جوانترین دیاری

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  433 بینین
لەو کەژەدا
لەو کازیوەی بەیانەدا
یادی جەژنی لەدایکبوونی نێرگز بوو
دیاریی هاتوو
لە ئاسمان و لە عەردەوە
لە بەردەم کچی قژ زەرددا
تا ئێوارە
هەر ڕیز ئەکرا.
ئەوەی نێرگز هەتا ئیستە بیری مابێ
لەبەر دڵی
سێ دیارییان جوانترین بوو:
کڵاوە قوچەکەی بەڕوو.
ملوانکەکەی خاڵخاڵۆکە.
پۆپەشمینێکیش کە پێشتر
کرمی ئاوریشمێکی عاشق
بە چوار زستان بۆی چنیبوو
لەناو ژووری «ئینفیرادی»ی زیندانەوە
بۆی ناردبوو!