٥

لە کتێبی:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 23 خولەک  1300 بینین
«چەند نیگارێکی نوێی حوزەیرانی ١٩٦٣ کە لەسەر جەستەی قوربانییەکانی زەعیم سدیق هەڵکەندراون»
=یەکەم:
دەشتێک هەمووی ڕووتەنی بوو
تەنها لە یەک شوێندا نەبێ
کە تۆپەگوڵ تۆپەگوڵی گەورە گەورە
دایپۆشیبوو.
کەس نەیزانی نەهێنیی ئەم پارچە عەردە و
تۆپەگوڵی گەورە چییە، هەتاکوو چوون
عەردیان هەڵکەند
ئەوسا ئیتر ئاشکرا بوو
کە چەند عاشقێکی فتبۆڵ
لە ژێرەوە لە پاڵ ڕەگی تۆپەگوڵدا
ڕاکشابوون!
دووەم:
ئازادیی سکاڵای خۆی هەیە
قوربانیی سکاڵای خۆی هەیە
چیایش هەر سکاڵای خۆی هەیە
گۆڕستانی مۆمەکانیش سکاڵای خۆیان هەر هەیە
هەموویشیان گەر بیانەوێ
سکاڵایان شۆخوشەنگ بێ
سکاڵایان ڕازاوە بێ،
بە چرای وشەی سەوز و سوور
ڕوو ئەکەنە تاقە کەسێ
سکاڵایان بۆ بنووسێ:
عەرزوحاڵچییەکەی بەر سەرا
ئەو پەخشانەی
کە بە پێوە وەکوو فوارە
شەهید کرا!
سێهەم:
حەوشەی ماڵەکانی ئێمە
جگە لە چیمەن بۆ قسە و نانخواردن و
دانیشتن و پاڵکەوتن و لەدایکبوون و
نووستن و شووکردن و ژنهێنانیش و ...
حەوشەی ماڵمان
زەعیم سدیق، جەنەراڵی هاوینی مەرگ
بۆ یەکەم جار، یەکەم کەس بوو
بۆیشی کردین
بە قەبرستان!
چوارەم:
مامۆستایان و حوزەیران
وەکوو ڕووبار و سەرچاوەن
دەنگیان یەکە و لەشیان یەکە
مامۆستایان لەم یادەدا
پۆلێ باڵندەی وشەن و
حوزەیرانیش تەختەی ڕەشە!
حوزەیران بە گەرمای مەراق و بە قرچەی ئەو هەموو
کۆستانە، ئارامتی وەکوو پۆڕی ناو گڕە پڕووکان.
تۆ ئیستە وەک تەلی دڕکاویی چواردەوری زیندانت
داخ بوویت و بە وێنەی خەرمانی سووتاوی مێژووت و
بە وێنەی بازنەی ئاگری ئەو پووشوپەڵاشەی شەوانە
لە کەژدا ئەڕۆن و ئەسووتێن کەوتوویتە هەڵقرچان.
حوزەیران جەستەتی هاویشتە ناو گەرووی کڵپەوە
سەرت بوو بە سەری شاپڵیتە و
دەستت بوو بە جۆگەی پەنگر و
ملیشت بە گڕدان!
حوزەیران بەهارتی خڵتانی دڕک کرد
«ئەو دڕکە نیشانەی ڕسکانی گوڵت بوو»
حوزەیران تۆی دایە بەر تیغی وەیشوومە
«ئەو تیغە هەتوانی زامت بوو»
حوزەیران چەند شەتڵ و چەند تۆوی گریانی
لە سنگتا شاردەوە.
«ئەو شەتڵ و تۆوانە کۆگەرای ژانت بوون»
حوزەیران پاڵێکی پێوەنای بۆ کەند و هەڵدێرێ
«ئەو کەند و هەڵدێرە لووتکە بوون بەرەو ژوور»
جەنەراڵ سدیقی هاوینی مردنیش
چەند پەتی بۆ ملی هۆنراوەت هەڵخست و
چەند چاڵی لە پشتی وشەتا هەڵکەند و
چەند کونی کردە ناو دیواری سەرتەوە
پەتەکان، پلیکەی سروود بوون بەرەو ژوور.
چاڵەکان، دێراوی ڕستە بوون بۆ چیرۆک بۆ دواڕۆژ.
کونەکان، پەنجەرەی سەهۆڵی کۆنگرەی ئەوینی
خەڵکیی بوون
حوزەیران، بە قفڵی قەدەغەی هاتوچۆ
چۆنیەتی خوڵقانی کلیلی فێرکردی.
حوزەیران، بە دۆزەخ ئاماژەی بەهەشتی بۆ کردی.
حوزەیران، بە سووتان سەوزایی لە گیاندا هەڵکردی.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ ئەو کاتژمێری خوێنەی
هەموو سەری سەعاتێکی سووتان لێ ئەدەیت و
زەمینێکیت بیست و چوار سەعاتیش جارێک
بە دەوری مردنی خۆتدا خول ئەخۆیت و
کە ڕووناک ئەبی تەندووری و
کە تاریک ئەبی خەڵووزی و
تۆ ئەو وەرزی پێنجەمینەی
لە ڕۆژژمێری ئەم دنیا بێدڵەدا
ناوت نییە و ڕەنگت نییە و دەنگت نییە.
