شاعیرانی وڵاتەکەم!

لە کتێبی:
ڕووبار
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  605 بینین
شاعیرانی وڵاتەکەم!
بۆچی خۆتان لەناو تەنها
دەوارێکی هۆبەی شیعرا
قەتیس ئەکەن؟!
بۆ لە یەک ئاواز ئەخوێنن؟!
بۆ تۆوی گوڵێک ئەچێنن؟!
چاوی شیعر کوێ نابینێ؟!
گوێچکەی شیعر، چی نابیستێ!
خەیاڵ کوا سنووری هەیە!
بەهرە کوا ڕێی دووری هەیە
بڕوا بکەن!
ئا ئەم دڵە بچکۆلەیە
کە ئەوەندەی هەرمێیەکە
نەک سەر زەمین
گەردوون جێگەی تیا بۆتەوە و
زمانیشم تەنها نووکی
بە گێنگڵی قەڵەمێکە!