٣

لە کتێبی:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 20 خولەک  1078 بینین
من ئیستاکە
دایکم هەیە و دایکم نییە
بەڵام سەیوان لە جێی دایکمە.
من ئیستاکە
خوشکم هەیە و خوشکم نییە
بەڵام ئەستێرە و مانگەشەو لە جێی خوشکمن.
من ئیستاکە
کەسوکارم هەیە و نییە
بەڵام شیعر، چاوی شیعر، بۆنی شیعر
لە جێی هەموو کەسوکارمە!
وردەوردە خاچ هەڵکشا، تۆیش لەگەڵیا
باڵات کرد و، ماری گینگڵ و مەراقیش،
ماری لاولاو، قەف ئەستوورتر، بە فیشکەتر،
بە پەرۆشتر خۆی تێئاڵاند، تۆ نەتزانی
چ ڕۆژێ بوو، چ وەختێ بوو، چ وەرزێ بوو
لە کوێوە بوو شیعر هات و تەلیسمی خۆی
کرد بە زێڕی خاوی تواوە و، کرد بە زیوی خاوی
تواوەی ناو زمان و خۆی ڕژاندە مەراقتەوە و
لەگەڵ یەکدا وەکوو زەردەی ئێواران و کازیوەی
دەم بەیانییانی گڵەزەردە ئاوێتە بوون!
تۆ نەتزانی ئەم باڵندەی چارەنووسە باڵ گڕدارە
لە کوێوە هات؟! تۆ نەتزانی شیعر لەناو کلووی
بەفرا بوو هات؟! لەناو تانوپۆی پرشنگدا؟!
لەناو جریوە و جووکەدا؟! لەگەڵ هەوری منداڵیدا؟!
لە گۆی مەمکی خەزاڵدا بوو؟! لە ماچی کاکە لاسدا بوو؟!
تۆ نەتزانی ئەم جادووە کێ لێی کردی؟! پەرییەکانی
گوێ ڕووباری خەونی خۆت بوون؟! یان کراسی ڕەشی دایکت؟!
یان چاوانی داگیرساوی بەورەکانی شیعری باوکت؟!
تۆ نەتزانی کێ بوو تووشی ئەم ئەوینە
کوشندەیەی وشەی کردی؟! تۆ نازانی کام ئەسپ بوو
هەڵیگرتی؟ ئەسپە ڕەشی بازیان بوو؟! یان ئەسپی
قەترانیی شەو و مەراقی خۆت؟! تۆ نەتزانی کێ بوو
تووشی ئەم ئەوینە کوشندەیەی عەشقی کردی؟ قژی
بژ و سیمای سامداری چەرماوەند، وەختی زاوزێی
دارستان؟! یاخود نزای ناو پەلکەڕەنگینەی گۆیژە؟
یاخود زاری داپچڕاوی بەرد و ئەشکەوت؟! یان سیحری
دەربەندی بوولێڵ؟ تۆ نەتزانی ئەی شێتی وشە
نەتزانی بۆ یەکەم جار کام فریشتە دەستی سووتان و
غوربەتی لێ وەشاندی؟! دەستی شیعری لێوەشاندی؟
تۆ نەتزانی ئەم جادووە کێ لێی کردی؟ ئەتوت ڕەنگە
ئەم ئەفسوونە ژنە شەوێکی قەرەجی ژێر دەواری
لای «هڵووبە» لێی کردبم! ئەتوت ڕەنگە ئەمە
سیحری بانگی شێوانی ئەرخەوان، یاخود نزای
گوناهێکی ڕدێن سپی لای زێوێ بێ و گیرا بووبێ!
یان تەلیسمی حیکایەت و سەرگوزوشتە و قسەکانی
پیرێژنی سەر حەوشە بێ؟! وا دێنە دی. تۆ
نەتزانی کێ تووشی ئەم عیشقی ئاوە و کێ تووشی
عەشقی ئەم خاک و خۆڵەی کردی؟! تۆ نەتزانی
چۆن بووی بە دەروێشی شیعر و، تۆ نەتزانی
کێ تووشی حاڵ لێهاتنی ئەم تەریقەتی پرسیار و
یاخیبوونەی خەمی کردی؟! تۆ نەتزانی
خۆشەویستیی ئەم بەردانە بە کام توولەماری ڕێدا
گەیشتنە لات؟! لە دەربەندی باسەڕەوە؟! لە
ئاواییی ئاگرەوە؟ تۆ نەتزانی خۆشەویستیی
ئەم تەپوتۆز و دڕکانە، ئەم قاقڕی گەرمیان و
ئەم شەختەبەندی کوێستانە، ئەم گڵ و خۆڵی
داستان و ئەم دارستانی بەیتانە، لە کام
ئاسۆگەوە هاتن؟! تۆ نەتزانی ئەم نەفرەتە
بەهەشتییە، ئەم نەفرەتە دۆزەخییە، ئەم
نەعلەتی چارەنووسی ناو گومان و ڕاڕایییە کێ لێی
کردی؟! تۆ نازانی، تۆ نەتزانی؟!
