٦

لە کتێبی:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 25 خولەک  1135 بینین
ئەی بەغداشوێنی ئاو و ئەستێرە و وشەی باڵدار!
ئەوە چەند وەرزی نامۆیی و چەند سیاساڵ تێئەپەڕێ
بەسەر یادی یەکەم ماچی نێوان تەنیاییم و دیجلەی تۆدا؟!
ئەوە چەند خولی مانگی شیعرمە
کە بە دەوری شەوەکانی شەهرەیار و شەهرەزاددا ئەخولێتەوە؟!
من مۆزەخانەی ساڵانتم
من بەردەیادی نووسراو و
تازەترین گۆزەی خەم و مەراقتم
مۆزەخانەم بۆ چاوانێ گریانی بەرد و دەستخەتی
شاخەکانم وەکوو خۆی ئەخوێنێتەوە
لە هێماکانی کۆڵینی سەر دیواری ئەم غوربەتە
کۆنەم ئەگەن
لە سێبەری شوێنەوارە پەرتەکاندا
تیر و نێچیر، من و تەور
لە یەکتر جوێ ئەکەنەوە!
سیمای دوێنێی فریشتەکەی بەر ئاگری گاتاکانم
ئەناسنەوە، دەزگیرانە میدییەکەی من، کە لەو
سووچەدا وەستاوە، نایکەن بە هاوسەری کۆرش و
بە کەنیزەکی خەلیفە و پەچەیشی پێ ناگرنەوە.
ئەی بەغدای ئاو و ئەستێرە و وشەی باڵدار!
من مۆزەخانەی گەڕۆکی دەربەدەریم
من نە دەرگا و نە کلیل و نە قفڵ و
نە گاردم هەیە!
من مۆزەخانەی گەڕۆکی ئاوارەییم
بێ دیوارم، وەکوو لەشم
بیست و چوار سەعات کراوەم، وەکوو دەشتم.
بیست و چوار سەعات ئامادەم، وەکوو ئەشکم.
ئەی دەنگی ئاو و ئەستێرە و وشەی باڵدار!
من لەنێوان هەردوو بەری ئەم ڕووبارە وەڕسەدا
هەموو ڕۆژێ ئاسۆیەکم تەم لە کۆڵ و دێم و دەچم.
من بۆ ئەوەی لەم ڕووبارە و بەغدا بگەم
هەموو ڕۆژێ شەپۆلێک و هاوارێکیان وەکوو کراس لەبەر ئەکەم.
من بۆ ئەوەی ببمە هاودەمی نامۆیی و
دۆستی نزیکی تەنیایی،
هەموو ڕۆژێک سەرێک لە شیعری سەیاب و جیکۆر ئەدەم.
من ناتوانم لێرە هەڵکەم
ئەگەر بۆ هاودەنگیی شەوم
دیجلە ژوورەکەم پڕ نەکا لە هاژەی خۆی!
من ناتوانم لێرە هەڵکەم
ئەگەر هەموو بەیانییەک،
نەبمە باڕێزە و ڕێژنە و
بەسەر زامێکدا دانەکەم.
من ناتوانم لێرە هەڵکەم
ئەگەر هەموو بەیانییەک
بە «هەشت» لاپەڕەی ئاسۆییی
ڕۆژنامەی ڕێگای دووکەڵ و
سێدارەکانم دەرنەکەم!
من ناتوانم لێرە هەڵکەم
ئەگەر هەموو ئێوارەیەک
چارۆگەیەکی تازەتر بۆ ئەم کەشتیی
بەدبەختییەم پەیدا نەکەم.
من ناتوانم لێرە هەڵکەم
ئەگەر هەموو ئێوارەیەک، بە دووقۆڵی
لێرە لە «باب الشرقیعەرەبی»دا
لەگەڵ بایەکی ئەزمڕشوێنی ئاوارەدا سەما نەکەم.
من ناتوانم لێرە بژیم
ئەگەر هەموو شەوێ جارێک
لە گۆشەی بێئارامیدا و لە مەراقدا
لەناو مەیدا ئارام نەگرم.
من لێرە ناتوانم بژیم
ئەگەر هەموو ڕۆژێ جارێک بۆ عەشقێکی تازە نەمرم!
تۆ لە ڕووباری کتێبدای، هەموو ڕۆژێ شەپۆلی
تازەی کتێبێ، گەرداوی شیعر و چیرۆکێ تۆ ئەبات و
ئەتدا بە دەم جیهانەوە. تۆ ئیستاکە بەو زمانەی
«حەللاجکەس» تیایدا ئەتوایەوە و «موتەنەبیکەس» تیایدا
ئەفڕیی و «سەیاب» لەناویا ئەگریا: کەوتوویتە
سەوڵ لێدان و سەرت بووە بە فەنەری ڕێگەوبانی،
حەللاج ئەتبا بۆ لای لۆسەر. موتەنەبی ئەتبا بۆ لای
شکسپیرکەس و سەیاب ئەتبا بۆ لای ئەلیوت. ئا بەو جۆرە
تۆ ئەتوانی، لە زەماوەندی خوێناویی گارسیا لۆرکاکەسدا
دەست بگری و لە ساڵۆنی ژێر زەریادا لەگەڵ ڕامبۆ
بخۆیتەوە و گوڵێکی ڕەشیش لە «بۆدلێرکەس» وەربگریت و
بیدەی لە قژی یارەکەت.
ئەو کچە ئەبینی،
ئەیبینی و بۆی ئەبی بە گوڵدان
ئەیبینی و بۆی ئەبی بە مۆمدان.
تۆ بۆنی دارچوالەی ناو ئالان ئەکەیت و
وا ئیستە لەگەڵتە و هاتۆتە کەڕادە.
