٧

لە کتێبی:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 35 خولەک  1561 بینین
تۆ چی ئەکەی؟
تۆ ئیستە نەفرەتی بەفرێکی ژێرکەوتووی
تۆ ئیستە لە کیفی شیرێکدا پاڵکەوتووی
کە سەری بڕڕاوتی لەلایە.
تۆ ئیستە لە ژووری پەتێکدا دانیشتووی
سێدارەی گۆرانی و شیعرتی لەلایە.
چی ئەکەی؟
شەوێکە سنەوبەر ڕا ئەکا و بە پێی خۆی
ئەچێتە تابووتی خۆیەوە!
شەوێکە ئەستێرە بە پێی خۆی ڕا ئەکا و
ئەچێتە ناو تۆڕی خۆیەوە!
شەوێکە باپووسکە بە پێی خۆی ڕا ئەکا و
ئەچێتە زیندانی خۆیەوە!
شەوێکە ترووسکە بە پێی خۆی ڕا ئەکا و
ئەچێتە ناو گۆڕی خۆیەوە!
ئەی خاچی دووباڵی گریان و
ئەی خاچی بێ سەر و بێ شاخ و
ئەی خاچی نیشتمان خۆڵەمێش.
تۆیش ئەبێ بە پێی خۆت ڕا کەیت و
بچیتە مەنفاکەی خۆتەوە!
ئەمە کۆچی ڕەشی یارە و ئەمە کۆچی
پووشوپەڵاشی مێژووە و
ئەمە کۆچی کاروانسەرای یادگارە و
کۆچی کۆچە و
هاوینە و خێڵ بەرەوخوارە!
وا ئیستەیش لە شێوەی سەراب و دووکەڵی پەرتپەرتا
بەرەوخوار، مەراقی پێشەنگت لاواز و قژبژن شپرزە،
تێکەڵە لە ڕەنگی پەڕیوی بەر زەردی مەولانە و
لە مۆردی وەریوی ڕیشەکەی ئەزمڕشوێن و
لە پێڵووڕێزانی سەفەری ئەم وەرزە.
بە تەنیا تۆ ئەڕۆی هەر خۆت و جانتایەک بەرەوخوار.
کەچی تۆ چاوانت پڕن لە: دێهاتی فرمێسک و
لە نالیکەس و لە حاجیکەس و
جانتاکەت پڕە لە: دەربەندی زریکە.
بە تەنیا تۆ ئەڕۆی هەر خۆت و جانتایەک بەرەوخوار.
کەچی تۆ ناو گەرووت پڕە لە بارانی کوژراو و
لە بەردی گریاو و، جانتاکەت پڕ پڕە
لە وردە دڵۆپی خنکاوی باڕێزە.
بە تەنیا تۆ ئەڕۆی هەر خۆت و جانتایەک بەرەوخوار
بەڵام تۆ گیرفانی سەر دڵت کەرکووکشوێنی تێدایە و
باخەڵت پڕە لە دەریاچە و دارگوێز و دارچوالە و
جانتاکەت پڕە لە گردۆڵکە و لە وەرد و
دواشیعری ناو سەریش جمەی دێ:
لە قاسپەی کۆچکردووی دوانامەی نێوانی شار و شاخ.
جمەی دێ لە باڕەی کارژۆلەی ناو زیلی دابڕاو
لە دایکی و، جمەی دێ لە زڕەی بازنی
شکاوی دەستی باخ!
جمەی دێ لە کاڵێ و جمەی دێ لە بڵباس.
جمەی دێ لە ڕیشی مام وەیسی پڕ لە تف
جمەی دێ لە نووزە و کڕووزەی تەشییەکەی خاوەر و
جمەی دێ لە قیژەی گوڵەکەی کاکەلاسکەس.
دواشیعرە و جمەی دێ،
جمەی دێ و جمەی دێ و جمەی دێ:
لە وردەئاوێنەی شکاوی ساماڵم و
لە هاڕەی وردوخاش بوونی ڕەنگ
لە هاڕەی وردوخاش بوونی دەنگ:
جمەی دێ لە بۆڕەی گابەردی، کوژراو بە تی ئێن تی.
جمەی دێ لە ناڵەی لاپاڵی لاق پەڕیو
جمەی دێ لە زیکەی لاسک و لە جووکەی بنچک و
جمەی دێ و جمەی دێ و جمەی دێ
لە مەرگی ڕەنگاوڕەنگ.
ئیستاکە تۆ بۆیە هێند وردی
ئەشکەنجە بێژنگی زامت بوو.
ئیستاکە تۆ بۆیە هێند تەڕی
گریان خۆی ماڵت بوو.
ئیستاکە تۆ بۆیە ئەوەندە خول ئەخۆی
گێژەن خۆی باڵت بوو.
ئیستاکە تۆ بۆیە ئەوەندە سەرخۆشی
بادە خۆی یارت بوو.
ئیستاکەیش تۆ بۆیە ئەوەندە عاشقی فوراتی
چونکە تۆیش سیروان بووی سەردەمێ و
لە هەمان سەرچاوەی
عەشقەوە ئەهاتی!
ئەم غەمگینە! فوراتە یان چارەنووسی لێڵی دایکم
سەربەرەوخوار ئەبێتەوە؟! یاخود مێژوومە و ڕاو ئەنرێ؟!
ئەم خەمبارە! فوراتە یان شاخە شیعری مەراقێکە و
تواوەتەوە؟! یان لاوکە و شل بۆتەوە؟!
یان باڵاگریانی خوایە و بە ناو گیانی مندا ئەڕوا؟!
ئەم ئاوە ئەرخەوانییە، هیی جەستەی خۆڵەسوورەکەی لای مەرعەشە
ئەو وەختەی باران باوەشی پیا ئەکات و توند ئەیگوشێ؟!
یان سترانی دارگێلاسە ئەو وەختەی ئەبێ
بە عەشقی ئاڵی وەرز و خاک ئەینۆشێ؟
ئەم ڕۆیشتنە بەپەلەیە هیی فوراتە؟! هیی شەپۆلە؟!
یان ئەمە غاردانی ڕەوەجوانووی ژانە و
لۆقەی قوڕولیتەی کۆستە و بازدانی ناسۆری
لمە و سنگ کوتانی هەڵپژانە؟
ئەم سامدارە پێچاوپێچە! ڕووبارە و ناوی فوراتە؟!
یان مارەکەی لە خاچ ئاڵاوی جەستەمە و ڕێی نەهاتە؟!
تۆ فوراتی! تۆ ئاوێزانی مەراقی و
لە نەوەی ڕێگەی نەهاتی!
ئەوەتەی هەی تۆ سۆراخی گەورەی ئاوی
تۆ بەردەوام ئەو پرسیارەی
ئەڕژێیتە گوێی بوونەوە
تۆ خۆت شوێنی و تۆ خۆت کاتی.
تۆ فوراتی، تۆ منی وەختێ ئەهەژێی
لە لێڵبوونتا، تووڕەبوونم، پەستیم،
ڕقم ئەنووسیت و لە ئارامتا: خاوبوونەوەم
ڕوونبوونەوەم ناو لێ ئەنێی!
تۆ منی وەختێ کۆچ ئەکەی.
منیش تۆم وەختێ کۆچ ئەکەم.
کە پێک ئەگەین لە یەکتردا ئەتوێینەوە
هەردووکمان هەر تینوێتین و
یەک یەکتری ئەخۆینەوە!
ئەی دەستی هەمیشە تەڕم، بە هەوری کۆچ
ئەی قژی هەمیشە تەڕم، بە دڵۆپی ئاوارەیی
ئەی وشەی هەمیشە تەڕم، بە شەونمی بێهوودەیی
من لە کەنار نزیکترم بە تۆ، تۆیش لە شیعر نزیکتری بە من.
من لە بەهاری وەریندا هاتووم بۆ لات. من بەنیازم
شەپۆل شەپۆل بتنووسمەوە. من بەنیازم
چەندین عەشقی لەناو قوڕدا خنکاوی تۆ، چەندین
تەرمی پێکەنین و جوانەمەرگی ناو دەنگی تۆ، بدۆزمەوە!
من لە بەهاری وەریندا هاتووم بۆ لات.
من لە کەنار نزیکترم بە تۆ، تۆیش لە شیعر نزیکتری بە من.