ناو بە ناوێ لەناو ڕیشی خانییەوە
پەڕەسێلکەیەک هەڵئەفڕی و پێی ئەوتی:
من تووشی ئەم تێکاڵانەی
بەفر و گڕەی شیعرم کردی.
جاربەجارێ لە ڕەواقە سووتاوەکەی
خانەی سەبری نالییەوە
بادێکی غەمگین ئەهات و پێی ئەوتی:
من تووشی ئەم عەشقە شێتەی
خاکوخۆڵ و گیا و دەوەنەی
شیعرم کردی.
ناو بە ناوێ لە کونە شاخی هیجرەتی حاجییەوە
بازێکی باڵ سوور ئەهات و پێی ئەوتی:
من تووشی سیحری ئازادی و
من گیرۆدەی ناو غوربەتی
بێکۆتاییی شیعرم کردی.
جاربەجارێ لەگەڵ هاتنی باپووسکەی مەولەویدا
دەنکە تەرزەی بەر پەنجەرە پێی ئەوتی:
من تووشی عەشقی درەختی ئەم زامانە و
لەشولاری ڕووتوقووتی
مانگەشەوی ناو دەریاچە و
من گیرۆدەی تەمتومانی
بن بناری شیعرم کردی!
ناوبەناوێ لە جوانێکی بێ ناوی لای «گۆرانکەس»ەوە
تیلەی چاوێ، ئەگەیشتە لات، پێی ئەوتی:
من تووشی عەشقی ناو گۆمی ئەو چاوانە و
من گیرۆدەی ئەو گۆی مەمکە و
زەردەخەنەی ئەم کانییە و
من شێتی شیعری قژ زەردی تازەم کردی!
تۆ نەتزانی ئەم جادووە کێ لێی کردی؟!
تۆ نەتزانی کێ بوو تووشی ئەم ئەوینە
کوشندەیەی شیعری کردی؟!
شیعر، شیعر چاوێکی دیکەی ناو چاوە و
بیستنێکی تری ناو بیستنە و، تۆ ئەو چاوانەت لە بیرە!
کە خۆرنشینێکی پاییز، ئەو دەمەی قژی پەمەییی
تیزماڵکی هەورێکی ڕەوەند دائەگەڕا و لە کەلێکی سوور
ئەئاڵا، لە ژوورسەریش پۆلەمەلێکی ڕەنگاڵە
وەکوو ئەڵقەی یەکەیەکەی زنجیرێکی لێک بەستراو بن
بە یەکەوە هەڵئەفڕین و لە یەکتریش نەئەترازان.
ئەتوت زریزەی ئاسمانن، وەک خەیاڵیش،
«با»یش خەیاڵێکی بزێو بوو. خۆت و خولیایەکی
تازە لە چاوەڕوانیی شیعرێکی کەسکدا بوون.
چاوەڕوانیت لە ئاوی خوڕ، لە ئاسکێکی ڕاونراو
لە ژانی شەپۆل و گێژەن، لە نائارامیی جانتاکەت،
لە سەفەری دایکت ئەچوو. تۆ خاچێ بووی لەسەر
بزماری ئاگر بووی، لە جێژوانی یەکەمی شیعری تۆدا و
لە سەیوان و لەناو پێڵووی ئەرخەواندا، هەر
لەتەنیشتی ژوورەکەی برایم پاشا و ئەملای ماڵی
ئەمین زەکی و بەرانبەر فێستەکەی سەری
مستەفا پاشا یاموڵکی- لەگەڵ کچەخەونی خۆتدا
بە یەک گەیشتن، ئەو چاوانە مەراقیان فێری فڕینی
ناو گڕستانی سەرت کرد. ئەو چاوانە کاژی
شەرمیان بە جەستەی مارت فڕێ دا و بۆ یەکەم جار
تۆوی عەشقێکی تازەیان ڕۆ کردە سەر بەری دەستت.
ئیتر کچ بوو بە خولیای خاچ
من ئەمپرسی و هەر ئەمپرسی:
چۆن بتوانم ڕستەکانی ئەم زمانە، بکەم بە پرچێکی
تازە بۆ کچ! چۆن بتوانم خوێنی گەرمی ئەم ئەوینە
بە جامی حەرف بکەمە ناو شیعرێکەوە هەتا ئەویش
وەک ئەو خوێنە وەک ئەو دەمە قوڵپ بدا و
گەرم بێ وەک ژووری مەمک؟!
