پەردە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  348 بینین
ئەو دارسێو و دارهەنارە
لەو گوێ چەمە، ئەمڕۆ ڕووت بوون
ڕووتوقووت بوون
کە باوەشیان کرد بە یەکدا.
کیژۆڵە سێو زوو هەستی کرد
لەو بەرەوە، دارەبەنێکی دەس تووکن
بە دووربینی ئەو ڕەوەزە
لەپەناوە
زوو زوو تەماشایان ئەکا.
بۆیە هەستا و بە ڕقەوە
پەردەی تەمی گوێ چەمەکەی دادایەوە!