دەسەڵات

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  348 بینین
کام کونە دەرزیی بیرۆکە
زۆر بچووکە
بە تاریکیش من ئەتوانم
دەزووی شیعریان پێوە بکەم.
کامە خەیاڵ ئێجگار لووسە
من ئەتوانم هەر بە دەستی
ڕووتی ڕستە
بیگرم وەکوو ئەم پێنووسە.
کام حوتی دەریا گەورەیە،
من ئەتوانم لە پەرداخێ وشەی پڕدا
جێی کەمەوە.
بەڵام ئەوەی نە لە دڵما و نە لە شیعرا
هەرگیز جێیان نابێتەوە
درۆی گەورە
یان بچووکە!