لە دوا ساتدا

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  304 بینین
دوورگە وەختی خۆی ئەو عەردە «لاوان»ە بوون
کە عاشقی چاوی شینی زەریا بووبوون
لە پشتەوە هەردوو دەستیان بەسترابۆوە و
ڕێیان نەبوو خۆیان لەو چاوە هەڵکێشن.
تا ئەو ڕۆژەی لە لەشی خۆیان یاخی بوون
تا ئەو کاتەی خۆیان لە دەست خاک ڕاپسکان.
نیمچە دوورگەیش هەروەها بوو
بەڵام کە ئەوان یاخی بوون، کە ڕایانکرد
هەڵنووتان و لەپەوڕوو کەوتنە زەریاوە و
نەیانتوانی هەموو جەستەی خۆ دەربازکەن
لە دوا ساتدا
خاک فریا کەوت قاچی گرتن!