یەکەم دەنگ و دوادەنگ

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  581 بینین
دەقیقەیەک، نیو دەقیقە، چەند چرکەیەک
بەر لە یانزە
ئاسمان وەک گیانی «مەولەویکەس» ساف و ڕوون بوو
وەک ئەسپەکەی «ئەحمەد موختارکەس»
لە بژوێنی شارەزوورشوێندا
جوانووی بەهار بە کوڕژن بوو
گردی «گوڵان»
گوڵئەستێرەی شەمی شیعری
ئەدا لە قژ
وەکوو گۆران
دەقیقەیەک، نیو دەقیقە، چەند چرکەیەک
بەر لە یانزە
لەژێر بنمیچی ژوورێکی، بێهەناوی هەڵەبجەشوێندا
خێزانێ بوون، دایکە و باوکە و زەڕنەقووتە
چەند چرکەیەک بەر لە یانزە
دایک بێشکەی ڕائەژەند و
ساوا بزەیەک ئەیگرت و
باوک گوێی لە کاسێتێ ئەگرت و
پاڵ کەوتبوو.
بوو بە یانزە
گرمەیەک و دوان و سیان و
دووکەڵێک و وەکوو دڵی کوڕی «عۆجە»
هەوا مردوو
ئاسمان مردوو
بەهار مردوو
دایکە و باوکە و زەڕنەقووتە
لە یانزەدا
لەژێر بنمیچی ژوورێکی بێهەناوی هەڵەبجەدا
بوون بە سێ بەردە پەیکەری
باوەش کردوو بە یەکتردا!
لەدوای یانزە
شار کۆترێکی خنکاو بوو، ملی لەژێر باڵەکانیا
نە گمەی ئەو، نە جریوەیەک، نە جووکە
نە چرپەیەک
نە زیقەیەک
نە مشەیەک، نە هەناسە
لەدوای یانزە
تەنها دەنگێ، چریکەیەک، لەو شارەدا
کە ئەگەیشتە گوێچکەی چیا و
بە ناو ژەهرا
سەوڵی ژیانی لێ ئەدا
تەنها دەنگێ
لەدوای یانزە
دەنگی کاسێتی ڕیکۆردی ژوورەکە بوو
کە سروودی چەک و پێشمەرگەی لێ ئەدا!.