وتەیەک
لە سەرەتای دەستدانە قەڵەم و لە یەکەم چاوپشکوتنی بەهرەوە، لە شیعرەکانی «تریفەی هەڵبەستناوی تایبەت»ەوە تا ئەمڕۆ، ناوی «قوربانییەکانی» ئازادی و خوێنی دەم بەهاواریان و ئینجا سیحری «شوێن» و جوانیی «سروشت» و چریکەی سروودە میللی و نەتەوەیییەکانمان و سومبولەکانی خاک و مێژوو، داستانەکانی خۆبەختکردن، مەرگی یاران و ئازیزان و زنجیرە دیرۆکی تراژیدیای خوێناویی گەلی کورد و هەروەها مرۆڤایەتی و دنیاش: لە شیعر و پەخشانی مندا لە نیشانە هەرە دیارەکانی ئەوین و پەیامی ئەدەبیی پەیوەنداری نەپساوەی گیانی من بوون بە چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤی ئەم وڵاتە و بە هەموو بەها جوانەکانی جیهانیشەوە. هەر لە سەرەتای گیرۆدەبوونی عەشقی ئەم زمانەوە، تا هەنووکە، شیعر لای من شێواز و ئامانجیش بووە. ئەوەندەی من لەو خەمە گەورانەی دەرەوەی خۆم ئاڵاوم، قەت ئەوەندە، لە خەمە تایبەتەکانی خودی خۆم نەئاڵاوم. پێ ئەچێ خۆشەویستیی خاک و مرۆڤایەتی منیان کردبێ بە شاعیر. چونکە بڕوام وایە، ئەدەب و هونەری بێ خەڵک و بێ خۆشەویستیی خەڵک تەنانەت ئەگەر جوانیش بن، لە گوڵدانی خاڵی و خانووی چۆڵ ئەچن! خولیای هەمیشەی من ئەوە بوو ئەدەبێ بنووسم لە دڵەوە بۆ دڵ بێت و بتوانم گوزارشت لەو خولیا و مەراق و خەیاڵانە بکەم کە لە دڵی خەڵکیدان و ئەوان ناتوانن دەریببڕن و من لە خوڵقاندنەوەیەکی دیکەدا، بیانخەمە پێش چاو. نوێخوازیش بەلای منەوە نە زمان قفڵکردنە و نە واڵاکردنی تەواوی هەموو دەرگاکانیشە. ئەزموونی دوورودرێژی خۆم ئەوەی فێرکردووم، ئەگەر لە ڕۆحی زمانەکەی خۆمدا نەژیم هەرگیز لە ڕۆحی هیچ زمانێکی دیکەی دنیادا ناژیم. جیهانبینی لێرەوە دەست پێ ئەکات. نە فانتازیای ڕووت ئەدەبە و نە ناوەرۆکی بێ فانتازیایش ئەفراندنە. ناوەندێک هەیە، کە بەردەوام ئەو «نەهێنییە» خۆی تێدا حەشارداوە و «سادەییش» هەوێنێتی، دیارە ئەو سادەییەم مەبەستە کە لە خودی «حەقیقەت» خۆی و لە خودی جوانیی خۆیدا هەیە. ئەمە جگە لەوەی بەشێکی لەبەرچاوی ئەفراندنیش، بریتییە: لە چنینی سنعەتکارانە، هەر لەبەر ئەوەیشە قەڵەمی زاڵ و بەهرەی توانادار ئەتوانێ بڕیار بدا و بنووسێ و بخوڵقێنێ. بەتایبەتی ئەو کاتەی ئەدیب، چاوگی عەشقێک، هەر عەشقێک کوانووی گیان و هزر و هەست و نەستی بێ. ڕەنگە ئەدەبی «بۆنە»کانیش بچنە ئەم خانەیەوە. من بۆ خۆیشم پێم وا نییە. وەک هەندێ ڕەخنەگر ئەڵێن هەر دەقێک «بۆنە» دروستی بکات، ئیتر ئەوە ئەبێ لە دەقە مردووەکان بێت. هەڵبەتە من مەبەستم بۆنەیەکە کە پاکی و بەهاداری و هەڵوێستی ئینسانیانە خاسیەتە جوانەکانیان