زێوە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  433 بینین
ڤڕەیەک دوور، نزیک نزیک
دوو سێ ناڵە
دەشتێک دووکەڵ
ئۆردووگایەک قیژە و هاوار.
حەرف حەرف
سەد «ئەلفوبێ»ی کوردیی کوژراو.
وشە وشە
سەد «ئەلفوبێ»ی «داراکەس»ی بێ سەر
«دارا»ی بێ قاچ.
ڕستە ڕستە
سەد «ئەلفوبێ»ی «دار»ی قژ سوور
«دار»ی گوڵان لەبار براو.
سەد «ئەلفوبێ»ی «زاراکەس»ی لە کەمەردا قرتاو.
پەڕە پەڕە
سەد «ئەلفوبێ»ی «بابە»و «دایە»ی
لەش کۆتەرە.
سەد «تۆپ»ی چاو دەرپۆقیو و
سەد بووکەشووشەی سەربڕڕاو.
ڤڕەیەک دوور، دوور، دوور، دوورتر
پایتەختی ئەژدیهایەک و
جیهانێکی کەڕەواڵە!.