٨

لە کتێبی:
خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 19 خولەک  1382 بینین
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ پەلوپۆی سەفەرێکی زۆر دێرینەی
ئەم جیهانەی
تۆ جانتایەکی سیخناخی
لە هەناسەی سارد و گەرم و
تۆ ڕاکردنی «شوێن»یت و
تۆ هەڵفڕینی «کات»یت و
تۆ کورسییەکی دوودڵی و
ژمارەیەکی سەرسامی و
ڕێگایەکی ئاڵۆزکاوی.
فلۆرەنسا:
لەسەر شەقامی شیعری سەوز ڕاوەستاوم
پڕ باوەشم لە گۆرانیی زەرد و سوورە و
دوو کانیی شین بوون بە چاوم.
فلۆرەنسا:
یەکەم ماچی نێوان ئادەم و حەوایە
بووبێ بە شار.
یەکەم ئاوازی خودایشە
کە بۆ بەهەشتی دانابێ!
فلۆرەنسا:
لە بەردەمما وەک کۆمیدیای ئیلاهیناوی تایبەت
پەڕە پەڕە ئەکرێتەوە.
جارێک ئەمکا بە سەرەتا بۆ ئەوین و
جارێکی دی بە گوناهی بێکۆتایی.
فلۆرەنسا:
پاییز هێنامی بۆ لای تۆ
پاییز پاییز تەنها ژنێ
لەناو ساڵدا من بناسێ و
تێم بگات و بشمژەنێ!
زستان ژنێکی تەمەڵە
لە کونی ژوورێ خزاوە و
هەر خەریکی پاڵکەوتن و باوێشکدانە.
بەهار ژنێکی گەمژەیە
وا ئەزانێ ئەم ژیانە
هەر بە جوانیی ڕواڵەتە!
هاوین ژنێکی بەرەڵڵا و خۆپەرستە
نە ماڵی هەیە و نە بەڵێن نە جێ و ڕێگە.
ئەم سێ ژنە بەهەرسێکیان
ئەگەر نیوئەوەندەی پاییز لەگەڵ کۆچما بگرینایە؛
وەکوو پاییز بۆ تەنیاییم یار بوونایە،
ئەوسا ساڵیش وەکوو ئیستە
سپڵە و بێوەفا نەئەبوو بەرانبەرم
ئاوڕێکی لەم دڵدارە ئەدایەوە و
ڕێزێکی خەمی ئەگرتم!
فلۆرەنسا:
هەموو ڕۆژێ چۆمی «ئارتۆ» لانکەی ئاوە
بۆ شیعرێکی تازەزاوم. شەپۆل شەپۆل ڕامئەژەنێ.
هەموو ڕۆژێ چۆمی ئارتۆ نەورەسێکی دڵدانەوە
بە تەڵێ گوڵی مۆرەوە: ئەنێرێتە لای هەناسەم
من ئێستاکە هەردوو دەستم
وەکوو کەناری چۆمی ئارتۆ
هەوارن بۆ وشەی تەڕ و
ماسیگرەی بەر سنگ سپی و
شەقامن بۆ خۆزگەی نامۆ.
«دانتیکەس» لێرە دائەنیشێ
ماڵی گوڵ و ماڵی گڕی ئەو لێرەیە.
دانتی هەر لێرەیش ئەنووسێ
وشەی پشکۆ و وشەی خونچەی ئەو لێرەیە.
لێرە ئەبێ بە گوڵدان و
لێرەیش ئەبێ بە ئاگردان.
لێرە دۆزەخ ئەکاتە بەر هزرەکانی و
لێرە بەهەشت ئەکاتە بەر سۆزەکانی و
لێرەیش ئەبێ بە نزایەکی نارنجی
نێوان هەردوو گوڵ و ئاگر.
ئەم شارە شاری ئەفسانەی ناو مەملەکەتی هونەرە
جادە و کۆڵان، دەرگا و دیوار، گۆڕەپان و باڵەخانە و،
باخچە و نزار هەموو بوون بە ژێر دەست و پێی پەیکەرەوە.
پەنجەرە زاری پەیکەرە.
پایەکان قاچی پەیکەرن.
دەرگا هاواری پەیکەرە.
دیوار سنگی خواوەندێک و
جادە: ڕووباری عەشقێکی هەڵکۆڵراوی ناو هونەرە.
قوببەکان مەمکی پەیکەرن
باڵەخانە بووە بە ئەسپ
درەختەکان بوون بە ژن و،
ڕم و نێزە بوون بە پیاو و
بەردی بچووکیش بە منداڵ.
