لە ڤیەنناوە بۆ کوردستان و درەوشانەوەی ئەستێرەیەکی سوور!

لە کتێبی:
چراکانی سەر هەڵەمووت
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 8 خولەک  1197 بینین

ئەو دەمە ئالووز و ژانی دوورە وڵاتی و تاسانەی غەریبی، خەوی

لە چاوانی لە بوولێڵ چووی من بڕیبوو! تەنها هاودەم و هاوڕاز و

هاوگینگڵم، شیعر بوو بۆ دڵنەوایی و

هێورکردنەوەی شەپۆلە بەپێلەکانی

ئەم زەریای خەمە، شیعر ئەبووە: هەتاوی ئارام و

هەتوانی زامی ئەستێرەی وشەم و لەگەڵ خۆمدا،

لەگەڵ هەردوو گلێنەمدا

شار بە شار و وڵات بە وڵاتی هەندەران ئەمگێڕا، یان بۆ

نەڵێم: ئەو منی ئەگێڕا و ئەو منی کردبووە خەرمانەی

دەوری خۆی

دە سڵاو ئەی مانگی شیعر و

ئەی خەرمانەی بە بەرەکەتی زمانی کوردی!

ئێوەیش ڕۆژتان باش و شەوتان باش

ئەی کوردە ئاوارەکانی ئەم سەر زەمینە!.

لە پەنجەرەی واگۆنی شەمەندەفەرەکەوە

نیگام تینووی ئاو لە سەرنجی

ئەو کەژ و دۆڵ و چیا و لێرەوار و ڕەوەز و هەڵەمووتانە بوو

کە بە سەوزیی خۆیان، بە سەوزیی ئاوی چاوبەری وڵاتی نەمسا،

وڵاتی گوڵ و هونەر، بارانە شیعریان بە سەردا ئەباراندم.

لە گۆمی زیوینی خەیاڵیان هەڵئەکێشام و هێدی هێدی ئەیانبردمەوە

بۆ نێو لانکەکەی کوردستان. لەپڕ «ڤیەنناشوێن»جریواندی،

شان و ملی مەڕمەڕینی ئەم پایتەختە ناسک و قشتیلانەیە دەرکەوت.

شەمەندەفەرەکەیش، هێواش هێواش دەمارە گرژەکانی پێشووی خاو بۆوە و

لە وێستگەی گەورەی ڤیەننادا لە چاوترووکانێکدا

وەک دایچەقێنن، ڕێک وەستا! وا من و شیعر پێکەوە دائەبەزین،

ئەو کاتەی سەرم هەڵبڕی، خۆم لە بەردەم

پوورەهەنگێکی خۆشەویستاندا،

لە بەردەم چەند چەپکێ لە یاران و هاوڕێیاندا بینیەوە!

یەکێک لەو گوڵەهێرۆیانەی هەر زوو بەرامبەرم پێکەنی و

باوەشی پڕ لە گوڵاوی خۆی پێدا کردم؛

کاکە فازیلی مەلا مەحموود بوو

لەنێو هەموویشیاندا بەتەنها هەر ئەو بەرگی کوردی پۆشیبوو.

بەرلەوەی بدوێین، بە چاو پێی وتم

«دوای ئەم دابڕانە نەفرەتییە دوورودرێژە، ئەم پێک گەیشتنەوەیە،

ئەم بە دیدار شادبوونەوەیە، گوڵ و زەماوەند و خۆگۆڕینی ئەوێ».

ئەو ساتە قوڵەقوڵی پێکەنینی بوو.

کە لێی وردبوومەوە، هەستم کرد تەشوێی زەمان ئەوەندە کاری

لەم ڕەوەزە جوانە نەکردووە

قژ هەر وەکوو خۆی ڕەش ڕەش، پێستی بێ گرێ و ڕێڕێ نەبوو،

هەمان گۆشەنیگا و سەرنجی بەر لە حەڤدە ساڵ

زیاتر، لەش مامزی، سووک و گورج و بێ فیز و

ساکاریش وەک گوڵەکێوی. وتم: کاکە فازل! هەر وەکوو خۆتی

پێکەنی و لەگەڵ ڕاوەشاندنی هەردوو دەستیا وتی: زمانیشی تۆزێ گرتی،

- تۆیش هەروەها! هێشتا هەر شاعیری لاوی

بەدەم قاقاوە، بەدەم هەڵقوڵینی خۆشییەکی ڕەوانەوە،

دەستمان کردە ملی یەک و وتیەوە!

- لەبیرت نەچێ من هەموو کات

عاشقی شیعرەکانتم!

با بەرەو دوا بگەڕێمەوە، سەر بە هەوارەکانی ئەوین و

ماڵی ئاشناوڕۆشنا و ئازیزاندا بکەمەوە.

لە ڕەگەوە بەرەوژوور ببمەوە بۆ لای ئەم گوڵەهێرۆیە.

