داستانی مامەیارە

لە کتێبی:
ڕووبار
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 15 خولەک  1001 بینین
دڵدارانی چیای «بۆتانشوێن»
بەدەم شنەی «لاوک»ەوە
ئەیگێڕنەوە:
هەموو ساڵێ: مانگی گوڵان
دەمەو عەسری ڕۆژێکی سەوز
بۆ چەند ساتێ
چاویان لێیە: وا کاکە مەمکەس
لە کەژاوەی
هەورێکی سپی نزمەوە
بەهێواشی
دێتە خوارێ و
لەناو خەرمانەی گوڵاڵەی ترۆپکێکدا
ڕائەوەستێ
چاو ئەگێڕێ
هاتۆتەوە و چاو بۆ «خاتوو زینکەس»ئەگێڕێ.
دڵدارانی چیای «شاهۆ»
بەدەم شەپۆلی «هۆرە»وە
ئەیگێڕنەوە:
هەموو ساڵێ لە ڕێبەندانی زستانا
بەیانی ڕۆژێکی سپی
بۆ چەند ساتێ:
چاویان لێیە «برایمۆککەس» هاتۆتەوە و
لەژێر تاقی پەلکە ڕەنگینەی سەر بەفر و
لەبەر پەنجەرەی هەتاوی گورگەزێدا
ڕاوەستاوە و
چاوەڕوانی دەرکەوتنی «پەریخانکەس»ە.
دڵدارانی شاخی «گۆیژەشوێن»ش
بەدەم قاسپەی «قەتارە»وە
ئەیگێڕنەوە:
هەموو ساڵێ لە مانگی گەڵاڕێزاندا
لە خۆرنشینی ڕۆژێکی خەماویدا
چاویان لێیە:
مامەیارە ئەسپسوارێکی غەمگینە و هاتۆتەوە
چاو ئەگێڕێ
چاوی پڕ پرسیار ئەگێڕێ و بە نەرمەغار
سەروخواری «سیروان» ئەکا.
مەکۆی خولیای
هەر وەک چمکی،
مشکییە ڕەشەکەی ئەو سەرە بێسرەوتەی
دێت و ئەچێ
وەکوو سیروان خۆی کردبێ بەهەناویا
لە نێرینەی ئازارێکی بێ بواردا.
شەپۆلی عەشقی هەڵ ئەچێ
بەرەبەرە
خولیاکان ئەبن بە پلە و
دانە بەردی خزی «بەمۆ»و
بەسەریاندا هەڵ ئەگەڕێ
لەو بەرزەوە
مامەیارە، ئەسوتێت و چاو ئەگێڕێ
مامەیارە، جێژوانە کۆنەکانی بەدی ناکا و
دوو سێ دڵۆپ فرمێسکی ڕوون
دێنە قسە و
لەپاش تۆزێ
لەناو چاڵی چەناگەیدا وشک ئەبنەوە
لە پڕێکدا:
مامەیارە، لە پڕمە و حیلەی ئەسپەشێی
شەڵاڵ بە عارەقی شین و مۆری ڕێگە
دائەچڵەکێ:
- چ کارەساتێکی چڕە
چۆن بتبینم؟!
لەم تەمەدا
نە لق چاوی وا لە «پەلە» و
نە پەل گەڵای خۆی ئەبینێ
چ کارەساتێکی چڕە!
شەپۆل زریکەی شەپۆلی
تەنیشتی خۆی نابیستێ و
ڕۆژ سەعاتی خۆی ون ئەکا.
منیش خەمێکی ڕیشسپیم
لە مابێنی «ئەسکی کۆیەشوێن و شارەزوورشوێن»دا
سەری بڕاوی ڕۆڵەی خۆم
لەگەڵ خۆمدا ئەگێڕم و
لە چاوانی ئەبڵەقبوویان
ورد ئەبمەوە.