پەیکەر، پەیکەر، پەیکەر
وێنە و هونەر، وێنە و هونەر، وێنە و هونەر.
لێرە میکائیل ئەنجلۆ وەک گلێنەت لەگەڵتایە.
لێرە میکائیل ئەنجلۆ ئەبینی چۆن
لەژێر چەکوشی پەنجەیدا
ئاو هەڵئەقوڵێنێ لە بەرد و
بەرد ئەکا بە گۆشت و ئێسک و
ڕۆحیش ئەکا بە بەریاندا!
لێرە میکائیل ئەنجلۆ ئەبینی چۆن
شەقام ئەهێنێتە قسە
باڵ ئەڕوێنێ لە دیوار و
سەری مەسیح
ئەکا بە زەنگی کڵێسە!
ئەمە شاری سەرسامییە
وەختێ کە دوو چاو بەش ناکا بۆ تەماشا!
ئەمە شاری تەلیسمە لەناو تەلیسما
وەختێ کە شیعر لاڵ ئەبێ و
دەنگ ئەوق ئەبێ و
قەڵەم وشە لە بیر ئەکا!
ئەگەیتە لای ڤینتسیای شاژنی ئاو
ئاوێزانی تاڤگەکەی بەژنی ئەبی و
ئەبی بە ئەستێرەی ناو ئاو.
ئەگەیتە لای کەرنەڤاڵی شەقامی ئاو، کۆڵانی ئاو
ئەبی بە ماسیی باڵداری دڵداری ئاو.
ڤینتسیا لەناو ئاودا لەدایک بوو
ئاو لانکەی بوو، ئاو ماڵی بوو
ئاو خوێندنگا و، ئاو ئەوین و
ئاو یاری بوو.
ڤینتسیا هەزار ساڵە دەمی ناوە بە ئاوەوە و
تێرئاو نابێ!
ئەم تینوێتییە تینوێتیی عەشقی شارە بۆ چاوی ئاو.
لێرە زەوی ئەوەندە تەنگەنەفەسە
گوێت لە خیزەخیزی سنگی باریکەڕێ و سنگی بەردە.
لێرە وشکانی لەبەر ئاو جێگەی نییە
نە خۆی هەڵکا و نە ڕابکا!
لێرە عاشق تەڕە وەکوو گیاوگوڵی ئاو
لێرە شیعر تەڕە وەکوو نەورەسی ئاو.
ئەگەڕێی بەڵام تۆ دوو کەرتی، دوو جەستەی،
دوو سەری و چوار چاوی. سەرێکت ئەوەتا لێرەیە و
گڵۆڵەی سەرابی کۆچێکە و ئەوی تر وا لەولا
کاکۆڵی دووکەڵە و لە لەشی دیرۆکت هەڵئەسێ و
لە گەرووی دەربەند و شاخانتا گێژەنی مەراقە و
یان پێچکەی کۆستێکە و بەردەوام خول ئەخوا.
دوو سەری، سەرێکت جانتایە و دوور ئەڕوا و
ئەوی تر بەردێکی ئەو لایە و لە سەری شاخەوە
بەرەوخوار تل ئەخوا. چوار چاوی؛ دوو چاوت
ئەوەتان لێرەن و وەک ڕۆخ و بەستێنی ئەم
شارە ئاوییە تەڕ تەڕن و قووڵاییی دەریاچە
زووخاوێ ئەپێون و دوو ئاسۆن لە وەرزی
فرمێسکدا ئەوەرێن. دوو چاوی ئەو لایشت
دوو گردی گەرمێنی ڕەشتاڵەن وەک
پێستی مەندەلی قرچەقرچ ئەسووتێن. ئەگەڕێی
بەڵام تۆ سێبەری پەرتپەرتی، لە جەستەت
ون ئەبی لێرە بی یان لەو لا هەر شەوی کەرت
کەرتی. تۆ مێژووی ونبوون و کوشتنی، ئاشکرا
بکوژرێی «موعینی»ت بە دزیش بکوژرێی
«زوبێحیت» تۆ مێژووی ونبوون و کوشتن و
خۆکوژیت. ئەگەڕێی، بەڵام تۆ تارماییی
هۆشێکی پەرتپەرتی، ئەو کاتەی کە لێرە وای لە
ناو شیعرێکی ئەورووپاشوێنی ڕووناکدا
هەمان کات لەو لایشی و وای لەناو
گریانی شیعرێکی تاریکدا. ئەو دەمەی تۆ لێرە
لە ژووری شووشەدا و لەنێوان گوڵاندا دانیشتووی
هەمان کات لەو لایشی و کەوێکی ڕەشپۆشی
ناو پرسەی کاولاشی. هەمیشە تۆ جەستە و
تۆ بەژنی خاچێکی چوار پارچەیت. ئەو دەمەی
کە لێرە ئەبیتە باران و ڕەهێڵە و ئەنووسیت
هەمان کات تۆ لەو لایت، یان شەختەی
سەقزیت یان ژاڵەی ماردینی یان تەمی
قامیشلیت. یان ئاگری کەرکووکشوێنیت.