بن. لە ئەدەبی ئێمەدا، بۆ نموونە، شیعرە هەرە جوانەکانی «مەولەویکەس» «بۆنە» تایبەتی و پیرۆزەکان دروستیان کردوون. ئەوەی بەلای منیشەوە لە پلەی یەکەمدا دێت، چۆنیەتی دەربڕین و مەزنیی ئەو زمانەیە کە ئەبێتە باڵا ئاوێنەی بابەتەکە. ئەدەب بە وردەکارییەوە ئەدەبە. وەک چۆن وشەی ناشیعری نییە، بابەتی ناشیعریش نییە. نووسین بەرپرسییە و گەمەی سەرەڕۆیانە نییە، ئەفراندن ئاوێتەبوونێکە لەنێوان جوانی و ڕاستی و هەڵوێستدا، فڕینی زمانە لە بەرزایییەکانی مانادا. ئەم کتێبەی لەبەر دەستاندایە، هەڵبژاردەی بەشێکە لە پەخشانەکانم بەتایبەتی لە دە ساڵی دواییدا، کە هەندێ جاریش، ناوی «وتەی ئەدەبی» یان «پەیڤی شیعریش»م لێ ناون و لە سەردەمی جیاجیادا نووسیومن و بەشێکیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو بوونەتەوە و بەشێکی تریشیان بۆ یەکەم جارە ئەکەونە پێش چاو و دوای کۆکردنەوەیان چەند پارچەیەکیان نەبێت کە لەملا و لەولا «کەمێ دەستکاریم کردونەتەوە» وەکی تر وەک خۆیان چۆن بوون هەر بەو شێوەیە ماونەتەوە. ئەوەی لە کۆتاییی ئەم وتەیەشدا، شایەنی ئاماژە بۆکردن بێت، ئەوەیە: گەلێ جار تخووبەکانی نێوان «شیعر» و «پەخشان» هەر تەواو کاڵ ئەبنەوە، بەگران لە یەکتر جوێ ئەکرێنەوە. ڕەنگە «پەخشان» بە بەراورد لەگەڵ «شیعر»دا، بە دەنگێکی بەرزتر و هەندێجاریش ڕاستەوخۆتر بدوێ. زمانی «مەجاز»یشی تەنکترە و مەنتیقی عەقڵی زاڵترە و دەرگاکانی خۆی زیاتر ئەکاتەوە. بیرمە جارێک لە دیدارێکدا وتم: شیعر شاخوداخی زمانە و بەڵام پەخشان پێدەشتێتی!.
«چراکانی سەر هەڵەمووت» کۆمەڵە ئەزموون و ئەوینێکی تری ژیانی ئەدەبیی منە. ئەو پەخشانانەن کە لە هەناسەکانی شیعر خۆی موتوربە کراون. هەڵوێستی بەرجەستەن و گوڵدانی وەفان بۆ ئەو هاوڕێ و مامۆستا و پێشمەرگە و خۆشەویستانەی بەجێیان هێشتین و بەڵام دوای خۆیان مانایەکیان دا بە ژیان و خەبات و داهێنان و منیشیان لە ئەوینی خۆیاندا نوقم کرد.
«چراکانی سەر هەڵەمووت»، سومبولە داگیرساوەکانن. ئەشێ ئەم چرایانە هەموو چون یەک شەوقیان خۆش نەبێ. ئەشێ چون یەک لە یەک ئاستی ڕەوانبێژیی زمان و ئاستی هونەریدا نەبن و بەڵام هەر هەموویان هەڵقوڵیوی دەروون و بیری خۆمن، هەڵوێستن لە وشەدا و بەسەرکردنەوەی بەها جوانەکانی ژیانن. زمانی ئەوینی ئەدەبیی منن لەو ساتەوەختانەدا کە «نیشتمان» داوای نووسینیانی لێ کردووم!. من هاوڕێی ڕۆژگارەکانی ئەم خاکە بووم. هاوڕێی ئازار و ئاواتیان کە ئازار و ئاواتی خودی خۆیشم بوون. «چراکانی سەرهەڵەمووت»، بەردەوام بریسکەیان دێ و لە بیرەوەریمدا بە زیندوویی ئەمێننەوە.