تۆ بۆنی پونگەی ناو مێرگێکی لای کاژاو ئەکەیت و
وا ئیستە هاتۆتە بەردەمت و هاتۆتە کەڕادە
ئەوینە و وەک هەرمێ گوڵاوی تەڕ بووە.
ئەم بەژنە هیی شیعرە لە وەختی سەمادا؟
یان هیی ئاو ئەو وەختەی بە پێوە ئەوەستێ؟!
ئەم قژە هیی ڕەزە لە وەختی ڕۆیشتنا؟
یان هیی کەژ ئەو وەختەی کە ئەنوێ؟!
ئەم ڕەنگە هیی وشەی ئەسمەرە
ئەو کاتەی کە ئەبێ بە خاکی گەرمیان؟!
یان ڕەنگی گەنمی خوێنگەرمە
ئەو کاتەی بەرامبەر خۆرەتاو هەڵئەچێ؟!
ئەم ئەوینە ئەچمە بەری و ئەمکا بە گۆماوی خەیاڵ.
ئەم ئەوینە ئەچمە بەری و ئەمکا بە ئاوێنەی نزار.
ئەم ئەوینە ئەچمە ناوی و
بە قژی خۆی دامئەپۆشێ
ئەم ئەوینە جارێک ئەمکا بە بڵێسە و
جارێکی تر بە تاڤگە و
جارێکی تر بە باڵندەی
باڵ زیوینی
وڵاتی یار!
ئەوین چییە؟! ڕۆحی شەوە؟! ڕۆحی ڕۆژە؟! ڕۆحی خاکە؟!
هێزێکی تری سروشتە وەکوو ئاو و
وەکوو هەوا و وەکوو مردن؟!
یان هەر کڵپەی ئارەزووە
کە هەڵبوو، دامرکێتەوە؟!
ئەوین چییە؟! دژەمەرگە؟!
دژەوەڕسبوونی لەشە؟!
نوێبوونەوەی بەردەوامە؟! یان وەرزێکی تری جەستە و
یاخود دەست و پەنجەی خوایە؟!
یان سەرچاوەی خوێنی شیعرە و وشک نابێ و دواییی نایە؟!
ئەوین چییە؟! ژیانە و تێکەڵی مەرگە
ئاگرە و تێکەڵی ئاوە؟!
زەنگی ڕەنگە؟!
بۆنی دەنگە؟!
وڵاتی بیرنەچوونەوەی خەونە؟!
هزرە کە وەختێ کوێر ئەبێ؟!
هۆشە کە بێهۆش ئەکەوێ؟!
ئەوین چییە؟! تەزوویەکە دێت و ئەڕوا و ئاوا ئەبێ؟!
سڕبوونێکی تەماشایە و بە سحری هێزێکی نادیار؟!
چەخماخەیە لەناو دڵدا؟!
تۆفانێکە لەناو سەردا؟!
ئەوین چییە؟! من نازانم ئەوین چییە؟!
بەڵام کە دێت بە دووباڵی گڕ و بارانەوە دێت و
لەملاوە ئەمکا بە سووتوو
لەولاوە نوێم ئەکاتەوە.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ سۆراخی ئۆقرەی سەر ئاگری بوونی و
تۆ باڵی فڕینی ئاوی.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ هەناسەی لە نیشتمانی تاساودا و
دڵۆپێکی لەو وشانەی
کە لە چاوی نامۆییدا
قەتیس ماوی!
ئەمێستا سەردەمی سامداری کۆشکێکە، کۆشکێکی کۆتایی
ڕازاوە بە پشکۆی خواوەندی تەمووز و
ڕازاوە بە چرای خوێناویی سێکوچکەی پەیام و
ڕازاوە بە قیژەی هاوین و زریکەی شەوانی.
ئەمێستا ڕۆژگاری کۆشکێکە
لە چاویا نیشتمان مەییوە.
لە دەنگیا شیر ئەڕوێ و
لەبەر پێی نەهەنگیا، بەستوێتی ڕووباری
قرمزی قوربانی و
ئەستێرکی فرمێسکی هەڵبەست و گۆرانی.
ئەم کۆشکە سەرەتا و کۆتایی دیار نییە، کۆشکێکە و
وڵاتێ لە بەرد و لە لم و لە گۆشت و
لە ئێسکی قووت داوە.
دیواری لە جەستەی لەتلەتی ئاسۆیە.
پەنجەرەی لە ئێسکی شکاوی هەتاوە.
ئەم کۆشکە بنمیچی لە باسکی بڕڕاوی باخانە و
ئەم کۆشکە هەرێزی لە شەتڵی دەمار و پەنجەیە و
شوورەیەک لە ڕم و لە ترس و لە عەزیا
چواردەوری گرتووە.
ئەم کۆشکە
دایەنی زۆڵێکی مێژووە!
چەند هەوری سکپڕیان گرت و بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و نەهاتنەوە!
چەند شنەبای گەنجیان گرت و بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و نەهاتنەوە!
چەند پەڕەسێلکەی قەڵەم و چەند باراننامەیان گرت و
بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و نەهاتنەوە.
چەند داربەڕووی کاسپیان گرت. چەند دارخورمای شاعیریان گرت
بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و نەهاتنەوە.
چەند شۆڕەبیی ژنیان برد و، چەند مامزی کچیان برد و
چەند چەخماخەی ئەفسەر و سەربازیان گرت و
بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و نەهاتنەوە!
چەند دارتەلی کرێکار و چەند منارەی ڕیشدرێژ و
چەند کڵاوکوڕەی قازییان گرت و بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و نەهاتنەوە!
چەند پەپووسلێمانکەی ئاخوون و چەند ئەستێرەی ئاشوربانیپاڵ و
چەند هیلالی تورکمان و چەند تاوسی یەزیدییان و
چەند شینەشاهۆی سەرخۆش و
چەند تاقتاقەکەرەی زۆربڵێ و
چەند پڵنگی شۆڕشگێڕ و
چەند محەممەد و چەند مووسا و عیسا و
چەند عومەر و چەند عەلییان گرت و
بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و نەهاتنەوە.