تۆ مێژووی ونبوون و کوشتن و خۆکوژیت.
بە شیری زولفقار گەردنت هەڵفڕێ بۆ لای خوا
سابڵاخشوێنیت. بە پرچی ژنێکی جوانکیلەی
مودێرن هەناسەت ببەستن دەرسیمیت،
بە لۆلۆی پشتێنی خەلیفەی ئەمەوی
نەورۆزت هەڵواسن، حەسەکەیت. بە ژەهری
چەپڕەو و ڕاستڕەوی جیهانیش ڕەق ببی
هەڵەبجەشوێنیت. کە خۆیشت خۆتت کوشت
ئەوساکە تابووتی درێژی هەر هەموو وڵاتیت!
ئیستاکە تۆ خاچی ژەهراویی ئەنفالی
ئیستاکە تۆ چاڵی قاقڕی ئەنفالی
تۆ زیلی ڕیزبەستووی بەردەمی جیهانی کوێریت و
تۆ باڕەی دێهاتی و کڕووزەی بەفرێکی ناو سەحرا و
شیوەنی شۆڕەبی و
ڕازنامەی دڕاوی لای خوایت و
کۆچێکی ناو دنیای نەهاتی.
ئەنفالە
ئەنفالە
ئەنفال!
ئەنفالی سیروانی جەستەمە بەرەوخوار
بە خوێن و لیتەوە بە قژ و گژوگیا و
بە ڕیشی مەولەویکەس و بە باڵی قرتاوی
شیعرم و بە هۆرەی قوڕاوی و
بە وەلی مەقامی کوژراو و
بە شەمی خنکاوی بەستەوە
بەرەوخوار، بەرەوخوار، بەرەوخوار
ئەنفالی گریانی ڕووناکی و ئەنفالی بارانە
ئەنفالی خاکنامە و
ئەنفالی جریوە و
ئەنفالی ژیانە!
شاخ ئیستە پیاوێکە کەوتۆتە سەر چۆک و
سەری خۆی خستۆتە ناو لەپی دەستیەوە و
بەردەوام تەماشای مردنی خۆی ئەکات.
کەژ ئیستە ژنێکە درەختی قژی خۆی ئەڕنێ و
بەردەوام زریکەی باهۆزە و، بە بەردی بن بنار
لە سنگی خۆی ئەدات. دەشت ئیستە ئەسپێکی
سەوزباوی گلاوە، بەردەوام نووزەی دێ و
گژوگیای یاڵی خۆی ئەخوات و کوڕژنی برینە و
لە خۆری سوورباوی گەرمێندا هەڵئەکات.
درێژیی ئەم خاچی ئەنفالە و
درێژیی باشووری مەسیحم وەک یەکە
پاناییی ئەم خاچی ئەنفالە و
پاناییی باشووری مەسیحم چوون یەکە.
گوناهی ئەزەلیی کام زەوی و ئەستێرەی گومڕاهـ و
کام سزای ئەبەدیی تاوانم، بۆ ئەوەی هەمیشە هەڵقرچێم؟!
کام خواوەند غەزەبی لێ گرتووم بۆ ئەوەی هەر تاپۆی
نامۆیی و تەنیایی و شەو بم و بۆ ئەوەی نە بمرم نە بژیم؟!
کام خواوەند خاوەنمە؟! نازانم. کام شەیتان خاوەنمە
نازانم. نە ئاسمان گوێ ئەگرێ لە خوێنم و نە دنیا و
نە داد و نە یاسا و نە زەنگی کڵێسە و نە قوببەی
مزگەوت و نازانم من بە کێ و من بە چی سوێند بخۆم!
کێ پەنا و کێ داڵدە و کێ کەسمە؟! نازانم. من ئیستا
شاخێکی بێ سوێندم. سوێندی من دووکەڵە و قسەی
من خۆڵەمێش! هاوارم هەر خوێنی مەیومە و
هەر کۆچی سەرەولێژ. ئەوەتەی کۆچ هەیە کۆچ ئەکەم
ئەوەتەی گڕ هەیە ئەسووتێم.
