ساڵی تازە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  655 بینین
ئەو کێڵگەیەی، ماچ بارانی ساڵی پارم
سەوزی نەکرد ئەمساڵ ئەیکەم
هەورێ وای وت.
ئەو گوڵە جوانەی پار نەمدا لە ئەگریجەم
ئەمساڵ ئەیدەم، باخێ وای وت.
ئەو درەختە شۆخوشەنگەی
پار لەتەکیا هەڵنەپەڕیم
ئەمساڵ بۆ خۆم دەستی ئەگرم
شەماڵ وای وت.
ئەو تاجی گڕی نەورۆزەی پار کردمە سەر
بچووکتر ئەبێ لە تاجی ساڵی تازەم
لووتکە وای وت.
ئەو جۆگانەی پار چاوبڕکێم لەگەڵ کردن
ئەمساڵ ئەچمە خوازبێنییان
گۆمێ وای وت.
ئەو ئاسۆیەی پار تیا نەفڕیم
ئەمساڵ ئەبێ بە جێی گەشتم
مەلێ وای وت.
ئەو حەرفە چاو ڕەشانەی پار نەمئەناسین
ئەمساڵ وەکوو ڕستە بازن
ئەیانکەمە هەردوو دەستم
کیژۆڵەیەکیش وای ئەوت.
ئەو دەنکە گەنمەی ساڵی پار نەمگەیاندە
ناو شارەکەم
ئەبێ ئەمساڵ بیگەیێنم
مێروولەیەکیش وای ئەوت.
ئەو گێژەنەی پار خۆم لێدا و گەڕامەوە
لە ساڵی نوێدا ئەیبڕم
ئەسپێک وای وت.
مۆمەکانی هەر دوانزە پەنجەی ئەمساڵم
شەوقی هیوایان گەشترە لە هیی پارم
سینیی سەر مێزەکەش وای وت.
ئەو شیعرە سرکە کێوییەی وەکوو ئاسک
پار نەمتوانی دەستەمۆی کەم
پار نەمتوانی لەگەڵ چاوما ڕایبهێنم
ساڵی تازە ماڵیی ئەکەم
ساڵی تازە ئەیخەمە ناو هەورەبانی
کەشکۆڵەوە و
لە باخەڵما ئەیخەوێنم
دوای هەموویان منیش وام وت!.