چۆن بتوانم چاوی ئەم شیعرە تازەیەم
کەمێ تیل کەم وەک چاوی ئەو؟!
چۆن بتوانم؟ ئەبێ چی بکەم من بۆ ئەوەی
شیعر بکەم بە پاوانە بە پڵپڵە و بە گەردانە؟!
ئەبێ چی بکەم من بۆ ئەوەی شیعر بکەم
بە ئاوریشم و بیئاڵێنمە گەردنی ئەو
هەر ئەمپرسی؟!
ئەی من چۆن ببم بە ئاو و دڵۆپی ئاو و
هەموو لەشی، هەموو نەهێنی ناو لەشی بپشکنم؟!
لەگەڵ گەورەبوونی خاچدا، پرسەکانیش گەورە ئەبوون
من بەبێ پرس سەرم نییە. من بەبێ پرس
نە خۆشەویستیت ئەناسم و نە گەردوونیش ئەهەژێنم!
لەگەڵ گەورەبوونی خاچدا، لەهەر عەردێکی بەیاردا
پرس ئەڕوێنم!
من ئەم نیوە قەدەغەیەم چۆن بێنمەوە
ناو لەشی خۆم؟!
من ئەم نیوە زیندانەی خۆم چۆن بشکێنم؟
من ئەم نیوە بێدەنگەی خۆم
چۆن بێنمەوە ناو گەرووی خۆم؟!
من دابڕینی نیوەم لە نیوەم.
من دابڕینی جەستەم لە جەستەم.
بوونی نیوەم بە قامچی و نیوەکەی ترم بە قیژە.
بوونی نیوەم بە زیندان و نیوەکەی ترم بە شوورە.
من بوونی نیوەم بە کێرد و نیوەکەی ترم بە مامر.
بوونی نیوەم بە ئاگر و نیوەکەی ترم بە پووشوو.
بەم جۆرە بوو:
بەیانییەک ئاسمان بوو بە بیابان و
بەفر بوو بە حوشترخۆرە و
شاخ بوو بە دەشتی حیجاز و
جەستەم بە کافرستان و
شمشێر باری.
شمشێر لەگەڵ سەرما باری.
سەرم لەگەڵ بەردا باری
بەرد لەگەڵ فەرماندا باری و
فەرمان دوو کەرتی کردم و
لەو ڕۆژەوە من نیوەم و نیوەکەی کەم ون کردووە.
لەو ڕۆژەوە من ئەم خاچی نامۆیییەم هەڵگرتووە.
ئەم خاچەی تەوێڵم «تار»یشە، من بە مار،
بە ماری مەراق و ئەندێشەم، بە کلکی، بە سەری
ئەم تارە لێ ئەدەم. ژن ژێیە. ژێی ئاسۆی
ڕوانینم و ژێی گزنگ، ژێی گیاوگوڵ.
ژێی شیعری کۆچەر و بێماڵم. من کە تار
لێ ئەدەم، چرپەی یار، فرمێسکی، پەنجەی و
گۆی مەمکی، ڕیشاڵی کۆڵوانەی، لە بەستە و
مەقامی کونکونی دەنگمەوە دێنە دەر.
من کە تار لێ ئەدەم، وڵاتێک لێ ئەدەم.
من سەری مەولەوی و کوێستانی «عەنبەر» و
هەناوی وەلی و شەم لێ ئەدەم. هەورامان
لێ ئەدەم. ئەوەتەی چوومەتە ئەم سیحرە
کەسکەوە، هەر شەوەی من چڵ و من لقی
دارێکی بەرداری ئاوازم. هەر شەوەی باوەشێ
پرشنگ و هەر شەوەی هێشوویەک ماچ ئەگرم.
ئەوەتەی چوومەتە ناو خەونی عەشقەوە،
من سەرووی باڵدار و شەپۆلی فڕیو و شەقژنی
گوڵاڵە ئەبینم. ئەوەتەی ئەو تیشکە لێی داوم
هەر ڕۆژەی من ئەبم بە پەڕەی دەفتەری
تەلانێک. هەر ڕۆژەی من ئەبم بە خامەی
تیرێژی ئەشکەوتێ و خەرمانە ئەنووسم، شەقامی
ناو شار و کۆڵانی چاوەڕێ و دووکەڵ و ژیلەمۆ و
تانجەرۆی چیرۆکێ ئەنووسم. من لە کوێ ئەبوومە
ئەم بێشە زیوینە و ئەم فوارەی ڕەنگانە، من
لە کوێ ئەبوومە کتێبی ئەفسوونی ئەم هەموو
وشانە، گەر چاو و گەر دەنگ و گەر ڕەنگی
کچێکی مەڵکەندی نەبوایە. من لە کوێ ئەبوومە
ئەم ماسییە زێڕینەی هۆنراوە گەر چاوی ئەو کچە و
گەر دەمی ئەو کچە و گەر سنگی نەبوایە.
