٢

لە کتێبی:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 24 خولەک  1342 بینین
بەیانییەکی سپیوسۆڵ، یەکەم ڕۆژ بوو، بای «عەبابەیلێشوێن»
بردیتی و وەکوو پەپوولە پاییزە بەرەو مەکتەب خل بوویتەوە.
بۆ یەکەمجار یەکەم پیت و یەکەم وشە و یەکەم ژمارەی
سەر تەختە، سەر و ملی نەناسراو و ڕەقوتەقی خۆیان
بۆ لەقاندی و دیمانە بەخێریان کردی. لەم ماڵەدا
تۆ کەروێشکێکی غەریب بووی. لەم هەوارە تازەیەدا
تۆ بنچکێکی غەریب بووی. لەم گۆماوە تازەیەدا تۆ
ماسییەکی غەریب بووی. ئەو گەرایانە تازە بوون
ئەو زەنگیانانە تازە بوون، ئەو چڵەدار و پەنجەرە و
مراوی و عەینەک و دارلاستیک و پرد و مەنجەڵ و
گۆچانی حەرف و وشە و ژمارانە، یەکەم جار بوو بیانبینی،
یەکەم جار بوو بیانناسی، لەم ژوورەدا ئەتوت چۆلەکەی
عاسیبووی ئەمدیو شووشەی پەنجەرەکەی، تۆ چاوێکت
هەر لای دارتووی حەوشەکە بوو. ئەم ژوورەیان،
ئەم ماڵەیان سی سەری تازەتاشراوی گوێچکە ڕەپی
لەناو خۆیدا ڕیز کردبوو. ئەفەندییەکی دار بەدەست،
حەیزەرانی بریقەدار، ئەفەندییەک باریکەلە وەک
مارماسی هەر خەریکی هاتوچۆ بوو، زەردەزیڕەیەک
لە قژی چەوری ئەفەندی ئاڵابوو، لانەئەچوو،
تۆ چاوێکت هەر لە لای زەردەزیڕەکە و موستیلە گۆپکە
زلەکەی پەنجەی دەستی ئەفەندی بوو!
لە کەناری ئەم ژوورەوە
لە کەناری لم و چەوی ئەلفوبێوە
پێت خستە ناو تەنکاوێکی زمانەوە و
ئیتر چوویتە ئەو دەریاچە و زەریایەوە
کە تا ئەمڕۆیش تۆ ئەبات و خاچ ئەبات و
مار ئەبات و سەری ئەوسەری دیار نییە.
هیچ بەندەرێکی دیار نییە. تۆ لەوێوە
لە یەکەم وشەی «دار»ەوە، یەکەم زریزەی
ڕستەوە هاتی و هاتی
بووی بە کەو و بۆ چیات خوێند.
بووی بە چیا و بۆ بەفرت خوێند.
بووی بە بەفر و بۆ گوڵت خوێند.
بووی بە گوڵ و بۆ ئاوت خوێند.
بووی بە ئاو و بۆ خاکت خوێند.
بووی بە خاک و بە سنەوبەر
شیعرت نووسی!
هەڵەبجەشوێن ڕیشی تەمگرتووی مەولەویکەس بوو.
پاوانەی پێی هەورامانشوێن و پاڵتۆی بۆرەقنەی
مێژووی شارەزوورشوێن بوو.
هەڵەبجە: زڕەی بازنی دەستی کچە جوولەکە بوو!
کیژانی جوولەکەی هەڵەبجە، ڕەنگاڵەی زمانی
شیرینی گەڕەک بوون. ڕەنگاڵە وەک گوڵی تێکەڵی
هەنار و دارهەرمێ. ڕەنگاڵە وەک هەور و باران و
هەتاوی گورگەزێ. کیژانی جوولەکە لە سیلەی
عەشقدا، پرسیاری جوانی بوون، پرسیاری
سەرسامی و پرسیاری دوودڵی نیوەی ڕێ.
کیژانی جوولەکە لاولاوی خوێنگەرمی گەڕەک بوون.
سەوزەڵە: وەک کەپرەشینکەکەی بەر دەرگای
ئێوارەی بەهەشتێ ژنانی جوولەکە و پیاوانی جوولەکە و
منداڵی جوولەکە، لە بەردەم شمشێری مەلادا و
لە بەردەم جەڵدەکەی خەلیفە و لە بەردەم بەردەکەی
کەعبەدا، یان پۆڕی ترساو بوون، یان
ڕیشی سووتاو بوون، یان ئاوی لەرزیو و
یان جانتا و دەفتەری دڕاوی سەرەڕێ!
هەر لەوێ خاچی تۆ
پەلوپۆی برینی هاوێشت و
سێبەری فامێکی چڕتری بۆ کردی.
هەر لەوێ خاچی تۆ
بزماری سەر جەستەی سەفەر و کۆچی تۆ
زمانی پشکووت و
بوو بە دەم، بوو بە گوێ.
هەر لەوێ ماری تۆ
قاییمتر ئاڵایە گەردنی گومانت و
وەک پرسیار لە ناوتا پەپکەی خوارد
بۆ کاژی نوێتر و
گێنگڵی سۆراخی سەرلەنوێ.
هەر لەوێ زستانێ
یەکەم جار ڕووبەڕوو
من سەری قوپاوی برسێتیم بەدیکرد ئەو کاتەی
بە پەیژەی ماڵماندا هەڵگەڕا بۆ سەربان. من
جاری یەکەم بوو دوو چاوی کلۆری هەژاری ببینم،
بە پەیژەی ماڵماندا بێتە خوار بۆ حەوشە و بۆ هەیوان.
