خاڵبەندی ئۆردووگاکان

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  455 بینین
- کە «دێڕەکانت» ڕیز ئەبن، لە چی ئەچن؟
- لە تەنافی هەڵخراوی ئۆردووگاکان.
- ئەی کە وەختێ «وشەکانت» پڕ کەیت لە خەم، لە چی ئەچن؟
- لە تەنەکەی ئاوی سەرشانی کچانی ئۆردووگاکان.
- ئەی ئەو وەختەی «حەرفەکانت» چاویان تەڕە؟
- لە چاوی نانی گریاوی ئۆردووگاکان.
- ئەی کە وەختێ «وێرگولی» بەینی دوو وشە و
ڕستەیەکت خۆی لوول ئەدا، لە چی ئەچێ؟
- لە پشتی کۆماوەی پیری ئۆردووگاکان.
- ئەی «نوختەی» دوای ڕستەکانت لە چی ئەچن؟
- لە تۆپی پەڕۆی منداڵی ئۆردووگاکان.
- ئەی کە نیشانەی «سەرسوڕمان» ئەچەقێنن و
لە جێی خۆدا چاوەکانیان ئەبڵەق ئەبن، لە چی ئەچن؟
- لە ستوونی بەردەم هەموو دەوارەکان.
- ئەی نیشانەی «پرسەکانت» کە دێڕ ئەکەن
بە شەقامی دڵەڕاوکێ، لە چی ئەچن؟
- لە سەروملی دایکانی ئۆردووگاکان.
- ئەی «کەوانەی» ئەم لا و ئەو لای مەبەستێکت لە چی ئەچن؟
- لە دوو ساجی ساردوسڕی بەرامبەر یەک هەڵپەسێردراو.
ئەی ئەم هەموو دووبارەکردنەوە بێتامانەی
وشەی «ئۆردووگاکان»ی ئەم شیعرەت لە چی ئەچن؟
- هەر لە دووبارەبوونەوەی
تامی تاڵی گشت ژەمێکی ئۆردووگاکان!