قوربانی

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  462 بینین
سێڵاوێ هات
تا گەیشتە پۆپەی دارێ
بە پۆپەوە هێلانەیەک بەجێ مابوو
دوو سێ زەڕنەقووتەی تیا بوو
درەخت بە سنگ
شەڕی لەگەڵ ئاودا ئەکرد
هەر خۆی ڕاگرت
هەتا ئێوارە داهات و
دایکی بێچووەکان هاتەوە
وەختێ خنکا
ئەو دوا بێچووی ئەگواستەوە!