تارم لێدا ڕەشەمێ بوو
کەچی پەنجەم نێرگزی گرت
نێرگزم برد بۆ مەڵکەندی.
تارم لێدا شەوەزەنگ بوو
کەچی دەنگم بەیانی گرت
بەیانم برد بۆ مەڵکەندی.
تارم لێدا گڕەی با بوو
کەچی وشەم بوو بە شەماڵ
شەماڵم برد بۆ مەڵکەندی.
تارم لێدا و وشکانی بوو
کەچی لێوم بوو بە جۆگە و
من جۆگەم برد بۆ مەڵکەندی.
تارم لێدا و وەسێتم کرد
وەختێ مردم
تارەکەیشم
با هەر ببەن بۆ مەڵکەندی!
من خاچی مار تێئاڵاوم
من شیعرێکی پەپکەخواردووی
ناو مەراق و
من سووتانێکی سووتاوم.
من ڕووبارێکی وەستاو و
من مێژوویەکی جانتام و
من لافاوێکی خنکاوی
ناو لافاوم!
جانتاکەت وەک تەرمی شیعرێکی بێ قەبر ئەخستە
سەر شانت و ئەڕۆیشتی. تۆ گردی گریان بووی
ئەڕۆیشتی. جانتاکەت قورس بوو، پڕی بوو لە
لمی فرمێسک و لە چەوی هەنسک و لە قوڕی
خەمستان. تۆ تۆز و غوبار بووی ئەڕۆیشتی.
جانتاکەت زۆر سووک بوو. هەر هەمووی
دوو دەرپێ و فانیلە و کراسێ، پانتۆڵێ، دوو
دوو وێنەی دایکت و خوشکان و دوو شیعری ناو
«ژین»ی ع. گۆران. تۆ خرچەی بەفری
ژێر سمی شەو، تۆ نووزەی بەردێکی
هەڵکەنراو، تۆ دەستی شکاوی دارێ بووی
لە لاڕێی کۆچێکدا بە تەنیا بەجێماو.
تۆ سەرمای نامۆ، بووی بە زوقم و زستانی
شارەکەت. هەر وەکوو خەمێکی لێکەوتووی
گیرفانی شەقامی «کاوە» بی، یان وەکوو
هەناسەی بزربووی عەشقێکی «حاجی حان»
ڕەشەبای شارەکەت، ڕەشەبای هەژاری
وەک قوتووی بەتاڵ و ڕۆژنامەی دڕاو و
وەک پەڕە مریشکی سەربڕاو، سەرەوخوار،
بەرەوخوار، بەرەوخوار تا شیوی جوولەکان ئەیبردی!
ئەگەر تەنیایی نەبوایە
لە داخاندا شیعر ئەمرد.
ئەگەر مانگەشەو نەبوایە
لە داخاندا بەفر ئەمرد.
ئەگەر باڵندە نەبوایە
لە داخاندا درەخت ئەمرد،
ئەگەر ئازادی نەبوایە
لە داخاندا ژیان ئەمرد.
تۆیش ئەگەر شیعر نەبوایە
لە داخاندا زوو ئەمردی!
حەوت ڕۆژ جارێک، ڕۆژنامەیەک وەکوو گۆم بێ،
سەرت تێدا نوقم ئەکرد. گوێچکەت ئەنا بە بنیەوە.
سۆنە بوویت و سەرسام ئەبوویت. گوێچکەت ئەنا
بە دڵیەوە، گوێت لە ورتەورتی وشە و پرشەپرشی
ڕستە ئەگرت. هەڵنەئەسای وەکوو گەڵای
دانەویوی شۆڕەبییەک لە کەناردا تەڕ تەڕ ئەبوویت.
