لە ڕاکشانێکدا

لە کتێبی:
ڕووبار
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  453 بینین
نیوەشەو بوو
ناونیشانی دوا هۆنراوەم هەڵیسانم:
- گەر ئەتەوێ
خەوی شیعرت لێ نەزڕێ.
هەستە و سەرم ئاسودە کە.
- چیتە؟!
- وشەکانت
هەندێکیان وڕکیان گرتووە!
- لەچی؟!
- بیانبینە!
«با» هات
گڤەیەکی کرد و وتی:
- ئەو دارستان و دەربەند و پێدەشتانەی
لەم شیعرەدا تۆ منت تێ فڕێ داون
هێندە بە لەشی من تەنگن
هەر کە هەڵم کرد ئەزانم
لەبەرما ئەدڕێن و ئەوسا…
- ئەی چیت ئەوێ؟!
- ئەڕۆمەوە بۆ دەربەند و
دارستان و پێدەشتە ڕاستەقینەکان
لەم دێڕانەدا هەڵ ناکەم!
ئەگەر منیشت خۆش ئەوێ
ئەتوانیت بێیت دیدەنیم کەیت.
کە «با» ڕۆیشت
«کەو» هات و وتی:
- ژوورەکانی ناو شیعرەکەت
چەندە جوان و ڕازاوەش بن
هەر بە قاقەزیان ئەزانم
بەفر دەست نەکاتە ملم
من ناخوێنم!
- ئەی ئەوە نییە وا بەفرم
بۆ باراندووی؟!
- ئەو بەفرەی تۆ باراندووتە
کە ماچی ئەکەم نابزوێ!
پەیکەرێکی سپییە و من
دڵی خۆم نادەم بە پەیکەر!
کەو هەڵفڕی و ڕووبار وتی:
- تا لێرە بم درەختەکان سەوز نابن
کێڵگەکانیش ئەوەندەی تر تینوو ئەبن.
- ئەی ئەوە نییە درەختم
بۆ ڕواندوویت و
کێڵگەشم بۆ دروست کردوویت؟!
- من ئەتناسم
تۆ چەند شاعیرێکی ڕاڕای
هەر ئەوەندەی
دڵت کرمێ بوو لە شیعرێ
ئەوسا بە نووکە قەڵەمێ
دارەکانت لەبنەوە هەڵ ئەکەنێ
کێڵگەکانت ئەسڕێتەوە...
* * *
«با» ڕۆی
«کەو» ڕۆی
ڕووبار ڕۆیشت و
ناو نیشانی شیعرەکەش ڕۆی
بەتەنیا وشەی «خەم» نەبێ
جێی نەهێشتم و
بە جووتە ڕاکشاینەوە.