شایەت

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  569 بینین
کوشتیان...
«با» هات و «بەدلە»کەی
لە بەر داکەند.
باران: شتی.
ڕووبار: بردی.
باخچە: ناشتی.
لە ماڵەوە کە بەدلەکەیان هەڵواسی
«خەم»ە وردیلەکان دەستیان
بە گیرفانەکاندا گێڕا
گیرفانی یەکەم، پێی وتن:
ئەوە پێنج شەش
«تمەن»ی ئەمڕۆی خوێنمژراو
گیرفانی دووەم، پێی وتن:
ئەوە قولێ
جگەرەی قامیشی کوردی.
گیرفانی سێیەم، قیژاندی و
وتی: ئەوەیش
دوا وێنەی پەتی سێدارە و
ملی «قازیکەس»!