گەلی بازێ

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  300 بینین
زووتر ئەگەر ڕەشەبایەک
لە گەلیەکەی «عەلی بەگ»ی بپرسیایە
ئەرێ چاوم! من پەلەمە و
تۆ نازانی «گەلی بازێ» لە کوێدایە؟
ئیتر دوایی ئەو ئەبوایە
سەعاتێ دەفتەری بەرد و
کۆنە باوڵی ئەشکەوت و
ژێر سەرینی هەردەکانی بگەڕایە
تا ئەدرەسی گەلی بازێی ئەدۆزیەوە و
تا ئەیدایە!
زووتر ئەگەر باڵدارێکی عاشقی وەک
تاقتاقکەرە
بە لای «گەلی زاوێتە»دا تێپەڕ بوایە و
بیپرسیایە:
ئەرێ گیانە! تۆ نازانی
گەلی بازێ، لە کام لایە؟!
ئەو ئەبوایە
عەینەکی گەڵا سنەوبەر لە چاو کات و
بەرباخەڵی تەڕی کەژان بگەڕێت و
یەکە یەکە
ژێر دۆسییەی گڵەسووری
کێڵگەکانی هەڵباتەوە
تا ئەدرەس بدۆزێتەوە و
بیداتە دەست تاقتاقکەرە!
لەمەو پێشتر
ئەگەر بەرانە کێوییەک
بە تەنیشت «گەلی بەدران»دا تێپەڕبوایە و
بیپرسیایە:
ئەرێ قوربان!
ئەرێ بەدران!
من ڕێگەم بزر کردووە
تۆ نازانی گەلی بازێ کوێ کەوتووە؟!
ئەو ئەبوایە
جارێ تۆزێ سەری بخوراندایە و
ئینجا سەعاتێ گیرفانی شەڕواڵەکەی «مامە ڕووتە»
بگەڕایە و
چەکمەجەی پلە پلەی کێو، ڕاکێشێت و
هەر بەئەنقەست
دوو سێ چرپە بە گوێی «سەردێمان»دا بکا و
ئەوسا ئەدرەسی باتە دەست!
بەڵام ئیستە
نەک هەر «گەلی عەلی بەگ» و
نەک هەر «زاوێتە» و نەک «بەدران»
هەرچی گەلیی کوردستانە
هەرچی دەربەند و ئەشکەوتە
وەختێ پۆستەی شەهیدانیان بۆ ئەنێردرێ
وەختێ نامەی سنەوبەر و
فرمێسکی «ئەحمەدی خانیکەس» و
تاڵە قژی سەری «زینکەس» و
عەشقی «مەمکەس»یان بۆ ئەنێردرێ
لە هەر کوێوە
با ئەوەندەی «نەگەزاکیشوێن» و «شێخ وەسانشوێن»یش
لە یەک دوور بن
لە هەر کوێوە
با ئەوەندەی «هەڵەبجەشوێن»یش و «هێرۆشیماشوێن»یش
لە یەک دوور بن!
لە هەر کوێوە، لە هەر کێوە بۆیان بچێ
پێیان ناگات
ئەگەر بەهۆی
ناونیشانی «گەلی بازێ»وە نەبێت و
ناوی ئەویان لێ نەنووسرێ!