کۆتەڵ

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  336 بینین
خانوویەک ژوورێکی لێ مرد
لە پرسەدا چاوی گێڕا
بۆ ژوورەکانی دراوسێ
ئەوەی نەیدی
ئەوەی نەهات
لەناو دڵی پەنجەرەیدا بوو بە گرێ!
گەڕەکێ ماڵێکی کوژرا
لە پرسەدا چاوی گێڕا
بۆ ڕێوبان و
بۆ گەڕەکی ئەم لا و ئەو لا
ئەوەی نەیدی
ئەوەی نەهات
لەناو دڵی بەرهەیوان و سەرکۆڵان و
گۆڕەپانیا بوو بە گرێ!
ئاخر خۆ من کوردستانم
لە یەک ترووکەی چاوا بوو
پێنج هەزار کانی لێ کوژرا
پێنج هەزار ڕەزی لێ خنکا
پێنج هەزار شیعری لێ کوژرا
پێنج، پێنج، پێنج، پێنج...
وا شەش مانگە لە پرسەدایە مەولەویم
دار بە دارم گوێ هەڵئەخا
بەرد بە بەردم سۆراخ ئەکا و
شاخ بە شاخم چاو ئەگێڕێ
ئەوەی دووکەڵی جەرگمی ناسی و نەهات
ئەوەی نەمدی
چۆن لەبەر چاوی ئەم مێژووە سکسووتاوەم
ڕەش، ڕەش، ڕەش، ڕەش
داناگەڕێ!