کتێب

بۆ «حوسێن مروە»
لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  382 بینین
ئەو درەختەی
حەفتا و حەوت پەلی درێژی لێ بووبۆوە
ئەمڕۆ وتی:
دوای تەقینەوەی ناپاڵم
گوێچکەی چەپم نابیسێت و
ئیستە کەڕە!
تۆ پێم بڵێ:
باوەڕ ناکەم تەقینەوەی لەو گەورەتر
لەو بەسامتر
هەرگیز هەبێ!.
ئەو ڕووبارەی
حەفتا و حەوت جۆگە لە جەستەی جوێ بووبۆوە
ئەمڕۆ وتی:
تەقینەوەی ئەو دینامێتەی کە ملی
حەفتا و حەوت شەپۆلمی پەڕاند
ناڵە و گرمەی
لە گشت دەنگێ بەرزترە!
ئەو «موخەیەم»ەی کە هەر خۆی
بە دەستی خۆی
لە حەفتا و حەوت سانیەدا
حەفتا و حەوت کۆتری جگەری
خۆی ناشتبوو
ئەمڕۆ وتی:
نەء، زریکەی مەمکە بڕاوەکانی من لە گشت ناڵە و
دەنگێکی تر بەرزترە!
لەدواییدا کتێبخانەی «گەل»ێک وتی:
گەورەتر و گەورەتر زۆر بڵندتر
لەو دەنگانە هەمووی تێکڕا و هەمووی زیاتر
ناڵە و گرمە و تەقینەوەی
دەنگی دەمانچەیەکی بێدەنگ بوو
کە هەر دوێنێ
کتێبێکی لە بەرگی هەتاو گیراوی،
کتێبێکی تەمەن حەفتا و حەوت لاپەڕە
سەوزی جوانی پڕشنگداری
منی کوشت و
گوێی جیهانی هەموو کەڕ کرد!