ئەوەتەی ئاو هەیە ئەخنکێم.
ئەوەتەی تیغ هەیە قوربانیم.
ئەوەتەی خاک هەیە بێ خاکم.
ئەوەتەی شاخ هەیە من تلۆر ئەبمەوە و
ئەوەتەی دار هەیە لێی ئەدرێم!
من لە پێش مووساوە ئاوارەم.
پێش مەسیح من خاچم.
پێش قوڕەیش من زیندەبەچاڵ و
پێش حسەین من سەری بڕاوم!
ئەنفالە
ئەنفالە
ئەنفال!
تەماشای خۆڵ بکە، بێژراوەی ئەشکەنجەی ساڵانم.
تەماشای دەوەن کە، ترسی من چۆن ئەڕوێ.
تەماشای گردۆڵکەی ڕووتەن کە
بەختی دێم چی ئەڵێ!
تەماشای پەیکوڵ کە، ئازاری ڕسکاوم.
تەماشای وێرانەی دەنگم کە، قەسیدەی ڕووخاوم.
تەماشای ئەوینی چۆڵم کە، کۆچڕەوی من و یار.
تەماشای مەراقم، ئاوێنەی وردوخاش.
تەماشای خوێنم کە، گوڵجاڕی کوژراوم.
ئەو بازنەی کەوتۆتە ناو ئەو وەردەوە
ئیستە باسی دەست و پەنجەی نازدار ئەکات
بۆ ئەو قومرییە بێوەژنە.
ئەو گوارەیەی کەوتۆتە ناو ئەو ئاوەوە
ئیستا باسی گوێ و لاملی کاڵێ ئەکات
بۆ ئەو ماسییە بێوەپیاوە!
ئەو دەفتەرە قوڕاوییەی لە لاڕێدا
«با»یەک ئەیلاوێنێتەوە
ئیستە باسی چاوەکانی کیژێ دەکات
بۆ ئەو بەردە سکسووتاوە.
ئەو کوڵەباڵەی بە تەنها هەڵواسراوە بەو دارەوە
ئیستە باسی شان و قۆڵ و گۆرانییەکانی شوان ئەکات
بۆ ئەو لقە چڵ کوژراوە.
ئەو بێشکەیەی لە ناوەڕاستدا لەت بووە و
کەوتۆتە قەراغ ئەو چەمە
ئیستە باسی گڕوگاڵ و زەردەخەنەی بڵباس ئەکات
بۆ ئەو شەپۆلە زامدارەی
کە بەهێواشی لێی ئەدات!
ئەنفالە و فڕۆکەی ئاسمانی ئافات و
ئەنفالە و بای ژەهر و
بەهاری مەرگەسات.
ئەنفالە و شارێکی بە پێوە خنکاو و
پێنج هەزار مۆمیای کارەسات.
ئەنفالە و هەڵەبجە
هەڵەبجە و هەڵەبجە
هەرچی فرمێسکێ تا ئیستە کە داروبەردم ڕشتوێتی
لە لایەک و، ئەم فرمێسکەیان لە لایەک
ئەم فرمێسکە نیشتمانی تیا نوقم بوو.
هەرچی مردنێ تا ئیستە کە شاخوداخم دیوێتی
لە لایەک و، ئەم مردنەیان لە لایەک
ئەم مردنە سی ملیۆن خەمی داچڵەکاند.
هەرچی کوشتنێ تا ئیستە ئەم جستەیەی من دیوێتی
لەلایەک و، ئەم کوشتنەیان لە لایەک
ئەم کوشتنە مردووەکانیشی ڕاپەڕاند.
هەرچی غوربەتی شیعرمە لە لایەک و
ئەم غوربەتەیان لە لایەک، ئەم غوربەتە لە ڕۆژێکدا
هەموو دنیای بە خاچی ئاوارەم ناساند!
هەرچی شارانمە لە لایەک، ئەم تاقەشارەیش لە لایەک
تاقەشارێ کە لە ترووکەی چاوێکی شانزەی مارتا
لە یەک هەناسەی گیراوی ئەم سییەدا
بوو بە پایتەختی ئازاری وڵاتەکەم
باسی چی بکەم؟!
باسی چی بکەم؟!
چۆن سەوزەگیا ئەبێ بە تابووتی گوڵان؟!
چۆن بەهار ئەبێ بە کفنی سێ وەرزی تر؟!
چۆن چرکەیەکی ژەهراویی ئەبێ بە ساڵ؟!
