قۆپچە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  385 بینین
ئەم شاخە وا هەڵکەوتووە
ئەڵێی پیاوێکی درێژە و
ساڵ دوانزەی مانگ سەرمایەتی وk
پاڵتۆیەکی خۆڵەمێشیی ئاودامانی
تەسکی لەبەر خۆی کردووە.
پاڵتۆکەیشی بە چوار قۆپچەی
گابەردی زل داخستووە.
ئەم شاخە وا هەڵکەوتووە.
ئەمڕۆ شەبەق بۆردومان بوو
من هەر خەمی ئەو پیاوەم بوو
دواتر کە سەرنجم دایە
وەک خۆی چۆن بوو
هەر بە پێوە ڕاوەستا بوو
تەنها یەک قۆپچەی پاڵتۆکەی
لە شوێنی خۆی ترازا بوو.