چەند خزمی نزیکی خوایان گرت و بردیاننە ناو ئەم کۆشکەوە و
نەهاتنەوە و نەهاتنەوە و نەهاتنەوە!
من ئێستا وەک جاران ناوێرم ژوانێ دابنێم
بۆ دیجلە و پێی بڵێم: دووقۆڵی، خۆرنشین
هەر لەژێر پردەکەی «ئەحرار»دا یەکتری ببینین.
ئەترسم نەبادا، ماسییەک، شەبوگێ،
جاسووس بێ و ڕاپۆرتم لێ بدا و بنووسێ
گوایە من بە دیجلەم وتووە: ئەوەندە بۆ ئەنوویت
دە هەڵسە و هەڵبچۆ!
من ئیستە وەک جاران ناوێرم ئەوەندە نزیکی پەیکەری
ڕەسافی ببمەوە و بیدوێنم، ئەترسم نەبادا، قۆپچەیەک
لە قۆپچەی چاکەتی ڕەسافی خەفیە بێ و کە ڕۆیشتم
ڕاپۆرتم لێ بدا و بنووسێت: گوایە من بە چرپە
بەو گەورە شاعیرەم وتبێ: وا دیارە ئێستاکە غەمباری و
وەڕسی، هەر بۆیە دەمێکە بێ شیعری و نانووسی!
من ئیستە ناوێرم وەک جاران ناوبەناو سەردانی
سەرقەبران بکەم و بچمە سەر مەزاری چیرۆکی کوژراوم.
ئەترسم نەبادا لە پەنا کێلێکدا ڕیشۆڵە جاسووسێ
گوێ بگرێ و کە ڕۆیشتم ڕاپۆرتم لێ بدا و بنووسێت:
بە گوێی خۆم گوێم لێ بوو، شایەتم، ئەم پیاوە
کە وتی: نەمردووی تۆ ماوی! چیرۆکی خوێناوی!
من ئیستە ناوێرم نە بە خوا ناوێرم، ئەو وەختەی
بە تەنها خۆم و خۆم پێکەوە دانیشتین کە (TV)یم
کردەوە، تۆزێکم خواردەوە، دوو پیاوە زلەکە دەرکەوتن.
هەر ئێجگار ئەسپایی، ئەوەندە ئەسپایی، کە لووتم
نەیبیسێ، پێبکەنم و دوو بۆڵەم لێوە بێ، ئەترسم،
ئەترسم نەبادا، دانێکی کلۆرم گوێی لێم بێ و
بۆ سبەی ڕاپۆرتم لێ بدا و بنووسێت: گوایە من
وتوومە: هەمدیسان سیسارکە کەچەڵە و شەللاتی بەر
مەیدان هاتنەوە!
ئێمە نەوەی سەردەمی کۆشکی کۆتایین
سەردەمی «نەء» سەربڕین و
سەردەمی «ئا» خەڵاتکردن.
ئێمە نەوەی سەردەمی کۆشکی کۆتایین
خوێن دەموچاوی شتین و مێژووی کوێر دەستی گرتین و
بە ڕێی گوێزاندا ڕۆیشتین و ترسمان پۆشی و
دووکەڵمان دا بە خۆماندا.
ئێمە نەوەی سەردەمی کۆشکی کۆتایین
لە قوتابخانەی چەقۆدا فێرە خوێندەواریی بووین و
لە پێخەفی خۆڵەمێش و چقڵا نووستین.
ئێمە نەوەی سەردەمی کۆشکی کۆتایین
کە گەورەیش بووین
دڵداریمان لەگەڵ چەک و فیشەک و خەما کرد.
سێدارەکان کردیانین بە ئەندازیار و
برینەکان کردیانین بە پزیشک و
تەلی کارەبای ناو کونەلووت و کونی دیکە
کردیانین بە کارەبایی و
هەڵواسین و پانکەی بنمیچ
کردیانین بە وەرزشکاری ئەتروپاتیک.
ئەو بوتڵانەی تێیانبڕین
کردیانین بە عارەقخۆر و سەرخۆش و،
لە هۆش خۆ چوون و ئاوی سارد و وڕێنە
کردیانین بە شاعیری سوریالی و هاوچەرخ!
لە دواییشدا ئەو پشیلە دڕ و برسیکراوانەی
کە گەڵوگونی هەندێکمانیان خوارد
ئەوانیش کردیانین بە ئەندام
لە کۆمەڵەی بەزەییهاتنەوە بە ئاژەڵاندا.
ئێمە نەوەی سەردەمی کۆشکی کۆتایین.
«یەکێک لەو پۆستەرە شیعرانەی کە چەخماخەی
مێژووی حەللاج بە قوڵاییی ژێرزەمینەکانی کۆشکی
کۆتایی و بە درێژاییی دیجلە لە ئاسماندا هەڵیکەندووە و
نە ئەسڕدرێتەوە و نە پڕیش ئەکرێتەوە»
لەم کۆشکەدا
مێژووی حەللاج
مێژووی ئەتک
دوو مێژوو بوون
بەینیان خشتێ
دیوارێ بوو.
پیاو هەبوو ئەبوو بە مشک.
پیاو هەبوو ئەبوو بە حەللاج
یەکەمیان وەک عزيز الحاجعەرەبی
دووەمیش وەکوو عەسکەری!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ لەنێوان مارتی ئاشتی و مارتی شەڕدا
وەک گێنگڵی «کەرکووکشوێن» وا بووی.
