٤

لە کتێبی:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 21 خولەک  924 بینین
سووچێکی چاییخانە وەک سووچی مەراقی سێگۆشەی
خۆت وا بوو. حەوزێک و فوارەیەک. فوارەکە
تۆپێکی بچکۆلەی باغەیی هەڵئەدا و نەئەکەوت.
تۆ فوارەی یان تۆپی سەر ئەوی؟ ئەتپرسی،
لە خۆتت ئەپرسی: کامیانی؟ تۆ بۆ خۆت
هەر ئاوی؟! یان ئاوی بۆ خەڵکی؟! تۆ گریان،
گریانی شیعرتە بە تەنیا یان گریەی تەلانی
چیایشە ئەو وەختەی کە ئەبێ بە سێڵاو؟
تۆ مەراق مەراقی شیعرتە بە تەنیا؟
یان کسپەی گەڵایشە، ئەو وەختەی
پێش وەرین [با] ئەیبا؟! ئەتپرسی:
ئەم چاوە هەر چاوی شاعیرە،
یان چاوی نانیشە؟! ئەم دەستە هەر
دەستی شاعیرە، یان دەستی شەقامیش؟!
ئەم زەردە هەر زەردیی خۆراوای ناو شیعرە؟!
هەر زەردیی گوڵانە یان زەردیی هەژاریش؟!
سووچێکی چاییخانە، وەکوو سووچی خەیاڵی شەوانەی
خۆت وا بوو. یەکەم جار لەوێدا تۆ چرپەی
سیاسیی دووقۆڵیت پژایە گوێچکەوە. تۆ لەوێ
یەکەم جار: ڕۆژنامەی نەهێنی و بەیانی نەهێنی و
یەکەم جار هەر لەوێ تۆ وێنەی تاڤگەی زیندانی و
زنجیری دەست و پێی ئاسۆگەی دیلت دی.
هەر لەوێیش یەکەم جار: سمێڵی ستالین یەک دوو جار
بە چەپدا بایدایت و چرووتی چەرچڵیش دووکەڵی
ڕژاندە چاوتەوە و هەر لەوێیش: عەینەکی
ڕۆزفڵت و هەر لەوێیش، مالینکۆف، مۆلۆتۆف
کاسکێتی لینین و یەکەم جار هەر لەوێ تۆ
شیعری قوللەڕەش، ئازاری زنجیت دی!
خاچێک بووی زریانی بزمار و دڕکەزی بردیتی.
خاچێک بووی بەرەو خۆر هەندێ جار لەسەر سک ئەخشای.
خاچێک بووی بەرەو مەرگ هەندێ جار ئەفڕیت و
هەندێ جار بە کاوخۆ ئەڕۆیشتی.
ڕۆژێکیان مێژوویەک هاتە ناو شارەوە
تۆ پێشتر لەم چیای مێژووە و
لەم زەریای مێژووە و
لەم ئاگری مێژووەت نەدیبوو.
ئێوارە بوو پیرەمەگروونشوێن ملی زیاتر هەڵبڕیبوو
بۆ ڕێی کەرکووکشوێن
ئێوارە بوو هەر قەبرەکان مابوونەوە و
نەهاتبوون بۆ ڕێی کەرکووک.
ئێوارە بوو
لەگەڵ هەوایەکی شیندا تەرمی گۆمێ گەیشتەوە
بەردەمی شار، مێژوو هەستا.
لەگەڵ گریانێکی مۆردا تەرمی هەورێ گەیشتەوە
بەردەمی شار، برین باری.
لەگەڵ سووتانێکی سەوزا، تەرمی ڕەزێ گەیشتەوە
بەردەمی شار، ترس سووتا
لەگەڵ هاوارێکی زەرددا، تەرمی خۆرێ گەیشتەوە
بەردەمی شار، تیشک بەستی
لەگەڵ هەواڵێکی ڕەشدا، تەرمی ئەسپێ گەیشتەوە
بەردەمی شار، شاخ حیلاندی.
لەگەڵ ئاوێکی سپیدا، تەرمی شیعرێ گەیشتەوە
بەردەمی شار، ڕووبار فڕی
لەگەڵ گڕەیەکی سووردا، تەرمی داستان گەیشتەوە
بەردەمی شار، خەڵک و خوێن و شەو ڕاپەڕی!
تۆ ئەو شەوە خاچت سەوڵی ڕووناکی بوو
کەشتیت مێژوویەکی یاخی و
شەپۆلیشت جادەکانی ئەم شارە بوو.
تۆ ئەو شەوە هەر چاو بە چاو ژانی خاک و
زەویت بینی: کە چۆن بوومەلەرزەی ئەبوو.
تۆ ئەو شەوە سەعات «دە» بوو
هەر ڕووبەڕوو کە شەفەقی بەربەیانی خوێنینت بینی.
تۆ ئەو شەوە یەکەم جار بوو گوێت لە زەنگی داهاتوو بێ.