تۆ هەر بۆ خۆت و لەلای خۆت
هەر برینێکت زارێکە و
هەموو ئەندامێکی جەستەت گوێچکە و چاوە
ساڵ ئەڕوات و کۆست ئەڕوات و
وەک کوردستان قەرەوێڵەی کۆلێرا بێ
دوور لە دنیا و لە سووچێکدا
پەڕ کراوە!
ئەتپرسی و لە خۆتت ئەپرسی:
تۆ ئیتر ئەتوانی لەنێوان بێدەنگیی بەفرێکی نووستوودا و
لەنێوان زایەڵەی ئەو هەموو خوێنەدا باوێشکی شیعرێ بی و
بەرامبەر ئاوێنەی دیوارێک دانیشی؟!
تۆ ئیتر ئەتوانی لەنێوان سێدارە و لەنێوان گەردنی
دایکتدا ئاخێکی گرمۆڵەی ناو گۆشەی گریان بی و
دانیشی؟! تۆ ئیتر ئەتوانی
لەنێوان دەوەنی بە قاسپە و
بارووتی ساچمەی کێواندا و
شەمشەمەی ئەشکەوتی کوێران بی و دانیشی؟!
ئەتپرسی، لە خۆتت ئەپرسی:
ئەتوانی قاچی خۆت کڵۆم کەیت؟!
ئەتوانی، خۆت ئەگریت ببیتە سنووقی تەنەکەی
ژوورەکە و ئاسمانێک لەسەر خۆت دابخەیت؟!
ئەتوانی، خۆت ئەگریت خۆت بکەیت بە بوخچە و
هەناسە و خۆزگەت و ڕوانینت
پێکەوە گرێ دەیت؟!
ئەتوانی وەکوو «لاسکەس» باڵ بگری
بۆ گوڵی «عوممان» و،
وەک عەشقی سیامەندکەس ڕابکەیت بۆ سەرشاخ؟!
ئەو شاخەی دراوسێی دێرینەی مەراقتە و
بەرانبەر ماڵتانە و
وا ئیستە هەموو ڕۆژ لەوێوە ئازادی
ئاوێنە ئەگرێتە ڕوخسارت و
بەو شەوقە
چاوانت پڕ ئەکا لە باران؟!
ئەتپرسی و لە خۆتت ئەپرسی:
ئەتوانی؟! ئەتوانی؟! ئەتوانی؟!
دیسانەوە ئێوارەیەک،
ئێوارەیەک کە هەر ئەتوت تاوسێکی زۆر غەمگینە و
خەریکە مل ئەخاتە ژێر پەڕوباڵی گەواڵە هەوری خۆرنشین.
ئێوارەیەک کە لە پلووسکی زەردەوە دڵۆپ دڵۆپ
ماچاوی خۆر ئەتکایە ناو زاری بوولێڵی دەربەند و
قژی پڕی شەوێکی تر خەریک ئەبوو ئەهاتە سەر
دەموچاوی شاری نالی و گۆیژەی دایک و دایئەپۆشین.
ئێوارەیەک کە تاریکیی بە پڕتاو هات
پێنجڕێیانی بەردەم سەرا
وەکوو بووبێ بە دەسکەوان وەکوو ترسیان تیا کوتابێ
پڕ بە کەپووی شەقامەکان
پڕ بە لووتی کۆڵانەکان
بۆنی ترس و بیمی تیژ و بۆنی بۆکڕووزی چۆڵی و
بۆنی پەنای مردارەوەبووی تاریکیی شارەوانی و
بۆنی قەدەغەی هاتوچۆی وەک بارووتی
لێوە ئەهات.
ئەو ئێوارەیە تۆ وتت:
لە ئیستەوە من ناتوانم لەنێوانی
خوێنی ژاڵەی حوزەیران و تەوری ژەنەراڵی مەرگا
ڕۆنیشم و لە ئیستەوە من ناتوانم ببم بە شیعری
کەسیرەی ناو بێدەنگی و
لەسەر داری قەنارەی خۆم هەڵبنیشم!
ئەو ئێوارەیە تۆ وتت:
بە سرکەیییەکەی دایکت وت
بە دووکەڵێکی گۆیژەت وت
بە ملوانکەکەی یارت وت
بە دیوانەکەی باوکت وت
بە ماری گینگڵی شیعر و بە خاچت وت
ئەوا ڕۆیشتم!
ئەوە شاخە؛ لەم دەراڵی بەردانەدا دۆڵپای داستان
پێ ئەگرێت و ئەفسانە چاوی ئەپشکوێ و مێژوو دەست بە
باهۆزەوە ئەگرێ و ئەڕوا. لەم دەراڵی بەفرانەدا
هەزاران ساڵ ڕەقهەڵاتوون. تەماشاکە: بوون بە زنجیرە
پەیکەری ناو پێشانگای بەردەمی خوا. ئەوە شاخە و
شەدەی سەری هەور نییە و بێشە نییە و نە وردەبەرد چنیویەتی و نە پەلکەگیا. ئەوە شەدەی خوێنی
سەری میدییەکانە کە لە دڵی ئاسیاوە وەک جۆگەلەی
گریانی زیو داگەڕان و لەم هەرێمەدا لایاندا.
ئەوە شاخە و تەلیسمی چاوی ئەشکەوت و قاقای
پێکەنینی عەزیا. ئەوە شاخە و لانکەی کاردۆخ
بە لووتکەوە هەڵواسراوە و خواوەندی «با» ڕایئەژەنێ
شاخ و قۆچی کەڵەکێویش لە بڵنداییی ڕەوەزدا بوون بە هێما.
