مانگ و زەریا

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  858 بینین
زووتر، زووتر
ئەم «مانگ»ە نا
مانگێکی تر هەبوو، جوانتر
دەموچاوی ئێجگار گەشتر
ئاو شێتی بوو، ئاو شەیدای بوو
هەموو شەوێ لە کەناردا
ئەهات، ئەچوو بەتەمای بوو!
بەڵام مانگ لەو لووتەلا بوو
زەریا ویستی بە فێڵ بیگرێ.
شەپۆل هەرچەند خۆی هەڵبڕی
دەمی نەگەیشتە ڕوومەتی.
مانگ بە ئەنقەست نازی ئەکرد
بۆ چاوشارکێ لەژێر چوخمەکانی هەورا
خۆی ون ئەکرد!
هەتا جارێ بە سەفەرێ
مانگ کۆچی کرد بۆ بیابان
تا چەند شەوێ نەهاتەوە
کە هاتەوە، تەپوتۆز و خۆڵی قاقر
لە دەموچاوی نیشتبوو
تریفەی قژی خۆڵاویی
پۆشاکی زیوینی بەری
گەرد لێ نیشتوو.
ئەو کاتەی مانگ گەڕایەوە
ئاو نووستبوو.
مانگ بڕیاری دا خۆی بشوا
بە پەلە پەل
جلەکانی بەری داکەند
ڕووەو زەریا هەنگاوی نا
شڵەژا بوو
مانگ پێی لەسەر بەردێ دانا
بەرد زۆر لووس بوو
شڵپەیەک هات
مانگ خلیسکا
مانگ نوقم بوو.
زەریا وەک شێت و هار هەستا
بۆ مانگ گەڕا
سەری کرد و خواری کرد و
دەستی بەناو بنیا گێڕا
هەر چووە سەر
هەر هاتە خوار
مانگ هەر نەبوو
لەو شەوەوە هەڵچوون و داچوونی زەریا
لەدایک بوو!