تۆ ئەو شەوە یەکەم جار بوو لە بەردەمتا مەرگ ببینی
کە چۆن ئەمرێ!
لە یەک شەودا، ڕیشی مەراقت سپی بوو
نە کاژاو بوویت و نە سوورکێو!
لە یەک شەودا، هەندێ گردی پێکەنینت
لەڕ بوون، بوون بە داسک و دەرزی
نە گردی جۆگە بوویت و نە سەیوان.
لە یەک شەودا نامۆییی تۆ و نەخشەی عێراق
بە پێوانەی فرسەخی خوێن
هەزاران شەو لە یەکتری دوور کەوتنەوە.
گشت وانەکانی مامۆستای «واجبات» و «جوغرافیا»
بوون بە کاڵەکی گەنیو و توێکڵەشووتی.
لە یەک شەودا زانیت هەموو ڕۆژەکانی ئەم وڵاتە
لە تۆڕی شەوی بەغدادا بەگیر هاتوون.
هەر ئەو شەوە ئاڵای عێراقت لە سەری خۆت داماڵی و
ڕێک کردت بە دوو کەرتەوە
پارچەیەکیت فڕێ دایە ناو زێرابی ماڵی قودسی و
ئەوی ترت وەکوو سدارەکەی پاشا
کرد بە سدارە بۆ سەری
گوێدرێژێکی مەڵکەندی!
ئەو شەوە شەو نەبوو، سەرم بوو هەڵگیرسا و پریشکی
هاوێشت و بێشەیەک لە ترس و تۆقینی
پێشینەی سووتاندم.
ئەو شەوە شەو نەبوو، گەردن و شانم بوو
چەخماخەی دایەوە و ڕێژنەی هەڵاڵە و
ڕەهێڵەی ئەستێرەی بە سەردا باراندم.
ئەو شەوە شەو نەبوو، هاواری کێوم بوو
تل بۆوە و جیهانی بێدەنگیی شێلام و
سنووری خەیاڵ و ڕوانینی بەزاندم!
«یادداشتەکانی ئەو شەوە لە چەند دڵۆپە خوێنێکدا»
یەکەم:
تابووتێکە و لە دوو مەتر کەمتر
کەچی مێژوویەک لەناویا ڕاکشاوە
لە ڕێی نێوان داریکەلی و سلەیمانی و
لە ئاوی سیروان درێژتر.
دووەم:
لەبەر دەروازەی سەرادا
بەهەشت و دۆزەخ تێکەڵن
جارێک خۆڵەمێشی خوایین و
جارێکی دی زەردەخەنەی پێغەمبەرین.
سێهەم:
وەک ئەو شەوە
هەموو جارێ عەرەبانچی و بێ بەرگ و نان
ئەم مێژووە ئەئاژوون و ئەبن بە بای
دەوری ئاگر
کەچی لەوسەر کە گالیسکەی
بەرگ و نان و کە گالیسکەی
خۆشییانی سەربەرەوخوار
پەیدا ئەبێ،
نە ئەو نانێکی ئەگاتێ و
نە بۆ ئەمیان شەرواڵێک و
نە بۆ عەرەبانچیش جێیەک
هەتا سوار بێ!
چوارەم:
لە شەوی شیعرێکیان پرسیم:
ناونیشانت؟
ئەویش وتی:
ناونیشانی کوێت بدەمێ!
من ماڵەکەم وا بە کۆڵی ڕێوبانەوە
گەر ویستت بمدۆزیتەوە
ئەبێ پرسیار لە با بکەی من لە کوێم و
ئەبێ بە نامۆیی بڵێی
من چوومەتە ناو کلۆری کام ژانەوە!
پێنجەم:
ئەو شەوە مانگەشەو
پێشانگەی ئەوینی شارێکی لە خۆیدا کردووە
سەد تابلۆی شەقامی ڕەنگینی
بە خۆیدا هەڵواسی
ئەو شەوە بە خوێنی ژنێکی بەر سەرا و
بە پەنجەی تریفە
مارەییی ئازادی لە بەردەم
گۆیژەدا مۆر کرا!
تۆ گۆیژەیت و لەسەر ترۆپکی بەسەرهات
ڕاوەستاوی و ئەڕوانیتە ئەم زەمانە.
دەمێ هەڵمی و دەمێ تنۆک و دەمێکیش
گڕە و پشکۆ.
تۆ خاچیت و لەسەر گۆیژە ڕاوەستاوی و
ئەڕوانیتە ئەم زامانە.
دەمێ گوڵی و دەمێ سووتوو، دەمێکی دی
خوێنی ئاسۆ.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ شیعرێکی پەپکەخواردووی
ناو تەنیایی و
تۆ قوتابیی مەراقیت و
تۆ کڵۆیەک تەباشیری سکاڵایت و
تۆ تەختە ئاخی خولخواردووی بەردەوامی
ناو گێژاوی!
شەقام بێشکەی درێژکۆلەی شەوانی هاوینانت بوو،
گەورەیش بوویت و ڕایئەژەنیت.