تۆ لەنێوان گمەی کۆتر و لوورەی گورگا
وەک «خانەقینشوێن» ئاسکێکی حەپەساو بووی.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ لەنێوان مارتی بەغدا و مارتی شاخدا
لە چوار خولی ئەم زەمینە سەرشێتەدا:
نەورۆزی تێکەڵ بە شەختە و
ئاردی تێکەڵ بە تی ئێن تی و
تەوقەی تێکەڵ بە خەنجەر و
ماچی تێکەڵ بە ژاڵک و
هەڵپەڕینی تێکەڵ بە کۆتەڵ و کۆست و
ڕەشبەڵەکی گوڵ و ژان بووی.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ لەنێوان مارتی ئاشتی و مارتی شەڕدا
سەرت تاران ئەیفڕاند و ئەیکرد بە کورسیی شابانوو
باڵت بەغدا ئەیفڕاند و ئەیکرد بە جۆلانەی کۆشک و
لە ناوەندا تۆ گەمیەیەکی بابردووی ناو گەرداو و
لە ناوەندا تۆ جەستەیەکی پچڕاو و
هەناوێک بووی وەکوو کالیارێکی گەنیو
زەردەزیڕەی دزیی شاخ و شارەمێروولە تێی دابووی.
دیسانەوە باوەشی بەرد واڵایە بۆ عاشقانی چاوی چیا و
دڵخوازانی پرچی ڕەز و گەردنی هەرد.
جارێکی تر باوەشی کەسکی کێوان و
کۆشکی بلوورینی بەفر و ماڵی ئەشکەوت
لە پێشوازیی سەر ڕێگادا
گەڵا و کلوو و گوڵە کێویلەیان هەموو
ڕاوەستاون بۆ پێشوازیی
ئەوانەی بۆ خۆشەویستیی گڵەسوورەکەی حەمرین و
ڕووباری ڕەشی کەرکووک و
بەژنی زیوینی خانەقین
هاتوون ببن بە چاو بۆ شەو
هاتوون ببن بە باڵ بۆ ئاو
هاتوون ببن بە دەم بۆ دار
هاتوون ببن بە دەست بۆ دەشت.
لەم تۆفانە گەورەیەدا
ئەو کەشتییانەی ئەنوون، ئەمرن.
لەم ڕاپەڕینی خاکەدا
ئەو ڕێیانەی ئەنوون، ئەمرن.
لەم بارانی قوڕقوشمەدا
بێلایەن هەر مردووەکانی گۆڕستانن.
لەم شۆڕشی جەنگەڵ و دەربەندانەدا
سنەوبەری شیعر و چیرۆک
سەکۆی تاشەبەردی شانۆنامە و ئەکتەر
چرای وێنە، هاژەی مۆزیک
لەگەڵ سوارەتووکەی وشەدا ڕێ ئەکەن.
لەگەڵ ئەسپی بازیانی ڕەنگ و دەنگدا کوڕژن ئەکەن.
لەگەڵ تاڤگەی بێخاڵدا هاژە ئەکەن.
قۆڵ لە قۆڵی کازیوەدا و
لەگەڵ سیروان ئەکەونە ڕێ!
ئەم کۆچە تەنها هەر کۆچی پەڕەسێلکەی خەمێک نییە.
ئەم ڕەوەندانە ڕەوەندی ناو یەک هۆبە و یەک ئاسۆ نین.
ئەم دڵدارانە دڵداری یەک کانیی نین.
ئەم دەستانە تەنها دەستی جۆگەیەک نین.
ئەمە کۆچی نیشتمانە، وەختێ کێوان ئەبن بە باڵ بۆ ئازادی.
ئەمە سەفەری کێوانە، وەختێ خوا ئەبێ بە کەشتی و مێژوو بە ئاو.
ئەمە سەفەری مێژووە
کە مانگ ئەبێ بە فڕۆکە و لووتکەیش بە چاو!
لە مارتا چرۆ و زام پێکەوە ئەپشکوێن.
لە مارتا گەڵا و خەم پێکەوە ئەوەرێن.
لە مارتا دیاردەی دژ پێکەوە ئەژین و
پێکەوە ئەمرن و پێکەوەیش ئەڕسکێن.
وادەی کۆچ زەنگووڵەی بەردینە
لە ملی ئەم مانگە کەسکەدا.
هەر ڕۆژە و زرنگەی زەنگی ئەو
بۆ کۆچی گوڵێکی لێئەدا.
زەنگدارە فرمێسکی ئەم مانگە
وەک زەنگی گەردنی کارژۆلەی ڕاکردوو
زەنگدارە هەناسەی ئەم مانگە
چون زەنگی گەردنی ڕێژنەی داکردوو.
ئەمڕۆ زەنگ
بۆ کۆچی سووری مە لێدرا!
خێڵێ بووین لە وشەی ڕووناک و
بۆ کۆچی بەرەوژوور کەوتینە هەڵفڕین.
پۆلێ بووین لە مەلی قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ
باڵێکمان چیرۆک بوو، باڵێکمان شیعر بوو.
لەپێشدا لە دارتووی مەچەکی شەقامی کاوەوە هەڵفڕین.
هەتاکوو یەکەم جار بگەینە
تەلاری چەناگەی مەولەوی و
بۆ یادی کۆچنامەی نووسەران
بۆ یادی ڕۆژێکی لێوانلێو لە ئەوین
بگەینە هێلانەی ئەو نوورە و
بە دەنووک لە گەڵا و لە پووشووی زیوینی
ناو ڕیشی هەڵگرین.
ئەو ڕۆژە «هەڵەبجەشوێن» لە پرسەی چۆڵ ئەچوو،
یان ئەتوت ئەسپێکی بەرەڵای بێ زین و بێ سوارە و
لە ڕەوی کۆستێکدا بە تەنیا جێماوە.
«بیارەشوێن» وەک مۆمی کافووریی خەڵوەتی مەولانە
ئەسووتێ و ژێرپیاڵەی بنیشی
پڕ ئەکا لە نمەی یاقووتی سۆفییانە!
