باڵا

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  386 بینین
بۆ شەهیدێک و دوان و سیان و چوار
ئەوسا من هەردوو چاوانم
وەکوو «نالی»
ئەکردە دوو جۆگە و ڕووبار
من ئەوساکە
بۆ ماڵێک و بۆ گوندێک و بۆ باخچەیەکی جوانەمەرگ
ئەم تاقە دڵەم ئەکردە
پەڵە هەورێکی پاییزە
ئەی ئیستاکە بۆ پێنج هەزار
چۆن بتوانم دوو چاو بکەم بە پێنج هەزار گۆم و زەریا
دوو دەست بکەم بە پێنج هەزار کۆڵەوژی ڕەش هەڵگەڕاو
دڵێ بکەم بە پێنج هەزار پەڵە هەور
قوڕگێ بکەم بە پێنج هەزار گەرووی تاساو
من ئەزانم ئا ئەم ژانە
وشەم ئەباتە گڵەوە
هەرگیز پەنجە
لاواندنەوەی چەند درێژ بێ
ناگاتە باڵای هەڵەبجەشوێن!