هەتا درەنگ لەسەر کورسیی چاییخانەیەک مەراقت وەک
قەلەڕەشکەی پەڕەوازە هەڵئەکورما.
تۆ دوا خەیاڵی درەختی شەوانە بووی
سەعات بەردی تێ ئەگرتی و هەڵنەئەسای.
تۆ ئەو دەمە کەوتبوویتە ئاوی شینی دوو چاوەوە.
تۆ گەڵای مێو بوویت و ئاوی شینیش هەر ئەیبردی.
ئەم سەرچاوەی ئاوی شینە
هەر لە لای کەشتیی نووحەوە هەڵئەقوڵا و
گشت ڕۆژێکیش تۆ لەگەڵیا بە کەناردا هەر دووراودوور
دوای ئەکەوتی.
تۆ ئەتزانی ئەم ئاوە قەت بوار نادا و
ئەم ئاوە قەت بۆ تۆ نابێ و
ئەم ئاوە قەت لەسەر شیعرت ڕاناوەستێ و
تۆ ئەتزانی لەناو ئەم سیحرە شینەدا
بەخت گەرداوە.
تۆ ئەتزانی نەک خاچی تۆ، بەڵکوو دەیان
ماسیگرەی عاشقی ئاو لەو دوو چاوەدا خنکاوە.
تۆ ئەم گێژاوە ڕایکێشای تا بە دەوری
نەهێنیدا بخولێیتەوە،
تۆ ئەم ئەوینە مەحاڵە بەهرەی
قوڵایی پێ بەخشیت،
تا گژوگیا و ڕەنگ و دەنگ و
گەرای عەشقی هەڵنەهاتووی
لە بندا بخوێنیتەوە.
تۆ ئەم شەپۆلە شینانە کە بردیانی بۆ ئەوە بوو
لەناو ئەوینە تەنکاودا نەخنکێیت و
ببی بە شەهیدی زەریا!
شەقام بێشکەی درێژکۆلەی شەوانی هاوینانت بوو،
تۆ دوا خەیاڵی درەختی شەوانە بووی.
سەعات بەردی تێ ئەگرتی و هەڵنەئەسای.
کە هەڵئەسای وشەیەکی سەرشکاو بووی.
کە هەڵئەسای مەراقێکی ئاڵۆزکاو بووی.
لە گڵۆڵە دەزووی تەڕ و شێواو ئەچووی،
خۆت سەری خۆت لێ ون ئەبوو
لە شوێنێکدا، لە دوو شوێندا، لە دە شوێندا خۆت ئەپچڕان.
ئەبووی بە چەند کەرتێکەوە، هەر کەرتێکت بایەک ئەیبرد
هەر کەرتێکت شەپۆلێک و هەر بەشێکت تەمێک ئەیبرد.
ئەویان دەستەکانی دایکت
ئەویان عەشقێکی مەحاڵ و
ئەوی تریان گیرفانێکی پڕ لە فرمێسک!
کە هەڵئەسای جادە ئەنووست. بەسەر جادەی نووستووەوە
تاکوتەرا، وەک چەند زارێکی هەڵدراو، یەک و یەک،
دوو و یەک، هیچ و یەک، هەر تۆ و بایەکی عەجوول و
یەک دوو شێتی ئێسکسووک و دوا سەرخۆشی پاڵ
دیواری قاچ مانگرتووی شار ئەبینرا:
چاوم لێیە:
ڕەشەبایەکی سەرخۆش هات
مەلا سمایل، پیری مەی، دەنگی بادە، دەنگی ڕۆستەم،
دەنگی زۆراب، هەر وەکوو قاپێ شەرابی
سووری سەرمۆر لە دوای یەک دوو جارێ لەقین
لەبەر دەروازەی سەرادا ڕێک ئەوەستێ
دەستی چەپ لەبەر پشتێندا و، دەستی ڕاستیش بۆ هەڕەشە
لە ئاسمان و حکوومەت و بازرگانی شار هەڵئەبڕێ!
ڕووبارێکە لە شیعر و پەند، سێڵاوێکە لە هەجووی تیژ
هەر سەرئەکات و هەڵئەچێ!
لە پڕێکدا ئەبێ بە زووخاوێکی مەنگ
شەپۆلەکانی دائەچێ!.
ئەم هەورە لەگەڵ شەرابدا شێلراوە و لە ئاگری
نێو داستاندا سوور بۆتەوە و بووە بە نانێکی سووتاو.
ئەمە جیهانێکی تێکەڵە لە فیردەوسیکەس و لە حافزکەس و
فایەق بێکەسکەس، لە خەیامکەس و مەلای گەورە.
ئەم تێکەڵە
لە نێڵەنێڵی ئاگر و لە خوڕەی ئاو
ئەدوێ و ئەدوێ و مشتەکۆڵە ئەدا لە هەور
جبەی ئەشراف و مێزەری مەلا و شێخ و
وشکەسۆفی بەرانبەر خوا هەڵئەبڕێت و
شیڕ، شیڕ شیڕ شیڕ، دایانئەدڕێ!
