کوڕی زەریا

بۆ «سەمەدی بیهرەنگی»
لە کتێبی:
ڕووبار
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  580 بینین
لە شەوێکدا کە تەمومژ
وەک دەم و چاوی «ڕەزاشاکەس»
لە تارانشوێندا گرژ و مۆن بوو
ئەو «خۆر و شێر و شمشێرە»ی
بە ئاڵاوە لکێنراون
بێزار بوون و بەپێ دزکێ
پشتیان بۆ یەکتری دانا و
هاتنە خوارێ.
شمشێرەکە خۆی هەڵدا بۆ ناو مشتی خۆر
خۆریش سواری کۆڵی شێر بوو
کەوتنە ڕێگا
لە شەقام و مەیدان و کۆڵانی شاردا
ئەگەڕان بۆ ناو نیشانێ
- بۆ کوێ ئەچن؟!
دەنگەکە وەک هاژە وابوو
خۆر ئیستێکی کرد و وتی:
- تۆ کێی؟!
- کوڕی ڕووبار و زریانم
منم «سەمەدی بیهرەنگی»
خۆر ناسێوە
بۆی پێ کەنی
هەر دوو دەستی بۆ درێژ کرد
- ئەمە تیشکێکی خنکاومە و
لە زەریاوە هاتۆتەوە
شمشێرەکە بە دەنگێکی
تیژ و باریک هەڵیدایە:
- ویستیان تۆ بە من بکوژن!
بمکردایە بەرگیان لە زێڕ بۆ ئەکردم
بەڵام نەمکرد...
چونکە ئەمزانی ڕۆژێ دێ
ئەمکەیت بە ناونیشان و
تابلۆ بۆ کورتەچیرۆکێ.
پیرەشێری دڕ نەڕاندی:
- تاکوو ئەمڕۆش ئەو چیرۆکەی
ناوی منی تیا هێناوە
پۆلیسەکان لێی ئەترسن
چونکە کە دەستی ئەدەنێ
چیرۆکەکە هەڵمەت ئەباو.
بەسەریاندا ئەنەڕێنێ
سەمەدکەس مات بوو
بە دەنگێکی ئێجگار هێدی
دواو وتی:
- بۆ کوێ ئەچن؟!
وا ئەزانن سەردەمی سەگی پۆلیسی
بۆنی خۆر و شێر و شمشێر و ئاو ناکات؟!
بۆ کوێ ئەچن؟!
کە خۆر گڕی چاوانی خۆی
هاویشتە ناو دوو گلێنەی
چاوەکانی سەمەدەوە
ئەوسا وتی:
- لەبەر ئەوەی چاوی وشەت
لە چاوانی
منداڵە لانەوازەکان ناتروکێنی
لەبەر ئەوەی هەورە بروسکەت هاویشتە
دڵیانەوە و هەتا ئێستەش
لەناویانا دێیت و دەچیت!
بۆ سوار نابی لەگەڵماندا و
من بخەیتە گیانێکەوە بمباتەوە
بۆ ئاسمانێ
خۆری تیا زیندانی نەکرێ!
شمشێر سەری گوڵ و باخچە نەپەڕێنێ!
شێر ئاسکە بێکەسەکان نەترسێنێ!
سەمەد سوار بوو
لە پاشکۆی خۆرەوە سوار بوو
بردنی و هەر
بردنی تا گەیاندنیە:
ئەو گوندانەی شانی ساڵیان
داداوەتە سەر قەراغی
مەرگی دەغڵ و کێڵگەکانیان
ئەو شارانەی قفڵ لە قوڕگیان دراوە
ئەو گەڕەکانەی دەرامەت لەناویاندا
بە دارشەق هاتوچۆ ئەکات
ئەو ژوورانەی گەر بەڕێکەوت
تووتکەکانی «شابانوی»ی شۆخ
بەلایاندا تێ بپەڕن
لووتیان ئەگرن
ئەو.. ئەو.. ئەو.. ئەو!
سەمەدی ماندوو ئارەقی ناو چاوانی
بەگوڵ ئەستێرەیەک سڕی و ئینجا وتی:
- ئەمێننەوە؟!
یان ئەچنەوە بۆ ناو ئاڵا؟!
ئەوەی دیتان هەورەکانی
ناو دڵ و سەری ئێرانشوێن ە.
یەکەم جار خۆر
وتی:
- تۆ خۆت لە هەر کوێم دائەنێی
دامبنێ یان،
ئەمدەیتە دەستی هەر کەسێ
سەمەد خۆری هەڵگرت و بردی تاکوو دای
بە نووسەرێ
کە داستانی تیربارانی
وڵاتی خوێن و هەتاوی ئەنووسێوە و
برسیشی بوو
نووسەرەکەش خۆرەکەی خستە دڵێوە و
دڵیشی دا بەهەژاران!
* * *
کە سەمەد هاتەوە
ڕوانی شێر تووڕەیە
شێر وتی:
هەر شوێنێ مەترسیی
لێ ئەکرێ لەوێ بم
بێ سوارم بەبێ سوار ڕام مەگرە.
سەمەد ڕۆی... هاتەوە
سوارێکی لەگەڵ بوو
کەڵەگەت، مەچەکپڕ، سنگتووکن
سوارەکە ڕاستەوخۆ چووە سەر
کۆڵی شێر
سەرەتا نەمناسی سوار کێیە
نەمدیبوو برینی
هێندم بیست کە ڕۆشتن
شێرەکە پێی ئەوت: «موعینیکەس»
هەر شمشێر مایەوە بێئارام
بە دەنگە تیژەکەی خۆی وتی:
- من دیاریم بۆ کام پیاو؟!
چ دەستێ ئەمگرێ؟!
- دەستی من!
منداڵێک ئەمەی وت هەشت نۆ ساڵ
- لە کوێوە تۆ هاتووی لە کوێوە؟!
- لە دنیای چیرۆکی
سەمەدی بیهرەنگی و
ناو چاوی ئەوەوە
من هاتووم!
- ئەی ناوت؟!
ئەی تۆ کێی؟!
- خەسرەوکەس م!!
بیهرەنگی ماچی کرد
شمشێر خۆی هاویشتە
ناو مشتی بچکۆلەی خەسرەو و
پێکەوە چوونە ناو دەربەند و
ئەشکەوتی کێوەکان.
بەتەنیا بیهرەنگی مایەوە
کە زەریا بانگی کرد
لەسەرخۆ پێی هەڵگرت
بیهرەنگی چوەوە ناو ئاو و
لە ئاودا
کازێوەی بەیانی
ئێرانی بەدی کرد.