تاڤگەی زیندانی

لە کتێبی:
کەشکۆڵی پێشمەرگە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  517 بینین
وەک چۆن ئەستێرە ئەکشێ کەوانەیی،
تاج پرشنگدار،
چاو ئاگرین، گەردن زیوین، تیژ وەکوو عەشق
کوتوپڕیش وەک مەرگەسات.
تۆیش بەو جۆرە لە شەوێکی مانگ کوژراودا
لە شەوێکی بەژن و باڵا هەڵقرچاودا
لە وڵاتی خۆڵەمێش و لەژێر قوببەی
مێژوویەکی بریندار و زەمینێکی کۆت کراودا،
ئاوا کشایت
زەرد زەرد، کشایت.
ئاڵ ئاڵ، پژایت.
لە کاوانی ئەوینەوە وەکوو بەفراو چۆڕایتەوە،
ملی کەژ و هەردی بڕڕاو
مەچەکی بەرد، پلووسکت بوون،
وردە وردە بوویتە ڕووبار.
وەکوو خوێنت ڕوون بوویتەوە، سوور هەڵگەڕایت
کڵپە، لە تۆی ئەخواردەوە،
خۆشەویستیت ئەستێرکێکی بەخشندە بوو،
لێی ئەڕژا، خۆشەویستیت،
گەڵا گەڵا سەوز هەڵگەڕا.
خۆشەویستیت، دارستان بوو، تەماشات چڕ.
ئازارەکانت دارەوان، وەک سمۆرە
بە سەر قەدی گرێ گرێی
ڕەش و سپی شەو و ڕۆژتا هەڵئەگەڕان.
ماندوو نەبوویت، خۆت ڕێگە بوویت.
نەخشە نەبوو بتگرێتە چوارچێوەی خۆی
تۆ خۆت نەخشە و، خۆت چوارچێوە و
ئەو دیو، ئەو دیو، چوارچێوە بوویت.
* * *
لەو دەمەدا
باڵات باڵەبانی خوا بوو،
ناتی بە لێوی کێوەوە
بە فووی زریان و ڕەشەبا گڕ گرتیتی و
بووی بە ئاواز، بووی بە لەنجە،
بووی بە سەمای بەفر و هەتاو.
داربەڕووەکان پەنجەی خوا بوون.
ڕەوەزەکان کەللەسەر و شانی خوا بوون.
کە ئەیژەنیت:
دەمێ ئەبوویتە شەپۆل و باڵت ئەگرت.
دەمێ ئەبوویتە باران و خوڕ داتئەکرد.
دەمێکی تر ئەبووی بە زاری ئەشکەوت و
وەک «هەزارمێرد»
لە دوێنێوە بەرەو ئیستە
بانگی هەزار هەزار ساڵت ئەکرد.
تۆ ئەو دەمە ئەسپی قەترانیی
سەرکێش و جڵەو بەربووی،
«لاسکەس»ی وێڵی دوا «خەزاڵکەس»ی مانگەشەو بووی.
خەزاڵ گیرخواردووی
ناو تەمی قوللەی قاف بوو. دێوی سپی و
دێوی ڕەش و درنجەکان ئەویان بە قەفی سمێڵ و،
کۆتی بسک و قرژاڵی چنگ بەستبۆوە، یارەکەی تۆ،
وەک با و بۆران ئەیزریکان، وەکوو هەور ئەیقریشکان.
ئەو تاڤگەی زیندانی بوو، پرشنگی دیل،
هەوای کۆت و پێوەند کراو،
قوربانیی بوو.
* * *
هەر ئەبوایە سەری ئەو عەشقە هەڵگری.
تۆ ئەو سەرە هیی خۆت نەبوو.
سەری دار و سەری بەرد و سەری ئاو بوو.
هەر ئەبوایە بچیتەوە هەواری گوڵ و خۆڵەمێش.
ئەو هەوارە هەر هیی تۆ بوو.
هەر ئەبوایە بە ژیلەمۆی عەشقی خەزاڵ،
داپڵۆخایە پێستی ڕۆژگاری تەمەنت و
هەڵقرچایە، ئەوینی سەر ژیلەمۆکەی بەهاری ساڵ.
هەر ئەبوایە بۆ سێهەم جار کفنەکەت لەبەر کەیتەوە.
داوە ژانی چیاکانت بە تەشیی دوند هەڵکەیتەوە.
وەکوو شەهید چاو ببڕیتە
گزنگی خوێن.
گورج بیتەوە
قیت بیتەوە
لاو بیتەوە
کاژی هەرەس فڕێ دەیت و بە دەم لاوکی سوورەوە،
بڕۆیتەوە لای تاشەبەرد، لای بەردەقارەمانەکان
لای «داس»ی دەس زەرد و ماهی دەربەندەکان!.
وا نەبوایە ئەوین ئەیبەست، سترانەکانت لاڵ ئەبوون.
کچی حەیران، سوارەی لاوک،
دەستبەرداری ژانت ئەبوون.
ئەی ئەوساکە تۆ چیت ئەکرد؟
لە کام بنار و کام دەشتا؟
غارت ئەکرد؟ لەبەر دەمتا و لە پاشکۆتا
کێت هەڵئەگرت؟
چیت هەڵئەگرت؟ چ هۆبەیەک ئەیانکردی بە میوانی،
«سیامەندکەس» و کام «خەجکەس» چاوی نێرگزی خۆی،
ئەدا لە بەرۆکی واڵای قەڵەمەکەت؟
لەگەڵ وشەی قوربانیتا
چۆن ڕووبەڕووی ئەبوویتەوە؟
مەچەکی بڕڕاوی «خانیکەس»ت بۆ کوێ ئەبرد؟
لە کام گۆڕستانی شیعرا ئەتشاردەوە؟
هەر ئەبوایە ببی بە گڤە و بە گەرداو.
هەر ئەبوایە مۆتەکەی ترس دەستەمۆ کەیت.
هەر ئەبوایە ملی ڕێی ئاگر و پشکۆی،
وەرزی عەشقی ترس و بیمت بگرتایە.
لە ئاوی ڕەشت بدایە.
یان ئەبوایە وەکوو بنچک گرمۆڵە بیت
وەک ماری سڕ پەپکە بخۆی.
حیلەی ئەسپت،
باڕژنی مامزی «خەج»ت،
وەکوو سەرت
لەناو قەڵای ئەژدەهاکدا بەند کردایە
ئەی چیت ئەکرد؟!
* * *
لەبەر چاوت کەلەپچەیان کردە بازووی هەور و هەتاو.
ئاویان خنکان.
پەنجەی شنەبایان قرتان.
لەبەر دەمتا گۆشاوگۆش شیعریان سەربڕی.
ڕیشی «مەولەویکەس»یان سووتان!.
من بۆ ئەوەی کۆت نەکرێتە پێی درەخت و،
گوڵەگەنم لە بار کێڵگە و زەوی نەچێ!.
من بۆ ئەوەی جۆگە نەبێ بە کۆیلە و،
باران نەمرێ و گیا پێ بگرێ!.
خۆم لەناو تۆدا توانەوە گەیشتمە لات.
ئەی ئەوینی شاخوداخ و عەشقی فەرهاد،
هەر ئەبوایە من بێمە لات!.