ئەو شاخە و سیحری بەردە و سامی چاوقایمی چیا.
تۆ هاتوویتە ناو هەوێنی ئەوینەوە، لەگەڵ ڕەگدا
ڕۆئەچیت و لەگەڵ چڵدا ئەشنێیتەوە
تۆ هاتوویتە ناو گلێنەی سەرچاوەوە،
لەگەڵ ئاودا کۆچ ئەکەیت و لەناو خاکدا ئەتوێیتەوە.
تۆ چوویتەتە ناو هیواوە
وەکوو گزنگ تۆو ئەکرێیت و
وەکوو سەمەلیش ئەڕوێیتەوە
تۆ ئیستە ئەوەندەی کە باران ئازادە، ئازادی.
تۆ ئیستە ئەوەندەی کە کەوێڵ بێترسە، ناترسی.
تۆ ئیستە ئەوەندەی کە گوڵی ناو ئەشکەوت دڵشادە، دڵشادی.
تۆ لێرە ئەتوانی لە خەونی پێدەشتدا ئاسک بی،
ئەو کاتەی کە بەسەر جۆگەلەی گوڵاو و بەفراودا باز ئەدەن.
تۆ لێرە ئەتوانی لە خەونی خەرەندا شاهۆ بی،
ئەو کاتەی لەسەر باڵ گۆرانی و حیکایەت هەڵئەگرن.
تۆ لێرە ئەتوانی لە خەونی ڕێگادا تەتەر بی
ئەو کاتەی کە نامەی نان و گوڵ ئەبەن و ئەهێنن.
تۆ لێرە ئەتوانی لە خەونی گەلیدا ئەسپ بی
ئەو کاتەی کە زەنگی کوڕژنی هەڵگەڕان لێئەدەن
تۆ لێرە ئەتوانی لە خەونی زماندا شیعر بی
ئەو کاتەی کە بەرەو تەلبەند و سێدارەی شارەکان هەڵئەفڕن.
تۆ لێرە ئەتوانی لە خەونی وڵاتدا قامک بی بۆ سەنگەر
ئەو کاتەی سەربەستی و نیشتمان
بە ڕێزەی یاقووتی باریوی
ئاسک و زارۆک و هۆنراوە
تەتەر و شاهۆ و ئەسپ و دار
سوورهەڵدێن.
تۆ خاچێکی ڕیشهاتوویت و
قۆناغ قۆناغ
گەیشتوویتە «مامەڕووتە»
شەوەکی لەگەڵ ئەستێرە و پڕمەی وڵاخی سەرپلە و
خوڕەی ئاو و دەنگی سیسرک و حەپەی سەگەل و
بریسکەی چاوی مێگەل و ترووسکەی ئاگری جگەرە و
خشەخشی پێی درەخت و بە ڕۆژ لەگەڵ
تاشەبەرد و مێرگ و پردی لەقی تەختەبەند و
دەواری شڕی ڕەوەند و هۆبەهۆی ناو
کێڵگەکان و لەگەڵ شیعرا گەیشتیتە مامەڕووتە.
تۆ خاچێکی ڕیشهاتوویت و
قۆناغ قۆناغ گەیشتوویتە مامەڕووتە.
شەکەت شەکەت، کەنەفت کەنەفت
ئەڵێی دەوەنی سەر و قژ خۆڵاویت و قاچی وڵاخێ
شێلاوتی. چڵکن و گێژ، تەواو وەکوو، قازی کز و
قوڕاویی ناو کۆڵانانی زستانی دێ
گەیشتوویتە مامەڕووتە.
مامەڕووتە و ئەم دنیایە ڕەنگە جیاوازیی تەمەنیان
چەند مانگێ بێ. تۆیش تەمەنت بیست و چوار
بزماری ساڵە و بە لاشیپانی جەستەدا داکوتراون.
گەیشتوویتە مامەڕووتە و
ئیستە لەسەر ئەژنۆی بەردی ئەو وەستاوی و
هەورێکی ڕەنگ خۆڵەمێشی شەدەی سەرتە و
ڕەز پشتێنتە و
ئازادیی خۆی، بە تازەیی، هەڵئەمژیی.
تۆ ئیستاکە لە ئەشکەوتی «سەردێمان»دا
لەسەر ئەم یاڵە قژڕووتاوەیە و لەسەر
ئەم گردە کەوش لە پێیە
مەراقی شیرینیی شاخ و
مەراقی مێخۆشیی خەوت و
مەراقی ترشی هەژاری و
جەستەی شەقبووی سەرچڵی یادگارێکی
دوور ئەنووسی!
ئەم ئەشکەوتە دەمی داپچڕاوی بەردە لە وەختی هاوارکردندا.
ئەم ئەشکەوتە کونەخەیاڵی سروشتە
لە وەختی شەو ڕامکردندا.
لە وەختی بەفر نووسین و لە وەختی خەڵوەت گرتندا.
ئەم ئەشکەوتە شوێنی خۆشاردنەوەی تیشکە
ئەو کاتانەی سەربازەکانی شەوەزەنگ ڕاویئەنێن.
ئەم ئەشکەوتە جێی کۆبوونەوەی نەهێنیی باڵدارانە
ئەو کاتانەی ئەیانەوێ باسی داو و باسی تیر و
چۆنیەتی زاڵبوونی باڵیان بکەن بەسەر دێوجامەی
مردندا. ئەم ئەشکەوتە تەختی خواوەندی
تەنیایی و بێکەسیشە، ئەو کاتەی جگە لە فرمێسک
جگە لە تاجی نامۆیی کەس بە دەوریەوە نامێنێ.