تۆ ئیستە «تەوێڵە» مەنزڵی بارانتە و مەنزڵی شیعرتە و
تەوێڵە خاچەکەی سەرشانتە!
تەوێڵە: لە قۆچی کەڵێکی گیرخواردووی
نێوانی دوو گاشی شاخ ئەچێ
هەتاکوو بڕەتێ شاخ توندتر ئەیگرێ
تەوێڵە قوڵینەی دەمتەنگی بەردینە و
ئاسمانی لەوێوە کە دەرکەوت
ئەوەندەی نانێکە!
تەوێڵە عەشقێکی هەڵاتووی زەردەشتە
عاسییە و ڕێی نییە نە ڕاکا و دەربچێ و
نە خۆیشی بۆ دواوە وەرگێڕێ.
تەوێڵە ناوقەدی پچڕاوی مەزدەیە و
کەوتۆتە نشێوی قووڵەوە و
تا ئەمڕۆیش بەردەوام
ئەو خوێنی بەهاری کوژراوی
هەر لێ دێ!
چل ڕۆژە زایەڵەبارانە، چل شەوە گلێنەبارانە
چل ڕۆژە جەستەی خاک وا لەبەر
گۆپاڵە ڕەهێڵەی سزادا
چل ڕۆژە لە تۆڵەی ئەستێرەی سووتاودا
خۆر چاوی و خۆر دەستی لە دواوە بەستراوە.
وەک ئەڵێن: غەزەبی خواوەندی سزایە و غەزەبی
خواوەندی زستانە و، غەزەبی نەفرەتی تاریکی و
لە ملی ئاڵاوە. چل شەوە مانگ ونە و
هەن ئەڵێن: لای خوایە و گیراوە.
هەن ئەڵێن: وا نییە و بە سەفەر ڕۆیشتووە و
دێتەوە و ئەو ئیستە میوانی عەشقێکی دەریاچەی
خوێناوە. هەن ئەڵێن: ڕاستییەکەی، نەهێنیی
خوای بەفر و بارانی بە شەوی سەرخۆشیی مانگەشەو
جاڕ داوە و هەر بۆیەش بزرە و، سەرنگون کراوە.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ ژانێکی قەڵادزێی گەشاوەیت و
تۆ ئیستاکە گوڵی دووکەڵی نیسانی و
لەبەر پێوە تا تەوقی سەر
بە ئاسۆسدا هەڵزناوی.
ئەمە نیوەڕۆی نیسانە؟!
یان نیوەڕۆی مەرگە کاتێ دووکەڵ سێبەر
ئەکات بۆ کۆست.
ئەمە گوڵاڵەی نیسانە؟!
یان دەست و پەنجە و دوو لێوی منداڵانی قەڵادزێشوێن.
ئەمە زانستگەی نیسانە و سلێمانیشوێن؟!
یان کۆلیجەکانی خوێن و دەستی پەڕیوی نیوتنکەس و
سەری بێ لەشی گالیلۆکەس.
ئەمە مێزەری خانیکەسیە؟! یان کڵاوێکی قوتابی.
ئەمە شیعرێکی نالیکەسیە پەڕیوەتە ئەم گوزەرە؟!
یان سەروڕیشی مەولەویکەس.
ئەمە هەنار و لاولاوە؟!
یاخود مەمکی حەبیبەکەسیە و پرچەکانی عەنبەرخاتوونکەس،
یان دەفتەرێکی قوتابی.
ئەی ئەمەیان هیوای چاوشینی گۆرانە
کەوتۆتە بن ئەم بەردەوە؟!
یاخود ئەستێرکێکی مردوو.
ئەی ئەم عەینەکە پەڕیوەی کەوتۆتە ئەم هەرێزەوە و
دوو دڵۆپ خوێن لەسەر شووشەی چاوەکانی ئەجریوێنن،
عەینەکەکەی ئەنیشتاینە،
یان عەینەکی کێوەڕەشە،
یان عەینەکەکەی شێخ نووری.
کێ ئەیزانێ؟! کەس نایزانێ
لە سێکوچکەیەک بەولاوە. کەس نایزانێ
جگە لە خوا و لە بەغداد و لە کرملین، کێ ئەیزانێ؟!
کەس نایزانێ!
لە سێکوچکەیەک بەولاوە کێ ئەیزانێ؟!
جگە لە خوا و لە سەدام و لە برجنیف، کێ ئەیزانێ
جگە لە خوا و لە سەدام و
جگە لە خوا و
جگە لە
جگە...
کەس نایزانێ، کێ ئەیزانێ؟!
سڵاو! برجنیف! سڵاو!
سڵاوی دووکەڵی نیسان
سڵاوی دووکەڵی سوورم
وەختێ لە جەستەم هەڵئەسێ و
گەرماوگەرم
لە ئاسماندا بە گەورەیی
وێنەی سەری بڕڕاوم و
دەست و قاچی پەڕیوم و
بەژنی کەرتکەرتم ئەکێشێ!
سڵاوی منداڵانی «دێ»
ئەو کاتەی لەناو کێڵگەدا و لە پۆلەکانی خوێندندا
دوای ڕۆیشتنی میکەکانت، گەرماوگەرم
خوێن قوردێلەی پرچ و قژ و
خوێن پشتێنیان بۆ ئەبەستێ!
سڵاو! برجنیف! سڵاو!
سڵاوی گوڵەکوێرەکان، کوێری دیاریت، بە سوپاسی گەڵایشەوە.
سڵاوی دارەشەلەکان، شەلی دیاریت، بە سوپاسی چڵیشەوە.
سڵاوی ئاوە لاڵەکان، لاڵی دیاریت، بە سوپاسی هەوایشەوە.