شەقام چۆن ئەبێ بە گۆڕی سەردانەخراو؟!
چۆن منداڵ خۆی، ئەبێ بە بووکەشووشەکەی؟!
باسی چی بکەم؟!
گمە چۆن ئەبێ بە بەرد و
باڕە چۆن ئەبێ بە دار و
حیلە چۆن ئەبێ بە هەور و
هاژە چۆن ئەبێ بە چەو و
هاوار چۆن ئەبێ بە لم و
هەوا چۆن ئەبێ بە دوژمن
باسی چی بکەم؟!
ئەو ساوایە بۆ تێر ناخوا و دەم هەڵناگرێ لە مەمکی دایک؟!
ئەو باوکە بۆ ئەو پارووە قووت نادات و دەس داناگرێ؟!
ئەو خوێندکارە بۆ پەڕەیەکی تازەتر ناکاتەوە؟!
ئەو شۆفێرە بۆ سلفەکەی لێ نادات و ئیتر بڕوات؟!
ئەو حەماڵە بۆ کۆڵەکەی هەڵناگرێت و ئەو چەقی ڕێیە بەرنادات؟!
ئەو کیژە بۆ «چا»کەی بەردەمی تێک نادا و بیخواتەوە؟!
ئەو کۆترە بۆ باڵەکانی کردۆتەوە و هەڵیشنافڕێ؟!
ئەو کچە بۆ ئەو سەتڵە ئاوە هەڵناگرێت و لێی ئەڕژێ؟!
ئەو ماچە بۆ تەواو نەبوو؟!
ئەو تەشییە بۆ خولێکی تری نەخوارد؟!
تاکێ گۆرەوی بوو بە چی و لە پێ نەکرا؟!
ئەو ئیمزایە بۆ هەر نەکرا؟!
ئەو جانتایە هەر دانەخرا؟!
دەرگایەک بۆ پێوە نەدرا و
میلی ڕادیۆیەکی ناو کۆش
هەر بانەدرا و هەر بانەدرا و هەر بانەدرا؟!
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی
تۆ ئیستاکە ژەهرستانی وڵاتێکی تاقوتەنیای
لە هەواتا ژەهر ئەفڕێ و
لە زەویتا ژەهر ئەڕوێ و
لە نانتا ژەهرت ئەدەنێ و لە ئاوتا ژەهرت ئەدەنێ و
دنیایش وەکوو ژەهراوییەک
دوای دەم و لووت هەڵبەستنی
دووراودوور دێ بە پیرتەوە و
قەرەوێڵەی پەڕکراوی
ناو ژوورێکی گۆشەگیرت پێ ئەبەخشێ و
تۆ خاچێکی ژەهراویت و
بۆیە شیعرت تووک بە سەریەوە نەماوە و
بۆیە وشەت وڕ و گێژ و
ناتوانی هەستیتە سەرپێ و
ئیستا لەناو عەرەبانەی کەمئەندام و هاندیکاپی
دەوڵەتاندا دانراوی!
نامۆ زۆرن، تەنیا زۆرن، برین زۆرن
خاچ زۆرن و مەسیح زۆرن.
بەڵام تۆ ئیستا شاهەنشای تەنیایی و نامۆیی و برینی.
بەڵام تۆ ئیستا دیارترین مەسیحی سەر خاچ و
دیارترین ئەشکەنجەی زەمینی.
هەڵەبجە کوژراوە و
تۆ پرسەت لە شیعرا داناوە.
هەڵەبجە کوژراوە و
خەیاڵت ڕەشپۆشە و
دووکەڵی و ئەڕۆیت و
ئەم جارە گریانت هەڵئەفڕێ و
ئێوارەی هۆنراوەیش
شەڵاڵی خوێناوە!
هەمدیسان ئێوارەی بارانە و، ئێوارەی تەڕبوونی
ئەگریجەی خەمانە و، ئێوارەی کەژاوەی زایەڵەی
یارانە و، ئێوارەی ئازاری سوورمەچن.
هەمدیسان دەلێ لێی گریانە و نمنمی
دڵۆپی زەنگیانەی چاوانە و، تاوتاوی سەر
هۆبەی دواکۆچی عاشقانە و هەمدیسان
دەلۆلۆی بارانە و هەنسکی تەنیاییی شیعری من.
هەمدیسان بارانە و ئێوارە. باران و غەریبی پێکەوە
ئەبارێن. شیعر و کۆست پێکەوە دەس لە مل
ئەگەڕێن. بارانە و تەپونم ئاوێتەی هەڵەبجەی
گیانمە و بارانە و تاڵ تاڵی ڕێزانی تێکەڵی سیروانی
ژانمە و هاژەکەی: شیعری من.