ئەی هاوڕێ! ئیستە ماندووم، تازە هاتووم
ئەی هاوڕێ! تۆ فرمێسکێکی درێژ و
شیعر هاژە و
منیش وشە و
لەنێوانی هەردووکتاندا وا بەنیازم تۆزێ بنووم!
ئەخەوی و ئەو خەوە ماندووەت بەستێنە و
وەک شەپۆل ناوبەناو لێی بدات، تەڕ ئەبی.
ئەخەوی و شمشاڵی ئاوی شەو «جیکۆر» و گۆرانیی
دواباران پێکەوە ئەژەنێ.
ئەخەوی و لانکەی ئاو وەک تاسەی هەڵچوون و داچوونی
فورات خۆی، ئەتبات و ئەتهێنێ.
ئەخەوی و لە خەوتا تۆ هێشتا هەر لەولای
هەر «زینوێ» چراتە
تۆ هێشتا هەر لەوێی، پلووسکی بەفراوی کاوانی و
هەتاوی کەنەفت دێ و دەم ئەنێ بە چۆڕەی ملتەوە و
ئازادیی باڵاتە.
لە خەوتا تۆ هێشتا هەر لەناو بریسکەی بەفردای
بە زیوی مانگەشەو ئەنووسیی و
باوشت پڕ ئەکەی لە وردەئاوێنەی تریفە و
دواتریش لە بەردەم دۆڵێکی تاریکدا ڕۆی ئەکەی!
هەر لەوێی، ئەو ڕۆژە ئەبینی، ئەو ڕۆژە دێتەوە،
تیا مردیت. ئەو ڕۆژە دێتەوە، ئەو ڕۆژە ئەبینی
گالیسکەی دزانی: سەرومل، دزانی چاو و گوێی
فرۆشگای ناو پێنجوین،
گالیسکەی مەرگی خۆت:
لە داری تابووت و لە تەختەی پرسەت و
لە خاچی جەستەت بوو.
ئەو ڕۆژە ئەبینی، ئەو ڕۆژە دێتەوە، تیا مردیت.
ئەو کاتەی کە مەمکی ئازادی ئەفرۆشرا بە دوو توور
لە خەوتا تۆ هێشتا هەر ماوی و
هەر پڕی لە خۆزگە.
لە خەوتا تۆ هێشتا هەر هیوای
هەر پڕی لە جۆگە.
گەواڵەی ئەم خەوە کابینەی هەورێکە هەر ئەڕوا و
لەناویا تۆ نووستوویت
ئەو کاتەی هەڵئەسی ئەزانی: نەماویت.
ئەزانی تۆ مردوویت!
کاتێکە کە عوجاج ئەبارێ و
کە لقی دارخورما و، کە قوللەی مەخفەرێ و
پۆلیسی بیابان ئەپرسن
لە کوێوە تۆ هاتوویت؟!
فورات نەبێ من لم ئەمخوات.
فورات نەبێ نامۆیی چۆن داڵدەم ئەدات.
فورات نەبێ تەنیایی چۆن ئاوی شیعر و
خەمم ئەدات؟!
فورات نەبێ ئەم مەراقە شۆخوشەنگە
ئەم کچی پاشای فرمێسکە
لە کوێوە حەز لە من ئەکات؟!
فورات نەبوایە چۆن ماسیی ئەهاتنە ناو
سەرچناری مەنفامەوە؟!
فورات نەبوایە دارخورما کوا ئەمناسێ و
قەتێی سەحرا چۆن ئەهاتە مێرگەپانی
نیگامەوە؟!
فورات نەبوایە گۆیژە کوا مەلەوانە و
خاکوخۆڵم لە تەشتێ ئاودا ئەخنکا!
فورات نەبوایە هەموو ڕۆژ چۆن ئەمتوانی
نەورەسی عەشقی کۆچکردووی چاوی وانم ببینم و
ئەویش هەموو ئێوارەیەک لەناو سنگما
شەقژن بکا!
هاوڕێیان!
فورات نەبێ چاوی ئازارم کوێر ئەبێ
کە ئەو چاوەیش نابینا بوو
ئیتر شیعرم چۆن ئەتوانێ لەم دوورەوە
یەکەیەکە گوڵی ژان و ڕەنگی کۆست و
جووڵەی خەمتان بەدیی بکات! هاوڕێیان!
«بەغدادی»ی ئەشکەنجەی قوڕاوییی فوراتە، مەرکانەی
بەختێکی لیخنە و بەغدادی وەرزی ساڵ لەناویا
زەردووییی هەژاریی گرتووە. بەغدادیی ئاوێکی مل کورتە و دەمی ئەو ناگاتە ئەم عەردە ڕەنگ زەردە،
گەر «ناعوور» نەیخاتە سەرشانی، بەغدادیی
کوختێکی سەرەڕێی نێوانی سەرەتا و کۆتاییی کۆچێکە.
بێژنگی سەفەرە و دڵۆپی هاتوچۆی مانەوەی
قەت پێوە بەنگ نابێ. ئەو وەختەی تەماشا
ئەیگاتێ، ئەو وەختەیش جێی دێڵێ. بەغدادیی
شاعیری ماسییە و نووسەری دارخورما و بەلەمی
تەنیایی و نانێکی برسییە: بەغدادی.
من لێرە لە ڕستەی قرتاو و
لە مەلی یەک باڵ و
لە ئەڵقەی عاسیبووی ناو پەنجە و
لە شەوی بەختێکی وێڵ ئەچم.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ ئیستاکە لمی کەناری قەسیدەیت.
ئاوی شلوێی ناو خەویت و
سەحرای یاد و
تەپوتۆزی شپرزەیی و
هەڵچوون و داچوونی چۆمی
ناو گومانی
تۆ ئیستاکە سەراب ئەکەیتە بەر خۆت و
نائومێدیی ئاودامانی!
ئا ئیستە زەمانی ترسێکی قۆچدارە، زەمانێ
شمشێر و سێدارەی تیا ئەڕوێ، زەمانی ترسێکی
خمخۆرک و مردنی چڕوپڕ. بەم بێشەی چیمەنتۆ و
ئاسنەدا هیچ تیشکێ ناتوانێ، ئەستووریی
زەبروزەنگ ببڕێت و بێتە ژوور. زەمانی نەهەنگە و
قوتدانی شاخوداخ، قووتدانی شار و دێ، زەمانی
هاتنەوەی «دەیناسۆر». تۆ ئیستە ناوبەناو،
ئازارت وەک جانتا هەڵئەگری و ئەڕۆیت و سەر
ئەدەیت لە دیجلە. ئەچیتە پایتەختی
ترسەوە. هەنووکە، دیجلە وەک پشیلەی دەستەمۆ
ماڵییە و لاملی هەڵئەسوێ لە ملی دەیناسۆر،
بێ فزە، کڕە چون شەقامی بەزیو و، بێدەنگە
بێدەنگە وەک تەرمی زۆر حیزب، ئەچیتە
پایتەختی ترسەوە: ئەبینی: ئەم شارە گەورەیە،
کۆیلەی خەساوە و، ئەسپێکی مل پەڕیو.
ناوبەناو ئەچیتە مەیخانەی ناوسەری بەغداوە
هاودەمی مەرگی خۆت ئەبینی. هاودەمی ئەم کۆچەت
ئەبینی. هاوڕێی برین و قەسیدەت ئەبینی و
پێکەوە: سەرخۆشی وەک شووشەی بەتاڵ و
ڕۆژنامەی دڕاوی سەر دیجلە ئەتانبا. ئەتانبا
بۆ دوورگەی بێهوودەی دابڕاو لە دنیا، دابڕاو لە
زەمان، دابڕاو لە جێگا، دابڕاو لە مانا، پێکەوە
ئەچنە ناو جیهانێ: کە نەوەی کەس نییە و
بێ نەژاد. بێ ڕەنگە و بێ ڕەگە و بێ سەرە و،
پاشاکەی «سیزیف»ە و بەردەکەی پەیامە و
بۆشاییی ئاواتە و سەرەنجام هیچە و هیچ!
سەرخۆشیی ئەتانبا و ئەتانبا بۆ دوورگەی
بێهوودەی دابڕاو لە دنیا. تف ئەکەن لە بوون و
لە زەوی و لە ئاسمان، تف ئەکەن لە مێژوو، لە
خۆتان، تف ئەکەن لە شیعری عاقڵ و بە پێوە
ئەچنە سەر سنووری قافییە و میز ئەکەن بە شەوی
خەیاڵی ڕۆمانسی و بە شەپقەی ئاغری پەخشان و
بووز ئەکەن بە وشەی ئارام و مەنگەوە و
یاخیبوون ئەکەنە ناونیشان!