من جاری یەکەم بوو لە گونیەی خەت سووردا
کڵۆڵیی ببینم بە تەڕی و
من جاری یەکەم بوو
زیندوویەک ببینم ئەپروێ.
ئازارێ ببینم خووساوە.
ناسۆرێ ببینم لە قوڕدا نوقم بێ.
من جاری یەکەم بوو سەرنجی شیتاڵی بانگوشێ
بە قاییم زللەیەک لە بن گوێی
هەستم با و
پێی بڵێ: ڕاچڵەکێ!
هەر لەوێ
خاچ ئەیوت:
باوکی تۆ هەر ئەڵێی ڕووباری ماندووە،
ئەوەندە شەپۆلی خنکاوی هێناوە و بردووە.
باوکی تۆ هەر ئەڵێی ڕووباری ماندووە،
ئەوەندە گۆرانیی کوژراوی هێناوە و بردووە.
باوکی تۆ هەر ئەڵێی شەوگاری ماندووە،
ئەوەندە واگۆنی تاریکی هێناوە و بردووە.
پشتی ئەو هەر ئەڵێی شەقامی هیلاکە
ئەوەندە ئاپوورە مەراقی نامۆیی بەسەردا ڕۆیشتووە.
دەستی ئەو هەر ئەڵێی پەلکێکی شەکەتە
ئەوەندە لە هێشووی حەسرەتی گرتووە.
گەردنی هەر ئەڵێی گەردنی قەسیدەی «کوردیکەس»یە
ئەوەندە ئەم بەردی کێوانەی لە ئەستۆ بەستووە.
ئەو ئەیوت:
من وشەم بۆچییە وەک مامز باز نەدا و
وەکوو ئاو ڕانەکا و لەناکاو خۆی نەکا
بە هۆبە و هەواری خەڵکدا!
من وشەم بۆچییە وەکوو دار لەسەر خۆی
دیلانێ هەڵنەخا بۆ سەمای گۆرانی و
چاوێکی هەر لە لای دوو کەوە سپییەکەی مەمان و
دڵێکی هەر لە لای کۆچەکەی یار نەبێ!
من وشەم بۆچییە شوو نەکا بە گڵ و
شوو نەکا بە بەرد و
منداڵی پەلکەگیا و وەنەوشەی لێ نەبێ!
من وشەم بۆچییە
گرمۆڵەی نێو تاقی ژوورێ بێ و
کە قەقنەس گڕی گرت
کە نالی گڕی گرت
نەجووڵێ و هەڵنەسێ و پێی نەبێ!
ئەو ئەیوت:
من وشەم بۆچییە بە دەنووک ئاو نەکا
بە دەمی دڵۆپی تینوودا و
من وشەم بۆچییە
کە خەمی قەڵەمی شەهید و
کە خەمی کاغەزی کوژراوی
قەت نەبێ!
«چەند پەندێکی باوکم کە خاچی باڵام
لەسەر خۆی هەڵیکەندوون»
یەکەم:
ئاسمان دائەگرمە خوارێ
خوایش بانگ ئەکەم بۆ سەر زەوی
تا پێی بڵێم:
دۆزەخ ئەوەتا لێرەیە و
بەهەشتیش لێرە دێتە دی!
دووەم:
شیعر بەرزە، شاخ پیرۆزە،
سروشت جوانە
بەڵام لە شیعر بەرزتر
لە شاخ و کێویش پیرۆزتر
لە سرووشتیش گەلێ جوانتر
قوربانییەکانی ئینسانە!
سێهەم:
ئەنووسم بۆ ئەوەی
شتێک لە وەڕسی زمان
شتێک لە بێزاربوونی خۆم کەم کەمەوە و
بەڵام شتێک لە خۆشەویستیی ئەو خەڵکە و
شیعر زیاد کەم!
چوارەم:
من ئەم زمانەم کردووە
بە کێڵگەی گوڵەبەڕۆژە
تەماشا کە لە سەد لاوە
خۆر تەماشای باڵای ئەکا!
من ئەم زمانەم کردووە
بە غارگەی کوڕژن و ناڵە
تەماشا کە لە سەد لاوە
یاڵی شیعر با ئەیبات و
لە سەد لاوە سمکۆڵانی بەرد و شاخە!
پێنجەم:
لە ئاسۆی بادەدا
ئەستێرەی سەرخۆشم
تێم بگە
من مەراقی ئاڵی دەمەو خۆرنشینە و
چوڕەی سپیی کازیوەکەی
شەشی ئەیلوولە ئەینۆشم!
هەر لەوێ!
هەر لەناو دەربەندی سەهۆڵ و ناو گردی
کڕێوە و پێدەشتی تەرزەوە.
ڕۆژێکیان بەیانیی زستانێ
سروشتی یاخیبوو لە کێوی شێتگیری قافەوە
لەو دیوی وڵاتی ئەفسانە و دێوەوە
بە سواری ئەسپێکی چەمووشی قەترانیی تۆفانێ
بە خۆی و شمشێری زریان و
بە خۆی و مێژوویەک لوورەوە
بە خۆی و سەرخێڵی مەرگەوە
هاتە سەر هەڵەبجە.
ئەو ڕۆژە دەنگ ئەیبەست.
ئەو ڕۆژە گڕ ئەیبەست.
ئەو ڕۆژە دەست و پێی پەنگریش ئەتەزی.