لە دواییشدا برجنیف، لە دواییشدا
سڵاوی گۆڕستانەکان، کە لە بازاڕی فڕۆکە و تۆپەکانتا
گەورە بوون و گەشەیان کرد.
سڵاوی پرسە و ڕەنگی ڕەش، کە لە بازاڕی فیشەک و چەکەکانتا
زیادیان کرد و قازانجیان کرد.
سڵاوی تایبەتی مردن برجنیف، سڵاوی تایبەتی مردن!
سڵاوی گەرمتر لە ناپاڵم و
گەرمتر لە کاتیۆشا و
گەرمتر لە ئاگری سۆخۆی
کە ئەم هەموو سەر و باڵ و
سنگ و ڕان و
ملەقۆرتانەی منت وا،
وا بە هەرزان و بە تاڵان پێ فرۆشت
وا بە هەرزان و بە تاڵان
وا بە هەرزان
وا بە
وا...
تۆ ئیستە خاچی ژێر دەواری
وەک بژوێن، تۆ پڕیت لە شەونم
لە خۆزگە و تریقە و تۆ پڕیت لە ورشەی
یاقووتی هەڵاڵە و
لە پرژەی پلووسکی ڕووناکی و،
تۆ ئیستە هەر ئەڵێی شەپۆلی کەروێشکەی
ئاڵتوونیی مێرگێکی ئێوارەی ئاوداری.
تۆ ئیستە ستوونی قەڵەم و ڕایەڵی ئارام و
ژێی وژەی شەوانەی نزاری.
تۆ ئیستە لە دەشتی کاغەزدا
دێراوی بۆ پەمووی نووسینی گوڵ سپی و،
تۆ ئیستە گژوگیای ڕۆژانەی
تا ئەژنۆ سەرکەوتووی هۆنراوە و وتاری.
تۆ ئیستە «ئازادی»ی هۆبەتە و
کانیاوی سەرەڕێی لە کۆچی گەرمێن و کوێستانی
دڵداردا و، باوەشی گوڵگوڵی هەواری.
تۆ وەکوو بارانی، بەردەوام
سەوزەگیا و گوڵەباخ ئەنووسیی.
تۆ وەکوو «زینوێ» بی، بەردەوام
پەپوولە و وەنەوشە ئەنووسیی.
تۆ وەکوو «چۆمان» بی، بەردەوام
هەر خوڕە و هەر هاژە ئەنووسیی
تۆ سەکری سەکرانی و بە بەفر لەسەر یاڵ
لەسەر بەرد، لەسەر هەرد، قەسیدەی فێنک و
ژیننامەی ئەوینی هەڵەکۆک ئەنووسیی!
هەنووکە تۆ وشەت فیشەکە و
تۆ ڕستەت تفەنگ و
لە گەرووی زۆزکدا سروودی بەردیت و
ئەنووسیی. ئەنووسیی بۆ سەری بڵندی
پیاوانێ ئەنووسیی، لەو خوارە
کە هەور زۆر نزم و نەوییە
بۆ بەرزی چریکەی پەیام و باڵایان
ئەنووسیی، بۆ خوێنی پیاوانێ ئەنووسیی لەو خوارە
کە بەهەشت زۆر کەمە ببێتە کەژاوەی پێشوازی
بۆ ڕۆحی ساماڵ و بۆ ژانی سووریان و
بۆ خۆری ئاڵایان.
تۆ ئیستە ئەوینت ئەوەندە بە داری عاشق و
ئاسکی دڵخواز و هێلانەی گۆرانی و
ژمارەی فەرهاد و خۆزگەی سەوز پڕ بووە
کانییەک نەماوە چاوێکتی تیا نەبێ.
ڕێگایەک نەماوە، دەستێکتی تیا نەبێ.
ئەشکەوتێ نەماوە، سەرێکتی تیا نەبێ.
لاشانێک نەماوە، شانێکتی تیا نەبێ.
گوڵجاڕێک نەماوە، ماچێکتی تیا نەبێ.
ئەوەتا دەشت تەسکە بە بەری ئەم خەڵکە و ئەم وەرزە
لێرەوار وەکوو دۆڵ سیخناخە و هەناسەی توولەڕێ سوار بووە و
کراسی تاشەبەرد خەریکە لە بەری چیادا هەڵتەقێ.
ئەنووسیی و ئەنووسیی، کە شەو دێت تۆ بنجی پرسیاری و
چون مێخی دەوارت بە گیانتا ڕۆئەچی
کە شەو دێت هەمدیسان لاولاوی پرسیاری و
بە بەژنی گومان و پەنجەرەی خەیاڵتا هەڵئەچی.
خۆت لە خۆت ئەپرسیی
ئەشپرسیی و ئەشترسیی
دەستی کۆرش ڕێگایە بۆ گوڵی میدیا یان شیرە؟!
دەستی کۆرش ڕێگایە بۆ ئەوەی هاوارمی پیا بڕوا؟!
دەستی کۆرش دە پەنجەی قولاپە لە ئاوی جەستەمدا
یان چرا؟!
دەستی کۆرش، ماسییە و پەلکەگیا؟!
یان قرشی زەریایە و
شوێن بۆنی خوێنی من کەوتووە و هەر دێ و دێ و
نزیکە بگاتە پەریم و پێکەوە بمانخوا.
لە کۆچی ساڵێکدا، چوار وەرزی مێژووت دا
بە کۆڵی پرسیاردا. پرسیارت کلیلی بزربووی
نێوانی گەڵاڵە و خانە بوو.
لە کۆچی ساڵێکدا، سەری تۆ تۆپێکی شووشە بوو:
هەموو ڕۆژ شمشێرێ ئەیخستە سەر نووکی و
بۆ گەمەی شاژنێ بە دەوری کۆشکێکدا ئەیگێڕا.