تۆ ئیستە لە وەرزی سێدارەی وڵاتدای،
هەموو ڕۆژ ملێک و دوو مل و سێ ملت، پرشنگن
ئەوەرێن. هەموو ڕۆژ سەرێک و دوو سەر و
سێ سەرت ئەستێرەن ئەکشێن. تۆ ئیستە
لە وەرزی سێدارەی وڵاتدای. ئەم وەرزە
بەپیتەی مەرگی تۆ، هەزاران گەردنی
گەشاوەی گرتووە. ئەم هێشووی سەرانە
وەک بۆڵی گەییوی دارمێوێ توورەکەی
ڕەش ڕەشیان لە سەریان بەستووە. پەلوپۆی سێدارە بڵاوە. پەتی دەس سێدارە،
درێژە و ئەگاتە گشت ماڵێ، گشت کونجێ.
ئاهەنگی سێدارە لە موسڵشوێن و لە بەغداشوێن تایبەتە
بەوانەی کە زاوای ئازادیین، ئەو وەختە
ژن دێنن، ئەو وەختە شوو ئەکەن کە ئەبنە
قوربانی. ئاهەنگی سێدارە، بەردەوام مل ئەکا
بە شمشاڵ. بەردەوام کەڕەنا بە سەری
بڕڕاوت ئەژەنێ و فووی کۆچی کۆتایی پیا ئەکا.
تۆ ئیستا لە وەرزی سێدارەی وڵاتدای، ئەم
وەرزە بەپیتە بەرهەمی گوڵ هێرۆی گەردنت
ئەژمێرێ و ئەیانکا بە پەتی یادەوە. تۆ ئیستە
لە خشتی گەردنت دیوارێ هەستاوە، ئەوەندەی
دیواری دەرەوەی کۆشکەکەی کۆتایی بڵندە. تۆ
ئیستە لە وەرزی سێدارەی وڵاتدای. تۆ
بەژنی ناو هەوای بە پێوە لەسەر «با»
وەستاوی. تۆ ئیستا نیشانەی سەرومل سوڕمانی
ئاسمانی. نیشانەی فرمێسکی، نیشانەی پرسیاری لە چاوی
یەزداندا و تۆ ئیستا ڕۆژانە گۆرانی و سروودی
خنکاوی. تۆ ئیستە ئەشکەنجەت لە عیسا
قووڵترە. تۆ ئیستا خاچێکی کە ئەفڕی
بۆ ئاسمان بە باڵی سووتاو و بە لاقی قرتاو و
بە پەتی ملەوە ئەچیتە بەردەم خوا!
لێرەوە تۆ قاقای قەنارە ئەبیسی ئەو وەختەی
کە «سیانیان» یەکەم جار مردنیان بەرەوخوار
هەڵبڕی. لێرەوە تۆ قاقای قەنارە ئەبیسی
ئەو دەمەی یەکەم جار لە بەردەم سێ کێوی
مرۆڤدا ترس و لەرز هەڵلەرزی. لێرەوە تۆ
قاقای قەنارە ئەبیسی ئەو دەمەی یەکەم
جار ئەڵقەی پەت: گاڵتەی کرد بە مەرگ و
بە جەللاد پێکەنی. لێرەوە تۆ قاقای قەنارە
ئەبیسی ئەو کاتەیش تۆ بە تیشک
بە خامەی شەفەق و بە چوکڵەی ئەستێرە و
بە پەنجەی ڕێژنە بەربەیان ئەنووسیی.
لێرەوە تۆ شیعری زانەوەی بەردی نوێ و
زانەوەی قەندیل و شاخوداخ ئەبیسی.
لێرەوە گوێت لێیە: سەرلەنوێ کە نالیی
هۆرەی دێ و لێرەوە گوێت لێیە: چی
ئەڵێ: مزگێنیی کاوانی مەولەوی.
ئەمە هەستانەوەی بەردی گۆڕە،
یان باڵگرتنەوەی خۆڵەمێش؟!
ئەمە لە دایکبوونەوەی نوێی سیروانە،
یان سەرلەنوێ شینبوونەوەی
مێرگەکانی دەست و پەنجە؟!
ئەمە گەڕانەوەی مەحاڵی دووکەڵە
ببێتەوە بە مەزرا و باخ،
یان هەر وزەی خوا خۆیەتی و
ئەم جارەیان دابەزیوە و بووە بە شاخ؟!
ئەمە خەونی بزڕکاوی خاچەکەمە
وڕێنەیەکی شیعرە ئەو وەختەی
کە لەرزوتای ترس ئەیگرێ،
یان زرنگدانەوەی گوێچکەی
ژوورەکەمە، ئەو کاتانەی نائومێدیی
زرنگەی دێ و ئەبێ بە هەزار وردەئاخ؟!
ئەمە هەڵسانەوە و یەکگرتنەوەی
پارچەپارچەی جەستەی ئەسپە کوژراوەکەی منە،
یان هاتنەوەی سەری خۆمە بۆ لای لەشم و
جارێکی تر ڕاستبوونەوەی
پشتی قەمووری مێژوومە؟!
خەو نییە، وا ئیستە ئەبینی: چۆن پۆلێ فەرهادی
کێویی نوێ. لە عەشقی شینباوی شیریندا ئەفڕن و
بە دەنووک لە بێستوون سەختتر کون ئەکەن.
خەو نییە، وا ئیستە ئەبینی: کە بەفر ئاگر و،
گۆرانیی برین و، ئازادیی قوربانی لە باوەش گرتووە.
خەو نییە، وا ئیستە ئەبینی: دارخورما لە سەری
نەهەنگدا ڕوواوە و جۆگەیەک لە ئاوی سەرچاوەی
گیراوم بەربووە.
بەژنی خوێن بەرزترە یان بەژنی شیعر؟!
دەنگی خوێن گەرمترە یان دەنگی شیعر؟!
کێ گەورەیە؟! ئەوەی مەرگی خۆی ئەخاتە
جامانەوە و گرێی ئەدا و ئەیداتە دەست
گوڵ و بەفر؟! یاخود ئەوەی شیعر ئەنووسێ و
وەکوو دیاریی چەپک چەپک ئەیداتە دەست
گوڵ و بەفر؟!
گەر ناوێری جەستەت بکەی بە ئاسکێ و
سەریبڕی بۆ قوربانی، خۆ ئەتوانی
شیعرت بکەی بە قوربانی!
گەر ناتوانی خوێنت بدەی بە عەشقێکی
تینووی ئەمڕۆ، خۆ ئەتوانی
هۆنراوەت بکەی بە کانی.
گەر ناوێری سەرکەویتە سەر سێدارە و
یەخەی مردن ڕاوەشێنی، خۆ ئەتوانی
شیعرت بکەی بە پێپلیکە بۆ بەیانی.
گەر ئەترسیی تۆ بڕۆیت و بەفر و کڕێوەی سەر قەندیل
ڕۆژێ ڕەقت بکاتەوە، خۆ ئەتوانی
هەر لێرەوە شیعرت بکەی بە چیا و شاخی گۆرانی.
لەم وەرزەدا تۆ چی ئەکەی؟!
کە شەڕ شەڕی دەستەویەخەی، عەشق و تەورە.
کە شەڕ شەڕی دەستەویەخەی، خاچەکەت و یەهودایە.
کە شەڕ شەڕی دەستەویەخەی، شمشێر و بەردی چیایە.
من وەکوو گوڵێکی کێویلە ئەچمە پاڵ ڕەوەز و
شیعری خۆم ئەنێرمە ئەو کەژە و
لایەنی بەرد ئەگرم!
من وەکوو ڕێحانە ئەچمە لای ئەو وەردە و
شیعری خۆم ئەنێرمە ئەو دەشتە و
لایەنی ئاو ئەگرم!