ئەم ئەشکەوتە منداڵدانی شەوگاریشە
ئەو وەختانەی بەوری ڕەش و ورچی سپی و
توولەماری ڕێگەی ئەبێ!
ئەم ئەشکەوتە برینێکی ساڕێژنەبووی زەمانیشە
من گوێم لێیە کە بەردەوام ئازار گۆرانی تیا ئەڵێ.
ئەم ئەشکەوتە هەتا ئیستەیش دەنگدانەوەی حیلەی
ئەسپ و سوارەکانی «گەزنەفۆنکەس»ی تیا ئەبیسترێ.
بە دیوارە تەڕەکانیا قومقومۆکەی گیانی پاشایەکی کوژراو
یان پەلکەگیای عەشقی کچێکی لێرە سەربڕدراو
هەڵئەگەڕێن. لە دیوارە تەڕەکانیا هەتا ئیستەیش
فرمێسکی ئاوارە ئەڕوێن.
ئەم ئەشکەوتە ئۆکۆردیۆنی بەر سینگی مامەڕووتەیشە
هەموو شەوێ دوای نووستنی ئێمە و درەخت، دوای نووستنی
ئێمە و قەڵەم، دوای نووستنی ئێمە و ڕادیوێ
بە پەنجەکانی هەردوو دەستت، دەست بە دوگمەی
ڕەش و سپی سەری ئێمە و بەرددا ئەنێ.
هەر بە بەر سنگی خۆیەوە ئەم ئەشکەوتی ئۆکۆردیۆنە
دێنێ و دەبا لەگەڵیا خۆی ڕائەژەنێ. چەناگەی
پێوە مت ئەکات. هەرچی ئاوازی ناو گەلی و
دارستان و چۆمەکانە ئەم لێی ئەدات.
هەرچی فرمێسکی حەیرانە ئەم لێی ئەدات.
هەرچی کازیوەی لاوکە ئەم ئەیژەنێ.
مامەڕووتە ئەم ئەشکەوتی ئۆکۆردیۆنە
لەگەڵ سنگ و هەناسەیدا دێنێ و دەبا
پەنجە بە دوگمەی دڵۆپ و دوگمەی تەرزە و
دوگمەی کلووە بەفرا ئەنێ و
باران بارانە لێ ئەدا و
بەفر باری و
کۆچی سیامەند لێ ئەدا و
ئاخەکانی خەجکەس و پەریکەس و
خەزاڵکەس پێکەوە لێ ئەدا و
چلوورەی کاوان ئەژەنێ!
پەنجە بە دوگمە و بە گۆپکەی
داری مێو و
دارقەزوان و
سەرو و سنەوبەردا ئەنێ و
سەوزەڵەخانم لێ ئەدا و
گوڵ ئەژەنێ!
پەنجە بە دوگمەی وەریوی
گەڵاڕێزانیشدا ئەنێ و
منی ماڵوێران لێئەدا و
پاییزی قژزەرد لێئەدا و
تەم ئەژەنێ!
پەنجە بە دوگمەی ئەسرین و
پەنجە بە دوگمەی کۆترەکەی
ئاخرشەوی ماڵئاوایی و
ئاخر ماچی
ڕۆحدا دێنێ و
«مەرا ببووس» لێ ئەدات و
زام ئەژەنێ!
تۆ لێرە مەراقت قەقنەسە ئالوودەی مەراقی
خەڵکییە، هەڵئەفڕی. کزیت و ئەچیتە
سەر دەستی لاوازی برسێتی. کڕیت و ئەچیتە
سەر شانی ڕەنگ زەردی و لاملت هەڵئەسووی
لە ملی ناسۆر و خەفەتیان. تۆ دەنووک لە
گۆنەی خۆڵاوییی منداڵیان ئەگریت و تۆ چینە
لە پێستی سووتاوی لەشیاندا ئەکەیت و گوێ
ئەگری لە پینەی شەرواڵ و گوێ ئەگری
لە نووزە و کڕووزەی پێخەفی شڕۆڵە و پێڵاوی
دڕاویان. هەموو جار میوانە ئاخێکی ناکام و
بێهودەی. هەموو جار حەز ئەکەی، خۆزگەتە
تۆ ببی بە گەنم و بە نیسک و ماشەڕەش بۆ
ئەوان. خۆزگەتە تۆ ببی بە کەللەشەکر و
بە چایی و بە ڕۆن و بە نوقڵ و بە دەرمان
بۆ ئەوان. حەز ئەکەیت، خۆزگەتە، تۆ ببی
بە تۆپی قوماش و بە یاریی منداڵان بۆ ئەوان.
تۆ نابی. تۆ نابی و ئەوساکە هەنسکی
قەڵەمی و شیعرێکی ناسکی و دەست ئەکەیت بە گریان.
هەموو ڕۆژ تۆ ئەڕۆی هەر ئەڕۆی تا ئەگەی
بە پەریی باڵداری داستانێ. ئەچیتە پێشەوە. چرپەیەک
بە گوێیدا ئەکەیت و ماچێکی ڕوومەتی ئەکەیت و
دوو شیعریش ئەبەستی بە پەڕوباڵیەوە هەتاکوو
بیانبا یەکەمیان بۆ دایکت و دووەمیان بۆ کچێ
کە ڕەنگی چاوانی خواستووە لە ئاسمان.