خۆزگەت لێ ئەچۆڕایەوە. هەڵنەئەسای. لەبەر
قەڵبەزەی هەڵبەستدا بە چوارمشقی دائەنیشتی،
ئەبووی بە گیاوگوڵی بنی. ئەبووی بە سەرەمێکوتە،
بە بەردی لووس، ئەبووی بە سێوە لاسوورە و
ئاوی چیرۆک و وتار و پەند ئەیبردی. حەوت ڕۆژ
جارێک، ڕۆژنامەیەک وەکوو ئاو بێ، خۆتت
تێدا نوقم ئەکرد. تۆ بۆقەمەلەی شیعر بووی
کورت و کەمێ ڕێگەت ئەکرد. حەوت ڕۆژ جارێک،
ڕۆژنامەیەک وەک ئەستێرک بێ خۆتت تێدا
نوقم ئەکرد. یەکە یەکە گوێت لە خورپەی دڵی
هەموو تنۆکەکان ئەگرت. گوێت لە ڕاچڵەکینی
پیت و لە وێرگوڵە شەیتانۆکە و گوێت لە دەنگی
وەستانی پێی نوختە ئەگرت. لە بنەوە سەیری
قژی ڕەنگاوڕەنگی دارەبەنی شیعری نالیکەسی و
خەڵوەتەکەی «مەحویکەس»ت ئەکرد. لە بنەوە
سەیری یاڵی شەپۆلەکانی سالمکەس و سەیری سووتانی
گەردنی «کوردیکەس»ت ئەکرد. لە بنەوە سەیری
مەمکی چوارخشتەکی و لە بنەوە سەیری خوار ناوکی
هەندێ قەسیدەی شێخ ڕەزاکەس و شوکریت ئەکرد، پێئەکەنیت.
وەک گێلاس سوور ئەبوویتەوە. خەیاڵت پیا
هەڵئەواسین، حەوت ڕۆژ جارێک سەر و کەللەی
پیرەمێردێ وەک حەوزی ماسیی زمان بێ،
هەموو جارێ ماسییەکی ئەکرد بە شوڵکی پەندەوە و
لەبەر پەنجەرەی هەتاودا هەڵیئەخست. سەر و
کەللەی پیرەمێردێ وەکوو نووری تیرێژێ بێ تێی
ئەڕوانیت. بە پەنجەی چاو ئاماژەی بۆ ڕێگای
دوور و ئاسۆی ئەودیو هەورەکانی گڵەزەردە و
ئەزمڕ ئەکرد. تێت ئەڕوانی. وەکوو لە سڕێک
بڕوانی: ناوچەوانی لە ناوچەوانی کێو ئەچوو.
ڕیشێ بۆنی ئەستێرەی بەرز، بۆنی ئاگر، بۆنی
نەورۆز، بۆنی مامەیارەیان لێ ئەهات.
حەوت ڕۆژ جارێک ڕۆژنامەیەک وەک کەشتیی نووحکەس
جووت جووت هەموو نێرە و مێیەی مێژوویەکی لافاو بردووی
لە خۆیدا کۆ ئەکردەوە. من لەوێدا نەژادی ئەم خاچەی
خۆم و من لەوێدا یەکەم گڕی سەر زاگرۆس و یەکەم
بەفری ئارارات و کەللەسەری باپیرانی هەزار مێرد و
سەرەتای ئەم ڕێچکە خوێنەی خۆم بینییەوە.
ئیتر من لەو حەوت ڕۆژ جارەوە
ئەم چارەنووسەم تێئاڵا و لێم نەبۆوە.
ئیتر من لەو حەوت ڕۆژ جارەوە
ئەم بارانی پشکۆ و تەرزە و گوڵ و دڕکەی
لێ داکردم و خۆش نەبۆوە
ئیتر من لەو حەوت ڕۆژ جارەوە
بووم بە هاودەمی ئەم خاچە و
لە ئێوە جوێ نەبوومەوە.
ئەم خاچە خەریکە گوڵ دەرکات.
ئەم مارە خەریکە باڵ بگرێ.
ئەم شیعرە خەریکە زاوزێ
بە بەرد و بە باوە بکات و
ئەم چاوە خەریکە
بە پەیژەی پرسیار و
بە باڵای دووکەڵدا هەڵگەڕێ!
سەروملێک لەناو کۆنەپاڵتۆیەکدا، کتێبێک لە بنهەنگڵدا
وەک باپووسکە و دەنکەتەرزە سەروخواری شار ئەگەڕای.
تۆ بارانت هێندەی قسەکانی دایکت و هێندەی
چاوەکانی شیعر و هێندەی قژی دەزگیرانەکەت خۆش ئەوێ.
باران زەنگیانەی پچڕاوەی فریشتەکانی ئاسمانە.
باران شیعری زستانانەی خوایە و لەناو هەورێکی
تەنیادا ئەو ئەینووسێ. لەبەر ئەودا ئەبی
بە پەلکەگیای سەوز و خەمانت ئەبریسکێتەوە.
لەبەر ئەودا ئەبی بە زامی هەڵقوڵیو.
لەبەر ئەودا ئەبی بە جۆگەلە ئاوی کەمدووی پەناوپەسێر.
