دەرسێک

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  346 بینین
- مامۆستا گیان
لە جوگرافیای ناو دڵما بزر ئەبم!
من نازانم شاری بامەڕنی
چەند پلە
لە ڕۆخی زەریاوە بەرزە!
بە پێوانەی پێ، گەز، مەتر
هەڵچووترین لووتکە و دوندی
ناوی چییە و چەند بڵندە؟
- باشە لەوێ کام درەختە
باریکەلە و پێست تەنک و چاوی سەوزە؟!
سوورترین گوڵی کێویلەی چی پێ ئەڵێن؟!
- مامۆستا گیان!
من ناوی گوڵ و درەخت و
باڵندەم بۆ لەبەر ناکرێن
دەنگ و ڕەنگ و
بۆن و چریکە و شەقەی باڵ
لە قەفەزی تووڵ شکاوی
سنگی مندا حەپس ناکرێن!
- ئەی کام لاوک، ئەی کام ستران
عاشق لەوێ
ئەیکا بە گوارە بە بازن
بە مێخەکبەند
بۆ دەزگیران؟!
- هەر نایزانم
- نازانم. نازانم. نازانم
ئەی قوتابییە گێلۆکەکە
چیی ئەزانی
چۆن دەرئەچی!
- مامۆستا گیان
هەتا ئیستا
من چاوی بامەڕنی خۆمم نەبینیوە
لەبارەی ئەو کەڵەکێویە عاسییەوە
تەنها هەر یەک شت ئەزانم!
- ئەی قوتابییە گێلۆکەکە
بیڵێ چییە؟
- لە ڕۆخی زەریا و ئاوەوە لەو بەرزتر
لە هەڵچووترین لووتکەی بڵندتر
لە سنەوبەری سەوزتر
لە شالاوکی بەسۆزتر
لە سوورترین گوڵی سوورتر
لە...
- تووڕەم مەکە
ئەی قوتابییە گێلۆکەکە
بیڵێ چییە؟!
- مامۆستا گیان!
کۆتری سەر و
لقە لاوازەکەی لەش و
لاوک و سترانی گیان و
گوڵی خوێنی «یووسفی»یە!.