ئەو ڕۆژە ڕووباری سەعات و
دەریاچەی دەقیقە و
ئەستێرکی سانیە
وەک خوێنی ڕژاوی گێڵاس و
دارژاڵە و دارهەنار ئەمەیی.
ئەو ڕۆژە بەیانیی سەعات حەوت
دوای ئەوەی خڕۆکە سپییەکان، خڕۆکە سوورەکان
لە ڕاستە شەقامی ناو دڵیا
مانیان گرت لە ڕۆیشتن
باوکت مرد!
کڕێوە هات وتی:
من هاتووم
غەریب نیم بەم پیاوە
شەختەکەی عومری ئەو لە منە!
باڕێزە هات وتی:
من هاتووم
غەریب نیم بەم پیاوە
ئەم پیاوە ڕێژنەی زووخاوی
لە منە!
گڤەی بایش هات وتی:
من هاتووم
غەریب نیم بەم پیاوە
دەربەندی دوو لوولەی نامۆیی و برسێتیی
سینەی ئەو لە منە!
تەرزەیش هات پێی وتین:
من هاتووم
غەریب نیم بەم پیاوە
ئەم پیاوە زۆر وشەی
باریوی ناو سەر و ناو شیعری
لە منە!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ گوناهێکی پیرۆز و
تۆ شەفەقێکی تاریک و
تۆ مژدەیەکی ڕەشپۆش و
تۆ فڕینێکی گیراوی!
هەر لەگەڵ تەرمی ئەو شاخەدا.
هەر لەگەڵ تەرمی ئەو باخەدا
هەر لە تەک تابووتی ئەو تیشکە و
هەر لە تەک تابووتی ئەو مانگە و
هەر لە پاڵ لاشەی ئەو هەورەدا
وەکوو چوار فرمێسکی بێ هەنیە و وەکوو چوار
دووکەڵی پەرتپەرتی خێزانی ئاگرێکی کوژاوە.
وەکو چوار قوتیلکەی بێ ماڵ و چوار شەوی
ئاوارە. بە ئاسۆی بووڵێڵدا تەم بووین و
چووینەوە بناری ئەزمڕشوێن و چووینەوە ئەو شارە:
کە هەر زوو، یەکەم سات، وەک ئێستام،
ئەو خاچی بە باڵای بێشکەم و بە بەژنی
دواڕۆژما داکوتی. وەک ئێستام
ئەو ڕمڵی کۆچێکی درێژی ناو قوڕگی
نەهەنگ و سەفەری وڵاتی خەڵووزی بۆ لێدام.
من ئێستاکە
باوکم نییە؟ و
شاخی گۆیژەشوێن لە جێی باوکمە!
بەم ڕۆژگارە گۆیژە چاوم بانگ ئەکات و
وەک پوولەکە یەکە یەکە سەرنجەکانم بە خۆیدا دائەدوورێ.
شاخی گۆیژە بەرگدرووی وەرزەکانی پێکەنین و گریانیشە.
گۆیژە مەراقی ڕەنگاوڕەنگ ئەچنێت و ئەیانکا بە: کۆڵوانەی تەم.
ئەیانکا بە: کراسی گوڵگوڵی هەور و بە ملپێچی
ڕیشاڵدرێژی سێبەر و ئەیانکا بە کلێتەی سپی
سەر قوتکە و بە دەسەسڕی ئاوریشمی خۆرهەڵات و
خۆرئاوابوون.
بەم ڕۆژگارە گۆیژە چاوم بانگ ئەکات و
منیش چاوم، دوو گوڵدانی قژی ئەوە.
گۆیژە ڕۆژنامەی گڵینی بەیانیان و ئێوارانمە.
- ڕۆژی پشوودانی نییە- هەر بەیانییەک هەڵئەسم،
بە گەورەیی، بە مانشێتی بەفر بێ یان قوڕ و لیتە،
بە مانشێتی سێڵاو یاخود گێژەڵووکە، بە مانشێتی
دووکەڵ یاخود پشکۆ یاخود خوێن و یاخود
گەرداو و باپووسکە، ئەو تازەترین هەواڵ و
دەنگوباسی لە تەوێڵی درێژکۆلەی خۆی نووسیوە
بۆ نموونە:
*ئەم مێژووە زوقمەشەختەی زستانێکە هەرگیز گەرمی نابێتەوە.
*ئەمڕۆ پاییزە و کەچی من بنارەکەم پڕە لە چاوی گوڵاڵە.
*لەم شارەدا هەندێ قەڵەم دەفتەرەکانی خۆیان ئەتک ئەکەن.
*لەم دەشتەدا سوار ئەگلێ و ناشبێ بە سوار.
*لەم شارەدا مردن چەند پرس بە نێچیرەکەی خۆی ئەکات
لێرەیش هەر ئەوەندە بە ژن.
*لەم دەشتەدا جۆگە دوژمنی جۆگەیە و بەڵام ژەهریش
لە سەرچاوەی هاوبەشەوە ئەیانکوژێ
*ئەوا نالی سەرهەڵئەگرێ و ئەڕوا
چونکە نە نیشتمان ناسی و نە منارە و
نە خەڵک و خوا!
بەم ڕۆژگارە گۆیژە چاوم بانگ ئەکات و
منیش چاوم چاوی کۆڵان و گەڕەک و چاوی
دەرگا و پەنجەرەیە. گۆیژە دیوانی پەلکەگیاو،
قوڕەسوور و سمڵ و شانۆی کۆست و
دەمامک و سەمای گریان و بەستەیە.