شمشێری سیحرباز لە ناکاو تۆپەکەی هەڵئەدا،
تۆپ ئەچووە ئاسمان و ئەهاتە خوارەوە و ئەکەوتە
سەر نووکی شمشێر و نەئەشکا. سیحر بوو،
ئەم جارە تۆپ ئەبوو بە کەروێشک، کەروێشکیش
ڕایئەکرد بۆ باوەش شاژن و شاژنیش
قریوەی لێئەدا!
بەم جۆرە سەری تۆ تۆپێکی شووشە بوو
تا ساڵێک لەنێوان هەڵدان و گرتنەوەی شمشێردا
هات و چوو.
تا ڕۆژێک لە مارتا و لە بەردەم پاشادا
تۆپ کەوتە خوارەوە و تۆپ شکا و تۆپ ورد بوو، بوو بە خۆڵ.
خۆڵیشیان هەر بە خۆت، بە لەشی بێ سەرت، گسک دا.
شمشێریش پێکەنی و چووەوە کیفەکەی!
تۆ ئیستە بێ سەریت، لەنێوان گەڵاڵە و خانەدا. بەهاری بێ سەریت.
داربەڕووی بێ سەریت. بازێکی بێ سەریت. فڕینت کوێر بووە.
ئەسپێکی بێ سەریت، کوڕژنت وێڵ بووە و سمکۆڵان لە
خوێنتا ئەکەیت و بە چاوی برینت ئەبینی و بەو چاوە
ئەگریت و بەو چاوەیش تەرمی خۆت ئەبینیت.
تۆ ئیستە هەڵگوردی بێ سەریت.
دیرۆکی بێ سەریت. تۆ سەرت دوێنێشەو بە جێبی
ئاریان هەڵات و مارەییی خوێنەکەی وەرگرتی و هەڵات و
لە بەفری سنووردا جێیهێشتی. تۆ سەری ڕاکردووت
پێی وتی: من ئیتر سەرت نیم. من سەری بێدەنگیم
من سەری پایانم. من ئیتر سەرت نیم. هەڕە تۆ ئازادیت
لە فەزای خوێنیندا چۆن بفڕی. هەڕە تۆ، تۆ ئیستە
سەربەستی و دڵنیای چۆن بمری!
ئەو ڕۆژانە من خاچێکی بێ سەر بووم و
بە چواردەوری خوێنی خۆمدا خولم ئەخوارد.
کەڵەشێرێکی شیعر بووم، سەروپۆپنەی شیعرەکانم
تووڕدرا بووە سەر مەرزەکە و سەگگەلی ساواک
ئەیخواردم. لەملایشەوە منی بێ سەر هەڵئەبەزیم،
دائەبەزیم. ئەشمردم و نەیشئەمردم. هەر
لەسەر مەرز من خوێنی خۆم بە با ئەدا.
با ئەیبرد و بە لای ڕاستدا دیوارێکی ناو سابڵاخ و
بە لای چەپدا دیوارێکی ناو هەولێری پێ سواغ ئەدا.
من خوێنی خۆم بە با ئەدا. با ئەیبرد و بە لای
ڕاستدا چادرێک و بە لای چەپدا چادرێکی پێ هەڵئەدا.
چادرەکان کەوڵی خۆم بوون. کەوڵی خاک بوون.
کەوڵی بەهار و نەورۆز بوون. کەوڵی کەرکووک و سنە بوون.
ئەو ڕۆژانە هەرزانیی بوو. من چەکەکەم لەگەڵ
دەسما، هەرسێکیانم بە یەکەوە ئەدا بە
یەک نان و کەباب، کەس نەیئەکڕین.
ئەو ڕۆژانە هەرزانیی بوو، شاخ ئەفرۆشرا،
شاخی ڕەسەن بە بیست تمەن. زێ ئەفرۆشرا،
زێی کەحێلە بە دە دینار. ئەو ڕۆژانە
هەرزانیی بوو، دەیان کۆنە ڕەشەبای هێز و
بەتالیۆن، دەیان پیاوی دوو زەردێنەی
ئەملا و ئەولا لە نەغەدە و سلێمانی،
لەسەر شۆستە دانرابوون. لەسەر شۆستە
ڕیز کرابوون، تۆڵەکە بوون بە خۆڕایی.
ئەو ڕۆژانە من وەکوو خۆم هەرچیم ئەدی
هەر بێ سەر بوون. من ئەگەڕام بۆ یەکێک و
سەری هەبێ، کەسم نەدی. هەندێ ویستیان
قوڕەسووری ئەو بەهارە بشێلنەوە،
سەر دروست کەن بۆ خۆیان و نوێ ببنەوە،
هاتن و چوون گەورەی بێ سەر ڕێی لێ گرتن.
تۆ خاچێکی بێ سەر بوویت و شانشکاو و
مەچەک شکاو گەڕایتەوە بەردەم مشار.
تۆ بێشەیەک بوویت لە دەست و لە تفەنگ و
ئەژنۆی شکاو. هەموو شەوێ وەکوو هەرەم
لە بەردەمی دوو فیرعەونی جل سپیدا هەڵئەچنرای.
هەموو شەوێ لە TVدا مەرگێکی نوێی
خۆتت ئەدی. بەرانبەر سەلکی بڕدراوی
شاخەکانت و بەرانبەر سەلکی بڕدراوی
خەونەکانت دائەنیشتی. خۆتت ئەدی:
پەنجەیەکت چۆن دەستێکت ئەکا بە پەنگ.
خۆتت ئەدی: قاچێکت چۆن هەموو بەژنت
ئەکا بە پەنگ. خۆتت ئەدی ئەبووی
بە تارماییی عار و خۆتت ئەدی کە خۆت
ئەخۆی. خۆتت ئەدی لەمبەرەوە وەکوو
مشکی ڕشانەوەیت. خۆتت ئەدی لەو
بەرەوە ڕاپۆرتێکی دارقەنارەییت. چیات
ئەدی پشتێنی خۆی لەملدایە و دیل کراوە و
هەردوو دەستی هەڵبڕیوە بۆ سەرەوە.