ئەبی بە گەمیەی خەیاڵ و بە چارۆگەی
کۆڵی منداڵانی پڕ لە گێلاخە و لە پیشۆک.
تۆ ئەڕۆیشتی و ئەو ئەباری. سەروملێک
لەناو کۆنەپاڵتۆیەکدا، چەپکێ شیعری باراناوی و
چون باپووسکە و دەنکەتەرزە تەنیا. تەنیا
سەروخواری شار ئەگەڕای. لە پڕێکدا تۆ
لات ئەدا و ئەچوویتە ناو کەشتییەکەی «نوح»
نوح هەر خۆی و پشیلەیەک وەکوو کورد و شەو،
نوح هەر خۆی و تووڕەبوونێکی بەردەوام وەکوو
ڕەشەبا و ئەم شارە. ڕوخساری نوح
وەکوو توێکڵە هەناری ئاڵ، لووتێ پڕ لە وردە
جۆگە و ڕووباری شین وەک ددانی ڕیزێ
کورسیی لە یەک نەچوو، تەختەیەک و پۆلێ
مەلی حەرف و وشە و ئاسمانێکی خۆڵەمێشی.
جامێ بادە و پۆلێ شیعری سەرخۆش سەرخۆش،
باڵ لێکەوتوو. بۆنی عەرەق بۆنی تەنیایی و
بێکەسیی، بۆنی شێلمی کوڵاو و بۆنی مێژوویەکی
کۆن و بۆنی سیر و بۆنی شیعری پێنجخشتەکی و
بۆنی ئێوارەی درەنگی سابوونکەران. لەناو جەستەی
کەشتیی وێڵ و جەستەی نوحدا تێکەڵ ئەبوون.
ئەبوون بە یەک، نوح هەر خۆی و پشیلەیەک
وەک کورد و خەم. تۆیش هەر خۆت و خەیاڵێکی
ڕەنگ پەمەیی. وەک باپووسکە و دەنکە تەرزە
سەروخواری شار ئەگەڕای، باران ئەبارێ و تۆیش
ئەڕۆی. ئەبوو بە شەو
خاچت بە شەودا هەڵواسە
بەڵکوو هەتاکوو بەیانی کە هەڵئەسی
ببێ بە چوار باڵی ڕووبار
بۆ ئەم شارە!
خاچت بە شەودا هەڵواسە
بەڵکوو هەتاکوو بەیانی
ببێ بە چوار چاوی باخچە
بۆ ئەم شارە.
خاچت بە شەودا هەڵواسە
بەڵکوو هەتاکوو بەیانی کە هەڵئەسی
ببێ بە بەژنی چوار سەرووی
مژدە و جەژن
بۆ ئەم شارە.
سەرت بە شەودا هەڵواسە
بەڵکوو هەتاکوو بەیانی
ببێ بە سەرچاوەی پرشنگ
بۆ کوێرەکانی ئەم شارە.
هەرچی باڵی وشەکانتە
هەرچی چاوی شیعرەکانتە
هەرچی بەژنی خاچەکانتە
وەک سەری خۆت
هەڵیانواسە بەم شەوەدا
بەڵکوو هەتاکوو بەیانی ببن بە نان
بە نان، بە نان
بۆ برسییەکانی ئەم شارە.
ئەبوو بە شەو ئەچوویتەوە بۆ ماڵەوە
ماڵی «مەکتەب»
ماڵت بوو، ماڵیشت نەبوو.
ئەچوویتەوە بەشی ناوخۆی قەڵەمە لانەوازەکان.
ئەچوویتەوە بەشی ناوخۆی شێدار بە پەڵەی وەڕسی.
شێدار بە دەنگی تەڕی حەرەس و
سامدار بە لوورەی سەگگەلی کەناری شار.
ئەچوویتەوە لەناو هۆڵێکی لاکێشدا ژمارە «یەک»
لە دە هێلانەی دوو قاتدا
لەگەڵ نۆزدە سەری تردا
لەگەڵ نۆزدە ڕەنگی جیا جیا و
لەگەڵ نۆزدە دەفتەری غەریبی و
لەگەڵ نۆزدە، خاوێن و چڵکنی تێکەڵ و
لەگەڵ نۆزدە، فرمێسک و قاقای تێکەڵ و
نوێژ و گوناهی تێکەڵ و زیرەک و دەبەنگی تێکەڵ و
دڕو بەسزمانی تێکەڵا بووی!
ئەچوویتەوە، شەو کەنەفت بوو. تۆیش کەنەفت بووی.
چراکان ئەکوژانەوە، تاریکیی ئەزرنگایەوە
خۆتت ئەکرد بە ژێر پەتووی سەوزەڵەدا
لە ژێرەوە وەکوو کرمی فەریکەنۆک لوولت ئەخوارد.
