ورتەورتێ

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  492 بینین
ئێوارە بوو، «حەمە بچکۆل»ی بۆیاخچی
سەری ماندووی داخستبوو!
لە سووچێکی گۆڕەپانە گەورەکەدا
لە ناوەندی دڵی «شامشوێن»دا
لەسەر کورسییە نزمەکەی خۆی دانیشتبوو.
پەیتا پەیتا
وەکوو فڵچەی نێوان دەستی
جەستەی لەڕی ڕائەژەنی.
«حەمە بچکۆل»ی ئاوارە، لەبەرخۆوە
بە ورتەورت، ئەمەی ئەوت:
- تۆ بازرگان، قاچت دانێ!
تۆ مامۆستا، قاچت دانێ!
تۆ پارێزەر، قاچت دانێ!
ئەفسەر، سەرباز، جاسووس، جەللاد!
کوڕی باش و هەرچیوپەرچی!
هەر هەمووتان
یەک لە دوای یەک
قاچتان دانێن!.
کەس نەماوە
هەر خوا ماوە!
لەوەو دنیا، دڵنیام ئەویش ئەنێرێ
ئەنێرێ بە شوێن کوردێکدا
پێڵاوەکەی بۆ بۆیاخ کا
ڕەنگە ئەو کوردەیش هەر من بم!
ئای دایە گیان!
ئەوە ئەبێ پێڵاوی خوا چەند گەورە بێ؟
ژمارە چەند لە پێ بکا؟!
ئای دایە گیان!
ئەی بۆ پارە؟
خوا چەند ئەدا
ئەبێ چەند با؟!