هەمدیسان بارانە و ئەبارێ، پێنج هەزار ئەستێرەی
کوژراو و پێنج هەزار ڕەنگاڵەی کوژراو و پێنج هەزار
پەپوولەی فرمێسکم بە سەردا ئەبارێ!
من گردی گوڵانم و ئەرخەوان بە سەرما ئەبارێ.
من کۆچم و برژانگی ژیلوانم بە سەردا ئەبارێ
هەمدیسان بارانە و ئێوارە. هەمدیسان
دەلۆلۆی بارانە و هەمدیسان دەلێی لێی گریانە و
حەوشەکەی کۆتەڵیش، شیعری من.
بارانە و، ئێوارە و، تەنیاییت ئەبارێ
چون هەوری ناو ڕیشی مەولەوی ئەبارێ.
خۆت ئەکەیت بە باڕی بچکۆلەی سەر سووچی
شەقاما، گۆشەیەک کە تیشکی شینباوی
چرایەک - وەک خێل بێت - نیواونیو لێی
ئەدات. ئەیگریت. تۆ ئیستە بارانی سەرومل
شینیت و، بەرەوخوار، ئینجانەی تاریکیت.
ترووسکەی ئاگری نێو پەنجەت ناوبەناو دوو لێوی
گوڵی شین ئاڵ ئەکات. بەرانبەر گۆشەکەت،
تابلۆیەک ئەتبینێ. ڤان کوخە و سڵاوت لێ ئەکات.
ئەچیتە گێژەنی تابلۆوە، بایەکی نارنجی تۆ ئەبات.
ئاسمانی پاییزەی تابلۆکە و دەروونت چوون یەکن.
ڕەنگی زەرد ئەپۆشیت. ئەبیتە وەرزێکی غەمگینی
جۆدرە و، ئەم جارە وەک باکەی سەر زەڵم
هەڵئەکەیت. دواتریش ئەبیتە بەردێکی بەردەمی
تاڤگە و پرشەپرش گریانی ئاوەکەی لێت ئەدات.
وەک دووکەڵ دێیتەوە باڕەکە. وەک ماری
خاچەکەت پێچ ئەخۆیت. تۆ شیعری گەڕیدەی
خەیامی و ئەم جارەیش پەرداخێ مەراقی سووری تر
هەڵئەدەیت. لە تەیری پێوەبووی داو ئەچیت
تەماشای چواردەوری خۆت ئەکەیت. بۆ چاوی دەوروبەر:
تۆ و کورسی و تۆ و مێز و تەپڵەک و
دووکەڵی جگەرە یەک شتن. هەست ئەکەیت کات
وێنەی مشارێ ئامادە وا لەسەر گەردنت چی ئەکەیت؟!
ڕابکەیت بە شوێنتا ڕا ئەکا و تۆ هەردەم ڕێبواری
نێچیر و نیشانەیت. کات هەردەم سێڵاوە و
تۆ پووشوو. کات هەردەم ئاگرە و تۆیش سووتوو.
کات هەردەم زیندووە و تۆیش مردوو. ئەم جارەیش
پەرداخێ مەراقی سووری تر هەڵئەدەیت. سەیر ئەکەیت
ژنێکی شەست ساڵەی گوڵفرۆش، کاڵاشین،
شیعرێکی چاوکاڵە و هاتۆتە بەردەمی مێزەکەت،
وەستاوە. شینپۆشی گوڵفرۆش، وا دیارە
هەر خۆیشی زەمانێ گوڵ عەشقی شین بووە و
وا ئیستەیش بای عومری کڕێوە لێی داوە. ئەم
ژنە لە کۆترەباریکەی ترساوی
دوای گرمەی هەور ئەچێ. سیمایشی لە سیمای
مۆم ئەچێ ئەو وەختەی ئەسووتێ. ئەم ژنە
وەک ئیستەی شۆڕەبیی گوێ زەڵم غەمگینە و
بێدەنگە و لارەمل وەستاوە. تەڵ تەڵی
گوڵمێخەک ئەوانە لێی ئەکڕن دڵدارن و
ژوانیان بۆ ماچی شینباوی ئەمشەوی ئەم
باڕە داناوە. تەڵێکی لێ ئەکڕی. ئەو ئەڕوا و
ون ئەبێ. گوڵمێخەک ئەخەیتە بەردەمت.
