی یەکجاری، چۆن لە دامێنی تەڕی چەمەکانەوە دەواری خۆڵەمێشی خۆی هەڵئەدا و بەرەو لاپاڵەکان هەڵئەکشێت، تەمێکی ئاوا، لە چەناگە پچووکەکەت و دەموچاوە ورد و ئێسکسووکەکەت نیشتبوو. کە ئێمەت دی زەردەخەنەیەکی هەڵوەریو، وەک زەردەخەنەی تاڵ و بە ناسۆری درەختێکی ڕووتی پاییزەی نێو خەزان، وەک بزەی گۆپکەیەکی داڕنراو، کەوتە سەر بەیبوونی وشکی لێوەکانت. بۆ ساتەوەختێ هەر ئەوەندەی چاو ترووکانێ کەمتر لە وەختی بەیەکدادانی باڵی نەرمی پەپوولەیەک، کەمتریش لە پلی لێدانی دڵی چۆلەکەیەک گەشایتەوە و ئیتر لەپڕێکدا چۆن فوویەک لە گڕی کزکراوی چرایە ئەکرێت، ئاوەهاش زەردەخەنەکەت کوژایەوە!.

لەسەر پشت ڕاکشابوویت، ژوورەکەت بۆنی مردنی لێ ئەهات، ئەو چاوە پچووکانەی کە تا دوێنێ بوو لەژێر دوو برۆی تەنکەوە وەک دوو ئاگردان پریشکی زرنگی و هۆشیاریان لێ ئەبۆوە وا ئێستا پشکۆی گلێنەیان دامردۆتەوە. دوو ئاوێنەی تەمگرتووی شەوق لێ بڕاون و دوو گوڵەحاجیلەی سیس.

لەسەر پشت ڕاکشابوویت، لە لقەدارێکی زامداری دوای بڕینەوە ئەچوویت. نیگای لێڵوپێڵت لە شوێنێکی نادیارە و چەقیان لەوێدا بەستووە. لە مەرگ ورد ئەبوویتەوە. خۆت دابوو بەدەم دوا شەپۆلی سەرەونگووم بوونێکەوە کە دۆزینەوەی لەدوا نەبێ، ئەتزانی لە ئانوساتدایە گێژەنی مەرگ بەرەو بن ڕاپێچت بکات. ئەتزانی وردە وردە لێت نزیک ئەبێتەوە و لەدواییشدا ئەتگرێتە باوەشی ئەبەدیی خۆی!.

لەسەر پشت ڕاکشابوویت، هاوارێکی بێدەنگ بوویت، ئەوەتا دەمی گوێزانی ئازارێکی تیژ ناوسکت ئەنجنئەنجن ئەکات. برینەکان شەقارن و وردە شووشەیان تێکراوە. بەڵام بێدەنگ ئەمردی. لە مردن نەئەپاڕایتەوە، زۆرت لە زامەکانت ئەکرد و دەمیانت ئەبەست. بۆ ئەوەی نەزریکێنن و ورە بەرنەدەن. لەو سەرەمەرگەشدا هەر بێدەنگی و هێمنی و ئارامیت خۆش ئەویست. ئازاری بەسوێی جەرگبڕت لەژێر لێو کرۆشتنێکی قایمدا دابین ئەکرد، مردنی شێنەییت هەڵئەبژارد، تۆ بە درێژاییی تەمەن هەر شەماڵێکی شێنەیی بوویت، هەر گۆمێکی قووڵ و مەنگ و ڕەگێکی جیڕ بوویت. تۆ گوڵەهێرۆیەکی سەرلق سپی بوویت و بەرز ئەتڕوانی، لە درەختێکی تەنیای سەرپەڕگرتووی تەریک ئەچوویت، سێبەرێکی کڕت هەبوو، بەڵام هەموو کەس نەئەگەیشتە لات. لە نەهێنیی چڕوپڕت نەئەگەیشتن لە دەوروبەری پڕ لە ڕیا و ڕیاکاریی مانێکی تایبەتیت گرتبوو. دڵت ئاسکێکی سرک بوو، نەئەگیرا. سروشتی تایبەتیت ئەسپێکی کێوی بوو، ڕاو نەئەکرا. تۆ نوێژێکی تایبەتیت بۆ خۆشەویستیی کوردستان ئەکرد و لە نوێژی جگەرسۆزانی تر نەئەچوو. ئاوێنەی خۆت هەبوو لە ئاوێنەی هیچ کەسێکدا تەماشای خۆت نەئەکرد. گیانت پەپوولەیەکی باڵنەخشین بوو، هەموو ڕۆژێ بە سێبەر و هەتاوی ئەم شارەدا بە هێوری ئەفڕی و بە هێوریش ئەنیشتەوە. تەمەنی تۆ هەمووی «ئەسپایی» بوو وەک هەموو ئەسپایییە جوانەکانی ناو سروشت. دەمودووت، هاتوچۆت، گوێگرتنت، خوێندنەوەت، نووسینت، تەنانەت هاواری بێزاریشت هەر ئەسپایی بوو. تۆ لەم سەردەمە ئاڵۆزەدا گیانی فریشتەیت لە ئامێز گرتبوو.