«ئەو چاوانە:
گوڵاڵەی هەڵپچورکاویان لەبندایە
ئەستێرە و مانگی کوژراویان لەبندایە
تەرمی حەیران و لاوکیان لەبندایە»
ماچیان ئەکەم
دەست بە قژیاندا ئەهێنم
یەکەیەکە ئەیاندوێنم
ئای کە عومرێکی درێژە
من سەری سەودای، بڕاوی
کوڕ و کچی خۆم ئەدوێنم
چیم لێ ئەکەن؟!
زۆر ستەمە دار بە داری
دارستانێ هەمووی بگرێ و
تۆش نەتوانی
فرمێسکی چاوی گەڵایەک چییە بیسڕی!
زۆر ستەمە
لەم هەوارە چۆڵانەدا
بژیت و گوێت
لە کۆتەڵی بێکۆتای و لاوانەوەی،
کەژ و کێو بێت
مەرگ: داڵێکی باڵڕەشی ڕمووزنە
چاوم لێیە:
باڵ لە خوێنی،
لەبەرڕۆشتووی گوندەکانم
وەرئەدات و ئەقیڕێنێ و
بانگی نەهاتە ساڵ ئەدات
چ کارەساتێکی چڕە
چۆن بتبینم؟!
- مامەیارە، ئەسپسوارێکی تووڕەیە و
هاتۆتەوە.
بەرەو هەر مەڵبەندێ ئەچێ
خوێن جڵەوی لێ وەرئەگرێ
ڕوو ئەکاتە هەر تەلانێ
پەپوویەک دێ و
لەسەر قەڵپۆزی زینەکەی
هەڵ ئەکورمێ
لەناو تەمدا
حیلەی ئەسپەشێ هاوارە
مامەیارە: فەقیانەکانی هەڵ ئەکا و
یەک دوو ئاوزەنگی لێ ئەدا.
وەکوو نەورۆز هەڵ ئەگیرسێ و
ئەچریکێنێ: کێ دڵدارە؟!
- هۆ مامەیارە، هۆ مامە
ئەو داڵە «نەجیب پاشا»یە
ئەو بەردە کێلەش لەسەری هەڵنیشتووە
جێ نزرگەی
دواخەوی «ئەحمەد پاشا»یە
-«نەجیب پاشای»ی سەر لەشکری
سوڵتان کە هات
دەستی نایە بینی گوڵ و
نانی کوێر کرد
بە «ڕم» سەری
وشەی نالی و کوردی هەڵگرت
لە دووکەڵدا «کۆیە»ی خنکان
چ کارەساتێکی چڕ بوو!
- بیگێڕنەوە!
بەرەبەیان لەسەر سنگی ئەسکی کۆیەی
ئەرخەوانی. قریوەی سوارەی بابان و
حیلەی ئەسپ و گرمەی تۆپی مامەیارە لە دەربەند و
شیو و دۆڵی ساملێنیشتووی خەواڵوودا ڕژانە ناو
ڕیزبەڕیزی شڵەژاوی تورکانەوە. دەنگدانەوەی
ناڵەی ئەشکەوت. گێژەڵووکەی ژێر سمی ئەسپی
سەرکێش و بریسک و هوڕی شمشێری بەهەسانی
ڕق تیژ کراو، درێژەیان دا بە جەنگی شەوهەتاو.
نەجیب پاشا هەر وەکوو داڵەکەرخۆرە لەسەر
گردێ هەڵنیشتبوو، لە خەم خۆرکی قینی کوردا
فەرمانەکانی ئەچەقین. ترسیش وەکوو دارکونکەرە
دڵی ئەخوارد. لەو ساتەدا مامەیارە هەڵۆیەکی
بەرزەفڕی چاوگڕدار بوو. بەسەر سەری ئەو
داڵەوە گڕی ئەخوارد. داڵ تۆقیبوو. هەڵفڕینی
بیرچووبۆوە. قیڕەی گەیاندە ئەستەمبوڵشوێن.
فێستەکانی بابی عالی گردبوونەوە. فریای کەوتن
ڕەنگی پیلانێکیان بۆ ڕشت پیلانی دوو سەر
وای ئەوت:
١- سوڵتان باوکە
دڵی باوکیش
لە بەفری «پیرەمەگرونشوێن»ی
قەڵەم ڕەوی بابانەکان سپیترە
لە بەخشیندا
دەستی سوڵتان
لە مێرگەکانی «شلێر»و
دەشتی «بیتوێن»سەوزترە!
