سیحرباز

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  302 بینین
نە بووزیم و نە هیندۆسی و نە سیحرباز
نە ئارد ئەکەم بە کۆتر و
نە کۆتریش ئەکەم بە ئارد
نە ئەتوانم چەوەندەریش
ئا لەم عەردەدا دەربێنم
نە چاویشتان تەفرە ئەدەم
نە کەسیشتان بە خەوتنی موگناتیسیی ئەخەوێنم!
ئەوە سەرم خۆ ئەیبینن؟!
هەموو ڕۆژێ وەک سەلکە توور نایپەڕێنن؟!
ئەوە دەستم خۆ ئەیبینن
هەموو ڕۆژێ وەکوو قامیش نایقرتێنن؟!
هەموو ڕۆژێ کوت کوت، پل پل
نامکەن بە شیشی سوڵتان و خەلیفەوە؟!
خۆ ئەشبینن؟!
ئەوە سەرم ئەڵێی قەڵاکەی هەولێرشوێنە و
وا لە جێی خۆی
خۆ ئەشبینن دەستەکانم
دووڕیانی کفری و دووزن
هەر لە جێی خۆن
سیحرباز نیم، بەڵام من ڕۆژی چەند جارێ
چاوی کۆڵراوم هەڵئەگرم ئەیچێنمەوە
قاچی پەڕیوم هەڵئەگرم ئەیڕوێنمەوە
سیحرباز نیم جەللادەکەم سیحربازە
ئەو جادووگەرەی یەک جارە و
هەر کە سەریم دایە دەستتان
ئەوسا ئیتر ببڕای ببڕ
نە خۆی و سیحر، نە سەری
جارێکی دی نایەنەوە!