ڕەنگە هەر لە تووەکەی ئەلیاسە قۆچەوە

لە سێدەرییەکەی ماڵی حاجی ئەمینی کاکە حەمەوە،

ئێمە و هەتاو و ڕەز و کانییەکانی «دێلێژە»

وەک دوو باخی پەرژینی بەزیو لقوپۆپ و گەڵا و گوڵ و

هەرێزمان تێکەڵی یەک بووبێ، تا ئەو شوێنە پیرۆزەی

کە دایکم لە هەمان کاتی شیری دایکێکی بەهەشتیی ئەم

بنەماڵەیەی خواردەوە و

ئیتر سەرچاوەکان لەیەک ڕووباری خۆشەویستیدا یەکیان گرتەوە.

لەوێوە ئەم تیرێژە کشاوە.

لەوێوە ئەم مێرگە

بە ئەوین تێراوە!

دوای فەراژوو بوون و چاوکردنەوەیش

هەر لە یەک هێلکەی کۆڵانی گەڕەکێکی ئەم شارەیشدا بوو

لەگەڵ هاوتەمەنەکانی ئەم بنەماڵەیەدا

سەرمان بە یەکەوە جوقا و پێکیشەوە

پەڕوباڵمان دەرکرد و

لەسەر درەختی قوتابخانەیەکیش پێکەوە نیشتینەوە!.

لە هەڕەتی جۆش و خرۆشی سیاسیدا

لە زەمانی شەڕی ساردی ئەم نەوەیەی ئێمەدا

من و کاک فازل هێلانەمان جیا بوو

ئاسۆمان جیا بوو

ئەو لە کەلی ئەنتەرناسیونالەوە ئەیخوێند و

منیش لە کەلی ناسیونالیستی بەرامبەرەوە

بۆم ئەسەندەوە.

دوو کەوی نەگونجاو بووین

بەڵام نەگونجاو بۆ ئەوەنا بە دەنووک یەکتر کوێر بکەین.

نەگونجان بۆ ئەوەنا لە خوێنی یەکتردا شەڵاڵ بین.

نەء، نەء، ئێمە گونجاوی نەگونجاو بووین

لە بەردەم نەهەنگەکەی دوژمنیشدا

نەهێنیمان یەک نەهێنی و

خۆشەویستیمان یەک خۆشەویستی و

ماڵیشمان یەک ماڵ بوو.

بیرمە هەر لە سەرەتای حەفتاکاندا بوو، لە سەرودەمێکدا کە شەهید

لە شانە ئاگرینەکانی «قیادەی مەرکەزیدا»

کاری ئەکرد و بە شاراوەیی و نەهێنی لە هاتوچۆدا بوو.

ماڵی ئێمە، دەروازەی دڵنیایی و متمانەی لەسەر پشت بوو بۆ ئەو.

ئەهات و پێکەوە لە ژوورە بچکۆلەکەمدا بەجووتە دائەنیشتین.

وایش ڕێک کەوتبووین بۆ ئەوەی نەبادا خوانەخواستە

ئاگری نەگونجانی بیروباوەڕی سیاسیی هەردووکمان لە ڕێککەوتێکدا

لە خەرمانی هاوڕێیەتیمان بەرببێ، وا ڕێک کەوتبووین، هەر بە کەناری

جوانی شیعر و ئەدەبدا بڕۆین و بەو زمانە خۆمان مەست بکەین و

کۆڕیشمان بەو چلچرایانە بڕازێنینەوە!

شەهید فازل ئاگردانێکی بەکڵپە بوو.

کانییەکی زیرەکی و چاوگێکی بزۆز و

ڕوناکبیرێکی سادە و

شیعردۆستێکی وردبین بوو.

ناو بەناو لە هەندێ ڕوانین و لاکردنەوەدا

چاوەکانی تیل ئەبوون و

لە ئاخاوتنیشدا زمانی ئەیگرت و

بەمەیش ڕۆحشیرینتر و

ئێسکسووکتر ئەینواند!

ئەو هەر لە سەردەمێکی زووترەوە چووبووە

ناو بزووتنەوەی قوتابییان و

یەکێک بوو لە قەڵەمە هۆشیار و وشە ڕاپەڕیوەکانی نێو مەیدانی

خەبات و تێکۆشان.

ئەو لەو تەمەنەدا هەڵکەوتوویەکی

ئەم شاری هەڵمەت و قوربانییە بوو.

* * *

ساڵ هات و ڕۆیشت و کوردستان تا ئەهات تاریکتر و

کارەسات لە دوای کارەسات و خوێن لە دوای خوێن و

سێدارە لە دوای سێدارە و زیندان لە دوای زیندان و

ونبوون لە دوای ونبوون و مەرگی ئازیز لە دوای مەرگی ئازیز و

سەنگەر لە دوای سەنگەر، یاران و عاشقانی ئازادی

وەک تۆوی گوڵی دەم بایان لێهات و

گۆڕان و وەرچەرخانی فیکریی سیاسی

لەم بەندەرەوە بۆ ئەو بەندەر و

شەهیدیش کەوتە ناو ئەم گەرداوانەوە و

تا لە ڕۆژگارێکی تردا لە دوورگەی

بزووتنەوەیەکی ئیسلامییەوە

چارۆگە و بایەوانەکەی بەدەر کەوتەوە

من بۆ خۆم ئەم وەرچەرخانەم

لە دڵا بووبوو بە مەراقێکی گەورەی سیاسی و

کۆمەڵایەتی و بەئاواتەوە بووم ڕۆژێ

لە ڕۆژان کاکە فازل ببینمەوە و پێکەوە وەک جاری جاران دابنیشین و

پرسیاری لێ بکەم و بەم سۆراخکردنەیش

لە وەرچەرخانی تازەی بگەم.