شاخی گۆیژە ڕۆمانێکی بێ کۆتایی ئەم بنار و
پێدەشتەیە. گۆیژە چاپخانەی ژان و سوێی
ڕەنگاوڕەنگە. گۆیژە یەکەمین نووسەری یادداشی ئەم مەڵبەندەیە.
من خاچی مارتێئاڵاوم
من ڕێی وێڵ و
گەشانەوەی هەڵوەرین و
ئاوابوونی هەڵهاتن و
شەوقانەوەی کوژانەوە و
نیوەشەوی نیوەڕوان و
شەوەزەنگی بەیانیانم،
لەسەر حەوشەیەکی گەورە، گەورە ئەوەندەی سامناکیی
هەژاریی خۆی. لەسەر حەوشەیەکی گەورە، گەورە هێندەی
سکی خاڵیی هەژاریی خۆی. لەسەر حەوشەیەکی گەورە، کە
برسیەتی لە چاوەڕوانی هاتن و گەیشتنی
«مانگ»ی ناندا، کردبووی بە
جێگەپیاسەی شەوانەی خۆی.
لە ژوورێکی چاوخێلی لەش خواروخێچدا
لە ژوورێکی بچکۆلەدا..
بچکۆلە و تەنگ هەر بە وێنەی دڵی دایکت.
لە ژوورێکی پشت لە هەتاوی پاڵکەوتووی ناو نسێدا
نسێ وەکوو دەموچاوی پشت لە خۆری خوشکەکانت،
لەگەڵ چوار پێنج
ماڵە مەراقی ڕووتەڵە و
ماڵە خەمی شەو بە کۆڵ و
ماڵە پیاز و
ماڵە توور و
ماڵە کەوەر و
ماڵە زوخاوی دیکەدا.. بوونە هاوسێ!
هەر لەوێ بوو..
پیرێژنێکی سەر حەوشە.. خەیاڵ چڕو قسە فێنک
وەک سێبەری کەپری حەوشە.
پیرێژنێک چاو لێڵ و پێڵ، وەکوو چاوی زنەی شلوێ.
پیرێژنێک کە دەریایەک مێژووی دەنگ و
مێژووی ڕەنگ و مێژووی بۆنی
گوشیبووە ناو دەروونیەوە و
هەموو شەوێ
کارێزکەن بوو شۆڕ ئەبۆوە بەناو خۆیدا و ئەچووە خوارێ.
هەموو شەوێ مشتێکی لێ هەڵئەهێنجاو دڵۆپ دڵۆپ
ئەیکردە ناو ناخمانەوە هەموو شەوێ.
هەموو شەوێ لە کەوێڵی ئەو دەنگەوە
لە ئەشکەوتی ئەو دەنگەوە
سەدان چرای ئەم زمانە
سەدان چرای ئەم شاخانە
بە ڕیز ئەهاتنە دەرەوە و ئەبوون بە ڕێچکە
گۆرانیی و کەڵەپشکۆ. ئەبوون بە ڕێچکەی برینی
داگیرساوی ناو حیکایەت. ئەبوون بە بەیتی
ئەسپەڕەش، بە گردی ڕەش، ئەبوون
بە یاڵی داستان و بە شەتاوی کاوانی دەنگ.
بە پۆلەخۆزگەی خەومان و لە ناو ژووردا
باڵیان ئەگرد. لە ناو ڕۆحدا ئەتوانەوە
هەتا ئەبوون بە شەونمی سەر سەرین و
دیسانەوە بۆ سبەی شەو شین ئەبوون و
لە ناو ژووری پیرێژن و
لە کەناری ئاگرداندا ئەڕوانەوە.
من یەکەمجار لە هەوری ئەو ڕوخسارەوە
برووسکەی «بازیان» لێی دام.
من یەکەمجار لەو چاوەوە
ئازادیی باری بەسەرما و تەڕی کردم و
وەک مەهابادشوێن سوورهەڵگەڕام.
من یەکەمجار لە پەرژینی ئەو دەنگەوە
ڕیشی شێخ سەعیدکەس ئاڵایە خاچی لەشم و
من یەکەمجار لە بای تیژی ئەو دەنگەوە
ناوی دەرسیم گوێی سمیم و
دیاربەکر لە قژەوە هەڵیگرتم و
لە گۆمی وانی هەڵکێشام.
من یەکەمجار لەو زارەوە
حیلەی ئەسپەڕەشم بیست و
من یەکەمجار لەو دەنگەوە
چوارڕیانی خاچی نیشتمانم ناسی و
لەو دەمەوە، لە شەوانی ئەو ژوورەوە
بووم بە گەردەلوولی پرسیار.
من خاچم و بزمار پرسیار.
من لق و پۆپ، ژان بنج و بێخ.
من سەفەر و وشە ڕێگا
من هاڵاو و من بوخار و
مردن زرەیا!
-لە کەیەوە مەرگت ناسی و بووی بە نیشانەی
سەرسامیی بەردەمی ئەو؟! لە کەیەوە مردن
هاتە خەونی خەمت و لە کەیەوە تۆ سۆراخی
مەملەکەتی تەم و مژو شەوی ئەکەی؟! لە کەیەوە
ئەو شەپۆلی نەهێنیانە وەک پووشکەیەک
لوولیان دایت و دایانیتە دەست گێژەنی نێرینەی ئەو؟!