چیت نەئەدی! کێوت ئەدی بەو زلییە
ملپان ملپان هاتۆتەوە و لەناو مەیدانی
شارێکدا دانیشتووە و پێڵاوی دارخورمایەکی
خەڵکی عۆجە بۆیاخ ئەکا. داربەڕووی گەورەت
ئەبینی، ملپان ملپان هاتۆتەوە و
لە چیمەنی یانەیەکدا بە فیکەفیکی جرجێکی
خەڵکی «تکریت» سەما ئەکا و قنگ بائەدا.
چیت نەئەدی! تۆ خاچێکی بێ سەر بوویت و
بە دوو باڵی بێ پەڕەوە، لە گێژەڵووکەی
هەرەسدا ئەخولایتەوە. کۆستێک بوویت و
بینت ئەگرت. ئەبووی بە گریانی ئاو و
ئەبووی بە ژانی ئەم خاکە بێوەژنە و لەوسەر
لە مەرزی خانەوە هەتاکوو «دووز» تەپاوتلی
مێژوویەکی سەربڕاو بوویت. هەموو شەوێ
ئەتلایتەوە و ئەتلایتەوە!
تۆ ئیستە بەردەوام ئێوارەی سەرخۆشی و
لە بادەی نوشوستیی ئەنۆشیی.
پێش کورسی و پێش پەرداخ تۆ لەسەر مێزەکەیت!
چی ئەکەیت؟! کە وەختێ شاخ لە جێی خۆیەوە
کەم ئەکا و کەم ئەکا و تا ئەبێ بە بزنێ و ڕائەکا.
چی ئەکەیت؟! لووتکە خۆی بە پێی خۆی بچێتە
دۆڵەوە و سەری خۆی بە ڕەژوو داپۆشێ.
بەرەو دوا ئاو بڕوا و
باهۆزیش سەری خۆی هەڵبگرێ.
ئەتەوێ تۆ چۆن بی؟!
بە پانی و درێژی هەزاران فرسەخی چوارگۆشەی بەردودار
هەزاران فرسەخی ئێسقانی ڕۆژگارم
لاسکێ نەبینی بە بەرزیی دوو ملیم
بڵێ من: ئەی عەشقی ڕاونراو، ئەوێرم
حەرفێکت حەشار بەم گەر هاتی؟!
ئەتەوێ تۆ چۆن بی؟!
کە فرمێسک قەدەغەی هاتوچۆی لەسەر بێ و
بڕوات و بچێتە سەر ڕوومەت، بکوژرێ!
کە ستران قەدەغەی هاتوچۆی لەسەر بێ و
ڕێگاکەی درێژ بێ و بە بوولێڵ بگاتە ناو قژی
یارەکەت، بکوژرێ!
کە شیعرێ کۆتری نانەوای گەڕەک بێ و کازیوە
هەڵبسێ و لە دەرگای ماڵ دەرچوو، بکوژرێ!
کە کۆترێ پۆستەچی هەتاو و سێبەر بێ، ئێوارە
هەر تۆزێ درەنگ بوو، نەگەیشتە ماڵەوە، لە ڕێگە بکوژرێ!
ئەتەوێ تۆ چۆن بی؟!
تۆ بادەی نوشوستیی ئەنۆشیی و
بەردەوام خەمێکی سەرخۆشی!
سەرخۆش بە! بۆ ئەوەی سەری خۆت لە شوورەی
مسین و ژەندرمەی ئەم عەقڵە و لە سنوور قوتار کەی!
سەرخۆش بە! بۆ ئەوەی سەری خۆت بدەیتە دەست
خەون و لە خەونا ئەتوانی چارۆگەی خەیاڵی بێسنوور هەڵبدەی!
سەرخۆش بە! وەکوو مانگ سەرخۆش بە ئەو کاتەی
بۆ مەرگی ئاسۆیەک، ئێواران خوێناوی ئاوابوون ئەنۆشێ.
سەرخۆش بە! چون زەریا سەرخۆش بە ئەو کاتەی
بۆ مەرگی «مانگ»ێکی ئێواران خوێناوی ئاوابوون ئەنۆشێ!
سەرخۆش بە! وەک دووکەڵ سەرخۆش بە ئەو کاتەی
خواروخێچ ئەڕوات و بۆ مەرگی باخێکی ئێواران
خوێناوی ئاوابوون ئەنۆشێ.
سەرخۆش بە! وەکوو هەق سەرخۆش بە ئەو کاتەی
بۆ مەرگی وەجدێکی ئێوارەی مەولانەی، ئێواران
خوێناوی ئاوابوون ئەنۆشێ.
سەرخۆش بە! وەکوو ئەرز سەرخۆش بە
ئەو کاتەی بۆ مەرگی وەرزێکی خول ئەخوا
بە دەوری ئاگردا و خوێناوی ئاوابوون ئەنۆشێ.
کە ئەچیتە ناو قووڵایی و بن بادەوە، سەیر ئەکەی
ئەم دنیایە و سیاسەت و ماسیی بۆگەن وەکوو یەکن.
کە ئەچیتە ناو قووڵایی و بن بادەوە.. سەیر ئەکەی
قاچاخخانە و قومارخانە و هۆڵی UN وەکوو یەکن.
کە ئەچیتە ناو گەرداوەکەی مەیەوە و سەیری ئەکەی
کوردستان و کاولستان و دۆزەخستان وەکوو یەکن.
کە خۆت ئەدەی بە دەم لێشاوی بادەوە و سەیری ئەکەی
خۆت و گەمیەیەکی وێڵ و مێژوویەکی سەر ئاوکەوتوو
وەکوو یەکن.