خواست

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  428 بینین
شفرەی سەختی دڕەندەیەکی کێوییان دائەتاشی
لێیان پرسی:
تۆ حەز ئەکەی بتکەین بە چی؟
شفرە وتی: حەز ئەکەم ببم بە دەسکی
کێرد و چەقۆ!
شاخی جوانی ئاسکێکیان دائەتاشی
وتیان: ئەی تۆ؟
وتی: من حەز ئەکەم بمکەن
بە کلوێچکی چاوی جوانان!.
لقی دارگوێزێکی پیریان دائەتاشی
وتیان: ئەی تۆ؟
وتی: من حەز ئەکەم بمکەن
بە گۆچانی دەستی پیران.
گابەردێکی کوردستانیان هەڵئەکۆڵی
لێیان پرسی:
ئەی باشە تۆ؟
تۆ حەز ئەکەی ببی بە چی؟
وتی: من ئەمەوێ بمکەن
بە پەیکەرێ بۆ ئازادی.