شەق لە تاجی ئینگلتەرە هەڵئەدات و هەر گڤەی دێ.
جنێو ئەدا بە عەمباری شاراوەی ئارد و برنج و
ئەدوێ و ئەڕوا و ئەڕوا و ئەدوێ و هەر گڤەی دێ.
تاکوو لە پێچی چوخمێکدا بزر ئەبێ
ئەو بەردەوام شیعری خەیام ئەڕێژێتە سەر شەقام و
ناو کۆڵان و شار بۆنی ڕەزی چوارینەی
باوەگەورەی بادە ئەگرێ:
«ئەڵێن کە دۆزەخ مەخسووس بۆ مەستە
بەم واتە واتە قەت دڵ مەبەستە
گەر عاشق و مەست بچنە جەهەننەم
بەهەشت چۆڵ و هۆڵ وەک بەری دەستە».
ئەو بەرەو ژوور، مەراقی سەر هەورازێ بوو
تارماییی سەرخۆشی ژێر چوخمێ،
کە ون ئەبوو، ئەڕۆیشتەوە.
منیش خاچێکی بابردووی بەرەوخوار بووم
لەگەڵ مانگەشەوێکی نەخۆش و گژەبایەکی دەنگگڕ و
خەیاڵێکی تۆزاویدا،
بەرەو نسێی ماڵی مەکتەب ئەبوومەوە.
«بروسکەیەک کە لە تیسکەی تفەنگ و هەورەتریشقە و لە مردن بە پەلەترە»
نە شیعرە و نە پەخشانەشیعرە و لە قسەی منداڵیش ساکارترە:
بۆ بەڕێزان:
عومەر خەیامکەس، ئەبوو نەواسکەس، فایەق بێکەسکەس، گۆرانکەس، سەیابکەس، حەمدیکەس، هەژارکەس، هێمنکەس، سەلامکەس، حسێن مەردانکەس، شێخ نووری شێخ ساڵحکەس، دڵدارکەس، جەلادەت بەدرخانکەس، ڕەفیق حیلمیکەس، سادق هیدایەتکەس، فرووغ فەروغزادکەس، محەڕڕەم محەممەد ئەمینکەس، مالک حەدادکەس، سەلاح عەبدولسەبوورکەس، عەلی مەردانکەس، تایەر تۆفیقکەس، حەسەن زیرەککەس، نازدارکەس و ئەسمەر فەرهادکەس، هەروەها مەلا سمایلکەس و هاوڕێکانی:
ئێمە کە لە خوارەوە ناومان نووسراوە و ئیمزامان کردووە و خۆمان بە دۆستی نزیک و دڵسۆزی ئێوە ئەزانین، تکاتان لێ ئەکەین، تکا، جارێ هەر لە شوێنی خۆتان بن و نەکەن بگەڕێنەوە. چونکە ئەگەر بێت و بگەڕێنەوە، ئەوا چەند ساڵێکە لەم وڵاتانەدا شمشێرێکی ڕیشدار پەیدابووە و لە هەتاو نایخاتە سێبەر. ملی یەکە بە یەکەتان ئەپەڕێنێ. ئەویش لەبەر ئەو شیعر و چیرۆک و باسانەی نووسیوتانە، لەسەر ئەو قسانەی کردووتانە. لەسەر ئەو خەیاڵانەی لە سەرتاندا بووە. لەسەر ئەو خواردنەوانەی خواردووتانەتەوە. لەسەر ئەو گۆرانییانەی وتووتانە. لەسەر ئەو سەمایانەی کردووتانە. بۆ ژنەکانیش لەسەر ئەو جلانەی لەبەریان کردووە. لەسەر ئەو ئارایشتانەی کە کردوویانە. تکاتان لێ ئەکەین هەر لە شوێنی خۆتان بن و نەگەڕێنەوە. هەروەها تکایە ئێوەیش لەلای خۆتانەوە هەموو ئەو ژن و پیاوە زانا و ئەدیب و مێژوونووس و سیاسی و هونەرمەند و سەرخۆش و سەماکەر و خاوەن مەیخانە و خەیاتیی ژنان و فاڵگرەوە و دەستگرەوانەی کە لە کیشوەرەکەی ئێوەدان، ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە. تا ئاگادارتان ئەکەینەوە.
بەشێک لە ناوی ئیمزاکەران.
د. حسەین مروەکەس، د. مێهدی عاملکەس، د. عەبدولڕەحمان قاسملووکەس، د. شەرەفکەندیکەس، سەعید سوڵتانپوورکەس، سەعیدی سیرجانیکەس، حەسەن قزڵجیکەس، عەبدولخالق مەعرووفکەس، زهدیکەس، عومەر تۆفیقکەس، مەلا مەجیدکەس، مەلا عەبدولڕەحمانکەس، مەحموود خاکیکەس لەگەڵ سەدان ژن و پیاوی ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و هونەرمەند و زانای ئێرانی و جەزائیری و میسری و پاکستانی کە لەبەر درێژبوونەوەی برووسکەکە ناوەکانیانمان نەنووسی.