لەسەر پشت ڕاکشابوویت، نە هاوسەرێک هەبوو سەر بنێ بە بەفری قژتەوە، نە جگەرگۆشەیەک سەری باوکێتی بنێ بە دڵیەوە. تۆ و تەنیایی هاوڕێی گیانی بەگیانی بوون، هەمیشە قۆڵتان لە قۆڵی یەکدا بوو، ئەوت بە هاوسەر هەڵبژاردبوو لە ماڵێکی چۆڵ و کپ و خامۆشدا کە لە جریوە و جووکەی چۆلەکە و وژەی لەرینەوەی لقوپۆپی درەختەکان بەو لاوە دەنگێکی تری لێوە نەئەهات لەوێدا تۆ و تەنیایی، تۆ و خەمی جگەرگۆشەکەت، پێکەوە ئەژیان تاک و تەرابوون، دەمت تێئەکردن.

لەسەرپشت ڕاکشابوویت، بەدەم گێنگڵەوە ئەلبوومی یادگارت هەڵئەدایەوە. دەستی ڕاستت خستبووە سەر پۆپەشمینەکە، پەنجە باریک و لاوازەکانت لە پەلکە گیای وەرزی باران بڕان ئەچوون، ئەوەتا ئێستە زەرد بوون و لە بریقوباق کەوتوون. پەنجەکانت، ئەو پەنجانەی ڕۆژانێ بوو قەڵەمێکی ڕەنگینیان ئەگرت و ملوانکەی بەهرەیان ئەکردە مل، ڕۆژانێ بوو ئەو پەنجانە پەلکە ڕەنگینەی «پەخشان»یان لە پێشوازی «گەلاوێژ»دا ئەکرد بە تاقی سەلیقە و، بە چلچرای بیر ئەیانڕازانەوە، لە ئاسمانی ئەودا ئەدرەوشانەوە. جریوەیان ئەهات و خەوی ڕەنگاوڕەنگی خۆشیان ئەبینی و گوڵاوپرژێنی پرچەکانی ئەویان ئەکرد، ڕۆژانێ بوو ئەو پەنجانە ئاوێزانی ئەم زمانە کوردییە شیرینە بوون. کانیاوی بەهرە ئەبوو بە جۆگەی ڕوون و ڕەوانی بەر هەتاوی زنوێران و ئەڕژایە ڕووباری ئەدەبیاتی سەردەمی تازەمانەوە.

