چادر

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  320 بینین
ئەم چادرانە، سەر و گەردن و لاقی لە جەستە
ڕاونراومانن.
ئەم چادرانە، پێستی گووراوی لە نامۆییدا هەڵدراومانن.
ئەم چادرانە، سەر ئەکەم بە ژێر هەر یەکێکیاندا
گوندێک ئەبینم، بە چیچکانەوە کز دانیشتووە و
کڕ تێم ئەڕوانێ.
پیرەدرەختێ بەتانی لە کۆڵ، هەڵئەلەرزێت و
زەق تێم ئەڕوانێ.
چاوم لێیانە لەژێر چادردا
جۆگەلە و ڕووبار، لەسەر پشت کەوتوون
دووکەڵیان داوە بە سەر خۆیاندا و هەر چاویان دیارە
گوێشم لێیانە، وەک ڕەز و کێڵگە، هەڵئەقرچێن و ناڵەناڵیانە
گوڵەگەنمەکان، وەکوو کارژۆڵە تازە زاوەکان
بێهەنا و لاواز، کۆماونەتەوە و
سەریان خستۆتە کۆشی یەکەوە و، وەکوو پەلکەگیا
وەکوو وردەبەرد، ئەکڕووزێنەوە و، نرکەنرکیانە.
چاوم لێیانە، مامرەکانیش، بۆ گەڕانەوەی
جووجەڵەکانیان، لە تاریکیدا هەر خول ئەخۆن و گارەگاریانە
ئەم چادرانە، سەر و گەردن و لاقی لە جەستە
ڕاونراومانن.
ئەم چادرانە، ماڵە برینی
هۆبە بە هۆبەی شیعرەکانمانن.