ئێرە ڤیەننایە!

وا پێکەوە شانبەشانی یەک ئەڕۆین و

لە وێستگەی شەمەندەفەرەکە

چووینە دەرەوە و لە ئوتومبیلی هاوڕێیەکدا

بەتەنیشت یەکەوە دانیشتین و بە شەقامە ڕەنگاڵە و

بێگەرد و بە بریقوباقەکانی ئەم شارە جوانکیلەیەدا

یەک لە دوای یەک تێئەپەڕین و ئەوەتا ئێستەیش لە ماڵی

هاوڕێی خانەخوێ پێکەوە دابەزین و چووینە هۆڵە ڕەنگینەکەوە.

لە دەرفەتێکدا هەر دووبەدوو ماینەوە و پرسیارەکەم لێکرد.

شەهید فازل لەسەرخۆ وتی:

با لە هەموو ڕواڵەتەکان گەڕێین.

گەلێ ڕێگامان تاقی کردەوە، ئەمەیش ڕێگایەکە،

بەڵام من هەر ڕێگەیەک بگرم بۆ کورد ئەیگرم.

کوردایەتیی ئامانجە و چارەنووسیش

هەر لە سەربەخۆییی کوردستاندا ئەبینم.

من ئامادەم لەپێناوی بەرژەوەندیی کورددا، هەموو کارێک بکەم،

هەرچییەک بە مەرجێ ترووسکاییی هیوای بۆ ئەم گەلە هەژارە تێدا بێ.

بیرمە هەر لەنێوان قسەکردندا وتی:

«ئەورووپا بێزاری کردووم. ئەمەوێ ڕزگارم بێ،

تینووم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە کوردستان.

لەوێ لە گوندەکانی کوردستاندا و لەناو ئەو خەڵکە هەژارەدا

بژیم و بمرم و ئەمە هیوامە و دوا خەوبینینمە»

ئێرە ڤیەننایە و

خەو نەهاتە دی و

سەعاتی خوێن چرکە بە چرکەی هەناسەی کورد ئەژمێرێ و

قاسملووکەس مانگی سوورە و بە دەوریشیا

چەند ئەستێرەیەک خەرمانەی گوڵاڵەن و

ئەدرەوشێنەوە.

یەکێک لەو ئەستێرانەیش فازلە و

فازیلیش کوڕی شاری «مامەیارە» و

«بەردەقارەمان»ە و قوربانییەکی گەورەی

ئاشتی و ئازادی و سومبولێکی دیکەی لەخۆبووردن و

شەهیدێکی تری ڕووناکییە!

دوژمنانی ڕووناکی،

نەیارانی گوڵ و کانی و نانی هەژاران

چەقۆکانی تاریکی و توندڕەوە تیرۆریستەکان

چەند دەمانچەیەکی مێژووی شەڵاڵی خوێن و

مەرگی دەمامکدار

لەناو سینەی ڤیەننادا

دەستیان گەیشتە گەردنە بەرزەکانی

قاسملوو و فازل و هاوڕێیەکانیان و

لە ژوورێکدا ئەو چرایانەیان کوژاندەوە.

ئەو هەتاوانەیان هەڵوەران.

بەڵام ئەی چی لە چراخانی دیرۆکێک ئەکەن؟!

چی لە گەردنی شاهۆشوێن و پیرەمەگروونشوێن و ملیۆنان ئەکەن؟!

ئەم چارەنووسی ئازادی و ڕاماڵینی ئەژدەهاکانە

لە تەوێڵی شاخ و باسکی کەژ و

سەرسنگی ئەم نەخشە گوڵگوڵییە نووسراوە و

تێکەڵ بە زێی سروود و ڕاپەڕینمان بووە.

تۆیش ئەی هاوڕێم!

ئەی هاوڕێی دوا وتە و دوا کۆڕ و

دوا هەناسەی «مانگ»ێکی کوژراوی کوردان،

ئەی ئەستێرە سوورەکە و

ئەی داربەڵاڵووکە ئاڵەکەی ناو دڵی «دێلێژە» و

ئەی گوڵەهێرۆکەی شیعر و یادگارم!

چی لەوە گەورەترە ئاوێتەی خۆشەویستیی

ئەم کوردستانە بی و

چی لەوەیش پیرۆزترە بە مردنێ بمری و

سەرت لە لووتکەیەکدا بپژێ

کە لووتکەی مەشخەڵان و

لووتکەی باران و دوندی هەڵۆکان و

جیهانی نەمریی بێ

هاوڕێکەم!