سوڵتان فەرمووی:
لە ناوەڕاستی مەیداندا
دەوارێکی سپی هەڵدەن
سەر بەرەو خوار ڕم و شمشێر هەڵبواسن
خوا بخەنە ناوەندەوە
لە جێی ئاڵا قورئان هەڵکەن
٢- لە بیرتان بێ
پواز چوو بۆ کوێ دوای کەون
«لیرە» سیحرە و بریقەکەی
ئاوی چاوی کەڵەسواری بابان ئەبات
«لیرە» سیحرە و بیاندەنێ
کە وەریان گرت
ئەبنە توولە و دوا ئەکەون
- گڕی پیلان، وەک لە وشکە پووشی دەشتی
هاوینێکی درەنگ بەربێ
هەتا ئەهات لە ئۆردووی سوارەی بەباندا
ئەتەنێوە
لەناو چاڵی کونە قینی
چەند دڵێکدا
هەر پس مامی «ئەحمەد پاشاکەس»
ئاسکی وەفایان سەر بڕی
خوێنی بەڵێن، تک تک بە ڕیش و سمێڵی
ڕوو زەردانا هاتە خوارێ
مەشخەڵانی هەڵمەتی سوار دامردەوە
تۆپەکانی مامەیارەش
ئەو ڕۆژانە
لەبەر سێبەری دەواردا
خەویان لێ کەوت
چ کارەساتێکی چڕ بوو!
- داڵ پشووی دا. داڵ تێری خوارد. داڵ کەوتەوە
بەرزەفڕی. داڵ بە نینۆک ئەرزی ئەدڕی.
شەڕی بە ڕەشەبا ئەفرۆشت. لیرەی ڕۆ کرد.
خەزنەداری ئەحمەد پاشا کورتە بنەی دڵ دڕکەزی
کە لیرەی دی چاوی چنۆکی داپچڕی لەبەر دەمی
ئاوێنەدا خۆی ئەبینی بۆتە پاشا کڵاو و مشکی
فڕێ دا و فێستی سووری کردە سەری لە بەردەمی
ئاوێنەدا قاقا بە سوارەی بەبان و مامە یارەوە
شاخ و داخ و دێی سکسووتاو پێ ئەکەنێ لەبەردەمی
ئاوێنەدا خۆی ئەبینی ڕاوەستاوە و لەبەر پێیدا
بە چۆکدا دێ: سلێمانیشوێن چ کارەساتێکی چڕ بوو
- ڕۆژێکی تر، تاریک و ڕوون
لەسەر سنگی «ئەسکی کۆیەی»ئەرخەوانیی
سوارەی سوڵتان
وەک باوبۆران
وەک برووسکەی پێش ڕێژنەی
هەورێکی تاڵ
وەکوو لوورەی ڕەوە گورگێ
دڕیان بە گەوە و لووتکەدا
هاتنە پێشێ
وەکوو مافوور
دەشتەکانیان پێچایەوە
کڵپەی ناو دەمی ئەژدیهای دەشتی کۆیە
ئاسنی تیا ئەتوایەوە.
سام: لافاو بوو
لەناو سامدا
هەر بەتەنیا مامەیارە
ورەیەکی داگیرساو بوو.
- ئەی مامەیارەی بەتەنیا
جێماو لەناو ژیلەمۆدا
وا سوارەی تورک
گەیشتنە سەر تۆپەکانت
زامی باسک و دەفەی شانت
زنەی خوێنیان گەش و ڕوونە
گوڵەباخ لەسەر فەقیانەت
ئەنەخشێنن
چاومان لێیە:
لە سەرچۆپیی مەرگی خۆتا
بەرانبەر خۆر هەڵیان ئەبڕی
کە خۆر و خوێن ئەگەن بە یەک
باڵات ئەبێتە ئاوێنە و
شەوقێکی سوور ئەداتەوە لە چاوی کەژ
ئەی مامەیارە... تۆ ئێستە
بەو گردەوە...