درەنگان دێیتەوە ژوورەکەی ئەشکەوتی سەردێمان،
ئەچیتە ژێر پەتووی شەوێکی کڕەوە و پاش تۆزێ
ئەنوویت و لە خەوتا تۆیش ئەبی بە کوڕی نێو داستان.
«چەند تابلۆیەکی هەڵواسراو بە دیوارەکانی ئەشکەوتی سەردێماندا»
=یەکەم:
ئێمە لێرە لە هەناوی ئەم شاخەدا
لەم کلۆرە بەردینەدا
بۆ ئەو پیاوانە ئەنووسین
کە پاشەڕۆژ ناچار ئەکەن بێت و
کە مردنیش ناچار ئەکەن هەڵبێت.
بۆ ئەو پیاوانە ئەنووسین ڕەنگی شەفەقیان گرتووە و
بۆنی ئازادییان لێ دێ.
بۆ ئەو پیاوانە ئەنووسین
کە میوانداریی خۆر ئەکەن
لە زۆزک و لە هەندرین.
دووەم:
چوارگۆشەیەکی هاوڕێی ناو ئەشکەوت بووین
هەموو جارێ سەرمان ئەنا
بە بازنەی ئەشکەوتەوە
تا شەویش خەوی لێ ئەکەوت
لەبەر ئاگری ڕازی یەکدا دائەنیشتین.
بەیانییەک «عوسمانکەس»یان برد
عوسمان وەکوو مووروویەکی چاوشین
وەکوو شیعرێکی سەرباڵ شین
لە ڕنۆ بەفری دیلمان و هۆمەران و گەڵاڵەدا
ونیان کرد و نەهاتەوە
نەهاتەوە و نەهاتەوە و نەهاتەوە!
سێگۆشەیەکی هاوڕێی ناو ئەشکەوت بووین
سەرمان ئەنا بە بازنەی ئەشکەوتەوە
تەم هات و ڕۆیی
خەم هات و ڕۆیی
خوێن هات و ڕۆیی
ساڵ هات و ڕۆیی
«دڵشادکەس» بە دەستی برسێتی و شووشەی بادە
زامدارکراو لە دووکەڵی جگەرەدا خنکا.
«عەبدولخالقکەس» لە هەولێرشوێنا
بە شمشێری «سەعد» کوژرا!
چوارگۆشە هەڵوەشایەوە
سێگۆشە هەڵوەشایەوە
دەوری بازنەش بەردرا و
وا ئیستاکەیش وەک ئەبینن من هەر خۆمم
هەر لایەکی چوارگۆشەکەم
هەر یەک هێڵی ئەم کۆستانەم
هەر یەک دەستی ئەم زامانەم
من نازانم چ ڕۆژێکیش
لە شەممەوە هەتا شەممە
چ سەعاتێک لە بیست و چوار سەعاتەکە
ونم ئەکەن وەکوو مووروو
ئەمفڕێنن وەک چۆلەکە
من نازانم مەی ئەمکوژێ؟ ئاوارەیی؟!
یاخود دووکەڵی جگەرە؟!
من نازانم کام شمشێریش
شمشێری عومەرکەس، زولفقار؟!
شمشێری سەعد، یان قەعقاع؟!
کامیان دێت و سەرم ئەبڕێ!
هەرکامێکیان دێن دەبا بێن
خۆ من ئەم شیعرەم تەواو کرد
خۆ من ئەم شیعرەم خوێندەوە!!
سێهەم:
لە ئەشکەوتی سەردێماندا و
لەسەر داوای مامەڕووتە
من ئەم تابلۆیەم دروست کرد:
زەمینەکەی: پووشی زەردی کاولاشێکی قڵیش قڵیش.
لەولایشەوە درەختێکی پەلوپۆ ڕووت
مەلێک ئێسکی بە دەرەوە
کەچی بەردەوام ئەخوێنێ
ئاخ هەژاری!
ئاسمانێکی خۆڵەمێشی و دوو فڕۆکەی لەش تاریک و
لە ناوەندا پەڵەیەکی سوور وەک یاقووت
کە بەردەوام ئەجریوێنێ
ئاخ نیشتمان!
لە ڕاستەوە قەڵبەزەیەک
بەسەر بەردێکدا باز ئەدا و
مامزێک لێی ئەخواتەوە
منداڵێکیش تیشک ئەچێنێ
وای لە ئەوین!
لە چەپەوە دوو شاخ شەڕەقۆچ ئەکەن و
قۆچەکانیان لەناو سکی یەکتردایە و
خوێنیش بووە بە تاڤگە و
دیواری بەردیش خەریکە هەرەس دێنێ
ئاخ شەڕی خۆم لەگەڵ خۆمدا
ئاخ شەڕی شاخ و شاخ و شاخ
شاخ.
ئاخ!
چوارەم:
لە ئەشکەوتی سەردێماندا
پیاوێک باوکی سی و پێنج کوڕ بوو
ئەم باوکە سەری لە کۆتر و
بەژنی لە دارزەیتوون ئەچوو
ئەم پیاوە کوڕی خابوور و
برا بچووکی شەماڵ و
لە هۆزی گوڵ و ڕێحان بوو.
