توانەوە

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 2 خولەک  535 بینین
سەعات دووی دوای نیوەشەوە
وەکوو هەورێکی ژانگرتوو.
وەک ماینی حیلە کردووی
جوانوو ونبوو.
ئیستە ئاوا
شڵەژاو و وەکوو دایکم خەم لێ نیشتوو.
بەم ناوەختە.
لە نسێی ژووری تەنیایی و غەریبیما
شیعرێ هاتووە بمنووسێ و
لە دواییدا بمخاتە بەر باخەڵیەوە و
لەگەڵ خۆیدا دوور دوور بمبا.
سەعات دووی دوای نیوەشەوە
شیعری چاو ڕەش، بە سەر سەرمەوە وەستاوە
ئەو هەر ئەڵێی ڕەشەڕێحانەی هەڵچووە و
چاوی منیش، ئەڵێی کانیی
گوندی تازە ڕاگوێزراوە.
سەعات دووی دوای نیوەشەوە
من خەوم دێ و ئەو ئەیەوێ هەر بمنووسێ
درێژ ئەبم و ئەو ئەیەوێ هەستمە سەر پێ
کاغەزێکم خۆم لوول داوە و ئەو ئەیەوێ بمکاتەوە
چاو لێک ئەنێم، ئەو ئەیەوێ
بچمە ناو هەردوو چاوێوە.
من پێی ئەڵێم:
کوللەی نامۆیی و غەریبی
بەم ڕۆژگارە
بەم شەوگارە
گوڵەگەنمی گیانم ئەخوا
وەختێکی تر سەر بەرەوە.
ئەو پێم ئەڵێ:
تا نەبارێم ناڕۆمەوە
هەتا قەد قەد نەتکەمەوە ناڕۆمەوە.
ئەو هەر ئەڵێ و من بێدەنگم
ئەو ئەڵێ دەی من ئەڵێم نا.
ڕاما و ڕاما
وەکوو دووکەڵی جگەرەم
لە پەنجەرەوە چووە دەر
کە هاتەوە دەستی شۆخێکی گرتبوو
ئەتوت بەفر و گوڵەزەردە
لەسەر یەکەم کورسیی بەرامبەرم داینا
وتی: ئیستا
هەر وتم نا
سەعات سێی دوای نیوەشەوە
وەک یەکەم جار چۆن هاتبوو
ئیستەیش ئاوا بە سەر سەرمەوە وەستاوە
نە ئەو ئەڕوی، نە من ئەمویست هەڵمسێنێ.
ئیتر خەو هێندەی نەمابوو وەکوو منداڵ بمفڕێنێ.
لە پڕێکدا چریکانی
ئەو کاتەی پێڵووم هەڵبڕی
بینیم شیعری چاو ڕەشی شاخ
بەر ئاوێنەی خەیاڵی ژوورمی گرتووە
جامانەیەکی خوێناویی
دوا شەهیدمانی بەستووە
وتی: ئیستا؟
ئیتر هەر ئەو هەستانە بوو
من سەنگەر و ئەو نمەی خوێن.
من دەشت و ئەو دەنکە تەرزە
ئیتر هەر ئەو داچڵەکین و هەستانە بوو
قەد قەد گیانم بۆ کردەوە
هەر نووسیمی و هەر نووسیمی
باری و باری تا ڕۆژ بۆوە
من نەمزانی ئیتر دوایی
ئەو لەناو مندا توابۆوە
یان من لەودا توابوومەوە؟!