دار ئەرخەوانێکی تەنیای
دێیت و ئەچی و..
مردن بە باڵای ژیانی
لووتکە ئەبڕی!
- تا چاو بڕکا ئۆردووی کوللە زەرد ئەچنەوە.
ڕەش ئەچنەوە. تورکی کوللە ژیان هەر بە کاڵی
ئەخۆن. ئاڵای سوڵتان ئاسمانێکی خوێناوییە
«مانگ»ی خۆی ئەتک کردووە. تا چاو بڕکا پەلوپۆی
ڕەشداگەڕاوی داری سووتاو تەرمی کێڵگە و دەغڵودانیان هەڵگرتووە.
- سوڵتان: دەسنوێژی بە خوێنی ساوایانی
کورد شتووە. ژنی سوڵتان بە کل چێوکی
زوخاڵی ئێسکی «حەبیبە»و «شەم»ی شەیدا
ئەو چاوانەی خۆی ڕشتووە.چ کارەساتێکی چڕە
- زامەکانی لەشی یارە
دەم و لێون
ئەو وەختەی تۆپ ئەگرمێنێ
نم.. نم.. نم.. نم
ئەبارێتە سەر خۆڵەمێش
گوڵ لە ئاگردا ئەپشکوێ
چ وەرزێکی
نەبیستراو و نەبینراوە
«کێ کەی دی
خەزان: گوڵان بڕوێنێ»
- هاتنە سەری زەوی و ئاسمان وەک دوو بەرداش
لەبەر چاوی ئەخولانەوە و ئەسکی کۆیەیان ئەهاڕی.
درەختی کەژ سەر بەرەوخوار ئەبوونەوە و بە قژ خۆیان
هەڵئەواسی. ڕۆژاوا ئەچووە ڕۆژهەڵات. لووتکەکان
بەسەر بناردا ئەشکانەوە. «بەور»ی زامدار ئەینرکان و
ڕاکشابوو. ژەندرمەکان بە چوار دەوریا سونگییەکانیان
کردە ئەڵقە. ئەڵقە لە دیلی بریندار ئەسڵەمێوە. هەنگاوێک و
دوو هەنگاو و هەتا ئەهات ئەڵقەی سونگی بازنێبوو
تەسک ئەبۆوە. لەپڕێکدا: بیست دەستی ڕەش
درێژ بوون و دایان بەسەر بارگیرێکدا و بە چوار لانەی
ڕقێکی ئەستوور و زبر شەتەکیان دا. بارگیر ڕووی کردە
خێوەتی نەجیب پاشا
- یارەی زامدار
یارەی دڵدار
گوریس لە زام شەتەکدراو
بەسەر پشتی وڵاخەوە
ڕێ ئەکات و،
وردەوردەش
کزەبایەک، بەشێنەیی
لە باشوورەوە هەڵئەکات
کزەبا دێ و
بە چرپە باسی تاوانی
خەزنەدار و خزم و خوێشی
ناپاک ئەکات.
کزەبا دێ و
بە چرپە باسی ئازاییی
مامەیارەی فەقیانە سوور
بۆ گوڵاڵە زیندۆکانی
لاڕێ ئەکات.
وڵاخ ئەڕوات بە هەورازا
دیلی زامدار بۆ بەردەمی
خێوەتی پاشا سەر ئەخات.
- لەسەر دەیان ئەستوونی زیو
قوبەی ئاوریشمینی خێوەت
هەڵدرابوو.
خۆر بەو دیو ملەدا داگەڕابوو
لەناوەوە:
جێگەی حەریری ڕەنگاوڕەنگ
لەسەر دۆشەک و سەر کورسی
ئەڵقەبەستووی
ناو دیوەخان ڕاخرابوو
بە دیواری بەرەو ژووردا
پێستی پڵنگ و دەڵەک و
وێنەی سوڵتان هەڵواسرابوو
«کوڕی پاشای بەر چلچراش»
لەناو قاقای پێکەنین و
جامی بادەی ئەستەمبوڵدا
وەک گێلاس سوور هەڵگەڕابوو
لەناو پەرداخی زێڕینی
بەردەمی نەجیب پاشادا
چەپکێ گوڵی
کێوی کۆیە، دانرابوو
لەو شەوەدا
ئەو گوڵانە
چەند چاوێکی لێڵ و پێڵی
نامۆ بوون و
بە بێدەنگی
ئەگریان بۆ: مامەیارە!