ئەوسا ئیتر لەگەڵ خۆتدا ئاگردانی
خەیاڵی خۆت ئەبردە ژێر پەتووەوە
خۆت بە وان گەرم ئەکردەوە
لەگەڵ خۆتدا کۆڵانەکەی ماڵی ئاسکە و دەرگا تەنەکەکەیان و
لقوپۆپی دارتووەکەیان و پێکەنینی ئاسکە خۆیت
ئەبردە ژێر پەتووەوە.
لەگەڵ خۆتدا ئاسمانێکی شیعری شین و سیمای دایکت و
شاخی گۆیژە و لایلایەکە و شیعری بیست و حەوت ساڵەکەی
باوکت و سەیرانەکانی «تابین» و پەڕەسێلکەی
ئێوارانت ئەبردە ژێر پەتووەکەوە.
لەگەڵ خۆتدا دوا فرمێسکی کچی فلیمە هیندییەکە و
قاتێکی نێو شووشەبەندی کۆگایەکی سەر شەقامەکەی مەولەوی
- پڕ بە بەرت - ئەبردە ژێر پەتۆکەوە.
لەگەڵ خۆتدا تەشتێ هێلکەی پیست ئەگرتەوە و
ئەتبردە ژێر پەتووەکەوە و یەکە یەکە دەموچاوی
خزمە پیسکەکانی باوکت تیا نوقم ئەکرد!
لەگەڵ خۆتدا سەری ئەسپەڕەشت ئەبردە ژێر پەتووەکەوە و
یاڵ و گەردنیت ماچ ئەکرد.
لەگەڵ خۆتدا بە ڕقەوە سەرە ڕووتاوەکەی «عومەر عەلی»ت
ئەبردە ژێر پەتووەکەوە و بە کەشک داتئەگرتەوە و
هەر لێت ئەدا و هەر لێت ئەدا
هەتاکوو دەستت شل ئەبوو
تاکوو خەیاڵت شل ئەبوو
تا ئەنووستی!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ ئیستە مێمڵی ئارام و تۆ ئیستە
ئاخێکی لە بەردا ڕسکاوی.
تۆ سەرت کەوانە و
تۆ ملت هەمیشە
تیرێکی لەسەرپێی سۆراخە و
تۆ گوڵی گومانی و
لە وەردی پرسیاردا ڕواوی.
تۆ ڕووی دەمت کردە گۆیژە و
گۆیژە گێڕایەوە، وتی:
«قەڵاچوالان» ئەتوت ژنێکی بێزارە
لە ڕەنگ و شێوەی قژی خۆی.
لە سێبەر و لە هەتاوی نگینی خۆی.
لە ئاوێنە و لە شانەی خۆی.
قەڵاچوالان بە دوای بەراییی بەختێکی
تازەتردا بۆ چاوانی. بە دوای ئایندەی زیوین و
بژوێنێکی نوێدا وێڵ بوو
بەیانییەک، ڕەوە سوارێ، کە باڵایان
لە ڕووباری وەنەوشەییی بورجی کاکێش هەڵکێشا بوو.
بە کەناری کازیوەدا پەڕینەوە و
هاتنە سەر باسکەکانی من.
دوور ڕوانییان:
ئاسکێک لە بەرەبەیان جوانتر
ئاسکێک لە فریشتەی ڕەز و
لە پەرییەکانی خەو جوانتر.
ئاسکێک کردی بە باڕژن و ڕووە و دەشتایی داگەڕا
برایم پاشا و ئەسپسواری قەڵاچوالان
جڵەویان دایە دەس «با»یەک
بایەکی پەست، بایەکی گرژ: تیژ بردنی.
ئاسک لەسەر بەردێ وەستا
پیاوی پاشای دەرزیی هەڵگر
تیروکەوانی ڕاکێشا و
تیرێ وەکوو چاوی شەیتان
چاوی دۆزەخ، تیژ دەرپەڕی و فڕی و فڕی و
لەسەر دڵی ئاسک چەقی.
چاویان لێ بوو کە ئاسک کەوت
چاویان لێ بوو کە تاشەبەرد ئاڵ هەڵگەڕا
وەختێ سوارەکان گەیشتنە بەردەمی بەرد
فریشتەیەک وەکوو کراسی گوڵاڵەی لەبەردا بێ
ئەستێرەی چاوی خواوەندی خۆشەویستی دابێ لە سەر
هەستایە پیان. هەردوو باسکی کردەوە
بۆ ئاسمان و وردەوردە بەرزبۆوە و لە پڕێکدا
لە چاو ون بوو. کە ڕەوە سوار چوونە سەر
بەرد، ئاسکیان نەدی. هەندێ دڵۆپە
خوێنیان دی: دڵۆپەکان نووسیبوویان: سلەیمانی!