تۆ هەر خۆت ئەزانیت تەنیایت و نە ژن و
نە کچ و نە یار و کەس نایە. تۆ هەر خۆت
ئەزانیت ئەم گوڵە سیس ئەبێت، ئەمرێت و
کەس نایە. تۆ هەر خۆت ئەزانیت، دەستێکی
تر نییە ئەم گوڵە وەربگرێ و کەس نایە.
تۆ پەنجە ئەخەیتە ناو قژی و گوڵەکە ناو ئەنێی
هەڵەبجە. تۆ ئیستە هەڵەبجەی گوڵمێخەک بۆن
ئەکەیت. ئەو وەختەی شەپۆلی هێواشی تانگۆیش
هات، هەڵئەسیت. وەک چڵی چنارێ بای
هێور لێی بدات دەست ئەکەیت بە سەما.
تۆیش یاری خۆت هەیە، تۆیش جووتی خۆت
هەیە: گوڵمێخەک ناوقەدی باریکی ئەگریت و
ئەویش سووک سەری خۆی ئەخاتە سەرشانت و
وەکو دوو باڵداری لای کانی عاشقان وەکوو
دوو لاولاوی ئاوێزان دەست ئەکەن بە سەما.
ئەچنە ناو جۆلانەی ڤاڵسەوە و خەونێکی
پەمەیی دوور دوور دوور ئەتانبا
وا ئیستە هەڵساوی و گوڵمێخەک لەگەڵتا
تێکئاڵا و تۆ بۆنی لاملی ئەکەیت و ئەویش هەر
بارانی کەژاوەی بە سەرتا دائەکا و دواشیعرت
تەڕ ئەکا. کات ئەڕوا و گوڵمێخەک لەتەکتا.
کات ئەفڕێ و گوڵمێخەک فرمێسکە لە چاوتا.
تا وەختێ کازیوە لە دەرگای باڕ ئەدا،
تا وەختێ شەقامی خەواڵوو ئەبینن و
ڕۆژ باشتان لێ ئەکا. ئەڕۆن و ڕەت
ئەبن بەرەوژوور ئەبنەوە. هەتاکوو ئەگەنە
ئەو شوێنەی پەڵەیەک خوێنی وشک، خەرمانێ
لە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ، کۆمەڵێک بنەمۆم،
هاوارتان لێ ئەکەن: پیادەڕەو، دوا شوێنێ
کە پاڵمێی لێ نووست و دوا هەوار کە ئاشتی و
ئەوین و بارانی لێ کوژرا، ئەوەستی. لەوێدا
ئەوەستی و هەڵەبجەی گوڵمێخەک، ئەدەیتە
دەست خوێنی بێڕەنگ و دەست مۆم و
دەست پاڵمێ و بە تەنیایش خۆت لەتەک
گریانی دواشیعر، خاچێکی وێڵیت و هەمدیسان
کۆچ ئەکەیت.
تۆ خاچی مار تێئاڵاوی،
تۆ خاچی گوڵ تێئاڵاوی
ئەم جارەیان خاچەکەی تۆ وەک دەموچاوی
ئازادیی پێئەکەنێ.
ئەم جارەیان خاچەکەی تۆ وەکوو پرشنگ
لە ڕووباردا، سەما ئەکا.
ئەم جارەیان خاچەکەی تۆ
لووتکەی شاخ ئەکا بە زوڕنا و
شەقام ئەکا بە شمشاڵ و
فووی پیا ئەکا!
ئەم جارەیان خاچەکەی تۆ
دەشت و دەر ئەکا بە تەپڵ و
ئاو ئەژەنێ و بەرد لێ ئەدا!
ئەم جارەیان خاچەکەی تۆ
بووە بە داربەڕووی شایی
قریوەی سەوز لێ ئەدا و
دەستەسڕی سەرچۆپییەکەی ئەستێرەیە و
دەسی دۆی ئەوینی سپی وا لە دەستا!
مارت هەر مانگی بەهارێکی گەمژە نییە.
مارت هەر مانگی ئاوسبوونی دارستان و
خوێنجمانی باخان نییە!
مارت هەر مانگی ئارایشتی ڕواڵەتی زەرد و سوور و
پێکەنینی تەفرەدەری کەسکی گەڵا و لەنجەولاری درۆزنەی
گوڵزار نییە.
مارت هەر مانگی زەماوەندی شووکردنی
کچەکانی نەورۆز نییە.
مارت هەر مانگی گەڕانەوەی گەڵا نییە بۆ لای درەخت.
مارت هەر مانگی شەتاو نییە بۆ هەڵپەی ماچ.