وێنەیەکی بۆ:
- عەرشی پەروەردگار.
-هەموو مزگەوتەکان و کڵێسەکانی دنیا.
- موفتی و پاپا.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ نەفرەتێکی پیرۆزی و
تۆ گوناهێکی پاکژی و
تۆ بەهەشتێکی گڕدار و
تۆ وشکانیی ناو ساڵاوی!
بەیانییان تۆ خۆزگەی تەڕیت و ئەچیتە دەرەوە.
تۆ مێرگی گەڕیدە و گوڵزاری دەستگێڕی، باوەشت
پڕ ئەکەی لە گزنگ. خەیاڵت پڕ ئەکەی لە ئاونگ
چاوانت پڕ ئەکەی لە نامەی ڕەنگاوڕەنگ،
هەتاوی دوای باران ئەخەیتە سەر شانت و بە دەستیش
پریاسکەی هەورێکی پڕ باران هەڵئەگری. ئەمانە
هەر هەمووی ئەیانبەی بۆ کچێ و کچ بێباک
بە لاتا ئەڕوات و نە خەمت بۆن ئەکا و نە خۆزگەی
تەڕی تۆ ئەبینێ و نە گوێیشی لە ڕازی وەریوتە.
هەست ئەکەیت سەرابی. هەست ئەکەیت گۆرانیی
تەماویت، هەست ئەکەیت بێ ڕەنگ و بێ بۆن و
بێ دەنگی. خۆزگەی تەڕ ئەبێتە زەردەپووش
ئەوساکە باوەشت پڕ ئەبێ لە وردە ئاوازی شکاوی
شمشاڵ و لە خۆڵی شیعرێکی ڕووخاو و لە گەردی
خەماویی خۆڵەمێش.
لا ئەدەیت. تۆ پەنا ئەبەیتە بەر کتێب. بەر سایەی
دیوان و ئەچیتە ژێر باڵی گۆڤار و ڕۆژنامە و ئەبیتە
ڕێبواری وڵاتی ناو چیرۆک. «گەلاوێژ» تا ئیستەیش
تەلانی هەر سەوزە و سەرگۆنەی لاپەڕەی پڕ لە خوێن.
«ڕۆژی نوێ» قژی خۆی ئەکاتە کەپرێک و هۆنراوەی
ئەبێتە باوەشێن. تۆ ئەڕۆیت. تۆ سەرت
ئەدەیتە دەست خێڵی ڕووناکی و تۆ سەرت
ئەخەیتە سەر پشتی هەزاران ئەسپەشێی ناو دیرۆک.
هەڵئەسی هەست ئەکەیت وەک لقی دارسێوی هاوینان
بە بەری چڕوپڕ، قورس بوویت. هەست ئەکەیت جۆگەی نوێ و
شاخی نوێ و مەلی نوێت بینیوە و لە دوێنێ
بەرزتر هەڵئەفڕیت. دێیتەوە سووچەکەی
چاییخانەت. ئەبینی کۆڕ گەرمە بە قسە و
بە بۆنی تێکەڵی دووکەڵی جگەرە و دووکەڵی سیاسەت.
لە ڕۆژژمێری ئەیلوولدا، ئێوارەیەک کە هێشتا خۆر
وەکو سینییەکی خڕی پرتەقاڵی بە کەناری خۆرنشیندا
هەڵواسرابوو. لە ڕۆژژمێری ئەیلوولدا ئێوارەیەک
کە هێشتا خۆر مابووی بازداتە خوارەوە
بۆ ناو شەو و لەسەر دواکەل بە ترسەوە
ڕاوەستابوو. ژیلەمۆیەکی دەنگوباس،
هێشتا گەرم ڕۆکرایە سەر جادەکان. بای
سرکەسرکی ناو خەڵکیش خەریکبوو ئەیگەشاندەوە.
ئەڵێن: دەرگای هەردوو دەربەند
بوون بە دەروازەی ئاگر و
لەسەر بەغدا داخراون.
ئەڵین: بەردەکانی دەربەند
یەکە یەکە بوون بە چاو و داگیرساون.
ئەڵێن: لە گەرووی دەربەندا
ئەمڕۆ مێژوویەک نێژراوە و
مێژوویەکی تازە زاوە.
ئەڵێن: لەو دەربەندانەوە
ڕۆژگاری نوێ هەڵئەقوڵێن
مرۆڤی نوێ
جۆگەلەی پشکۆ لە پشت و
کڵپە بەسەر دێنە دەرێ
ئەڵێن: لەم لا گرمەژنی
ئەسپەڕەش و چەپۆکانی و
ئەڵێن لەولایش چریکەی بازەکەی کفری
-ئیبراهیم بەگ- بە یەکەوە هاتوونەوە.
ئەڵێن: ئیستە لە هەردوو بەری دەربەندا
داستان سەنگەری لێداوە و
خوێن ئامادەی بازرەقەیە و
ئازادی وا لە کێوانە!