- لەو ڕۆژەوە کە لە ناکاو بە بێ ئەوەی لە دەرگا بات،
مردن خۆی کرد بە ماڵماندا و باوکمی برد. لەو ڕۆژەوە
بەژنی دایکمی، وەکوو ڕۆحی لە ئاوی ڕەش،
لە خومی ڕەش لە مەراقی ڕەش هەڵکێشاو
ئیتر ئەویش بوو بە پەریی مەملەکەتێ. لەو
کاتەوە، ئەو شەوانەی کە ئەچوومە ژێر لێفەوە و
لە ژێرەوە هەردوو چاوم ئەنووقان و سەیری کوێربوونی
خۆم ئەکرد. سەیری ناو گۆڕی خۆم ئەکرد.
لەو کاتەوە من ئەمپرسی و هەر ئەمپرسی و هەتا ئیستە:
ڕەنگە مەرگ لەناو گڤەی باهۆزدا بێ!
ڕەنگە لەناو کلووی بەفر و
ڕەنگە لەناو ڕووباردا بێ.
ڕەنگە مردن بە بێ ژیان نەژی.
ڕەنگە مردن هەر خۆی ڕەگ بێ و
ژیانیش لق و پۆپەکەی!
هەر ئەمپرسی و هەر ئەمپرسی و هەتا ئیستە و هەتا هەتا
ڕەنگە مرۆڤ خۆی سەراب بێ و ئەویش ڕاستیی!
تۆ ماری گینگڵت، پرسیاری گینگڵی خاچت بوو
-ئەی تۆ کەی ئەستێرەت بەجێهێشت،
هاتیتە سەر زەوی؟!
ئەی تۆ کەی بووی بە گیای ناو سەری
وڵات و ئەی تۆ کەی لە قوللەی قافەوە
هاتیتە بەردەمی سۆراخی ئەم خاکە و لە بەردەم
جەللاد و سێدارە و مەرگێکی تازەدا دابەزیت؟!
منداڵ بووم وەک گوڵی دارچوالەی یەکەم بەر،
بچووک بووم وەک بەچکە مراویی.
ڕۆژێکیان کتێبێ لە جانتای باوکمەوە سەری خۆی
دەرهێنا و پێکەنی. پێی وتم: حەز ئەکەم بمبینی.
سەیرم کەیت. وای وت و دەستی خۆی دامە دەست.
هەڵمگرت. بۆنم کرد. ماچم کرد. کردمەوە:
وێنەیەک، چاوانی ڕەشی خۆی تێبڕیم. وێنەیەک:
خاچەکەی خستمە ناو کەلەپۆی خۆیەوە. مارەکەی
ترساندم. وێنەیەک وەک پرژە وەکوو تیشک
وەک هەوا هاتە ناو چاومەوە
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا ژاکام
من پێشتر گوڵباخی ماڵێ بووم!
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا لێڵ بووم
من پێشتر بەفراوی شاخێ بووم.
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا پەرت بووم
من پێشتر شەماڵی ئارامی دارێ بووم.
سەیرم کرد سەیرم کرد سەیرم کرد تا سووتام
هەتاکو ڕیشم هات
تا تووکی سەر سنگم درێژ بوو.
من پێشتر منداڵ بووم.. منداڵ بووم. منداڵ بووم
لە کوێوە وام لێهات؟ لە کوێوە گەورە بووم؟!
لە کوێوە؟! لە کوێوە؟!
وێنەیەک ئاوا بوو
بەم جۆرە:
سێدارە و پیاوێکی خنکاو و دوو قاچی ناو ئاسمان!
وێنەیەک: پەتێک و ملێکی شکاوە و
دوو دەستی بەرەو خوار ڕاکشاو.
وێنەیەک: کەوایەک هەتاکوو خوار ئەژنۆ
لە دووریش سێبەر و تارمایی چەند کۆشک و خانوویەک
من حونجەی پیاوەکە و ناوم کرد
بەم جۆرە
ق ا ز ی م ح م د.
ئەو ژاکانە بۆ هەوێنی گەورەبوونی
ژانەکانی دەوەنم بوو.
ئەو لێڵ بوونە بۆ هەوێنی قووڵبوونەوەی
نیگاکانی گێژەنم بوو.
ئەو پەرت بوونە بۆ هەوێنی چڕکردنەوەی
ئاخەکانی بەندەنم بوو.
ئەو سووتانە بۆ هەوێنی شینبوونەوەی
بە پیتتری دەغڵی وشە و
دەغڵی هزر و
دەغڵی سووری تەمەنم بوو.
ئەو ڕیشە ڕیشی شیعر بوو.
ئەو تووکە، تووکی ئازار بوو.
ئەو ملە ملی شاخێکم و
ئەو پەتە پەتی تاریکی و
ئەو کەوایە کەوای بەری مێژوویەکم و
ئەو دەستانە دەستی شەقام و ڕووبارم و
ئەو مردنە مردنێ بوو
بیرنەچوونەوەی ژیان و
لە دایک بوونەوەی تازەی
پێ نیشان دام
ئەوە خاچە بە کۆڵتەوە؟ یان چنارێکی کوژراوە؟!
ئەوە مارە تێی ئاڵاوە؟! یاخود پەتی سێدارەیە؟!
یان پارچەکانی جەستەی خۆت؟!
ئەوە بزمارە یان پەنجەی مەرگەوەڕە؟!
یان سێ نەفرەتی دۆزەخە؟!
چەقیونەتە بەری دەست و پشتی قاچی،
ئەو هاواری پێغەمبەرە؟!
ئەوە پرچی فریشتەیە بەسەر هەورا شۆڕبۆتەوە؟
کزەبا ئەیهۆنێتەوە و فرمێسکی خوا تەڕی ئەکا؟
یاخود ئەوە پرچی دایکتە و بەسەر شانتا شۆڕبۆتەوە و
تەنیایی ئەیهۆنێتەوە و گریانی ژوور و چاوی تۆ
تەڕی ئەکا؟
ئاخ بۆ دایکم!
