ئاماژە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  641 بینین
لە واگۆنی نامۆییدا
سێ قەڵەم بووین
پێک گەیشتین
لە دوای ئەوەی، وشەکانمان
باوەشیان کرد بە یەکتردا و
زامەکانمان یەکیان ماچ کرد
یەک کابینەیش بوو بە قەڵەمدانی ئێمە و
تیا دانیشتین
* شیلیشوێن.
* فەلەستینشوێن.
* کوردستانشوێن.
لەناو سەنگەری هەواڵ و ناڵە و گرمەی دەنگوباسدا
هاتینە سەر سێڕیانی
ژمارەی قۆچی قوربانی
شیلی لەسەر
پشتی بلیتەکەی نووسی:
هەزاران هەزار قوربانی
فەلەستینیش لیستەی ئامارێکی پێ بوو
لەو ژمارەیەی تێپەڕان.
من ژمارەم بۆ نەنووسین
لیستەیشم بۆ دەرنەهێنان!
لە پەنجەرەی واگۆنەوە
بە ئاماژەی پەنجەکانم
لقوپۆپ و گەڵا و چڵی
بێشەیەکم پێ نیشان دان.