بەشکردن

لە کتێبی:
ئاوێنە بچکۆلەکان
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  516 بینین
ئێمە برسێتیمان بەش کرد
بۆ ئەوەی وەکوو یەک بخۆین.
ڕووتوقووتیمان دابەش کرد
بۆ ئەوەی وەک یەک بپۆشین.
ئێمە خوێنیشمان دابەش کرد
بۆ ئەوەی وەکوو یەک بمرین.
بەڵام ئەو وەختەی کە ترس
ئابڵووقەی داین
هاتە سەر ئەوەی برسێتیی بەین بە تێری
لای گەنمکوژ
ڕووتوقووتی بە پۆشتەیی لای کفن دز
خوێنمان بە بانقی مەرکەزی.
هەر هەندێکمان بڕیان پیا کرد.
بۆ یەکەم جار یەکسانیمان بۆ یەک نەویست
بۆ یەکەم جار وەک یەک نەبووین
لە مەیاندا، وەک یەک نەژیاین!