جوانوو

بۆ شەهید «فەرهاد»
لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  353 بینین
جوانوویەک بوو
وەکوو شەفەق حیلەی سوور و
وەکوو کولوو گیانی سپی.
نە ترس و بیم ڕەنگی حیلەی سووری گۆڕی و
نە دووکەڵی پایتەختێکیش گیانی سپی.
سنوورەکان هەرچەندیان کرد ڕامیان نەکرد.
سوڵتانەکان هەرچەندیان کرد ڕامیان نەکرد.
کەچی زارۆکی کوردستان
کامیان وەک قامیش لاواز و
کامیان ئێجگار برسی و ڕووت بوو
ئەیانتوانی، لە ترۆپکی هەڵەمووتدا
بە ئاماژەیەک ڕایگرن
خۆ بە یاڵدا هەڵواسن و
باڵی فڕینی پێ بگرن.
جوانوویەک بوو، چوار پەل ئاگر
دابین نەبوو، وەکوو عاشق
وەکوو قوڵنگەکەی فەرهادکەس.
تەنها ئەو وەختە دابین بوو
کە لە سمکۆڵانی چیا و وەرزی گڕدا
بە بڵێسەی دەستوپلی، خۆیەوە بوو!