ژماردن

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  412 بینین
ئەگەر توانیت یەکە یەکە
گەڵای ئەو باخە بژمێری.
ئەگەر توانیت هەرچی ماسیی
گچکە و گەورەی
ئەو ڕووبارەی بە بەردەمتا تێئەپەڕێ
ڕیزژمێر کەی!
ئەگەر توانیت لە وەرزی کۆچی باڵندەی
بەرەو ژوور و بەرەو خواردا
بەرەو خوار و بەرەو ژووردا
یەکە یەکە
مەل و باڵندە بژمێری
ئەوا منیش بەڵێن ئەدەم
یەکە یەکە
هەرچی قوربانیی ئەم خاکی
کوردستانە شیرینەیە
بۆت بژمێرم!.