من وەکوو باڵندە ئەچمە لای ئەو کەلە و
شیعری خۆم ئەنێرمە ئاسمان و
لایەنی ئاسۆگە و
فڕینی بەرز ئەگرم.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ ئیستاکە بە نەهێنی زەردەخەنەی
گوڵەکانی ناو ئەشکەوتی و
بە نەهێنی ماچ ئەنێری بۆ قەندیل و
بە نەهێنی نامەی دەربەند وەرئەگریت و
بە نەهێنی چرپەی داری و
بە نەهێنی ئەباریت و
بە نەهێنی گڤەت دێت و
تۆ ئیستاکە لە سەرەوە: دەفتەرە دەشتی خامۆشی و
قەڵەمێکی سەرکزیت و
لە ژێرەوەیش کارێزیت و جۆگەی شیعری و
هاژەی نامە و نەهێنیی خوڕەی سێڵاوی!
لە شاری ترس و بیمەوە، لەناو خودەی ئاسنین و
بە ناو گەمارۆی دڕکەزی و لەناو چاوی شمشێرەوە
بە مابێنی دەمە تێغی ڕیزکراو و، بە مابێنی پاردەکانی
سێدارەدا، لە بێشەڵانی نێزەوە، بەناو دارستانی
گڕدا، خۆشەویستیی وشەی شەیدا، خۆشەویستیی
شیعر و چیرۆک، ئەبن بە بای وەشت و باڵدار
ئەبن بە نامەی شەقام و لە بوولێڵدا ئەبن بە
قومقمۆکەی لە خاک چوو، لە وێڵەدەر و گۆیژەوە
ئەپەڕنەوە و ئەگەنە ناو خێڵی دڵدار.
لەم وەرزە سوورەدا
کە شیعر تێکەڵی گڵ ئەبێ هێند نابا ڕووەکێ ئەڕسکێ
ئاڵ ئاڵە، نە دەنکە هەنارە و، نە گوڵی ژاڵەیە و
نە گێلاس
ئەم بنجە تازەیە ئەو وەختەی بەر ئەگرێ
بەرەکەی تێکەڵە لە چێژی ئازار و
لە چێژی ئەوین و
بە شێوەیش هەر لە دڵ خۆی ئەچێ!
لەم وەرزە سوورەدا
کە چیرۆک تێکەڵی خاک ئەبێ هێند نابا ڕووەکێ ئەڕسکێ
شین شینە. نە گوڵە وەنەوشە و
نە گوڵە مێلاقەی شینباوە و
ئەم بنجە تازەیە، چێژەکەی تێکەڵە
لە چێژی مەراق و
لە چێژی فرمێسک و
بە شێوەیش هەر لە چاو خۆی ئەچێ!.
لەم وەرزە سوورەدا
کە سروود تێکەڵی بەرد ئەبێ، هێند نابا ڕووەکێ ئەڕسکێ
مۆر مۆرە
نە گەڵای ڕێحانە و نە مۆردە و
نە گوڵەهێرۆیە و بەرەکەی تێکەڵە
لە چێژی زیندان و
لە چێژی هاوار و
بە شێوەیش هەر لە –دەم- خۆی ئەچێ!.
تۆ شیعرت نەکرد بە تەیری
ناو قەفەزی زمانێکی کڵۆم کراو لەسەر ئاسمان
تۆ باڵی فڕینت نەبڕی
تۆ دەنووکت نەقرتان و
تۆ مردارت نەکردەوە، وەکوو کردیان.
تۆ شیعر ناکەی
بە هێلکەی پیسی زمان.
تۆ شیعر ناکەی بە لاکی مانای تۆپیو
بۆنی بۆگەنکردووی ڕستە بەرنادەیتە
ناو ڕۆژنامە و ناو گۆڤار و لووتی هۆڵ و
لووتی دیوان!
تۆ شیعرت بووە بە تەتەر، وڵاتی ئەوین تەیی ئەکا
بەیانییان زوو دیاریی کازیوە وەرئەگرێ و
ئێوارانیش پۆستی خۆرنشین لۆک ئەکات.
تۆ شیعرت بووە بە تەتەر وڵاتی ئەوین ئەگەڕێ
لە کوێستانێ هەور ئەخاتە ناو زەرفی ساماڵەوە و
بۆ دەشتێکی گەرمەسێری دووری ئەبات.
نامەی ئەم لووتکە ئەداتە دەس ئەو لووتکە و
هەموو ڕۆژێ بارانەماچ دابەش ئەکات.
تۆ شیعرت چۆتە ناو دڵی ئەم خاکەوە
بۆیە وەختێ گەنم ئەڕوێ و باڵا ئەکا
لە گوڵێکدا دەنکێ وشەی تۆی هەر تیایە.
تۆ شیعرت چۆتە ناو خوێنی ئەم خاکەوە
بۆیە ئەو وەختەی کارێزێ ئەتەقێت و
ئاو سەرئەکا
لە جامێکدا قومێ شیعری تۆی هەر تیایە
بۆ ئەم وەرزە. شیعرت کردووە بە هەگبەی کۆڵەپشت و
بە وردەنان. شیعرت کردووە بە ئاوی ناو مەتارە و،
بە دەنکە نوقڵی ناو گیرفان. بۆ ئەم وەرزە شیعرت
کردووە بە گونییەی پەردەی دەرگا و بە لەتەئاوێنەی
ڕیشتاشین و بە قەڵەمبڕ و بە پیل و بە لایتی
دەستی شەوان. بۆ ئەم وەرزە شیعرت کردووە بە
کڵاو، بە کلێتەی گولونکەدار. بە گۆرەوی، پووزەوانە و
بە قەمسەڵە و بە بەفرماڵ و بە کەپری هاوینان و
بە ڕادیۆیەکی بچووکی ئاریەل شکاو. بۆ ئەم وەرزە
شیعرت کردووە بە زۆپای سوورەوەبووی زستانانی
مزگەوتی دێ و شیعرت کردووە بە هەڵمی جلی تەڕی
بەر نێڵەنێڵی ئاگر و شیعرت کردووە بە ئاگردان.
بۆ ئەم وەرزە تۆ شیعری خوێناویت هەیە. وەکوو
گژوگیای خوێناویی ناو تابووت و وەکوو بەتانی و
جامانە و وێنەی ژن و منداڵی خوێناویی بەرباخەڵ و
وەکوو کۆنکریتی خوێناویی ژووری زیندان.
بۆ ئەم وەرزە وشەت سادەیە وەکوو گیا
وشەت ساکارە وەکوو نان.
وشەت بێ فیزە وەکوو خۆڵ.
وشەت خوێنگەرمە وەک ترێ ڕەشکە و
ئێسکسووکە وەک دارچوالە و
دەنکەهەنار.
وشەت هونەرمەندیشە بەوێنەی
ئەندازیاری خانۆکانی جاڵجاڵۆکە و
جێی سەرسوڕمانە و تێڕامان:
وەک پوولەکەی پشتی ماسی و
وەک هەڵگەڕانی لاولاو و
کاژی مار و
بەردی یەک لەسەر یەکی ڕەوەز و
تابلۆکانی خۆرنشین و
قۆزاخەی کرمی ئاوریشم و بەفری نووستووی
بەر مانگەشەوی حەپەساو!
ئەی خاچی شپرزەی خاکنشین!
وەختێتی کە مانگی گێنگڵت ئەم کاژی شەقامی ترسانە
فڕێ دات، وەختێتی ئەم ماری مەراقە کاژێکی تازەتر،
تازەتر وەک چۆغەی خوێنی بەر تاشەبەرد بپۆشێ و
لەبەر کات. وەختێتی تۆ ئیتر شوێن جێ پێی خەونی
خۆت، شوێن جێ پێی شیعری خۆت بکەویت. تۆ
شیعر سێبەری گەرووتە و دولبەرتە و هاوسەرتە. لە کوێ
بێ، تۆیش ئەبێ لەوێ بی. وەختێتی بچیتە لای کەژێ
کە داری شیعری تۆی دەمێکە کردووە بە شمشاڵ،
وەختێتی بچیتە قەدپاڵێ کە بەڕووی شیعری تۆی دەمێکە
کردووە بە سەنگەر. وەختێتی بچیتە لای دەشتێ،
کە پەڕەی مێرگی خۆی بۆ دەنگت دەمێکە کردووە بە
دەفتەر. وەختێتی و وەختێتی، کە ئیتر تۆ خۆیشت
زامێک بی لەنێوان زامانی کێواندا. وەختێتی و وەختێتی
تۆیش ئیتر ڕەنگێ بی لەنێوان ڕەنگاڵەی ستراندا.
ئەم هەموو شاخانە چی ئەکەن لەم ناوە؟!
هەزاران ساڵە تەماشای خوا ئەکەن و وەڕس نابن!