قەڵەمەکەت لە قەڵەمە پێشڕەوەکانە، ئەو قەڵەمانەی لە ڕۆژگارە تاریکەکاندا چراوگ بوون، دڕیان بە دیواری شەوی ئەموستەچاو ئەدا. گوڵبارانی ئەدەبی نوێ بوو، گوڵەکانی تۆش لە گوڵە دەگمەنەکان بوون. ڕاکشاویت و نیگای خەیاڵ پێڵوی تەڕیان ئەکەن بە باڵ. لە سەردەمی لاوێتیشدا تۆ هەر کەنارت گرتبوو، کۆترەباریکەکەی دەنگخۆشی تەریو بوویت. لە جۆشی تەمەندا، لە هەڕەتی قوڵپدانی خوێنی بەهرە و نووسیندا بە پێچەوانەی ئاوەڵەکانتەوە حەزت نەئەکرد بەهرەکەت بکەیتە ئاڵا و لەبەر چاوان بشەکێتەوە، لەو قۆناغەشدا ڕقت لە لاپرەسەنگی و خۆدەرخستن ئەبۆوە.

نازناوی «ع. چالاک»ت بۆ خۆت کرد بە نیشانە، گەلاوێژت کرد بە جێنزرگە. لەم ساڵانەی دواییشدا کە کوڕوکاڵانی ئەدیب و ئەدەبدۆست ئەهاتنە لاتەوە و لە بەرهەمی ئەو سەردەمەت ئەدوان. تۆ خۆت نەئەکرد بە خاوەنیان، بە هێورییەکەی خۆت دەستێکت ڕائەوەشان و ئەتوت «هی من نین، کوا من ئەدیبم؟». تۆزقاڵێ گیانی خۆویستی و چاوچنۆکی و خۆبەزل زانین لە تۆدا نەبوو. لە کاتێکدا ئەگەر بتویستایە قەڵەمەکەت بە ئاشکرا تاو بدەیت، چەپکە گوڵەکانت بێنیتە ناو کۆڕەوە و ڕیزیان بکەیت. دڵنیام ئەوسا قەڵەمەکەت پێش زۆر قەڵەم ئەکەوت، گوڵەکانیش بازاڕی ڕەونەقی زۆریان ئەشکان، چ گیانێکی سادە و بەفرینی پاکت هەبوو. زۆربەی هاوڕێکانی ئەم ساڵانەی دواییت ڕەشوڕووت و بێکار و خەڵکە سادە و ساکارەکانی شارەکەم بوون. ئەوانت زۆرتر ئەدوان، ئەوانت لە خوێندەوارە درۆزنەکان خۆشتر ئەویست.

لەسەر پشت ڕاکشابوویت، منداڵیی خۆت ئەلاواندەوە: ئەی دارستان و قۆپی و کاوان و لێرەواڕ و کانیاوەکانی «قەرەداغشوێن» بەهرەی چاوی تۆیان نەڕشت؟ ئەی ئەو بیرەوەری و سەرگورشتە و بەیت و گۆرانییە میللییانەی قەرەداغت نەکردووە بە کۆمەڵێ تابلۆی ڕەنگین و هەڵتنەگرتوون؟ ئەی لاوانەوە بەسۆزەکەی «دایە گیان» هەر بۆن و بەرامەی «باخان»ی قەرەداغ و سنگ و بەرۆکی دایکانی ئەوێی لێ نایەت؟!

هێشتا قوتابییەکی لەڕ و لاوازی ملباریکی گۆشەگیری مەنگ بوویت کە بەهرەی قەڵەمەکەت چاوی تیژی «پیرەمێردکەس»ی گەورەی قۆستەوە، هات بە پیرتەوە. بەهرەکەتی گرتە باوەش، لێی وردبۆوە، گەش بووی. تۆ ئەوساش هەر شەرمنێکی سەرکز و بەڵام دڵ وریا بووی. «پیرەمێرد»ی باوک دەستی بە سەرە پچووکەکەتا هێنا، بەرهەمەکەتی خستە سەر دڵ، تۆ بڕوات نەئەکرد، نۆبەرەکەت ناو نابوو «ئاوات». پیرەمێردی کەڵە شاعیر بە دەستی ڕەنگینی خۆی هەر لە چاپخانە دێرینەکەدا لە چاپی دا.

