سوتماک

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  701 بینین
ئاسمانێکی: خۆڵەمێشی.
شەقامێکی: وەنەوشەیی.
تەنیاییم: زەرد.
ئاوارەییم: تارماییی پەرت.
هەواڵ: ڕەش، ڕەش!
ئەی شینپۆشی کەمانچەژەن،
ئەی گوڵی یەخە، پەمەیی!.
وا لێرەوە:
لە سێبەری قژ تەنکی، سەوزی کاڵی،
ئەم دارلیمۆ گۆشەگیر و تەریکەوە
خۆم و خەمی ئەرخەوانیم، ڕاوەستاوین
ملمان لار و
لە پۆپەوە تا بەری پێ
زەنگوڵ، زەنگوڵ
خۆرنشینمان لێ ئەتەکێ!.
کزکز و مات
کڕکڕ و مات
هەر بە پێوە، لە گۆشەی نیوە ڕووناکی
ئەم جێیەوە
خۆم و خەمی ئەرخەوانیم،
پەردەی ئاڵی گوێمان ناوە
بە پەنجەرەی بەر هەناسەی
ئەو «ژێ»یەوە کە بە جووڵەی بێسرەوتی
سەری پەنجەی بلوورینت،
ئاوازێکی تەلیسماویی
باڵ زیوینی، لێ هەڵئەسێ!.
ئەی شینپۆشی کەمانچەژەن!
ئەی ڕۆح سپی!.
بۆ ئەم ئێوارە کسپەیەم.
بۆ چزەچزی هەواڵی
تازەی ئەم شیعرە بەسوێیەم.
بۆ یاڵی ئاگر تێبەربووی
جوانووی ئائەم کۆچە نوێیەم،
هاوڕێم بە!
بمخەرە ناو کزەکزی هەڵقرچاوی کەمانتەوە.
وەکوو پەپوولە پاییزە،
بمدە بە دەم بای زایەڵەی هەڵوەرین و پژانتەوە!.
خەون بکە بە ڕێ بینم.
شەپۆل بکە بە سەرینم.
هەور بە چرپای برینم.
دوور دوور بمبە، بمبەرەوە
بۆ وڵاتی ساڵ دوانزە چاو فرمێسکاوی.
بۆ لای درەختی مل بە کوێن.
بۆ لای بەفری پرچ خوێناوی.
هاوڕێم بە!
بمبەرەوە، بمفڕێنە
وەکوو هێشووی سەرمابردوو
لەژێر کەپری ئاخەکانتا،
دەنک دەنک، بموەرێنە!.
دەدەی توخوا بمبەرەوە!
لێرە پەڕەی ڕۆژژمێرێکی دڕاوە ئەم تەمەنە!
بە دیوار و بە بنمیچی دەروونی خەڵکی ئێرەوە،
ئەوین گڵۆپی سووتاوە!
زەریا، تینوو
لەم بیابانی ڕۆحەدا، ئاو خنکاوە!.
هاوڕێم بە!.
شەقام، شەقام
پێش تۆ گەڕام
تاقتاقکەرەی چاوی تەڕم
چووە بەر هەر پەنجەرەیەک، هەڵیانفڕان!.
لەم چۆڵەوانیی ڕۆحەدا، یەکێ نەبوو، کەسێ نەبوو
لا کاتەوە و ئاوڕ لە کڵپەم باتەوە و
گوێیە بگرێ و بێتە زمان!.
هاوار! هاوار!
لە کوێیە ڕۆح، لە کوێیە دەم، لە کوێیە گوێ؟!
ئەی کۆستی نوێ!
خۆ من ئەسپێکیشم نەبوو
تا وەک هاوڕێکەی «چیخۆفکەس»
بچمە لای و هەر هیچ نەبێ،
ئەو گوێ لە شیوەنم بگرێ!.
دەدەی توخوا
لەسەر باڵی نەغمەیەکی گریاناویت بمبەرەوە
بمبەرەوە ئەی شینپۆشی کەمانچەژەن
قژ قەترانی!.
دیارە کە تۆیش هەر وەکوو من
درەختێکی گۆرانیت و لە بەستەی خۆت هەڵکەنراوی!.
دیارە کە تۆیش هەر «ئاخ»ێکی کۆچەریت و
وەکوو شیعری هەجیجیی من
لەم وێستگەوە بۆ ئەو وێستگە
لەم فڕگەوە بۆ ئەو فڕگە
پاییز بەکۆڵ، هەڵوەریوی و ڕاونراوی!.
ئەی شینپۆشی کەمانچەژەن، بمبەرەوە
هەواڵی نیگا بە شەونم وای پێ وتم:
ئیستە لەوێ
لەناو تابووتی نارنجیی خۆرنشینی شارەکەمدا
چل منداڵم.
چل جگەرم.
هەشتا چاوم.
هەشتا گوێچکەم.
هەشتسەد پەنجەی
هەردوو دەست و هەردوو قاچم
بەیەکەوە هەڵئەوەرێن!.
پێکیشەوە بە جاجمی خەزانێکی ئەم پاییزەم
هێواش، هێواش دائەپۆشرێن.
ئەی شینپۆشی کەمانچەژەن، بمبەرەوە
وەکوو هەناسەی من و تۆ
لە شاری خەم نزیک نزیکم کەرەوە.
ئیستە لەوێ گەڕەک هەواڵم ئەپرسێ!.
شەقام چاوم بۆ ئەگێڕێ!.
کۆڵان بە دوامدا ئەگەڕێ!.
کۆستی تەتەر، بە هەردوو دەست
لە دەروازەی ماڵە کۆنەکەمان ئەدا.
ئیستە لەوێ سەیوانەکەم
چل نێرگزی شەهیدی تر ئەدا لە سەر.
چل کراسی هەڵاڵەی تر ئەکاتە بەر.
چل جووت گوارەی گوڵەباخم ئەکاتە گوێ.
لەسەر چل قووببەی هەیاسەی،
چل نقێمی سوور دائەنێ.
لەسەر سەری چل ئەرخەوان
چل چرا دائەگیرسێنێ.
چل مۆمی تر ئەسووتێنێ.
ئیستە لەوێ سەیوانەکەم
چل سوێسکە، چل چۆلەکەی
باخچەی خوێنم
لە یەکەم شەوی باوەشیا ئەخەوێنێ!.
ئاسمانێکی: خۆڵەمێشی.
شەقامێکی: وەنەوشەیی.
تەنیاییم: زەرد.
ئاوارەییم: تارماییی پەرت.
هەواڵ: ڕەش، ڕەش!
ئێوارەیش: شین، وەک بەرگی تۆ
ئەی شینپۆشی کەمانچەژەن!.
شیوەنیشم: مۆر وەک جەستەی
ئەو چل ئاسکە و
ئەو چل کۆترەن!.
دە لۆ لۆ لۆ
لە منی وشە سوتماکێ
لە منی قەڵەم غەمناکێ.
دە لێ لێ لێ
لە منی شیعر خەزانێ
لە منی دیوان وێرانێ!.