ئیتر لەو یەکەم تیرەوە
نەفرەتی ڕەش لەم شارەدا خۆی ڕواند و
بەرەبەرە دارستانی لێ کەوتەوە.
لەو دڵۆپە خوێنانەوە
ئەم شارە خوێنی هەڵمژی و
گەورە سەرچاوەی خوێناوی
مێژوویەکی سەربڕاوی لێکەوتەوە.
«هەندێ لەو دێراوی قسە و پەندانەی
لە بناری شاردا لێدراون»
یەکەم:
ڕۆژژمێری چاوەکانی ئەم گۆیژەیە
ڕۆژژمێری ئەشکی خاک و
ڕۆژژمێری هەڵقرچاوی مێژووی ئاو و
سەعاتێکی زەنگ لێدەری
بەردەوامی خوێنی شارە!
دووەم:
بەم بنارەدا چی نەڕۆی
بەم بنارەدا چی نەهات.
لوورەلووری ئاگری پارس و
گڤەگڤی شمشێری ئەسحابەکان و
قیژەقیژی شەوەزەنگی ڕۆمەکان و
نێڵەنێڵی ڕمی عەجەم
بەم بنارەدا چی نەڕۆی
بەم بنارەدا چی نەهات.
سێهەم:
وەرە ناو ئەم دیرۆکەوە
بۆ ئەوەی ئاسمان ببینی
چۆن کون ئەبێ و
لەو کونەوە چەند تیرێژی
سەر و ڕیشی پێغەمبەران
بە خوێنەوە ئەکەونە خوار.
چوارەم:
لەسەر زەوی تا ئەسووتێ
کەسی نییە ئەم وڵاتە
لە ئاسمانیش کە خوا باوەشی پیا ئەکات
ئەم دووکەڵە!
پێنجەم:
لێرە میرەکانی بابان
لەبەر دەسکەوتی هێلانە چۆلەکەیەک
خانوویەکیان ئەڕووخاند و
لەبەر کوشتنی کوللەیەک
خەرمانێکیان ئەسووتاند و
کە یەکتریشیان سەرئەبڕی
«نرخی سەریان
لەسەر سەربەستەکانیان بوو!»
شەشەم:
ئەم ئازارە مەخەرە ناو
لانکەی گوڵ و ئارامەوە
ئەمە شیعرە با نەتەرێ و خەمی لە بیر بچێتەوە
ئەمە شیعرە، ئەمە ڕووەکێکی سەیرە
بە دڵنیایی کز ئەبێ و
بە مەراقیش ئەشنێتەوە.
تۆ پیاسەی شیعرێکی ڕیش هاتووی
ناو باخی مەراقی ئەم شارەی.
هەموو ڕۆژ لە داری تەنیایی
پەیکەرێ بۆ ئەوین ئەتاشی و
لە بەردەم ئاوێنەی کۆچەری تەمەنتا دایئەنێی.
تۆ ئیستە مەراقی «ئاسکە» و مەراقی نیشتمان
بە پیاڵەی فرمێسکێ تێکەڵی یەک ئەکەی.
پرچی ئەو ئەبەستی بە پرچی لاولاوی ئەمەوە
بەژنی ئەو بە بەژنی ڕەوەزی شاخی ئەم
ئەپێوی. تۆ چاوی ئاسکە و چاوی کەژ
تۆ پەنجەی ئاسکە و پەنجەی گوڵ،
تۆ لێوی ئاسکە و لێوی گڵ.
تۆ مەمکی ئاسکە و مەمکی هەرد
وەکوو یەک ئەبینی.
تۆ پیاسەی شیعرێکی ڕیش هاتووی
ناو باخی مەراقی ئەم شارەی.
تۆ چوویتە کۆڵانی دووکەڵ و
ناو چڕە تووتڕکی ئەشکەنجەی خەڵکەوە و ئەپرسی:
نیشتمان بەردە، یان ڕووبارە؟!
نیشتمان دایکمە، یان باڵندەی نزارە؟!
نیشتمان خوێنە، یان هاوارە؟!
نیشتمان شیعرە، یان خەونێکی هەوارە؟!
ئەتپرسی: ئەم عەشقە لە کوێوە هاتە ناو لەشمەوە و
لە کەیدا هەڵقوڵی؟!
خاچێکی ڕیش هاتووم
خەریکە یەکەمین هۆنراوەم پێ ئەگرێ.
وا ئیستە دەوەنی وشەی من خەریکە
وەک باڵای ئەرخەوان هەڵبچێ و
ئەرخەوان باڵ بگرێ!