شار

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  359 بینین
ئەمڕۆ تەنها هەر لەنێوان دوو سەعاتا
لەناو سنگی شارەکەمدا
پەنجا ڕووباریان خنکاندم
قودس وای وت!
ئەمڕۆ تەنها هەر لە ماوەی یەک سەعاتدا
لەناو سەری شارەکەمدا
سەد ئەستێرەیان سەربڕیم
مانگی شیعرێکی ئاسمانی سانتیاگۆیش وای پێ وتم!
ئەمڕۆ تەنها هەر لە ماوەی نیو سەعاتا
لەسەر بەردی ڕەشی پشتم
مێشکی زۆر گوڵیان پژاندم
ئەسپێکی ڕەشی باشووری ئەفریقایش وای پێ وتم!
براینە!
تەنها جیاوازیی نێوانمان
ئەوەیە، من
شارەکەیان وەها کوشتم،
دەقیقەیش هەستی پێ نەکرد!