ئەم هەموو دارانە چی ئەکەن لەم ناوە؟!
هەزاران ساڵە تەماشای شاخ ئەکەن و
بە پێوەن و وەڕس نابن!
ئەم هەموو ڕووبار و چەمانە چی ئەکەن لەم ناوە؟!
هەزاران ساڵە تەماشای بەردەمی خۆیان ئەکەن و
ڕێ ئەکەن و کۆچەرن و وەڕس نابن!
یەکەم ڕۆژ بوو، پەلکەگیایەک هاتە لات و
سەربوردی خۆی گێڕایەوە و گێڕایەوە و
هەتا تۆی کرد بە شەونمێ لە چاوانیا.
یەکەم ڕۆژ بوو، جۆگەیەکی ناو دارستان هاتە لات و
سەربوردی خۆی گێڕایەوە و گێڕایەوە و هەتا تۆی کرد
بە گریانێ لە گەروویدا.
یەکەم ڕۆژ بوو، باڵندەیەک –چاوێکی کوێر-
هاتە لات و سەربوردی خۆی گێڕایەوە و گێڕایەوە
هەتا تۆی کرد بە هێلانە لە دەروونیا.
هەر یەکەم ڕۆژ کیژۆڵەیەکی یەک قاچی ئەو گوندانەیش
هاتە لات و سەربوردی خۆی گێڕایەوە و گێڕایەوە
هەتا تۆی کرد بە پاوانە
لەو پێیەدا!
تۆ ئیستە لە بەردەم دەربەندی -بەرگەڵو-ی بەسامدای.
هەر ئەڵێی نیشانەی پرسیاری و بەرانبەر بێباکیی گەردوونێ
وەستاوی، ئەپرسیی و چارەنووس لە دوورڕا وەک
تەمی بناری ژیلوان و وەک چاوی خۆڵەمێش ئەبینی.
ئەپرسیی بەرەو کوێ؟! ئەی خاچی بەژنی کورد! ئەی تەنیای
زەمانە! بەرەو کوێ؟ ئەی عیسای لەتوپەت، بەرەو کوێ؟!
ئەی خەونی زڕاوی ناو سەری ئەم عەردە کڵۆڵە و تاقانەی
ناکامی ئەم هەموو سەرچاوەی خوێنانە؟! تۆ ئیستە لە بەردەم
دەربەندی بەرگەڵوی پرسیاردا وەستاوی و گەردنت
مۆمی خوا و بەژنیشت داستانی دابانە!
هەر لێرە هەندێ جار ئێواران کە پەستی
وەک گەرووی دەربەندی تەنگەبەر، ئەبێتە سێبەری
نشێوی تەنیایی و لەنێوان دوو شاخدا خەیاڵت
ئەگوشێ. هەست ئەکەیت تۆ خڵتەی ژینێکی
بێهودەی لە بنی دۆڵێکدا و، وەک خوێنی ڕژاوی
ناو زستان دەم و دەست ئەمەیی، هەست ئەکەیت
تەنیاییت تەنیاییی مێژووتە. تەنیاییی باوکتە و تەنیاییی
دایکتە و تەنیاییی چیاتە. تەنیاییی خاچەکەی سەر
پشتتە و لەگەڵتا پشتاوپشت هاتووە. ئەوەتا وا
ئیستەیش لێرەدا، تۆ و باوکت ئەبنەوە بە یەک و پێکەوە
تێکەڵی سەرابێ ئەبنەوە و بە شوێن پێی هەر هەمان
دیرۆکدا ئەچنەوە. ئەپرسیی شیعری چی؟! بێزاری و ئەپرسیی
شیعری چی؟! تۆ شێتی؟! لە دنیای خومپارە و
تی ئێن تی و سۆخۆدا گوڵی چی شیعری چی و دڵی چی؟!
بێزاری لەم مێژووە خەڕەکە. لەم ئاوە وەستاوە.
لەم سەرە سواوە!
بێزاریت، لە ئاوی وەستاوی بەردەمتا، لە ئاوی
ئاوێنەی بەردەمتا تەماشای خۆت ئەکەیت
هەمان سات ئەبینی: تۆ خۆتی و خۆیشت نیت!
تەماشای خۆت ئەکەیت. ئەچیتە ناو چاوی
خۆتەوە، سەیر ئەکەی هەمان سات: ڕیشت دێ و
ڕیشت دێ و پیر ئەبی، ڕیش ئەبێ بە پەموو،
هەتاکوو ئەبی بە شێخ سەعی. شێخ سەعی لا ئەچێ و
هەر خۆتی، ئەم جارە سیمای تۆ خڕترە و، ئەم جارە
تۆ ئەبی بە نەهری. ئەگۆڕدرێی هەر خۆتی
ناگۆڕدرێی هەر خۆتی.
ئەم جارە سمێڵت قەترانی و
ئەستوورتر. لە پەنا بەردێکدا و لە خوێندا پاڵکەوتووی،
ئەم جارە ئەبی بە شێخ مەحموود، ساتێکە و شێخ مەحموودیش
لا ئەچێ، ئەم جارە تۆ ئەبی بە سمکۆ، ئەگۆڕدرێی
هەمان سات ئەم جارە لاوازی و ئاودامان جبەیەک
لەبەردا و تۆ ئەبی بە قازی.
بەم جۆرە سیمای تۆ هیی خۆتە و هیی هەموو.
بەم جۆرە لە ئاوی وەستاوی بەردەمتا، دەرسیمی و
وانیتی و پێنجوینی و سورداشی و سابڵاخی و ورمێیت و
دواجاریش تەماشای خۆت ئەکەیت بەرگەڵووی!
بۆ سبەی نە و، شیعر دەستێکی دیکەیە بۆ سەنگەر
وا ئەڵێی نە و، وشەیش گوللەیە
نە و، ڕستەیش کێڵگەیە بۆ چاو و
نە و، هونەر هاواری جوانییە و
ئەسپێکی دیکەیە بۆ غارگە و
خەونێکە هەر دواڕۆژ ئەیبینێ و
هەر دیدەی پێغەمبەر، وا ئەڵێی.
ئیتر تۆ کەشکۆڵی پڕ لە خەو، پڕ لە باخ
پڕ لە تەم، پڕ لە شەو، پڕ لە ڕۆژ هەڵئەگری و
تۆ چەرچی ناسۆری و تۆ چەرچی وشەیت و
گوند بە گوند ئەگەڕێی.
سەر ئەکەی بە ماڵی گەنم و جۆی برسیدا.
سەر ئەکەی بە ماڵی کارێزی تینوودا.
ئەبیتە میوانی کاولاش و
ئەبیتە میوانی خۆڵەمێش.
تۆ ئەمشەو بە تەمای ببارێی.
تۆ ئەمشەو ئەتەوێ بسووتێی.
تۆ ئەمشەو شیعر ئەکەی بە فانۆس،
تۆ ئەمشەو شیعر ئەکەی بە باز و
بە سوورەچنار و
بە شارا و
بە کچە کافرۆش!
گوێگرت تێکەڵە لە داری چەند جارێک قاچ شکاو
لە گردی چەند جارێک سەر شکاو
گوێگرت تێکەڵە لە ئێش و ئازاری قوڕاویی
لە پیرە دارگوێزی دان کەل و
لە ڕەنجی سەروقژ خۆڵاویی.
گوێگرت تێکەڵە، لە کۆنە تفەنگ و لە ئەسپی پەککەوتە و
گوێگرت تێکەڵە، لە سووتووی زەمانە و
لە جوانووی تا ئیستە زین نەکراو!
«بەشێک لە سوورەتی ئەوینی کتێبی شاخ»
تۆ بڵێ شاخ، شاخی تەنیا، شاخ ئەو دەمەی
کە بەردی خۆی ئەکرۆژێت و فرمێسکی خۆی ئەخواتەوە و،
زامانی خۆی ڕائەخات و نامۆییش ئەدا بە خۆیدا
تۆ بڵێ شاخ، شاخی تەنیا، شاخ ئەو دەمەی
لەتاو ئازار ئەجووڵێت و ژان ئەیگرێ و ئەورووژێت و
بە خوێنی خۆی ئەنووسێت و عەشقیش گڕی تێبەرئەدات
تۆ بڵێ شاخ، «شاخی تەنیا»، شاخ ئەو دەمەی:
ئەبێ بە دایک، ئەبێ بە باوک، ئەبێ بە یار، ئەبێ بە
ئەشکەوتی هاوار. تۆ بڵێ شاخ، شاخی مێژوو،
قیژەی سووتوو، ئاوی تینوو، تۆ بڵێ شاخ،
ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە بە شاخ!