مامەڕووتە و
هەر سی و پێنج کوڕی ناو ئەشکەوت
بە قەد ئارد و بە قەد ئاو و
بە قەد هەتاو خۆشیان ئەویست
ڕۆژێ بەغدا هەر لە بەغدا
مینێکی باڵداری نارد و
دارزەیتوونی تەقاندەوە
دارزەیتوون بوو بە چوار پارچەی ناو ئاسمان و
بە چوار باڵی دەم ڕەشەبا
کەرتێ فڕیی بۆ مەهاباد
کە نیشتەوە بوو بە لانکە بۆ منداڵێ.
کەرتێ فڕیی بۆ عاموودا
کە نیشتەوە بوو بە پردێ بۆ چیرۆکێ.
کەرتێ فڕیی بۆ ناو دەرسیم
کە نیشتەوە بوو بە کورسی بۆ هەڵبەستێ.
کەرتێ فڕیی بۆ ناو کەرکووکشوێن
کە نیشتەوە بوو بە سەبەتەیەک بۆ نان
لە دواییشدا
کۆترێکی سوور هەڵفڕی و، وا یووسفی
گەڕایەوە بۆ ئەشکەوتەکەی «سەردێمان»!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ سەفەری وەنەوشەییی ئێوارانی وەختێ کە شاخ
وەکوو دایکت بەجێدێڵی.
تۆ سەفەری ئەرخەوانیی بەیانییانی وەختێ گریانی ژوورەکەت
وەکوو پەنجەرەی باران و
خەونی تەڕت لە ئەشکەوتی سەردێماندا بەجێدێڵی.
تۆ سەفەری بەفرانبار و وەرزی دابڕانی عەشقی
وەختێ جێژوانی شیعر و هەزار هەزار گچکە ئاوێنەی یادگار
لەسەر بەفری نوا باریو
وەک جێپێی وردی چۆلەکە و جێپێی وشە
لە سنگی مامەڕووتەدا بەجێدێڵی.
گەڕایتەوە، دوای هەڵفڕینی کۆپتەری پڕ لە ماچ و
پڕ لە تەوقە و پڕ لە بەڵێنی سەوز و سوور گەڕایتەوە.
ئەمە وچانی بەردە یان فێڵی ئاگر؟!
ئەمە حەسانەوەی بەفری هەڵگوردە یان
خۆ کۆکردنەوەی بیابان؟!
ئەمە گێژبوونی شاخە دوای سووڕانەوەی
بە دەوری ئەم جیهانەدا یان
ڕاچڵەکینێکی تری خوێنە دژی مردن؟!
ئەمە گەڕانەوەی بایە بۆ ناو ئەشکەوت؟!
یان خۆمەڵاسدانی خۆرە جارێکی تر؟!
ئەمە ساویلکەییی ئاوە لە لادانیا بۆ گرتنی؟!
یان قەڵەمبازی هاژەیە بەرەو مەودای زێیەکی تر؟!
هەموو جارێ ئەم بازانە تەماشایان لم ئەیخوات و
لەناو لمدا باڵیان ئەشکێ و لەناو لمی نامۆییدا
ئەبێ بمرن! هەموو جارێک ئەم بازانە بۆ ئاسمانێک،
چەند ئاسمانێک لەسەر خۆیان دائەخەن و بۆ جۆگەیەک
دڵی دەریاچە ئەشکێنن! هەموو جارێ بە تۆڕی
لم شاخ ئەگیرێ و دیسانەوە ئەچینەوە ناو تۆڕی لم.
گەڕایتەوە، وەکوو مۆمێکی کوژاوە، بە دوای خۆتدا
دەزووی دووکەڵت ڕاکێشا. گەڕایتەوە وەکوو
خوێنێکی کوژاوە بە دوای خۆتدا دەزوولەی خوێنت ڕاکێشا.
بە ناو پردان و گەڵاڵە و پردی زەرد و ناوگەلیدا
تێپەڕیت و بە دوای خۆتدا لاشەی خۆتت ڕائەکێشا.
بە دوای خۆتدا مووی ڕووتاوەی سەری کەژ و ڕەزەکانت
ڕائەکێشا. وەختێ گەیشتیتە ماڵێ تۆ گڵۆڵەیەکی
گەورە بووی لە دەزووی دووکەڵ و خوێن و لە تاڵە
قژی کێوان و خاچێکی ژانگرتوو بووی وەکوو عیسا.
تۆ ئیستە لای دیجلەی!
گەر دیجلە وەفای بۆ سەرچاوەی خۆی هەبێ
ئەبێ تۆی خۆش بوێ!
تۆ ئیستە لای دیجلەی لە ژووری برۆنزیی شەپۆلیا وەستاوی و
لە درزی ئاوەوە تەماشای نەهێنیی قوڵایی و
جیهانی شاردراوەی خوا ئەکەی!
تەماشای داڵانی گژوگیا و
هەیوانی گوڵان و
تەماشای تابووتی درێژی قوڕ ئەکەی!
تۆ ئیستە نەورەسی
تۆ خولیای سپیت و ئێواران لە زەردەی مەراقدا
هەڵئەفڕی و دەنووکی وشەت و بەرسنگی ڕستەت و
گەردنی خەیاڵت لەم مێژووە شینەدا نوقم ئەکەی.
تۆ ئیستە لای دیجلەی:
گەر دیجلە وەفای بۆ سەرچاوەی خۆی هەبێ
ئەبێ تۆی خۆش بوێ.
