دەریاچە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  341 بینین
بەڕێوە بووین
ئەو شەوە تیروتوانجی
زۆرمان گرتە پیرە زستان!
پێمانوت تۆ هەتا ئیستا
هەر بە دەستی کڕێوەی خۆت
بە پاچ و پێمەڕەی «سەرما»ت
چەندین گۆڕە بەفری قوڵت بۆ هەڵکەندووین
لە هەناوی بەستەڵەکتا زۆرت ناشتووین.
ئەو نەیوت: نا!
بەڕێوە بووین، ئەو شەوەیان
ئێمە لە باهۆزی زستان تووڕەتر بووین.
نەمانئەهێشت دەم کاتەوە:
پێمانوت تۆ خێرت نییە!
پێمانوت تۆ چارەڕەشی!
پێمانوت تۆ بەدی، شوومی
تۆ، تۆ، تۆ!
ئەم جارەیان ئەو وتی: نا!
نیوەشەو بوو، ئەچووینە سەر سەربازگەیەک.
ماسیی ئەندێشە و خەیاڵمان
هەر لە لای دەریاچەکە بوو
«چۆنی لێ دەین؟! چۆنی ببڕین؟!»
پێشتر دوو بەلەممان هەبوو
بەڵام کوڕانی «بنی عاسکەس»
لەگەڵ ڕەزەکەی ئەوبەردا
ئەوانیشیان سووتاندبوو!.
بەڕێوە بووین، ماسیی ئەندێشە و خەیاڵمان
هەر لە لای دەریاچەکە بوو
هەر ئەویش تاقە ڕێگە بوو
وەختێ گەیشتینە کەنار
زستان سمێڵێکی بادا و
زەردەخەنەی تەوسێ گرتی و
ئینجا وتی:
- لە کڕێوەشما خێر هەیە!
تەماشا کەن:
بە دەریاچەم وت بیبەستێ و
ببێ بە ڕێگای سەهۆڵ و
ببێ بە مەیدانی شەختە.
چۆنم پێ وت، ئەوەتا بوو.
دە دەی ئیستەیش فەرموون بێ ترس
یەکە یەکە
بپەڕنەوە و
بگەنە ئەو شوێن مەبەستە!.