من بە زمانی داربەڕووی ئێوە ئەدوێم، زمانی ئاخ،
زمانی داخ، یەکەم سوورەت لە باراننامەی ئێمەدا
لە ژنەوە دەست پێ ئەکات، ئەمە سوورەتی ئەوینە
لە مەملەکەتی شیعردا ژن پاشایە و پیاو گەدایە،
لە مەملەکەتی عاشقدا، ژن سەرچاوەی خەونەکانە،
ژن پەیامی بەردەکانە و ژن ڕێگایە.
لەناو جیهانی ئێمەدا ئەم سوورەتە: ڕەنگە و دەنگە و
سۆزە و زەنگە بۆ میراتی بەردی شاخیش بۆ
میراتی چرای خەونیش، بۆ میراتی هەتاو و ئاو،
ژن نیوەیە و پیا و سێیەکە!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ نەفرەتی ناو مەملەکەتی گوناهی و
تۆ باراننامەی عەشقێکی قەدەغەیت و
تۆ سوورەتێکی ئەوینی ڕافزیت و
لەم بەهەشت و لەو بەهەشتیش
دەرکراوی!
تۆ ئیستە لە زاری دەربەندا مەراقی ئاڵ ئاڵی و
هەڵئەقووڵێی. تۆ ئیستە لە زاری دەربەندا،
دوو چاوی ڕواوی سۆراخی و ڕۆژانە تابووتی
گوڵاڵە، تابووتی شەهیدان ئەنێژی!
تابووتی گوڵاڵە ئەمەندە زۆر بووە نە دەربەند
ئەیگرێ و نە پێدەشت. باڵندەی شەهیدان ئەمەندە
زۆر بووە، نە ئاسمان ئەیگرێ و نە بەهەشت.
لە شانی دەربەندا، ژوورەکەت هێلانەی هەڵبەستە.
هەر ڕۆژە هەڵۆیەک بە پەڕی خۆڵاوی و بە باڵی
خوێناوی و بە کۆڵەپشتەوە دێت بۆ لات.
ئەم بازی شاخانە هەڵبەستیان خۆش ئەوێ
ئەوەندەی کە نان و کە گوڵ و کە نوقڵیان
خۆش ئەوێ. دێن بۆ لات، هەندێکیان کە
ئەڕۆن شیعرەکان لە باڵیان ئەپێچن بۆ ئەوەی
بیانبەن بۆ لووتکە. هەندێکیان ئەیانکەن
بە لەتەئاوێنە و ئەیخەنە هەگبەوە. هەندێکیان
ئەیانکەن بە پیلی لایت و، هەیشانە ئەیانکەن
بە کاسکێت. دێن بۆ لات، لەم بازە سوورانەت
زۆر بینی. گەلێکیان هەر جارێک ئەتبینین،
ئەو جارەیش دواجار بوو. بازێکی گەرمەسێر ئەهات و
لەگەڵ خۆی ماچێکی کەرکووکی ئەهێنا. ماچەکەت
وەرئەگرت. ماچەکەت ماچ ئەکرد. ماچەکەت
ئەکرد بە کارێزێ بۆ ماسیی شیعرت و، ئەو
ئەڕۆی، هەڵئەفڕی و بۆ سبەی تۆ ئەتبیست
لە باوەش قەندیلا پێکراوە. بازێکی ڕۆژاوا
ئەهات و لەگەڵ خۆی شەمامەی پێنجوێنی
ئەهێنا و شەمامەت وەرئەگرت. شەمامەت
ماچ ئەکرد. شەمامەت ئەکرد بە گومەزی
ئیلهامێ بۆ شیعر و ئەو ئەڕۆی هەڵئەفڕی و
بۆ سبەی تۆ ئەتبیست لە ئاسۆی «پردێ»دا نێژراوە.
هەرمێکەی دڵی تۆ ئەمانە فڕاندیان بە دەنووک
هەڵیانگرت بردیان بۆ گەرمیان.
گێلاسی چاوی تۆ ئەمانە فڕاندیان بە دەنووک
هەڵیانگرت بردیان بۆ ڕۆژاواو ڕۆژهەڵات.
لاسکی پەنجەی تۆ ئەمانە فڕاندیان بە دەنووک
هەڵیانگرت بردیان بۆ:
باکوور و باشوور و
ناو شار و شارۆچکە و
دێ بە دێی ناو وڵات!
هەر بۆیەش تۆ ئیستە:
نە چاوت هی خۆتە و نە دەنگت و
نە دڵت و نە پەنجەت
تۆ تازە ڕووباری شیعرێکی
شەهیدان بوونەتە سەرچاوەت.
ژوورەکەت فڕۆکەی بەردینی خەیاڵتە و فڕگەی ئەو
پانتاییی سەر لووتکەی کێوانتە.
ژوورەکەت بەلەمی بەردینی خەیاڵتە و ئاوی ئەو
مەراقی لیخنی شەوانتە.
هەموو جار ژوورەکەت کە ئەفڕێ لەگەڵ خۆی
درەختی غەمگینی منداڵی و دایکت و
حەوزەکەی مزگەوتی حاجی حان هەڵئەگرێ.
هەموو جار ژوورەکەت کە سەوڵ لێ ئەدا و
کەناری بەرگەڵو جێدێڵێ
خەرمانێک لە قژی دڵداری و خەرمانێک
لە وشە و گۆرانیی هەڵئەگرێ.
ڕابوردوو بۆ ماسیی تەنیاییی ژوورەکەت
گۆمێکە ئەو ئاوەی لێ ببڕێ
زوو ئەمرێ!
تۆ دیسان ئەچیتە خەوەوە و ناو خەویش هەر بێشەی
پرسیارە. تۆ دیسان ئەچیتە خەوەوە و ناو خەویش
وڵاتی ئازارە.
تۆ بۆیە وەک دەربەند باسەڕە ماتیت و
وەک پێچی ناو گەلیی ئاڵۆزی،
چونکە تۆ دەروونت خوماوی کراسە ڕەشەکەی
دایکتی هەڵمژی و
گیانیشت بوولێڵی تەنیایی و بێکەسی!
تۆ بۆیە عەشقێکی وەکوو داس کۆماوەی
تۆ بۆیە ڕەنگێکی وەک زەردە پەڕیوی
چونکە تۆ کڕنوشت بەردەوام بۆ خاکە و
چونکە تۆ ئێوارەی هەژاران ئەپۆشیی.
بەردەوام تۆ ژانی لوولخواردووی ئەو بەردەی
لە دەمی برینیا گوڵ شیعری سوور ئەڕوێ.
بەردەوام تۆ ژانی نەسرەوتی ئەو وەرزەی
کە دوانەی ئاگر و کڕێوەی ناوەختی لێ ئەبێ!
ئەگەڕێی، یاڵەویاڵ ئەگەڕێی
تۆ مێژووی بزری و بۆ بزر ئەگەڕێی.
تانوپۆت لە داوی گومانە و
بۆ گومان ئەگەڕێی.
گوێ ئەنێی بە دڵی گڵەوە هاوار و پرسیاری
ڕەگی قووڵ ئەبیسیی.
گوێ ئەنێی بە دڵی ئاوەوە هاوار و پرسیاری
سەرچاوەت ئەبیسیی
گوێ ئەنێی بە دڵی دارەوە هاوار و پرسیاری
لقوپۆپ ئەبیسیی!
ئەگەیتە هەر ڕێیەک
ڕێبوارە سۆراخێ دێ بە پیر ژانتەوە.
ئەگەیتە هەر گردێک
تینوێتیی پرسیارێ ئەبێتە هاوڕێت.
ئەگەیتە هەر دەشتێک
گرێیەک لە گومان
زیاد ئەکات بۆ گرێت.
وەڕسیت، لە کەلی خەیاڵی تەنگەبەر، وەڕسیت.
تۆ ئیستە باڵندەی نامۆیی ناو خۆتی
بە چەشنی نامۆییی بنارێ بە لووتکەی.
تۆ ئیستە باڵندەی گومانی
بە وێنەی گومانی سەرەتا بەرانبەر کۆتایی.