لەو ئێوارەی ئەیلوولەوە دۆڵی کپ مرد.
لەو ئێوارەی ئەیلوولەوە شیعری کپ مرد.
لەو ئێوارەی ئەیلوولەوە ئادەمیزادی کپیش مرد.
لەو ئێوارەی ئەیلوولەوە پەردە و کوللەی مانگەشەو و
سەرینی نەرمی تریفە و دەنگی ئاوریشمینی شنە و
کزە و پیاسەی بە کاوخۆی خەیاڵ و سەرکردنەسەر
ڕانی شینی گۆم و لەنجەولاری گۆزەی کانی و
وردەشەپۆلی شمشاڵ و ڕەزی نووستووی بێ دەربەست و
کڵاوکڵاوێنەی شاخ و بەردی هەڵمەقۆی شەوان و
زەردەخەنەی گوڵەکانی باخی گشتی و بۆنی دڵداری
ناو چیغ و فەنەری کۆلارەکان و سێوەلاسوورەی
نێو دەستی مێبازان و دیلانێی ئەستێرەکان و
خاڵخاڵۆکە و ماڵی خاڵ و هیلالی خەنەی ناو
دەست و تێشووی ڕاو و نازونووزی دەنگی
خۆش و یارەکەی من:
هەموو چوونە ناو کونەبای مێژوویەکی بێ بنەوە و نەهاتنەوە.
هەموو چوون بۆ کۆچی بیرچوونەوەی ئەو دیو خەون و نەهاتنەوە
هەموو کەوتنە ناو وڵاتی خۆڵەمێش و دووکەڵەوە،
هەموو بوون بە ژێر دەست و پێی گابەرد و کەندەڵانەوە،
هەموو لەناو شەوی خوێندا ون بوون.
چوونە تابووتی لمەوە و
لافاوی گوللە بردنی و
گڕ دایپۆشین.
ئەبێ لەناو ئەم تەندووری خوێنە شێتە و
لە بەردەمی ئەم گەرداوە چەمووشەدا، شیعر
چی بکات؟! ئەبێ وشە بچێ بۆ کوێ و
ببێ بە چی و کام هەرێمی بوومەلەرزە و
کام مەڵبەندی مەرگی تازە داڵدەی بدات؟!
ئەبێ شیعر ببێ بە چی؟
ئەبێ وشە بچێ بۆ کوێ؟
ئەگەر ئەبێ بە پەپوولە
هەر بە هاڵاوێ ئەسووتێ!
ئەگەر ئەبێ بە باخچەیەک
هەر دووکەڵ چاوی کوێر ئەکا.
ئەگەر ئەبێ بە کانییەک هەر بە تەقەیەک کەڕ ئەبێ.
ئەگەر ئەبێ بە بولبولێ
هەر بە گرمەیەک لاڵ ئەبێ
ئەم پرشنگە
ئەگەر ئەچێتە ژورەوە و
دەرگا لەسەر خۆی دائەخات
شەوێک ڕەنگی هەڵئەبزڕکێ و
دوور لە نیشتمانی ئاسۆ
لەسەر جێگایەکی شێدار
تەنیا ئەمرێ!
ئەم خەیاڵە
ئەگەر خۆی ئەکات بە خەڵوەت
بۆ ئاسمان و جریوەی دوور
ئەوسا تەنها خوا ئەیبیسێ و
خەڵک نایبیسێ.
ئەم سترانە
ئەگەر لێوی خۆی بدوورێ
لێوی قەڵبەزە و
شەپۆل و
دەمی دەریاچەیش ئەدوورێ!
ئەم ئازارە،
ئەگەر تێکەڵ بە گڵ نەبێ
گوڵەگەنم چۆن بزانێ ژانی ئەوە؟!
ئەم فڕینە
ئەگەر نەبێ بە تەتەری خۆشەویستی،
عەشق بە چیدا بزانێ
باڵی ئەوە؟!
ئەم ئاوە گەر
زەوی لە زمانی نەگا و
ڕەگ نەیەوێ و
دارستان گوێی لێ ڕانەگرێ و
بەرد بە هاژەی هەڵنەپەڕێ و
گژوگیا نەیخوێنێتەوە و
زیخ و چەو نەینووسێتەوە و
مێرگەکانیش ماچی نەکەن
بۆچی ببێ؟!
لە نێوانی شیعر و شیعر و، شیعر و شاخدا
لە نێوانی شیعر و شیعر و، شیعر و چاودا
من ئەو خاچەم
باڵێکم وا لەناو هەورا شەقژنێتی و
باڵەکەی دیم لەسەر زەمین کێوماڵ دەکا.
بە باڵێکما ئەستێرەیەک شۆڕ بۆتەوە و
بەوی ترما جەستەی گوندێ.
لە یەک وەختا من خەونیشم و بە ئاگا بوون.
لە یەک کاتا شەپۆلەکانی ڕووی ئاوم و
گێژاوی ناو قووڵاییشم.