ئاخ بۆ مانگێ لە سەرەتای هەڵهاتندا کەوتە خوارێ!
ئاخ بۆ خەونێ لە سەرەتای هەڵفڕیندا کەوتە خوارێ!
ئاخ بۆ دەنگێ لە بەرزایی چریکەدا کەوتە خوارێ.
ئاخ بۆ دایکم!
ئاخ بۆ شیعرێ لە سەرەتای تریقەدا
وشەکانی هەڵوەرین و بوون بە لمی گوێ ڕووبارێ!
ئاخ بۆ دایکم!
ئاخ بۆ چاوێ بۆ گەردنێ بۆ کاکۆڵێ
هێشتا بۆنی یەکەم ڕێحانەی ئەوین و
بۆنی یەکەم ماچی نمە و
هێشتا بۆنی یەکەم جێژوان و بۆنی گەڕەکی سەرگۆل و
بۆنی گڵەکەی مەڵکەندی و بۆنی «وەیس» یان
لێوە ئەهات. کە تەمتومانێ دایپۆشین.
ئاخ بۆ دایکم!
ئاخ بۆ بەژنێ، بۆ سیمایەک، بۆ زڕەی ڕستەبازنێ
کە هێشتا هەر زەنگیانەکانی باران و
هێشتا پەڕی کۆترەکانی ناو هەڵەبجەشوێن و
هێشتا زەردەی گوڵە زەردی قەرەداغشوێن و
هێشتا جێ پەنجەی وەنەوشەی
سەر چەرماوەندیان پێوە بوو
کە بوون بە تۆز و غوبارێ.
ئاخ بۆ دایکم!
بۆ ئەو تاوسە بەدبەختە
بۆ ئەو دارهەرمێ غەمگینە و
بۆ ئەو چل چرای گریانە و
بۆ ئەو بەفرە کراس ڕەشە.
ئاخ بۆ دایکم!
دایکت و تەواری خەمبار وەکوو یەک بوون.
ئەو هەمیشە هەڵنیشتووی ناو کاولاشەکەی
بەختی خۆی بوو. ڕەنگی دایکت و گوڵە لیمۆ و
شاخەشینەکەی دوای ڕەهێڵە وەکوو یەک بوون.
ئەو: پەنجەرە تەماوییەکەی زستانانی سەر حەوشە
بوو. وەک بلووری دووکەڵاویی چرای دیوار
کۆی ژوورەکە ڕەش و زەردباوی تێکەڵ بوو.
لە دار قەزوانێکی تەنیای سەر گردێکی تەریک
ئەچوو. لە مریشکەڕەشەی کز وەستاوی
ناو بەفری حەوشەکە ئەچوو. لە سەرەتای
تاریکبوونی دوای ئێوارە و لە مەقامی ئەڵڵاوەیسی و
هەر کوت و مت لە خەم خۆی و لە شەو ئەچوو.
تۆ گەلێ شەو دوای نووستنی چراکان و
خوشکەکانت و دوای نووستنی داروبەرد و
دوای نووستنی حەوشی گەورە. لە ژێر لێفەی
هەرزاڵەوە، گوێت لە زایەڵەی خوێناویی
ڕۆحی ئەبوو. گوێت لە ورد و خاش بوون و
شکانی شووشەبەندی سێ دەریەکەی سنگی ئەبوو.
لە ژێرەوە، لە پەنجەرەی ناو لۆکەوە، سەیری
هەڵمی لاواندنەوە و سەیری شۆڕەبی گریانی و
سەیری سووتانی هێواشی یادگاری و سەیری
زەردیی تراویلکەی دەنگیت ئەکرد:
ئەتبینی چۆن دوو ئاونی بێوەژنی و
نائومێدیی تێکەڵ بە یەکتری ئەبن.
ئەتبینی چۆن هەردوو سەری، شەوی درێژی
هەژاریی و چاوی زستان لە خاڵێکی سارد و سڕدا
بە یەک ئەگەن. ئەتبینی چۆن بیرەوەری و
لاواندنەوە، وەکوو قەوزە و شەپۆلەکان
لە پاڵ کەنارێکی لینجدا بە یەک ئەگەن.
ئەتبینی چۆن ڕەنگ ئەڕژێتە دەنگەوە.
ئەتبینی چۆن کڵۆی خەیاڵ لە زوخاودا ئەتوێتەوە.
ئەتبینی چۆن تەنیایی بێوەژنێک و تەنیایی خوا و
تەنیایی مەرگ و کوردستان.. لە یەک ئەگەن!
ئەتبینی چۆن کە نامۆیی ئەبێ بە بێوەپیاوێکی
سەر ڕووتاوە و بێوەژنێکی پایزە مارە ئەکات.
ئەتبینی چۆن خۆڵەمێشیش ئەبێتەوە بە پەنگر و
ئەتبینی چۆن کە پەنگریش ئەبێ بە پارچەیەک شەختە و
شەختەیش ئەبێ بە ئاگردان.
تۆ ئەو گەردوونەت ئەبینی.
