پڕشنگەکان

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  328 بینین
ئەم چارەنووسە، بە تەنها
هەر لەسەر تەوێڵی سەنگەر نەنووسراوە.
ئەم ڕێگایە بە تەنها هەر
ناچێتەوە سەر وڵاتی گڕ و بارووت.
باخەکانی ئەم ئەوینە بە تەنها هەر
یەک جۆر گوڵیان تیا ناپشکوێ.
ئەم ئەسپەمان هەر بۆ غاری شەڕگە ناوێ.
ئەم دەستانە هەر بۆ تفەنگ دروست نەبوون.
خۆ بیرمان هەر تاقە کلیلێکی نییە.
ئەم کوردستانە بە تەنها هەر ژان
بە یەک جۆر ڕووەک و
دار و درەختەوە ناگرێ.
باڵای ئازادی بە تەنها
هەر بە باڵای چەک ناپێورێ.
چەرم هەر فیشەک لغی لێ دروست ناکرێ.
سەربەستی هەر بە یەک زمان قسە ناکا و
هەر یەک جۆر بەرگ ناپۆشێ و
یەک کڵاویش لەسەر ناکات.
ئەم زەریایە هەر یەک جۆر کەشتی نایبڕێ.
خۆ هەر بە تەنهایش سەفین و گۆیژە شاخ نین.
هەر «بێکەسکەس» و «حاجی قادرکەس» پێشمەرگە نین.
با، ئەتوانین لە یەک کاتدا، سەرمان بکەین
بە هێلانەی شیعر و نۆتە و،
یان بە سنووقە فیشەکیش.
با، ئەتوانین دەستمان بکەین، بە جۆگەلە و
بە دەسرازە و، بە برووسکە و بە شمشێریش.
ئەم وشانەیش ئەتەقێنرێن.
ئەم فڵچانەیش ئەکرێن بە تیر.
بۆ؟ ئەتوانین لە یەک کاتدا، پەنجەکانمان
پێشکەشی پیانۆ و کەمان و گوللە و گوڵ کەین.
ئەتوانین گەروومان بکەین، بە دەربەند و
دەنگمان بکەین بە ڕەشەبا
ئەتوانین چاوێکمان بکەین، بە چراوگی ناو ئەشکەوت و
ئەوی تریان بە ئەستێرەی شانۆکانی هەموو دنیا!.