لەوەدا بوو «ئاوات» ئاواتی نۆبەرە بە هەنگاوی گەورەوە بچێتە ناو کۆڕ و کۆمەڵانی خوێندەواری ئەو سەردەمەوە... بەڵام لەپڕێکدا ڕێگەیان پێ گرت. ڕاپۆرتنووسانی دەسەنەخۆری ئینگلیز، مڵە و دووپشکەکانی ناو باخی ئەدەبیاتمان، جڕوجانەوەرە ڕموزنەکان، بە خەنجەری ڕووتەوە گەیشتنە سەر نۆبەرەی ئاواتی جەوهەر و لە بەردەمی پیرەمێرددا سەریان بڕی.

لەسەر پشت ڕاکشاویت، زەرد، زەرد، زەرد، زەرد هەر ئەڵێی مانگی کوژراویت، لەناوەوە ئازار ئەڕوا و ئەتکێڵێ، تۆ کێڵگەی زات و ورەی لەناو چنگی ئەختەبووتی هەزار پەلی «سەرەتان»دا لوول ئەخۆیت و هاوار ناکەی. چ ورەیەکی بەسامی و چەندە ئارامێکی گەورەی. لەسەر پشت ڕاکشاویت، دەنگت لەناو هەناسەی سواردا خنکاوە.

ئەی «جەوهەر»ی ڕەوشت، ئەی گوڵەهێرۆی لاسک شکاوەی مل بەلارەوە گرتوو، بۆ یەکەم جار لە چایخانەیەکی پەڕپووت و بچووکی شارەکەمدا یەکترمان ناسی، بۆ دواجاریش، بەرلەوەی ئەم دەردە گرانە لە پەلوپۆت بخات هەر لە چایخانەیەکی وادا لەیەکتر جیابووینەوە.

لەسەر پشت ڕاکشاویت، ڕووە ژاکاوەکەت لە منە، پار ئەم وەختە بوو، دیسانەوە سەرم کردەوە سەرت، مەنگیتم شڵەقاند، بەڵام لێڵم نەکردی، ئەمزانی تۆ ماسییەکی ئەم گۆمی شینی ئەدەبەیت و بێ ئەو ناژیت، ئەمزانی کە شەو دادێ و دنیا ئەنوێ، تۆی شەیدا لەگەڵ وشەدا ڕۆژ ئەکەیتەوە و بێدەنگ ئەسووتێیت، بێدەنگ ئەگریت و خەڵوەت جێ ناهێڵی! بیست ساڵ بوو ئەمناسیت، بەدەم پێت نەوتووم، بەڵام چاوت بە ئاشکرا ئەیدرکان کە خۆشت ئەوێم، چاوت ئاوێنەیەکی بێگەردی ڕاستگۆیی بوو. دەستت نەنا بە ڕووی داواکەمەوە. چەند بەرهەمێکی لە کونی هەتیتەدا هەڵگیراوت بۆ هێنام، سێ دەفتەر چەند ڕۆژێ لەگەڵیاندا ژیام، چەند ڕۆژێ بە بادەی زمانی شیرینی ئەوان مەست بووم. نووسینەکانیشت وەک خۆت ناسک بوون، وەک خۆت کەمدووی پوخت و پاک بوون. قەڵەمی ناوبەناوی ڕەخنەشت، وەک ڕەوشتی خۆت بەرز بوون، زمانی تەڕ و پاراو و نەوازەی بێ گرێوگۆڵ سفت و ڕەوان و درەوشاوە بە قسەی نەستەقی باو و باپیران خۆش کراو. ڕستەی کوردانەی پتەو داڕێژراو، دڵی منیان لە زووەوە کەمەند بەند کردبوو. کوتومت وەک خۆشەویستیی داربەڕوو و ئاوی ئەم کوردستانە.

لەسەر پشت ڕاکشاویت، وا چاوت لێک نا و ئاوا بوویت. دە ماڵاوا ئەی قەڵەمە ڕەنگینەکە تۆ لە گوڵدانی دڵمای، ئەم جارە لەوێدا ڕاکشێ!.