ئەو هەموو کسپە و سووتان و خەمە تازانەت ئەبینی و
ئیتر ئەوسا لە ژێرەوە لە ژێر لێفەی هەرزاڵەوە
وەک گەواڵە هەورێ بچووک سەرت پەنگی ئەخواردەوە و
قوڵپت ئەدا و لە پڕێکدا بە هەردوو دەست توند توند
دەمی خۆت ئەگرت و ئیتر دات ئەکردە باران،
سەرین ئەبوو بە گیای تەڕ و، پەنجەرەی لۆکە
دائەخراو، ئەچوویتە ناو خەونێکەوە:
«ئاسمانەکەی وەکوو کراسەکەی دایکت ڕەش هەڵگەڕاو،
مرۆڤەکان سەریان بووبوو بە سەری ورچ، ڕایان ئەکرد،
قەپاڵیان ئەگرت لە یەک و ئەیانبۆڕان. کۆڵان ئەبوو
بە تابووتێکی درێژی سەرداخراو، پیرەمێردی خاوەن
حەوشەیش لەسەر تەختەی تابووتەوە هەڕەشەی ئەکرد
لە دایکت و داوای کرێی لێئەکرد و سەلکی بڕاوی
چۆلەکەی تێئەگرت و پڕ بە گەڕەک ئەیزریکان»
ئەچوویتە ناو خەونێکەوە: «دارەکەی دەستی مامۆستای
وانەی «حساب» ئەبوو بە مار. ژمارەکان ئەبوون بە
دووپشکی باڵدار. کەپری حەوشە شەوگەردی پیا شۆڕئەبۆوە و
ژوورەکەتان ئاو ئەیبرد و، جانتاکەی باوکت ئەبینی
لەناو قوڕێکدا چەقیوە و شیعرەکان کەوتوونە هاوار».
ئەچوویتە ناو خەونێکەوە: «لەو خەونەدا هەر خۆیشت بووی،
ئەبووی بە دوان یەکێکت ئەپووکایەوە و پێستی کۆنی
فڕێ ئەدا و ئەوی ترت ئەبوو بە ئەسپێکی باڵدار، دایکت
ئەخستە پاشکۆوە و هەور ئەبوو بە ئاوزەنگی و هەر
ئەفڕیت و هەر ئەفڕیت و لە دواییدا ئەگەیشتیتە ئەستێرەی
خواو ئەبووی بە میوانی کچە حۆرییەکی نازدار» ئەچوویتە
ناو خەونێکەوە: «وا گەورە بووی سمێڵ ڕەش و
ڕانک و چۆغەی شینکی تازەت لەبەردایە، خەنجەرێکت
بە قەدەوە، بە شاخێکدا سەرئەکەوی و لە پڕێکدا
لە نێوانی دوو بەردەوە، وەک هەڵقوڵێ، پیاوێک
ئەهاتە دەرەوە. چوارشانە و بەرز، لە فیشەکدا
زەرد ئەچۆوە. پێئەکەنی و پێی ئەوتی: ئەوە منم،
خولەپیزە، تۆیش پێت ئەوت: خۆشم ئەوێی،
منیش هاتووم لەگەڵ تۆدا ببمە چەتە. پێئەکەنی و
دەستی ئەهێنا بە سەرتا و لە دواییدا فیشەکێکی لە
فیشەکلغ دەرئەهێنا و ئەیخستە ناو گیرفانتەوە و
پێی ئەوتی: قەت نەترسی! وای ئەوت و لە پڕێکدا
ئەچۆوە نێوان دوو بەرد و، وەکوو عەردەکە قووتی بات،
ئیتر لە چاوان ون ئەبوو. دیسانەوە ئەبوویتەوە
بە منداڵ و هەر لە خەوەکەدا ئەتوت: من بەیانی
بە دایکم و بە خەڵک ئەڵێم: لەو کێوانە، لە سوورکێو و
لەسەر «کەتوو» چوومەتە لای خولەپیزە» ئەچوویتە
ناو خەونێکەوە: «لەو خەونەدا باوکت ئەدی،
قژئاڵۆزکا و جووتێ کۆتری سپی سپیش لەناو دەستیا،
پێی ئەوتی: ئەم جووتە کۆترەم کڕیەوە لە پیاوێکی
گوایە شێخ و گوایە مەلا کە خەریک بوو سەریان ببڕێ.
پێی ئەوتی: ها بیانبە بۆ سەر سەربان،
بەرەڵایان کەو با بفڕن بەرەو ئازادیی نێو ئاسمان»
ئەچوویتە ناو خەونێکەوە: «لەو خەوەدا لەسەر
گردی مامەیارە، لە ناو ئاپوورەی ژناندا، لەسەر دایک
تۆ ئەم شیعرەت ئەخوێندەوە:
من کێڵگەی گەنم و جۆی شیعر بووم
دایکیشم بارانی پەڵەدان.
من بەردی ناو لانکەی شاخێ بووم
دایکیشم نیشتمان.
من کرمی ئاوریشمی قۆزاخەی بەهرە بووم
دایکیشم درەختی برک و ژان.
من جەستەی مەلێکی سپی بووم
دایکیشم ئاسمانی وەک قەتران.
من خەو بووم و دایکم سەرم.
من کەروێشک و ئەو نزار بوو.
من جۆلانە و ئەو لقی دار.
من هەناسە و دایکم سنگ بوو.
ئەو قەفەزو من کەوەکەی
من چیرۆک و ئەو شەوەکەی.
«سێ هۆرەی خۆشەویستیی بۆ دایکم،
ئەو هۆرانەی لەسەر خاچی لەشم هەڵکەندراون»
یەکەم:
ئاو نووسیبووی:
کوڕێک هەبوو لە دایکی دوور.
هەموو جارێ ئەهاتە سەر ڕووبارەکەم.
