بێشکە

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  754 بینین
کە لاشەی ساردی چوارچرا
وەکوو هێشووی سەرمابردوو
لە سێدارە کرانەوە
دار بەجێ ما
هەژارانی سابڵاخشوێن بردیان
زستانیش بوو نەیانسووتان
سەرمایشیان بوو نەیانسووتان
لەو دارانە، لەو تەختانە
چوار بێشکەی سووریان دروست کرد
لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆ
ئەو لانکانە
هەر ئەگەڕێن
ئەم ماڵ، ئەو ماڵ
ئەم دەست ئەو دەست
وەریان ئەگرن
ئەی نابینی هەزاران قازی محەممەدکەس
لەسەر لووتکە وەستاون و
چەک هەڵئەبڕن؟!