ئەو ئیستە قامووسی ئاوێکی بەرینە و تۆیش ماسیی
شیعرێکی ناو ئەوی. ئەو ئیستە واگۆنی درێژی
بارانە و تۆیش نمەی نەفەر و ئاخێکی سەفەری
ناو ئەوی. ئەو لەناو چاوانی هۆزگەلی
بەفرەکەی تۆوەیە هەڵئەقوڵێ و تۆیش نەوەی
ئەو بەفرە و چڵێکی ئاوبردووی هۆزگەلی.
ئەی دیجلە!
ئەی باسکی شلی خوا و ئەی قیژەی تەڕی خاک!
ئەی حیلەی تەقیوی سەرچاوەی شاخەکان!
ئەی هاژەی ئەبەدی لە گوێچکەی گەردووندا
مەگەر تۆ بیزانی، مەگەر تۆ بیژمێری لەوێوە
چەند وەرزی خنکاوم و چەند هیوای چاوشینی
خنکاوم بە قۆناغ لەگەڵتا هاتوونە ئەم خوارە.
مەگەر تۆ بیزانی، مەگەر تۆ بیژمێری، چەند عەشقی
خنکاوم و شۆڕشی خنکاوم و دڵداری خنکاوم
لەبنتا نوستوون و گەیونە ئەم شارە.
تۆ بڕۆ و ئەم هەموو لاشانەم
هەر بە شان هەڵگرە و بیانخە ناو گیانی زەریاوە
تا زەریاش بۆنێکی زایەڵەی من بگرێ.
تۆ بڕۆ و ئەم هەموو گوڵانەم لە چاودا هەڵگرە و
بیانخە ناو دڵی زەریاوە
تا زەریایش ڕەنگێکی ناکامیی من بگرێ
تۆ بڕۆ و ئەم هەموو کۆستانەم
بۆ زەریا بژمێرە
تا زەریا توولانیی نامۆییم بناسێ و
سبەینێ سکاڵای بە خوێنی ئەستێرە نووسراوم
هەر لە تۆ وەربگرێ!
ئەی دیجلەی هەڵقوڵی و لە تەختی تەوێڵما!
تۆ کچی بەفرمی و تۆ خوڕەی ناو سەرمی و
کەچی تۆیش هەر وەکوو باڵندەی زمانم
لە زۆر شوێن قەدەغەی لابدەیت!
سڵاوێ بکەیت و قەدەغەی بگەیتە
دووراییی تینوێتیم!
قەدەغەی دەستێکی تەڕی خۆت درێژ کەیت
بۆ دەمەقڵێشی ناو دەستم و
قەدەغەی ماچت کەن: دەشتی کوێر
گڵی کوێر، کێڵگەی کوێر
وەک ماچی قەدەغەی
نێوانی ئازادی و وڵاتم!
بەغدا! کەللەی سەری: هێشووە خورما و
بەژنی: منارەیەکی مسینی مێژووی کۆنە و
قاچەکانی کوورەی خشت و لەناو دیجلەدا دایناوە!
لەنێوانی سەرسامبوونی چاوی من و ئاپارتمانی کۆنکرێتی و
کۆگای سەوز و سووری زۆر و ئەسپی برۆنزیی پەیکەر و
گۆڕەپانی بە ئاپوورەی خەڵک و گوڵدا: هەزار خولیای
کۆن و تازە بەسەر پردی هەردوو بەری سەر دیجلەدا
دێن و دەچن. هەوری ڕەنگاڵەی سەرسامبوون
دامئەپۆشێ. من ئیستاکە لە کەوێکی ونبوو ئەچم
کەوێکی گێژ: بزر لەناو پانتۆڵی ڕەشی شەقام و
کەمەربەندی گۆڕەپاندا و ناچمەوە سەر ناونیشانم.
بە دەوری تەپکەی پرسیاردا هەر خول ئەخۆم
من کەوێکم خۆم هاتوومە بەر شەوارەی
ئەم پایتەختە. بەڵام بە شوێن دانەوێڵە و
ئاودا هاتووم. ئەگەڕێم و هێشتا پەڵە
خوێنی شوبات بەرامبەرم ئەجریوێنێ!
شوێنەواری زریکەکانی (ساحەی کەشافە) ڕەش ئەچنەوە.
هێشتا لوورەی شەمەندەفەری مردنیش هەر دێتە گوێ.
چەندین جادە بە کراسی ئاودامانی سووریانەوە
بەرەو ڕووم دێن. بە سەریاندا ئەپەڕمەوە،
من خاچەکەم بۆنی ئەشکەوتی سووتاوی لێ دێ و
ئەوان بۆنی ڕۆژنامەی سووتاو و بۆنی نووسینگەی
سووتاو و بۆنی ژووری مەرگیان لێ دێ.
ئەگەڕێم و جادەی «ڕەشید» جۆلانەمە
هەموو ڕۆژێ هەزار جارم دێنێ و دەبا.
لەنێوانی موتەنەبی و ڕەسافیدا
من وشەیەکی برسیم و من شیعرێکی بێکارم و
من گیرفانی چۆڵی قوڵفەم. خەونی کلیلێکی ونبووم
کتێبی کەوتووی سەر شۆستەم. وا ئیستاکە
من «شێت»ەکەی «جوبران»م و لە خۆمەوە
پێئەکەنم و بە خەڵکیدا هەڵئەڕوانم.
