کسپە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  342 بینین
تا قەڵەمەکەم ماڵی بوو
تەختەبەندی قەڵەمدان و بۆ خۆی ژووری گیرفانی بوو
ئەگەر شەوێ ڕێکەوتایە
نەچوایەوە و
لە هەواری ئازیزێکدا میوان بوایە
تاقە شەوێ سەرینەکەی خۆی نەبوایە
تاقە شەوێ دۆشەکەکەی خۆی نەبوایە
لێفەکەی خۆی بە سەری خۆیدا نەدایە
لەسەر لا ڕووی نەکردایە
ئەو دیوارەی لەپاڵیایە!
ئەبوایە هەر گینگڵی بێ و تلی بایە!
- دایە خەوم لێ زڕاوە
خەوم نایە!
- ڕۆڵە ئەوە ئەمشەو جێگەت
لێ گۆڕاوە
پێخەفەکەت هی خۆت نییە
ڕۆڵە بنوو ئارامت بێ
هەر یەک شەوە و کۆتاییی دێ!
- هۆ، هۆ دایە!
ئەوە لە کوێی؟!
لە کوێی؟ لە کوێی؟
وا ئاوی ڕەش هەڵئەقوڵێن
ئەم دوو چاوە
ئیستە نەک خەو
من ژیانم لێ زڕاوە
تاقە شەوێ نییە دایە!
دوو سێ شەوێ نییە دایە!
هەزاران شەو نییە دایە!
جێ گۆڕینێ نییە دایە
من ژیانم لێ زڕاوە!
- ڕۆڵە نەوەک هەر لێفەکەت
ئاسمانیشت لێ گۆڕاوە!
ڕۆڵە نەوەک هەر سەرین و دۆشەکەکەت
زەمینیشت لێ گۆڕاوە!
ڕۆڵە نەک من
زوبانیشت لێ گۆڕاوە!
ڕۆڵە بنوو، بنوو، بنوو!
من ئەزانم
نیشتمانت لێ گۆڕاوە!.