تۆ ئیستە باڵندەی پرسیاری و، بێسنوور
هەر وەکوو پرسیاری ئەم ئەرزە لە گەردوون
ئەم جارە ئەتەوێ چوون نالی و عەشقەکەی
بە دووریت نزیکتر بیتەوە لە ئەوین!
ئەتەوێ ئەم جارە وەکوو حاجی و فرمێسکی
لە دوورڕا سووتانی غوربەتت
نیشانی خاک بدەیت!
ئەتەوێ نامۆیی چرا بێ و
بۆ دوور دوور هەڵفڕێ.
ئەتەوێ نامۆییت تێکەڵی نامۆییی جیهان کەیت
بۆ ئەوەی بە بەژنی هەڵبەستی گێتیدا هەڵزنی.
ئەتەوێ شیعرێ بی
هەر هەموو ئەشکەنجە و ئەوینی ناو دنیا
وەک خاچی مەسیح و چون سەری گیڤارا و
وەک گوێچکەی بڕڕاوی ڤان کوخ و
چون ڕامبۆی ئاوارە: بتناسێ!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی، ئەو وەختەی مەسیح ئەبێ بە شیعر و
یەزدان دێ ئەیخوێنێتەوە!
تۆ گەواڵە هەوری کۆچی، ئەو وەختەی سەفەر ئەبێ بە ژان و
باران دێ ئەیخوێنێتەوە.
تۆ فڕینی بەرد و داری، ئەو وەختەی کە کۆستت باڵ ئەگرێ و
خاکوخۆڵ ئەکڕوزێتەوە.
تۆ چرایەکی فرمێسکی، ئەو وەختەی سلێمانی جێدێڵی و
ون ئەبیت و هیچ بادێک ناتدۆزێتەوە!
بەم شەوە شام لەبەر باراندا هەر ئەڵێی:
پەیکەری فسفۆڕی عەشتارە و
لە چرای مەمکەوە، بریسکەی تەڕ ئەدا لە چاوم.
هەست ئەکەم کەوێکی ئەزمڕم و
فڕینی وێڵ منی خستۆتە بەردەمی
شەوارەی ئەم شارە.
لە ڕێزەی دڵۆپی زیوینی بەر شەوقی گڵۆپدا
وەک پرژەی خەوێکی منداڵیی لێم بدا،
یان وێنەی ملوانکەی مرواریی فریشتەی
ناو هەور، بە گرمە هەڵوەرێ و
ببارێ وا دیارە!
نامۆیی لە تەیری ون ئەچێ
ئەو وەختەی دوو چاوی سەرسامی
بە دەوری بۆشاییی سۆراخدا ئەگێڕێ.
ئەمشەوم شەڵاڵی «بەرەدا» و
گۆرانیی «مهیار»ە.
ئەمشەوم سەرەتای سەفەری درێژی
تەماویی پرسیارە.
ئەی شیعری سەرگەردان بەرەو کوێ؟!
یادگار لە دواوە هاوارت لێ ئەکا و
هەنووکەت ئەسپێکی سەرکێشە و
ئایندەیش وەک ئەو دیو تەمتومان نادیارە!
وا ئەمشەو شام پەنجەی بارانە و
سەری من: تارەکەی.
وا ئەمشەو شام سەمای سووتانە و
عەشقی من: ئاگرەکەی!
ئەبارێ باران و ئەبارێ غوربەت و ئەبارێ شیعری جوان
لەمەودوا من بۆ شام شمشاڵی بارانم و
گریانی ئەرخەوان!
تۆ ئیستە ئاخێکی سەروقژ بژیت و
شیعرێکی ڕیشهاتووی بێدەنگ و
لە ژوورسەر مەزاری ڕووتەڵەی
مەولانە وەستاوی.
لە چاوتا مێژوویەک قەتیسە، فرمێسکە؟!
یان نمەی ئیشراقە و
پێی ئەڵێن دیمانەی مەولانە؟!
لە قوڕگتا کانییەک قەتیسە، هەنیسکە؟!
یان گمەی کسپەیە و یان سۆزی
وەجدێکی مەولانە؟!
لە ژوورسەر ئەستێرەی گۆڕ غەریب وەستاوی و
ئەبینی: درەختی نوورەکەی خانەقا و
بای وەشتی شارەزوور لێرەیە!
لە ژوورسەر سیروانی گۆڕ غەریب وەستاوی و
ئەبینی: مانگەکەی سەر «بەمۆ» لێرەیە.
وەستاوی، گوێ ئەگری:
لە دەنگی بێدەنگی و
لە ڕەنگی بێڕەنگی و
گوێ ئەگری لە خۆڵی قەسیدە و
لە سووتووی نامۆیی!
وەستاوی و ئەبیسیی،
خۆڵەمێش چی ئەڵێ ئەو کاتەی
کە بیری بڵێسەی جارانی خۆی ئەکات!
داروبار چی ئەڵێن ئەو کاتەی
ڕووبارێ کۆچ ئەکات.
شاخەکان چی ئەڵێن ئەو کاتەی
تاڤگە و قەڵبەزە بار ئەکەن!
وەستاوی و ئەشفڕی.
وەستاوی و تۆ خەونیش ئەبینی.
کە ئەفڕی چۆلەکەی سەر قوببەی گومەزی مەولانەی.
کە خەونیش ئەبینی مۆمێکی سووتاوی ناو قسنی مەولانەی.
لەنێوان فڕین و سووتاندا تۆ ئیستە
خەرمانەی تەنیایی و
عەشقێکی ناکامی زەمانەی!
بەر لە کۆچ غەریب بوو ئەو دەنگە
بە گەرووی شارەکەی.
بەر لە کۆچ غەریب بوو ئەو زامە
بە جەستەی شارەکەی.
بەر لە کۆچ غەریب بوو ئەو مەلە
بە ئاسۆی شارەکەی.
بەر لە کۆچ غەریب بوو ئەو ڕەنگە
بە ڕەنگی شارەکەی.
مەولانە پەنجەرەی غەریب بوو بە ژووری ماڵەکەی.
مەولانە نیشتمان غەریب بوو
بەرلەوەی نیشتمان جێبێڵێ.
هەر لەناو شیعردا
مەولانە شیعرێکی غەریب بوو.
هەر لەناو گریانی وڵاتدا
مەولانە فرمێسک و چاوێکی غەریب بوو.
وەستاوی و تەماشای توانەوەی خۆت ئەکەیت
تۆ ئیستە لە ژوورسەر مەولانەی پێشەنگی غوربەتدا
قەسیدەی ڕێژنە و لێزمەی کۆچێکی تازەیت و
بە خوڕڕەم دائەکەیت!
شەوانیش «بەرەدا» ئەبینی تۆ وەختێ ئەیبینی
شەپۆلی سەرخۆشە. تۆ وەختێ ئەیبینی
ناو لەشی هەر هەمووی گڵۆپە و ئەلەرزێ،
ڕووناکیی سەرخۆشە. خەیاڵت کورسییەک ئەباتە
کەناری و نزیکی کەمەری. هێند نابا تۆیش ئەبی
بە مەلی سەرخۆشی. تۆیش ئەبی بە لەنجەی
خوماری ئەم ئاوە سەرگەرمە و تا گڵۆپ لە
لەشیا بلەرزێ و تا کورسی پێت نەڵێ کە هەڵسی
هەڵناسی و قوم بە قوم لە ئاوی سپێنەی
ڕەزەکەی دوو چاوی ئەنۆشی.
هەر لە شام لە «بەرزە»
تۆ نەوەی میدییەکان ئەبینی.
هەر لە شام تۆ نەوەی باپیرەی ئاسنپۆش
ئەیوبیی ئەبینی.
ملیۆنێک قفڵ و دەم ئەبینی
ئەو کاتەی یەک کلیل هەر هەمووی پێکەوە قفڵ ئەدات.
ملیۆنێک باڵندەی سەر خابوور ئەبینی
ئەو کاتەی یەک چەقۆ وا لەسەر گەردنی هەموویان.
ملیۆنێک گوڵەجۆ ئەبینی
ئەو کاتەی پێناسەی کێڵگەیان یاساغە.
ملیۆنێک گۆرانی ئەبینی
قەدەغەن لە قوڕگ و وان لەناو پشتێنەی سەوزدا.
ملیۆنێک بە ڕەگەز داربەڕوو ئەبینی
ڕۆژانە چووز ئەکرێن لە ناوکی دارخورما!