لائەدەم و ئەچمە زاری شۆڕیجەوە:
گەرووی بازاڕ وەک پاروویەکی زۆر بچووک
بە ئاسانی قووتم ئەدا:
فەیلییەکان و شاخی پشتیان ئەبینم و پووزی
بەردیان. فەیلییەکان و زەنگوڵ زەنگوڵی
ئارەقەی شین و مۆری سەر تەوێڵی کێڵگەی ڕەنجیان.
ئەم فەیلییانە: جۆگەی ماسوولکەی بازاڕن.
شەپۆلی مەچەک و دەستن.
کەمەریان کەمەری خۆرە و
ڕانیان ڕانی داربەڕووە و
قاچیان قاچی گەلیەکانی ئەردەڵانە و
سەریان سەری کەڵەکێوی و
ئازارن و بەختیارن!
ئەم فەیلییانە بە بنەچە لە بازۆکانی میدیان
لە ڕەگەکانی ئاگرن.
ئەم فەیلییانە کوڕی ئاوارەی ڕەشەبای ڕۆژهەڵاتن و
لووڕی برووسکە و باران و
لووڕی هەورن!
ئەم فەیلییانە نائومێدی بە لەپی دەست ئەشکێننەوە
ماندوێتی ئەکەن بە گوریس
لە دژواریی شەتەک ئەدەن
زەلیلیی پێ ئەبەستنەوە!
ئەم فەیلییانە ئەو پەنجانەن
لە کۆنەوە جومگەکانی جەستەی بەغدایان بەستووە.
ئەم فەیلییانە ئەو شانانەن لە کۆنەوە
ئاسن و کۆست، خانوو و پرد و، شەوی قورسی
ئەم شارەیان هەڵگرتووە.
ئەم فەیلییانە چەمی هێزن و
ئەڕژێنە جەستەمەوە!
لائەدەیت، ئەم جارە ئەچیتە شەوەوە
لە دەمی پەرداخی بادەوە ئەچیتە شەوەوە.
شەو لێرە: ژنێکی سەرخۆشە و مەیخانە ماڵێتی و
هەتاکوو بەیانی ئەستێرەی سەرخۆشە!
درێژە کەناری ئەم ئاوە خومارە
وەک ڕۆخی خەیاڵی نەواس خۆی.
ڕەنگینە ئەم جادەی بادەیە
وەک دەستی بە جام و قەسیدەی چاومەستی
«نەواس» خۆی!
ئەچیتە شەوەوە، ئەچیتە ماڵی مەی، ئەچیتە لای
«عەشتار» گۆشەیەک وەک گۆشەی چاوانی،
وەک گۆشەی پرسیاری سەرسامیی ئەگریت و ئەوساکە
بە خۆت و بە شەو و بە مەیدا ڕۆ ئەچی. ڕۆ ئەچی و
ڕۆ ئەچی. هەتاکوو ئەگەیتە سەر بنجی تەنیایی و
سەر ڕەگی نامۆیی و ئەچیتە سەر باڵی سیمرخی
سەرخۆشی. سەرەتا هیچ ناڵێی، گوێ ئەگری:
گوێ ئەگری لە ڕووبار ئەو کاتەی کە ئاوی شمشێر و ڕم ئەدەن.
گوێ ئەگری لە گوڵان ئەو کاتەی کە ئەبن بە ژەهر.
گوێ ئەگری لە گەڵا ئەو کاتەی کە ئەبێ بە گوێچکەی مەرگەوەڕ.
گوێ ئەگری لە مانگ و ئەستێرە ئەو کاتەی کە ئەبنە دەلیلی پیاکوژان.
گوێ ئەگری لە مێژوو ئەو کاتەی کە درۆ ئەژمێرێ.
گوێ ئەگری لە شەیتان ئەو کاتەی نوێژ ئەکا.
گوێ ئەگری لە شیعر ئەو کاتەی کە ئەبێ بە لێبووک.
گوێ ئەگری لە ناخت ئەو کاتەی ئەترسێ و ڕا ئەکا.
تۆ ئیستە بێشەیەک لە خاچی پرسیاری.
تۆ ئیستە باڵندەی وڵاتی پرسیاری.
دوورترین ئەستێرە دائەگری و ئەیخەیتە سەر مێزی بەردەمت.
تۆ بۆ هەیت؟!
ئەچیتە زەریاوە پرسیاری لێ ئەکەی
تۆیش ئەمری؟!
وەک مەرگ تارماییی پیاوێ بێ و لاتەوە وەستابێ
پێی ئەڵێی: بۆ بمرم؟!
وەک زەمان تارماییی ژنێ بێ و بە تیژی بە لاتا تێپەڕێ
ئەپرسی: لەبەرچی ناوەستی؟!
گیانی خۆت ئەخەیتە پەرداخی بادەوە و
پرسیاری لێ ئەکەی: لەبەرچی جەستەی خۆت جێدێڵی؟!
ئەپرسی و ئەپرسی و ئەپرسی...
تا ئەبی بە شارە مێروولەی پرسیار و ئەورووژێی،
بە ڕێچکە ئەدەیتە سەری خۆت. ئەدەیتە ڕووبار و
ئەدەیتە ئاسمان و ئەدەیتە عەشتار و ئەدەیتە
بەغداد و ئەدەیتە گشت دنیا و، ئەو کاتەی هەڵئەسی:
هەست ئەکەیت سەرت لای ئاسمانە و
دەستت لای ڕووبارە و
قاچت لای درەختە و
چاوت لای عەشتارە و
دەمت لای نامۆیی و
ئەم جارە ئەنوویت و ناپرسی!