- کە ڕۆژ بۆوە هێشتا دووکەڵی هەناسەی
پێدەشت و شاخ، دوور و نزیک. لە ئاسمانێکی
خامۆشی ڕەنگمسیندا پێچێیان ئەخوارد. ئەسکی کۆیە
شەهیدێ بوو لە کفنی زەردەگیا و پووشی سەر
تابووتی لاشەیەوە هێشتا خوێنی لەبەر ئەڕۆی
بۆنی مردن و بارووت و لاکی ئەسپ و پارچە پەڕۆ و
کۆتەرەدار. ئەگەیشتنە لووتی گوندی دوورەبنار
کە خۆر هەڵهات وەکوو ئەویش بۆ یەکەم جار
چاو لە کۆیەدا هەڵبێنێ، لەنێوانی هەر دوو کەلدا
نامۆیەکی حەپەساو بوو. ڕەنگی ئاسۆ وەک ڕوخساری
شۆڕەژنێکی سیلگرتوو زەردێکی هەڵبزڕکاو بوو.
نەجیب پاشای پەڕ بەسەری سنگ بە نیشانەی
زێڕینی سوڵتان نەخشا و، تاوسێ بوو فیزی بایی و
ڕەنگاوڕەنگی گیڤ کردووە. لە خێوەت هاتە دەرەوە
باستۆنی یاقووت بەسەری بەرانبەری «هەیبەت سوڵتان»
ڕائەوەشان. بە کلکی باستۆن یەک دوو جار تەقەی
لە چەرمی چەکمەکەی قاچی هەستان، بۆڵەیەک و فەرمانی
داو ژەندرمەکان وەک زەردەواڵە ورژان، هێندەی نەبرد
دەموچاوی مامەیارە تووڕە: وەکوو گێژەنی ئاو.
لەناو پەڵە قەمەیەکدا هاتە بەر چاو. وردەوردە
دەموچاوی ناو قەفەزی سونگی و قەمە بە ئازار قاڵ
هاتە پێشێ تا گەیشتە بەردەمی داڵ
- کەواتە تۆی مامەیارە؟!
- بەڵێ منم مامەیارە.
- چ شەیتانێ
چووبووە بن کڵێشەی تۆوە؟!
چ جرجێکی کافرستان
دەروونی تۆی هەڵ ئەکۆڵی
چۆن بەتەنیا ئەچووی بەگژ
گەرداوی بەحری سوڵتان و
بێشەڵانی بڵێسەدا؟!
- دەروونی شەیتانی تیایە
گوڵ و نان و ئاو بکوژێ
تەنیا نەبووم
من داربەڕووی کەژەکان و،
شیعری «نالیکەس»م لەگەڵدا بوو
تەنیا نەبووم
من ڕۆحی سپی مەولانەم
لە تەکدا بوو
من هەقێ بووم، خۆم... خۆم
لە پشتەوە پێکا
من سەرتۆپچی ئۆردووی خۆم بووم
پێم وترابوو
چارە نووست:
بە زنجیری
تۆپەکانتەوە بەستراوە
من ئەو زنجیرەم بەرنەدا
- ئەی ئێستاکە؟!
- ئێستە دیلم
من مردنم
زۆر جار ڕاوناوە تا ئێرە
ڕامەوەستن
ئەوە شمشێری دەستتان و
ها ئەوەش تەختی گەردنم.
- دوژمنی ئازا ناکوژم.