من ڕوونبوونەوەی ناو زەریام.
ئاسانێکی دژوارم و
من نە شیعرم بۆ ژوورێک و
نە باڵندەم بۆ باخێک و
نە زمانی هێرۆگلیفیم بۆ تاقمێ و
نە زمانی تەنکاویشم!
وا ئێستاکەیش مەرگ ئابڵووقەی ئاوی داوە.
مەرگ ئابڵووقەی باخی داوە.
چەقۆ ئابڵووقەی گەرووم و
زیندان ئابڵووقەی فڕینم و
سەرباز گەمارۆی سەرنجم و
زنجیر ئابڵووقەی مێژووم و
قەنارە ئابڵووقەی ملم و
دەبابە ئابڵووقەی خەونی داوە و
فڕۆکەیش ئابڵووقەی مانگم!
وا ئێستاکەیش لەم تەمی خوێن و غوباری مردنەدا
لە سەرانسەری جەستەمدا،
لەمسەرەوە تا ئەوسەری، لە تەوێڵی خانییەوە
تا کەڵەموستی پێی نالی، لە برژانگی حەبیبەوە
تا ئەگاتە کاکۆڵی زین، نە سەوزەگیایەکی
چاوم و نە پەنجەیەکی دایکم و، نە لەنجەیەکی
بەفرم و نە تروسکاییی جۆگەیەک دیار نەماوە.
ڕێگا نەبوو،
من شیعرم کرد بە خڕکەبەردی سەنگەرێ
تا مردنێ بگێڕمەوە و مانگ نەکوژرێ.
ڕێگا نەبوو،
من شیعرم کرد بە خڕکەبەردی سەنگەرێ
کە لەوێوە ئازادیشم
تەقە لە مردن بکات و
سەری تاریکیی هەڵگرێ!
ڕێگا نەبوو،
ئەبوو ئیتر شیعر بکەم بە مەتارە و
شیعر بکەم بە وردەنانی گیرفان و
شیعر بکەم بە قومبەلەی بەر کەمەرێ.
ڕێگا نەبوو، لەوە زیاتر
هەر لە خام و جاوی شیعر دادڕم و
بیکەم بە کفنی گردۆڵکە و
هەر لە دار و تەختەی شیعر داتاشم و
بیکەم بە تابووت بۆ دەغڵ و
بۆ جەنگاوەر بە پەیکەرێ!
ڕێگەم نەبوو، لەوە زیاتر
بۆ هاودەنگی لەگەڵ تەنیاییی شەهیدا
شیعر بکەم بە یاوەرێ!
ڕێگە نەبوو، ئەبوو ئیتر
وشە بکەم بە قۆپچەی بەردینی پاڵتۆی
کێوەکان و وشە بکەم بە دەنووکی قاسپەی بەفر و
وشە بکەم بە بالیفی گمەی کۆتری بریندار و
وشە بکەم بە ژێی خوێناویی گیتارێ!
ڕێگا نەبوو، ئەبوو ئیتر
شیعر بەرمە ناو ژانەوە، هەتا ڕەنگی ناسۆر بگرێ.
شیعر بەرمە ناو گڕەوە، هەتا ڕەنگی سووتان بگرێ.
شیعر بەرمە ناو کۆچەوە، تا ڕەنگی ڕاگوێزان بگرێ.
شیعر بەرمە ناو خوێنەوە، تا ڕەنگی شەهیدان بگرێ.
ڕێگەم نەبوو لەوە زیاتر،
من خاچەکەم لەم دۆزەخە تازەیەدا بڕوێنمەوە
هەتا ئەویش ڕەنگی ئێوە و ڕەنگی مێژووی
پەڕاگەندە و ڕەنگی خاکی نامۆ بگرێ!
تۆ هەنووکە چاوت بووە بە بەستێنی گۆمی کوژراو
هەموو ڕۆژێ لەم کەنارە سامدارەوە
تۆ تارماییی ترسێکی پەلوپۆداری، خۆت ئەبینی،
سام ئەبینی، دەستی پەڕیوی شەپۆل و پەنجەی زنە و
کەفەژیلکەی دوا هەناسەی زێ ئەبینی.
بڵقی خوێنی خۆت ئەبینی.
هەموو ڕۆژێ لەم کەنارە سامدارەوە
وەکوو تیترواسکی غەمگین لە گوێ دەریاچەکەی «دووکان»
لەسەر کۆتەرەی یادگار هەڵئەنیشی و
جەستەی سەرئاوکەوتووی لادێ و
جەستەی جوانووی سوار نەدیو و
جەستەی کێڵگەکان ئەژمێری.
تۆ لێرەوە لەم بەستێنە ڕەشپۆشەوە
وەکوو ماسیگرەی عاشق لە گوێ گۆمی «دەربەندیخان»
هەموو ڕۆژێ بەرسنگی خۆت ئەدەی لە ئاوە سوورەکەی
ئەم دەڤەرە و یەکەیەکەیش سەری بڕراوی ماڵانی
ناو «سیار»ە و قامیشەڵانی بێنەوای گیانی نالی و
دەشتی شارەزوور ئەژمێری.