ملیۆنێک فرمێسک و
ملیۆنێک هەناری گوشراو و
ملیۆنێک ئازاری ڕووتەڵە و
ملیۆنێک لەم مێژووە یاساغە ئەبینی و بە چرپە
پێت ئەڵێن کە باوکی ئەوانیش هەر شاخە!
لێرەیش هەر زیندانی گوێزان و مقەستی باڵکردن
بۆ شیعرێ خەوی زیاد ببینێ و
دەنووکی زۆر بگرێ و
لە شوورە بەرزتر هەڵفڕێ. ئامادە و واڵایە.
لێرەیش هەر دەمامک شانۆیە و
بەرگی بەر -پادشای ڕووتوقووت-
جوانترین کاڵایە!
من دوێنێ لە یەرمووک مهیار بووم
بەردەوام لە کۆڵدا و قامیشلیم خستبووە سەرشانم و
شیعری خۆم لە قوببەی سەر دڵی مەولانە و
منارەی گەردنی ئەیوبی و
سەربانی ماڵانی بەرزەوە
بەرەو خۆر هەڵئەفڕان.
من دوێنێ لە یەرمووک یارانی کەنفانی
کۆڕێکیان بۆ وشەی دەروێشی نالیم و
بۆ دەنگی سێدارەی قودسیم و
بۆ چاوی یارەکەم بۆ گرتم.
وا ئەمڕۆیش لە بەردەم پرسیاری گوێزاندام
هۆنراوەم لە چنگی ئەفسەری ئاسندا
جووکەی دێ و
هەتاوی گیراوم!
تۆ قژی گۆرانیت هەڵپاچراو
تۆ شیعرت وەک جانتای تلیاک و هێرۆین
مۆرکراو.
تۆ ئەبێ خەڵوەتی مەولانە جێبێڵی و
بەرەدا لە کۆڵت داگری و
تا باڵت بڕ ئەکا، بۆ ئەو دیو زەریاکان
هەڵفڕی و هەڵفڕی و هەڵفڕی!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ خاچەکەت وەختێ ئەفڕێ
لەم فڕگەوە بۆ ئەو فڕگە
غەریبیی ئەتگوێزێتەوە و
لەگەڵ خۆیدا شیعری ئاوارە سوار ئەکا و
زامی کۆن و نوێ هەڵئەگرێ.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی، تۆ ناڵەناڵی بەسام و ترسناکی
فڕۆکەی بەجێهێشتنی، کە هەڵئەسێ.
تۆ زیکەزیکی درێژی پێچکەکانی گەیشتنی
کە وەختێکیش دائەبەزێ.
کە منداڵ بووی منارەکەی کاک ئەحمەدی سلێمانی و
سەردەمێکیش شاخەکانی پەڵەهەور
بەرزترین دووند و لووتکەی خەیاڵت بوون.
بەڵام ئەوا ئیستا بە سەر زەریای سپیی ناوەڕاستدا
تۆ خاچێکی باڵگرتوویت و
لە ژوور شاخی هەورەوەیت و
قووڵاییی ئاسمان ڕێگایە.
لەم بەرزەوە و لەپاڵ پەنجەرەی سەرپەڕدا
زەریا وەکوو شیفۆنێکی شینی تۆخ و
هەوریش وەکوو لۆکەیەکی شیکراوە لە ژێرتایە!
لە هەرکوێ بی، تۆ خاچی مار تێئاڵاوی.
لەسەر عەرد بی، تراویلکە و فوارەی خۆڵی.
لە زەریادا، گەمیەی ون و سەوڵی تەمی.
لە ئاسمانیش تۆ فڕینی نامۆییت و
تۆ ڕێگەوبانی دووکەڵی.
لە هەرکوێ بی، لە ڕوانینتا تیلەی سەرنجێکی تیایە،
ئەو تیلەیە غەریبییە. ئەو تیلەیە لە ئیستەدا
نە فرمێسکی چاوی خۆتە و نە تەمی سەر پێڵوەکانت.
ئەو تیلەیە ڕەنگە گیاندانی گوڵێک بێ لە بەهاری
نیشتماندا. ڕەنگە وەرینی مانگێک بێ لە ئاسمانی
نیشتماندا. ڕەنگە هەناسەی دایکت بێ و فڕینێکی
خێرای کسپەی. ئەو تیلەیە ڕەنگە لەناو
جۆگەیەکی کوژراوەوە بێتە دەرێ. ڕەنگە تیلەی
ئێشی چاوی پەلکەگیا بێ. ئەو سەرنجە ڕەنگە
سەرنجی شیعرێ بێ کە پێش بیست ساڵ حەزی
لە خەمێ کردبێ. ئەو سەرنجە ڕەنگە سەرنجی پەنجەرەی
ئەو ژوورە بێ کە بلدۆزەر دێتە سەری.
لە هەر کوێ بی، لە سیماتا سێبەرێکی کڕی تیایە،
ئەو سێبەرە غەریبییە. ئەو سێبەرە لە ئیستەدا
نە سێبەری قژی خۆتە و نە سێبەری بەر پەنجەرە و
ژوورەکەی خۆت. ئەو سێبەرە ڕەنگە سێبەری
سێدارە و خەیاڵێکی ناو زیندانی نیشتمان بێ.
ڕەنگە سێبەری ئێوارەی دوای ڕاگوێزانی گوندێ بێ.
ڕەنگە سێبەری فرمێسکی یارەکەت بێ. ئەو
سێبەرە ڕەنگە سێبەری ترسێکی چڕوپڕی شەقامەکانی
شارت بێ. ئەو سێبەرە ڕەنگە سێبەری تابووتی
شەهیدێ بێ.
لە هەر کوێ بی، خورپەیەک وا لەناو دڵتا،
ئەو خورپەیە غەریبییە.
ئەو خورپەیە لە ئیستەدا
خورپەی ترسێکی خۆت نییە.
خورپەی ناو ماندوێتیی نییە.
ئەوە ڕەنگە خورپەی دڵی درەختێکی نیشتمان بێ.
خورپەی دڵی خاکوخۆڵ بێ.
ئەوە ڕەنگە خورپەی دڵی کانییەک بێ
کە هاتوون بۆ داپۆشینی.
ڕەنگە خورپەی دڵی چیرۆکێ بێ
کە هاتوون بۆ: کوشتنی چیرۆکنووسەکەی
لە هەر کوێ بی، لەناو دەنگتا جۆرە گیرانێکی تیایە
ئەو گیرانە غەریبییە. ئەو گیرانە
گیرانی گەرووی خۆت نییە.
ئەو گیرانە ڕەنگە تاسانی شمشاڵ و
ئاوازێکی نیشتمان بێ لەو کاتەدا
کە لە دواوە باڵەکانیان توند ئەبەستن.
ڕەنگە گیرانی «با»یەک بێ
کە کوتوپڕ هەڵئەکوتنە سەر ماڵەکەی.
ڕەنگە هەنسکی گریانی گوڵەلیمۆیەکی جوان بێ
ڕەنگە گیرانی ئاوەڕۆی هەڵبەستێ بێ
ئەو وەختەی ئەیشکێننەوە!
ڕەنگە ئەوە مەڵاسبوونی قەوزەی وەی بێ
بە مەڵاشووی حەوزێکی هاوڕێتەوە!
تۆ کە ئیستە بە شێوە و ڕەنگ لە شەو ئەچی
ئەوە تاریکیی ژانێکی ناو دارستان وای لێ کردی.
تۆ کە ئیستە بە باریکی لە قامیشی دەشتێ ئەچی
ئەوە بۆشاییی هەناوی خەمەکانی گەرمیان بوو وای لێ کردی.
تۆ کە ئیستە هەردوو چاوت بوونەتە دوو گوڵی ژاڵە
ئەوە گریانی کۆچڕەوی دارگێلاس بوو وای لێ کردی.
تۆ کە ئیستە وا بێدەنگی و لە پەیکەرە بتێ ئەچی
ئەوە سامی کشوماتی و چۆڵوهۆڵیی
ناو گوندێکی کاولکراو وای لێ کردی.
تۆ کە ئیستەیش قنگی شیعرت توێتکە ناخوا و
هەر ساتێک و لە شوێنێکی
ئەوە فرمێسکەکۆچەری لە بەفرەوە بۆ لای گڕە و
لە گڕەوە بۆ لای بەفری نێوان مەراقی مەولەویکەس و
کۆستی نالیکەس وای لێ کردی!