- بیبەنەوە -
- ئەی مامەیارە
ئەی کڵپەی ناو قەفەزی
شەوی ئێستە
دامەمرکێ
کە چاوانت لرفە ئەکەن
بە پشتاوپشت
تاریکی بۆ دواوە هەڵدێ
دامەمرکێ
کە چاوانت گڕ ئەسێنن
داڵ هەست ئەکا
پەڕ و باڵی ئەسووتێت و
نێزەی ترسێ لە بێخەوە
پێکەنینی دوێنێ شەوی
هەڵ ئەکەنێ.
ئەی مامەیارە تۆ ورەت
گێژاوێکی ترسناکە و
خێوەتەکەی نەجیب پاشای
تیا ئەخنکێ
ئەی مامەیارە تۆ ئێشی و
کەچی چرای حەیرانی سوور
لەسەر سەری خۆت هەڵ ئەکەی!
- کاروانی شەو کاروانی ڕۆژ ڕەویان کرد و
وردەوردەش ئازار: زامی لەشی دیلی
مامە یارەی بەجێ ئەهێشت. گۆشتە و زوونی
کۆنەبرین بەسەر پێستی ڕەنگ کێڵگەوە
نەخشەیەکی بچکۆلە بوو لە خاک و خۆڵی بێژراو و
لە گردۆڵکە و باخ و ڕەزی سووتێنراوی میرنشینی
بابان ئەچوو کاروانی ڕۆژ کاروانی شەو کۆچیان
کرد و جارێک دووجار داڵ لە دڵی خۆیدا وتی:
«ئەگەر سەرکێشی وەک یارەم
لەگەڵدا بێ..
من بۆ سوڵتان
چین و ماچین
ئاسمان ئەگرم
چیاکانی هیمالایاشوێنی بۆ سەر ئەبڕم»
- بەڵام یارە
برینێکی عاسی و گیرە
زامی خاک و زامی لەشی
نەدا بە پارە و بە لیرە
بۆ بابی عالی و بۆ سوڵتان
«پیرەمەگرون»ی سەری خۆی
دانەنەوان!
- ئەی چیت ئەوێ؟
- تەنها یەک شت
- چییە بیڵێ:
- ڕێگەم بدەی جارێکی تر
هەوای گۆیژەشوێن هەڵمژمەوە و
دەس کەمەوە ملی ئەزمڕشوێن
ڕێگەم بدەی جارێکی تر
سلێمانی ببینمەوە و
وەک منداڵێ لە باوەشی
«پیرمەسووردا» ئارام بگرم
ڕێگەم بدەی
قومێ لەو ئاوەی سەرچنار
بخۆمەوە و
ئینجا بمرم!
- مامەیارە گەڕایەوە
ئێستە شاری سلێمانی،
بێوەژنێکی ڕەشپۆشە
لەژێر دارە غەمبارەکەی
«شێخ هەباسە»
کۆتەرەی ئەژنۆی ناوە بە کوانووی
سینەیەوە
پرچی شەو ئەهۆنێتەوە
چ کۆتەڵێکی بەسامە
مامەیارە: ئەسپی بێ سوار
بە چوار دەوریا ئەگێڕێت و
ڕانکوچۆغەی
- خوێنکیی.
شەهیدی داوە بە پشتی
ڕووتی ئەسپا و
سمکۆڵان و حیلەی ئەسپیش
لە هاژەی شین و شەپۆڕدا
تێکەڵی سیروان ئەبنەوە
چ کارەساتێکی چڕە
چۆن بتبینین؟!
- ساڵ هات و ڕۆی
بەڵام خۆری کوردستانی
لە ئاسمانی خوێندا گیرا و
هەر بەر نەبوو
تابووتی شەوی ڕیزبەستوو
هەوەڵی بوو، دوایی نەبوو
ئیستە یارە
پیرەمێردێکە کۆڵەوژ،
لەگەڵ هەموو بەبادانی
دووکەڵێکدا
ژیلەمۆی تەندووری ناخی
تێک هەڵ ئەدا.
لەگەڵ هەموو ئاوڕێکدا
قوڵپی گریانێکی تازە
لە ئەسپی کۆیەی سنگێوە
سەرهەڵ ئەدا.