مارت هەر مانگی خشڵ و تارای مێرگەکان و هەر ژنێکی
قژ درێژی بەر ئاوێنەی گۆمەکان و هەر لەشێکی گۆشتن نییە.
لە مارتا خوێنیش ئەپشکوێ
لە مارتا کسپەیش سەوز ئەبێ و گۆپکە ئەکا.
لە مارتا داری ئەشکەنجەیش گەڵا ئەکا.
لە مارتا ڕنووی مەراقیش ئەتوێتەوە و
زام ئەتەقێ و
مێژووی تۆڵەیش هاژە ئەکا!
مارت هەر مانگی بەهارێکی گەمژە نییە
مانگی زاوزێی شیعریشە.
مانگی هەڵپەڕکێی بەردیشە.
مانگی سەیرانی خەمیشە.
مارت هەر مانگی مەرگەوەڕ و مەرگ نیە.
مانگی گەڕانەوەی هەموو شەهیدانە بۆ ماڵەوە.
مانگی هاتنەوەی مەولەوی بۆ هەڵەبجە.
مانگی هاتنەوەی نالیشە بۆ خاکوخۆڵ.
مانگی بە یەکتر گەیشتنەوەی وەلی و شەمە.
مانگی بە یەکتر گەیشتنەوەی دڵدارانی کچ و کوڕی ناو ئەنفالە.
مانگی هەمدیسان هاتنەوەی ئەسپەڕەش و
حیلەی گەلی و کەوی سووری بادینانە.
مارت هەر مانگی بەهارێکی گەمژە نییە،
لەم مانگەدا خەوی قوربانیش دێنە دی.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەر لەوەی کانیی بتەقێ،
مێژووم تەقی.
بەرلەوەی گوڵێ بپشکوێ خوێنم پشکووت.
بەرلەوەی دارێ گوڵ بکا سێدارەکانم گوڵیان گرت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا ملی زەمانم وەرگێڕا بە لای خۆمدا و
وەرزی ساڵ و ڕۆژژمێر و زەویم گۆڕی.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە کلیلێکی ڕانییە
دەرگام لەسەر یەکەیەکەی مانگ و ئەستێرەی گیراو و
خەونی زیندانیم کردەوە!
لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ یەکەم جار دوای هەزار ساڵ
توانیم دە ڕۆژ گۆیژە بەرمە ناو کەرکووک و
ڕەحیماوا بێنمە خانووە قوڕەکانی سلێمانی.
شەتڵی ماچی پیرەمەگروون لەناو قەڵادا بڕوێنم.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا
پیس لەناو چەمی هەستاوی، مندا نەما!
لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆتێک بووم و من بە تەمای
ڕاپەڕینی دوو پەنجەم و سێ پەنجەم بووم
لە دە پەنجەی هەردوو دەسما
کەچی دەستم لە دوانەوە بوون بە سەد و بە دووسەد و
هەزاران پەنجەم ڕاپەڕین.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا
من تینوێتیی مێژووی کاکی بە کاکی بووم
چاوەڕێ بووم سیروانێک و دوو سیروان و
چەم و دوو چۆمێک ڕاپەڕن
کەچی هەرچی شەقامێک و کۆڵانێک و ڕێیەک هەبوو
لە جەستەمدا، ئەوانیش بوون بە سیروان و
هەموو پێکەوە ڕاپەڕین.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا:
من دۆڵی کپی شەوێکی نەیار بووم و
چاوەڕێ بووم گرمەژنی چەند ئەسپێکم بمهەژێنێ،
کەچی هەرچی زۆرک و یاڵ و گردم هەیە
بوون بە ئەسپ و
پڕ بە هەموو وڵاتەکەم حیلاندیان و
هەموو پێکەوە ڕاپەڕین.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا
من شۆڕشی دوودڵ بووم و
چاوەڕێ بووم هەر گاشەبەردی نێرینە و
داری ڕیشدار هەڵسنە سەر پێ و مەرگ هەڵبڕن،
کەچی لە زۆر جومگەی لەشما
پێش گاشە بەردی نێرینە و داری ڕیشدار
ژنە چناری وڵات و ژنە گوڵ و
ژنە سنەوبەر ڕاپەڕین.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا
من دەستیشم لە زۆر ئەندامی بێ خێر و
ناپەسەندی ئەم جەستەیەی خۆم شتبوو
کەچی سەرلەنوێ ئەوانیش ژیانەوە و
لەبەر تاڤگەی عەشقدا خۆیان شت و
لەگەڵ ئەندامانی پاکی لەشما هەموو پێکەوە ڕاپەڕین.