تۆ ئیستاکە لەبەر پرژەی «بافل»ەکەی چەمی ڕێزان
هەموو ڕۆژێ گوڵەهێرۆیەکی ئاڵی و بۆ ئاسمانێکی مسینی
پڕ فڕۆکە و پڕ ناپاڵم سەر هەڵئەبڕی.
تۆ ئیستاکە هەموو ڕۆژێ سەری تاج و نووکی نەجمە و
بزماری پۆستاڵەکانی ئەفسەرێکی شاری بەغدا
«زەعیم سدیق» وەکوو تەلبەندی حامییە و گوێزانی کول
بە ناو هەناوی دایکتا ڕەت ئەبن و شیعر و یار و و
منداڵیت و گوڵ سەرئەبڕن.
تۆ هەنووکە هەموو کاتێ، زریکەی شەو، زریکەی ڕۆژ،
وەکوو داوە دەزووی بەربووی سەر هەڵدێرێ،
لە دهۆکشوێنەوە بۆ کەرکووکشوێن بە پەنجەی کۆڵ ڕائەکێشی و
لە دەنگتەوە ئەیئاڵێنێ و لەگەڵ هەموو کسپەیەکدا
مێژوویەکی ئەتلێیتەوە و لەگەڵ هەموو گرمەیەکدا
گێژەڵووکەی بە چواردەوری نیشتماندا ئەخولێیتەوە و
لەگەڵ هەموو دڵۆپە خوێنێکدا تۆ خاچێکی جارێکی
تر لەناو بێدەنگیی دنیادا ئەڕوێیتەوە!
دیسانەوە ئێوارەیە و
ئەم جارەیان شەقام بە دەنگی بەرز ئەگریی.
دیسانەوە ئێوارەیە و
خۆر بە کەوڵێکی سوورەوە هاتۆتە بەردەمی سەرا.
پێنجڕێیانی بەردەم سەرا
پێنج قیژەن و بە یەکەوە هەڵئەفڕن و
پێکیشەوە ئەچنەوە ناو هێلانەکەی فرمێسکی خوا.
ئێوارەیە و لەبەر دەروازەی سەرادا
دوو لاشەیان فڕێداوە
دوو لاشەی باخ.
دوو لاشەی شاخ.
دوو پارچە خۆر.
دوو ڕەزی مۆر.
دوو دیوانی خانی و کۆیی
دوو سروودی ڕەنگ پەمەیی
دوو قەسیدەی فایەق بێکەس
دوو گلێنەی حسێن حوزنی
دوو ڕووباریان فڕێداوە.
دوو ئەسپی ڕۆژ
دوو بەردەنوێژی دەرسیم و
دوو باهۆزی چیای جوودی و
دوو بەهاریان فڕێداوە.
ئێوارەیە و لەبەر دەروازەی سەرادا
دوو پێغەمبەر پاڵکەوتوون و خوێنیان داوە بە خۆیاندا و
سەریان کردۆتە سەر ڕانی کوردستان و
وەک دەریاچەی نێو خۆرنشین
هەردوو نوستوون.
لەسەری گۆیژەوە دوو شەربە لە شێوەی
دوو هەوری سوورباودا
باڵ ئەگرن، ئەو وەختەی ئەگەنە سەر سەریان
سەرەوخوار ئەوەستن
تا قڵپ قڵپ
ئەڕژێن بە مێرگی گوڵاڵەی لەشیاندا.
«کانی با» دوو کزەی قژ سووری ئاوارەی ئەنێرێ
ئەگەنە لایان و ئەوەستن
پەنجەیان ئەخەنە ناو ڕیشی تەڕیان و
بە تاڵی خوێناویی کاکۆڵیش
دوو زامی سەر سینەی هەڵەبجە ئەبەستن.
چەرماوەند تەواری سەرماهیی ئەنێرێ بۆ لایان
کە تەوار ئەگاتە سەر سەریان
ئەوەستێ و بە دەنووک دوو دڵۆپ
لە کانیی جەستەیان هەڵئەگرێ و
ئەیانبا بۆ ئەوەی تینوویەتی
دوو بەردی بشکێنێ!
«بێکەس»یش دوو شیعری دەنگسووری ئەنێرێ بۆ لایان
کە شیعر ئەگەنە بەردەمیان
ئەوەستن کڵاوی ناونیشان دائەگرن
لەسەرخۆ، لەسەرخۆ، دەست ئەبەن
دوو تاڵ موو لە برۆی هەردووکیان دەردێنن
تاڵەکان ئەخەنە ناو شووشەی حەرفەوە
تاڵەکان ئەخەنە ناو نمەی حەرفەوە
ئەیانبەن بۆ ئەوەی
لە تاقی کازیوە و
لە ژووری ئازادی و
لە دڵی منداڵدا دایبنێن!