ئێستە یارە،
ژانێکی پشتکۆماوەیە
یادێکی گۆچان بە دەستە و هەناسەسوار
بە کۆڵان و بازاڕ و شەقامی شاردا
سووڕ ئەخوات و
سەری بڕاوی ڕۆڵەی خۆی
لەگەڵ خۆیدا ئەگێڕێت و
لە چاوانی ئەبڵەقبوویان
ڕائەمێنێ
لەپڕێکدا
مامەیارە لەبەر دەرگای مزگەوتەکەی مەولانەدا
ئێستێک ئەکاو ئەچێتە سەر سەکۆیەک و ڕووی هەتاوی
خۆی ئەکاتە نسێی دەروونی ئەو خەڵکە و پێیان
ئەڵێ:
- بانگتان ئەکەم
لەم شوێنەوە
تاشەبەردی هاواری خۆم
فڕێ ئەدەمە ناو گۆمی
مەنگ و کپی.. دڵتانەوە
ئەم بێدەنگییە نەکوژن
ئەتانکوژێ
ئەو دەڵە دێوە سەر نەبڕن
سەرتان ئەبڕێ
ئا ئەم تەمە ڕانەماڵن
خواش ون ئەکەن
لق ئەبێ چاوی لە پەل و
پەلیش گەڵای خۆی ببینێ
- من مردووم و ئێوە زیندوو-
یەک جێ بێڵن
سەد جاری تر
«ئەسکی کۆیە» ئەژێتەوە
لەجیاتی خەمی یارەیەک ئەبێ خەمی هەزار یارە
لە دەورتان کۆ بێتەوە.
گوێ ڕابگرن
هەر خوا نامرێ، وەسێت ئەکەم:
من نامەوێ بە مردووییش هاوسێی گۆڕی
خەزنەدار و ناپاکانی ئەسکی کۆیەی شاخفرۆش بم.
من لە سەیواندا مەنێژن ئەوان لەوێن.
جیام کەنەوە هەر بەتەنیا لە سنگی گردی گوڵاندا
بمشارنەوە.
- ڕۆژ هات و ڕۆی بەیانییەک لە بەهاردا
گردی گوڵان مامەیارەی لە باخی سنگیا شاردەوە
گردی گوڵان چنارێکی هاتە قسە و بەدەم شنەی
«با»وە وتی: لە ئێستەوە لەبەر پیرۆزیی
ئەم پیرە وا ناوی خۆم لەم هەوارە ئەکەمەوە و
ناوی ئەنێین گردی یارە
- ئەی مامەیارە
ئەی مێژووی گڕمۆڵەبووی
کونجی ئازار
لە خۆرنشینی چاوانتا
کازیوە ئەخوێنێتەوە
لە کۆنەزامی لەشتەوە
هەتا ئێستەش
بۆنی بارووت دێتە لووتمان
حیلەی ئەسپەشێکەی تۆیە
هەموو ڕۆژێ
لەو بەرزەوە
بەسەرماندا ئەحیلێنێ و
بانگمان ئەکات.
- ئەوا ئەمڕۆش
مامەیارە ئەسپسوارێکی زۆر قۆزە و
هاتۆتەوە
لەسەر لووتکەی پیرەمەگرون ڕاوەستاوە و
هاوار ئەکات
ئەم بێدەنگییە نەکوژن
ئەتانکوژێ
ئەو دەڵە دێوە سەر نەبڕن
سەرتان ئەبڕێ
ئا ئەم تەمە ڕانەماڵن
خواش ون ئەکەن
لق ئەبێ چاوی لە پەل و
پەلیش گەڵای خۆی ببینێ
مامەیارە ئەسپسوارێکی تووڕەیە و
هاتۆتەوە
بەرەو هەر مەڵبەندێ ئەچێ
خوێن جڵەوی لێ وەرئەگرێ
لەناو تەمدا
حیلەی ئەسپەشێ: هاوارە
مامەیارە فەقیانەی سوور
هەڵ ئەکات و
یەک دوو ئاوزەنگی لێ ئەدا و
وەکوو نەورۆز
هەڵ ئەگیرسێ و
ئەچریکێنێ:
کێ دڵدارە و
کێ دڵدارە؟!