ورد ئەبۆوە ورد ئەبۆوە لە دواییدا تێی ئەچریکان:
هۆ دایە گیان تۆ دوور نیت و تۆ لە لامی
من ئێستاکە تۆ ئەبینم
بوویتە شەپۆلێکی کەنار.
من ئێستاکە گوێم لە تۆیە
کە هاژەت دێ و
ئەڕژێیتە ناو ڕۆحمەوە و
بووی بە ڕووبار!.
دووەم:
دوای سووتانی باخی سێوێ.
لەناو هەموو جۆگەکاندا
تەنها یەکێکیان سوێی بۆوە و لە داخا مرد
لەبەر گڕدا بوو بە هاڵاو.
وتیان: ئەو جۆگەیە دایکی
باخی سێوی جوانەمەرگە!
سێهەم:
لە یادداشتەکانی خۆیدا
قولاپی قەڵایەک ئەڵێ:
کەسم نەدی.. تەنها دایک بوو ئامادە بێ
گەرووی بداتە دەس چنگم و
ژیان بدات بە مردن و
هەر بەو مەرجەی
کە ڕۆڵەکەی ڕزگاری بێ!
تۆ خەون بووی لە ناو خەونا.
ئەچوویتە ناو دوا خەونێکی بەفرینەوە: «هەڵۆیەک
هەڵیئەگرتی و چنگەکانی لە کەمەرت گیر ئەکرد و
بەرز ئەبۆوە، بەرز ئەبۆوە، هەتاکوو سەر پیرەمەگروون،
لە پڕێکدا بەری ئەدایتەوە خوارێ و گوێت لێ ئەبوو،
هەڵۆ قاقا پێئەکەنی. تۆش وەک گەڵایەکی تەزیو،
ئەکەوتیتە ناو گێژەڵووکەی زریانی دۆڵێکی قووڵ،
خولت ئەخوارد، هەڵئەلەرزیت، هەڵئەلەرزیت،
لەپڕ ئەتوت ئەمە خەوە و ڕائەپەڕیت، وەختێ چاوت
ئەکردەوە، خوشکەکانت لێفەکەیان ڕاکێشاوە و تۆیش
لە سەرمادا ئەلەرزیت. وەختێ خەبەرت ئەبۆوە:
شەوقی نارنجیی ئاگرێک ئەیدا لە کراسی ڕەشی
دایکت و کە سەرێکیشت هەڵئەبڕی بۆ تاکە چاوی
پەنجەرە. سەیرت ئەکرد حەوشەکەتان پڕ لە بەفرە»
من خاچی مار تێئاڵاوم.
من شەوێکی دەربەدەری ئەم مێژووەم.
من نەفرەتێکی بەهەشتیی و
من زەردەشتێکی دۆزەخی و
من تاریکایی هەتاوم.
من خاچی مار تێئاڵاوم.
من کۆچێکی بێ کۆتایی ئەشکەنجەم و
من عەشقی لە دار دراوم!.
تۆ ئیستە هەر خۆت و خاچەکەی تەوێڵت پێکەوەن
چون شاخ و دڕەی خۆی. چون چەم و هاژەی خۆی،
چون چمکی مەرگ و ژین. تۆ ئیستە هەر خۆت و
بزماری داکوتراو بە جومگەی مێژووتا بەرامبەر یەکتری
دانیشتوون. وەک مانگ و قوربانی، وەک
شیعر و خوێنەکەی، وەک مەلی کوژراو و گۆرانی.
تۆ ئیستە هەر خۆتی، تۆ ئیستە سێبەری ترساوی
بەیانی و گریانی تارماییت. خۆت و خۆت.
تۆ دایکت شوێن بەخت و ڕووباری تازەی کەوت.
ئەو بەختەی بە باڵی نەوڕەسی دیجلەدا هەڵواسیی.
ئەو نانی گریاوی ژوورێکی برسی بوو، گوڵدانی
خۆڵەمیش، بوخچەی تەم، قوڵینەی فرمێسک و
ئەو گۆزەی زامداری ئاوێکی ڕەش ڕەش بوو.
بەختی یار بازێکی خوێن گەرمی باڵ تیژ بوو،
پەیدا بوو لە ڕۆخی دیجلەوە هات بردی – مەخابن
ئەو بەختەیش دوای چەند ساڵ، وەکوو بەختی باخی میر
مێروولە و گژەبا و خۆڵ خواردی – تۆ ئیستە هەر خۆت و
خاچەکەی تەوێڵت پێکەوەن. هەر خۆت و جانتایەک
ئەو تۆیە و تۆیش ئەوی. ژوورەکەیش وەک بەفری
ناو حەوشە توایەوە. ئەو ژوورەیش بوو بە خەو،
حیکایەت ساردبۆوە و ئاگردان سەری خۆی داپۆشیی.
هەر خۆت و جانتایەک، تۆ خاچ بوویت ڕێگەت دا
بە شانتا و گردۆڵکەی مەراقت هەڵگرت و تۆ
ئیستە خاچێکی غەریبی ناو خۆتی و لە شاری باوکتا ڕەوەندی.
ڕۆژێکیان بەیانی، گەردووگوڵ، سێ سەری گریانی
پرچ درێژ دەوریان دای. ڕوومەتت و لاملتیان
وەک سەوزەهەرێزی کازیوە تەڕ کردی. سەفەر بوو.
سەفەری دایکی خاچ. سەفەری خوشکی خاچ، سەفەری
چیرۆک و سەفەری «سەرکارێز»، سەفەری «کانی باو»
سەفەری گەڕەکی مەڵکەندی.